کامیار سابیر: ساکازمی سیاسیی= political sarcasm .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر گۆڕان، گوێی لەو هەموو رەخنەیە بگرتایە کە دەیانی وەکو من و ئێوە دەماننووسی و دەمانگوت، دەیتوانی دەستی خۆی پێش بخات، پێش ئەوەی وەزیری داراییەکەی بکڕدرێ، گۆڕان دەبووایە ئیجرائاتی خۆی بکردایە( کە ئەصڵەن هەر لەسەرەتاوە، هەڵە بوو، ئەم پیاوە هەزییلە بۆ ئەو پۆستە قورسە، دابنرێ)! ئەم وتارە، رێک یەک ساڵ لەمەوبەر نووسراوە:
هەندێجار، بەباکردنی کای کۆن، چێژی خۆی هەیە. ئەم پیاوە( رێباز حەملان)، بوو بە شتێکی رابردوو، مەگەر جاروبار بۆ موجامەلەی پرسەناردن( شیفا گەردیی)، یان وەرگرتنی موچە و ئیمتیازاتەکانی، ناوی بهێنرێتەوە. راستییەکەی، هەموو سیاسییەک، دەبێ بەهەندێ کاریزماییدا، یان هەندێ لێهاتوویی و لێوەشاوەییدا بناسرێتەوە. ئەوەندەی من بیستوومە و دەیزانم، ئەم پیاوە جگە لە رۆتینیاتی شەهادەی بەکالۆریۆسەکەی کە بە شەفاعەتی قبوڵ خاصی قیادەکانی یەكێتیی وەرگیراوە، هیچ شتێکی نییە پێی بناسرێتەوە. هەندێک سیاسیی عەشایەر، دەڵێن: کوڕی بنەماڵەیەکی ناسراوە، ئەمەشیان بەزمی بۆرەخزمی ئەم سەرکردەی گۆڕان و ئەو سەرکردەی یەكێتییە. دیارە ئەمە قۆڕترین قسەی سیاسیی ئەو حیزبانەیە کە بە کوردایەتیی، کادیر و رێکخستنەکانی خۆیان تەخدیر کردووە.
ئایا هەر بەڕاستیی، ئەم پیاوە، سەر لە ئابووریی و لە فڕوفێڵی سیاسەت و لە فیکری سیاسیی، دەردەکات؟ ئایا هەر لە سوعبەت دەرچێت، دوو وتاری مەعقولی هەیە ئەم پیاوە کە بەیانی فیکر و دیدی سیاسیی و ئابووریی خۆی، بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان کردبێت؟ ئایا هیچ توێژینەوە، کتێب، سێمینار، پانێل، دیبەیت و ئارگیومێنتێکی ئابووریی و سیاسیی هەیە کە پێی بناسرێتەوە؟ ئایا هەر زۆر بەجدیی، هیچ شارەزاییەکی لە مەلەفێکی قورس و سەختی وەکو ئابووریی سیاسییدا- الاقتصاد السیاسي political economy هەیە، تا شایانی ئەوە بێت کە وەزیری دارایی ئەو چەتەستانەی هەرێمی کوردستان بێت؟ ئایا دەکرێ بەهۆی واسیطەی ئەم و ئەوەوە، کەسێک بخرێتە ئەو شوێنە حەساسە؟ لە کاتێکدا، گۆڕان دژی مەحسوبییەت و مەنسوبییەت بوو! لە کاتێکدا، صەدان گەنجی هەزاران جار باشتر و بەتواناتر لەو هەبوون؟
بێینە سەر ئەصڵی مەطڵەب، واتە لاقرتێ سیاسییەکە خەست بکەینەوە، ئایا ئەگەر سیاسیی زۆر بە جورئەت و بە شەهامەت نەبێ، دەتوانێ لەناو ئەو هەموو دز، چەتە و پیاوکوژانەی پارتیی و یەکێتییدا، سیاسەت بکات؟ ئەوەندەی لە حکومەتی مافیاکانی کوردایەتییدا، پۆستی وەزیری دارایی هەبوو؟ من لە تەنازول و پانکردنەوە زیاترم لەم کوڕە گەنجە نەبینی، ئەوە وێڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆر هەر شەوێکی حەوانەوەی لە هەولێردا، پتر لە هەزار دۆلاری ئەمێریکیی کەوتووە کە لە میوانخانە ئەستێرەدارەکاندا، پاڵی دابووەوە، گوایە نوێنەری گەنجانی کوردستانە!
