بنار کەریم: بەشداری ژن لە سیاسەتدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە دێر زەمانەوە کۆمەڵگە هەوڵی دابڕینی ژنی داوە لە کایەی سیاسیدا بە بیانووی ئەوەی ئاستی زیرەکی ژنان لە پیاوان کەمترە و توانای بەڕێوەبردنی نییە، ئەمەش بیرۆکەیەک بووە کە زیاتر ئایینی مەسیحی پەرەی پێداوە بەوەی بڕوایان بەوەیە کە پیاو سەر (مێشکی) ژنە و مەسیحیش سەری کەنیسەیە واتە (عەقڵی بەڕێوەبەری کەنیسەیە) هەروەها ئایینەکانی تریش درێژەپێدەری هەوڵی چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیە بوون کە ژن توانای بەڕێوەبردن و بەشداری سیاسەتی نییە.
ئایینەکان و پاشان کلتور ژنیان دابڕیوە لە وەرگرتنی پۆستی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ژیان و هەمووی کردۆتە ئەستۆی پیاو و بە مافی پیاوی زانیوە بە بیانووی ئەوەی کە ژن ئەو کائینەیە کە (پیاو هەڵدەفریوێنێت و کەسایەتیییەکی لاواز و ناسکی هەیە)، ئایا بەڕاستی ژن بوون رێگرە لەبەردەم مەفهومی ئەو دەسەڵاتەی کە سیاسەت داوای دەکات؟
لە تازەترین ئاماری بانکی نێودەوڵەتی لە بارەی ژمارەی ئەو پۆست و و کورسی پەرلەمانییانەی کە ئێستا ژنان بەڕێوەی دەبەن لە سەرتاسەری جیهاندا بریتیییە لە 23% کە لە ساڵی 1990 دا تەنها 13% بووە.
وڵاتی ڕواندا لە پلەی یەکەمدا دێت لەسەر ئاستی جیهان بەوەی 64% ی کورسییەکانی پەرلەمان لە ژنان پێکدێن و دوای ئەو وڵاتی بۆلیڤیا ژن کە 53% ی کورسییەکانی پەرلەمان ژنن و دواتر وڵاتی سوید 44%، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە کەمترین بەشداری هەیە لە سیاسەت و پەرلەماندا بریتین لە هەردوو وڵاتی قەتەر و یەمەن کە رێژەی بەشداری ژن بریتییە لە 0 %.
ڕێژەی بەشداری ژن لە سەرتاسەری وڵاتانی عەرەبی لە پەرلەماندا بریتییە لە 18%، زۆرترین رێژەی بەشداری ژنانیش لە وڵاتی عێراقە کە 27%ی پێکدێنێت.

ژن بوون و دەسەڵات دژیەک نین
چیرۆکی ئارەزوو و خەونی ژن بۆ بەشداربوون لە سیاسەتدا لە مێژووی نوێدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1919 کچێکی گەنجی بەریتانی بە ڕەچەڵەک ئەمریکی بە ناوی (نانسی ئەستۆر) بۆ یەکەم جار لەـێژوودا پۆستی ئەندام پەرلەمانی وەرگرت لە بەریتانیا، کە ئەندامی پارتی پارێزگارانی ئەوسا بووە و لە سیاسەتدا کاری کردووە، یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی بریتییە لە (لەسەر ئێمەی ژنان پێویستە کە جیهان بپارێزین و بیکەینە شوێنێکی ئارام، چونکە پیاوان زۆر مەترسیداریان کردووە. )
شایانی باسە لە وڵاتانی خۆرئاوا ژنان لە بواری سیاسەتدا چالاکترن، بۆ نمونە (ئەنجێلا مێرکڵ) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و رۆڵی ئەرێنی لە قەیرانی سوریادا، یان (گۆڵدا مائیر)سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و رۆڵی لە شەری 1948 ی نێوان عەرەب و ئیسرائیل. پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە کە ئایا ئەم ژنانە لە مێینەیی و ژن بوونی خۆیان کەم کردەوە تا بگەن بەو پلە و پۆستانە؟ یان بە سەلماندنی توانای خۆیان و نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی و لەڕێی هەوڵ و ماندووبوونی خۆیانەوە کاریان کردووە و گەیشتوونەتە دەسەڵات، نەک بە ڕازی بوون بە بەشێک کە پێشوەختە بۆ ژنان دانراوە بۆ ڕازیکردن و بە دیموکراسی کردنی پرۆسەی سیاسەت!
بۆ نمونە سیستمی کۆتا کە لە دوای ساڵی 2003 لە عێراق هاتە ئاراوە وەک بەشێک لە دروستکردنەوەی سیستەمی حوکمرانی لە عێراق و هه‌رێمی کوردستان، مەرجی 30% نوێنەرایەتی ژنانیان بۆ حزبەکانی بەشداری دەسەڵات دانا، لەم نێوەدا حزبەکان پێویستیان بە پڕکردنەوەی ژمارە بوو، واتە بەشداری فراوانی ژنان بەڕێژەی 30% پەیوەندی بە بەکارهێنان و گەشەدان بە توانا و بەهرەکانی ژنان لە سیاسەتدا وەک بەشێک لە بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پیشکەوتنخواز و دەسەڵاتێکی مەدەنی نەبوو، هەرچەند سیستەمی کۆتا لە هەندێ ڕووەوە کارێکی ئه‌رێنییه‌ و بە قازانجی مەدەنییەتی کۆمەڵگەیە، بەڵام نە لە عێراق و نە لە هه‌رێمی کوردستان ئەمە نەیتوانی ببێتە هۆی نوێنەرایەتیکردنی کێشە و مەسەلەکانی ژنان لەنێو کایەی سیاسی و سیستەمی دەسەڵاتدا، بەڵکو لەدوای چەند ساڵێک لە سیستەمی کۆتا، بەشداری ژنان لە سیاسەتدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ و کاریگەر و بنچینەیی دروستنەکردووە، چونکە بارودۆخی خراپی ژیانی ژنان و بێ مافیەکانیان و توندوتیژی لەبەرامبەریان زیادیکردووە و کەمینەکردووە، ئەم کۆتایە یەک ئامانجی پێکا، ئەویش بوونی ژن بوو لە پەرلەمان، بەڵام نەک ژنی خەباتگێڕ و پێداگر لەسەر مافەکانی ژنان، بەڵکو نوخبەیەک لە ژنانی سیاسی حزبی و بەرژەوەندخواز.
لە لێکۆڵینەوەکی زانکۆی (یاڵ)بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە هۆکارەکانی پشت ئەو ڕاستییەی کە بۆتە هۆی بێبەشبوون و کەمی بەشداری ژنان لە سیاسەت و دەسەڵاتدا دەرکەوت کە ڕێژەکە بریتییە لە یەک ژن بەرامبەر پێنج پیاو. لە ڕاپرسییەکدا کە سەنتەری سەرژمێری جیهانی ئەنجامی داوە لە ئەمریکا و پرسیارێکی ئاراستەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە کردووە (ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری ژن لە سیاسەتدا چین؟ ( لە 43% ی وەڵامەکان بریتی بوو لە (ژن زۆر بە ئاستەم چاوپۆشی لە مەبدەئەکان و ڕای خۆی دەکات بە پێچەوانەی پیاوانەوە ( لە 23% ی وەڵامەکان بریتی بوون (بەرپرسیارێتی منداڵ و ماڵ ڕێگرن (، هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئەوەی ئاشکراکرد کە ژنان لە مامەڵەکردندا زۆر ڕاستگۆترن و توانای دانوستانیان زیاترە بە بەراورد بە پیاوان.