پشکۆ ناکام: ئاڵتون.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەم عالەمە زۆر سەیرن، یاخوا بە شتێکەوە نەیگرن تا کەوڵی نەکەن وازی لێ ناهێنن، ئەوەتا بەربونەتە وێزەی نوێنەرە ئازیزە خەم خۆرەکانمان لە پارلەمانی نمونەی پاکی و دیموکراسی و بێ لایەنی هەرێمەکەمان، چی قەوماوە؟ گوایە ئەو بەڕێزانە ڕازی نەبوون بەوەی تەقاعودیان لە چوار ملیۆن دینار، تەنیا چوار ملیۆن !! كەمتر بێت. ئێ هەقی خۆیانە، ئەبێ معاشەکەیشیان هەر وەک کورسییەکانیان لە عەوام بەرزتر بێت، ئێمە ئەبێت چاک لەوە تێ بگەین کە پارلەمانتار بۆ ئەوەی باش بیر بکاتەوە و خێرا تر بە دوای سكاڵاکانی خەڵکەوە بچێ پێویستە سیحەتی باش بێت ، سیحەت باشیش بێ خواردنی گران و پڕ لە ڤیتامین نایەتە دی ، لەم وەزعەشا بۆ ئەوەی نوێنەرەکانمان سیحەتیان باش بێ و باش بیر بکەنەوە مەودای ئەقڵ و فکریان بە دەیان کیلۆ مەتر بڕوات ئەبێ سێ ژەمە خواردنێک بخۆن کە هاوتا بێ لەگەڵ ئیدراک و تێگەیشتنیان  بۆ گرفتە ناوخۆیی و دەرکیەکان، هەمووشمان ئەزانین ئەمڕۆ خواردنی باشی شایەستە بەوان  گرانە، بۆیە لەوانەیە نە معاش نە تەقاعودیەکەشیان بەش بکات، لەوانەشە بکەونە قەرز کردن..!
بۆ سەیارە گرانەکانیشیان، ئەوان نوێنەری ئێمەن چاوی ناحەز  نەیارانی دیموکراسیان لەسەرە، جا بۆ ئەوەی کەس زەفەرییان پێ نەبا ئەبێ سەیارەی خێرا و تۆکمەیان پێ بێت تا مەحفوز بن و هیچیان بەسەر نەیەت، خەڵکی وک ئێمەومانان دروست ئەبێتەوە، بەڵام خەڵکی وەک ئەوان یەک جار لە تەئریخ و جوگرافیاش دروست ئەبن، ئێوە بیر بکەنەوە خوانەکردە نوێنەرێکمان بە کارەساتی هات و چۆ لە کیس بچێت چەن زەحمەتە یەکێکی تر شوێنی بگرێتەوە، چونکە وەختێکی زۆر ئەبات تا فێری ئسوڵیاتی پارلەمانتار و چونیەتی” خۆتێر کردن” و سیحەت باشی ئەبێت، جا بۆ سەیارەی باش و خێرا و قایمیان نبێت! هەقە بۆ ئەوەی دەستی ناحەز نەیانگاتێ و بێمزەرەت بن سەرو هاممەر یان مودەڕەعەکیشیان بەنێ بۆ کاتی تەنگانە.
جگ لەوەش ئێمە نوێنەری وامان هەیە بۆ دیفاع کرن لە مافەکانی میللەت چوار ساڵە هەر هاوار هاوارێتی و هەر ئەقیڕێنێ، دەیان جار تووشی نەخۆشی قوڕگ و لەوزەتەین بوە، ئەی ئەگەر معاش و تەقاعودییەکەی زۆر نەبێ ناتوانێ چارەسەری خێرا و باش لای دکتۆری باش وەربگرێت، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بتوانێ هاوار هاوار کات نابێ دەرمانی ساختە ( هی عەوام) بەکار بهێنێت، بە ناشکوریش نەبێت خۆ مەطارەکان هەر داخراون و ناتوانن بچن بۆ دەرەوەی ووڵات بۆ چارەسەری قوڕگ و دیفاع کردن لە نەخۆش و پەککەوتەکانی میللەت/ بەشی عەوام.! جگە لەمانەش نوێنەری وامان هەیە روژانە بە فەردە و کیلۆ جەردی” دز” ییەکانمان  لە تەلەفزیۆنەکانەوە بۆ ئەژمێرێت، ئێ خوێنەوەی ئەو  هەموو ژمارانە بکەیت بە دینار، تەقاعودییەکەی ئەبێ لە چوار ملیۆن دینار تێپەڕێت. هەر هیچ نەبێ هەقی ئەوەی مێشکی بوە بە قاسە  لە قاسەکەی پارلەمان تەقاعودییەکی موحتەرەمی بۆ دابنرێت. ئەوەشمان لە بیر نەچێ” نوێنەری هەژاران”ی وامان هەیە کە ئەیەوێت بیسەلمێنێت کە: تێر ئاگای لە برسیە، جا ئەو زاتە ئەگەر معاش و تەقاعودییەکەی زۆر نەبێت ناتوانێ تێر بێ و ئاگاشی لە برسییەکان نابێ.  زۆر گرنگ و جێی سەرنجە کەسێک گیرفان و وورگ پڕ بێت و دیفاع لە برسی بکا و هەست بە برسێتی  ئازارەکانی” عەوام ” بکا و سەلماندنیشە کەتێر ئەتوانێت ئاگای لە برسی بێت ، نەک وەک ئەوەی کە ئەووترێت” تێر ئاگای لە برسی نیە.!” معاش و تەقاعودی باش و زۆریش ئەو نوێنەرانە بە “تێر” ێتی ئەهێڵێتەوە و زیاتر و لە نزیکتر ئاگایان لە برسییەکانی هەرێم ئەبێت. خەڵکی کوردستان ئەبێ مەمنوون بن کە نوێنەری وایان  لە پارلەمان هەیە بە چوار ساڵ چوار جوملەی نەووتوە، بەڵام کام جوملانە؟ هەمووی عیلم و سیاسەت و دیفاعە لە ئێمە، ئاساییە هەر جوملەیەک بە یەک ملیۆن دینار لە تەقاعودییکەی بۆ حساب برێت، چونکە ئەو جوملانە زۆر دەگمەنن و زۆر کەم گوێمان لێ ئەبێت، هەموو شتێکی دەگمەنیش گرانە ، هەر وەک ئاڵتون.