هەرچەند دەیهێنم و دەیبەم، ئەم گەنجە کە لەو لاوییەتییەی( لاوێتیی) تەمەنیدا، نەتوانێ خزمەتی لەشولاری خۆی بکات و کەمێک رەشیق بێت، هەر خەریکی خواردن و نەوس بێت، چۆن دەتوانێ خزمەتی فیکری سیاسیی خۆی و ئەو پۆستە سیاسیی و ئیدارییەی هەیبوو، بکات؟ قەڵەویی گرفتێکی شەخصییە، بەڵام گەنجێک ببێ بەوەزیر و بەو قەڵەوییە زۆرەوە، شتێکی ناسروشتیی و نابەجێیە، چونکە دەبێ خزمەتی خەڵک بە گشتیی بکات! دەفەرموون، جگە لە قەڵەوبوونی گیرفانی خۆی، جگە لە دڕاندنی خۆی و دەوڵەمەندبوونی خۆی و پارەپێکەوەنانی زۆر، شتێکی ئازایانە و زیرەکانەی ئەم ئابووریینەناسە لەکارخراوەم، بۆ باس بکەن؟
ئایا ئەمە کڵاوکردن لەسەر دەیان هەزار گەنجی کوردستان نەبوو کە پەیامی ئەوەیان دەدرایە، ئابووریی و سیاسەت، حیزب و دامودەسگا دەوڵەتییەکان، بە نیشتمانیی دەکەن؟ بە ” کێ”یش، بەم گەنجە قەڵەو، تەمەڵ و تەوەزەلە، دیارە تەمەڵ، تەوەزەل و لاواز، لە باری فیکریی، سیاسیی و ویقاریشەوە، بتەوێت مەلەفی دارایی لە حوتەکانی کوردایەتیی، وەربگریتەوە. گۆڕان، هەرکاتێ ئاو بیبات، تاتیڵی کوردناس، نەوتناس، ئابوورییناس، تورکیاناس و غازناس..تاد دەیگرتەوە، کەسێکی تریان دەستنکەوت، ئابووریی ناسێکی مەعقول بێت؟ خەیاڵی هەموو ئەوانە خۆش کە دەنگیان پێیدا… ئەگەر مەڕدار بوومایە و هەندێ ئاژەڵی زیادەم هەبووایە، بە شوانکارەیی و بۆ یەک ساڵیش، دڵم نەدەهات، حەیوانەکانی تەسلیم بکەم، چونکە نە بۆی بەڕێوە دەبرا، نە لە مانیجمێنتی دەزانی و راستییەکەی لەوەش دەترسام، شوانێکی جەبان بێت و بۆ گەلە گورگ، بەجێیانبهێڵێت!
تکایە، هەرکەس ئەمە بە سووکایەتیی تێدەگات، ئەوە بەدڵنیاییەوە لە پۆستی گشتیی( واتە سیاسەتکردن) نەگەیشتووە. ئەم پیاوە پۆستێکی گرینگی هەبوو، قەراربوو، خزمەتی گەلی کوردستان بکات و نوێنەری گەنجان بێت، بەڵام خۆی نەک گرینگ نەبوو، بەڵکو بێکەڵکیش بوو. ئەم گەنجە ئەوەندەی خەریکی ماستاوکردن بوو بۆ جێگری سەرۆکی دزەکانی کوردایەتیی، ئەوەندە غەمی گەنجی نەبوو! بەواتایەکی تر، ئەمە شتی شەخصیی نییە، بەڵکو قسە لەسەر شتی گشتیی( سیاسەت) دەکرێت.