عەلی مەحمود: بۆ سەركردە كوردەكان فێری داوای لێبوردنكردن نابن؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دیمانەیەكدا كە تاریق عەزیز دەیگێرێتەوە” تاڵەبانی بە سەدامی وت دەتبەمە لاهای, سەدامیش لە وەڵامدا وتی بڕۆ لای خوا حەقتان بستێنن”, گەلی كوردیش بە دەست سەركردە سیاسیەكانیەوە ئاوای لێ هاتووە, تەنها دەرگای خوایان بۆ گەل و قوربانیانی دەستیان هێشتۆتەوە بۆ سكاڵا كردن و قەرەبوكردنەوەی ستەمەكانیان, تەنانەت دواتریش مێژوو چۆن بە قازانجیانە ئاوای دەینووسنەوە, دە سەیری پەرتوكی بیرەوەرییەكانیان بكەن, خاڵییە لە هەڵەو تاوان و داوای لێبوردن كردن, دەڵێی مەسیحێكی ئەفسوناوین سیاسیەتیان كردووە, دەڵێی رۆستەمێكن لە هەموو جەنگەكان سەركەوتوونە, دەلێی ماندیلا و هۆشیمنە و گاندی و لینین و ماركس لەواندا كۆبۆتەوە, هەموو دانا, زانا, مرۆڤ دۆست, یاسا دۆست, زاهید, پیشكەوتنخواز و پاڵەوان و …… هەزار تایبتمەندی تر.
ئێمە ئەوە چاك دەزانین وەك چیرۆكی فرانكنشتاین لە جیاتی سەركردە بۆ رزگاری و دادپەروەری كۆمەڵایەتی, دێوەزمەمان بۆ مەرگ و برسێتی بەرهەم هێناوە, گۆڕانكاریە جیهانیەكان نەبونایە, ئێستاش لە دوای سفرەوە دەبوین ئەگەر چاوەڕوانی بەرهەمی ئەوانمان بكردبایا, گەل لەژێر دەستی سەدام و ئەوانیش لە كەرەج و نەغەدە خەریكی قاچاخچێتی و پینەدۆی و سێۆ رنین بوون,لە زۆر بۆنەو كاتدا داوا دەكەین وڵاتان لە پێشیانەوە عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە كورد بكات لە بەرامبەر تاوانەكانی كە لە رابردوودا سەدام حوسێن و ئەوانی دی ئەنجامیان داوە بەرامبەری, داوا دەكەین تاوانباران دادگایی بكرێن ….., داوا دەكەین قەرەبومان بكەنەوە, داوا دەكەین و داوا دەكەینەوە……., كەچی لەملاوە كۆمەڵێكی دیكە لەناو خۆماندا هەن, فەرمانڕەواو دەسترۆیشتوو قسەرۆیشتوون, چ ئەوانەی ماون یان ئەوانەی ئۆغریان كردووەو ژیانیان جێ هێشتووە, هەمان داواكاری دەیان گرێتەوە,تاوانی مەزنیان ئەنجمداوەو مافی ژیانیان لە مرۆڤەكان بە تاك و كۆ سەندۆتەوە بە بێ دادگایەكی دادپەروەرانە, بە هەڵەكانیان گەلیان بەرەو جینۆسایدكردن و مەرگ بردووە, كەچی داواكارییەكە بەرەو رویان ناكەینەوە,قسەی هەندێك لە تۆمەتباران هەندێك راستی تێدایە كە دەڵێن ئێمەش وەك ئەوان, ئەوانیش لە لای خۆیانەوە پێشێلكاری زەقی مافی هاوڵاتیانی كوردستانن و پێویست دەكات لە سزا رزگاریان نەبێت, ئەگەر دەمانەوێت قەرەبووی قوربانیان بكەینەوە و ماف بگەڕێتەوە بۆ مەزڵومان,دادوەری پارچە پارچە ناكرێت, بەڵكە دادپەروەری پاكێجێكی یەك جەستەیە و تاوانیش هەركێیەك ئەنجامی دابێت سزای یەكە, لە پلەو پۆست و ئینتماو زۆری هەوادار و پیاوچاكی ئێستاو دەسەڵاتی تۆمەتبار ناگەڕێتەوە, یاسا بۆ هەمووانەو دەبێت هەموو ملكەچ بن بۆی, دەبێت لێكۆڵینەوە لە كۆی مەرگەسات و تاوانەكان بكرێت و هەموو بەرامبەر مێژوو بكرێنەوە, ئەدی ئێمە بە چ رویەكەوە ماف بە خۆمان بدەین داوا لە مرۆڤدۆستانی نەتەوەی سەردەست بكەیت دان بە هەقیقەتی تاوانەكان بنێت, ئەگەر حەقیقەتی تاوانەكانی ئەوانی خۆمان بشارینەوە.
لە بیرمە لە ساڵی 2003 بۆ 2004 بۆ یەكەمجار تاڵەبانی بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق, بابەتێكم نووسی لەسەر ئەوەی سەرۆك داوای لێبوردن بكات لە گەلی كورد لە پای تاوانەكانی هەڵەبجە و ئەنفال و تاوانەكانی دی, ئەمە پێش ئەوەی ببێتە داواكاری رێكخراوەكان جەماوەر, چۆن پێ هەڵشاخانێك بەرەو روم بونەوە, تەنانەت ویستیان پەلاماری جەستەیشم بدەن لە ئەوروپاوە كە داوای لێبوردنكردن بۆتە نەرێتی سیاسی, ئەمە لە كاتێكدا باسی تاوانەكانی خۆیان ئەو كات بڤە بوو, تەقدیس كردنی سەركردە و بە موقەدەس كردنی هەڵەو تاوانەكانی بۆ خۆی كارەساتبارترە لە كارەساتەكانی دوژمنان, چونكە دەروازەی ستەمكاری دەكاتە سەر پشت لە وڵات, تا رزگار نەبین لەو موقەدەسە رەنگاو رەنگانە ئەوا كۆیلەداری بە زۆر رەنگ و جۆر دوبارە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە.
قەت سیاسیە دەسترۆیشتوەكانی ئەمرۆی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان ئەم داوایە ناكەن لە دەسەڵاتدارانی بەغدا, بۆ جارێكیش لەسەر مێزی گفتوگۆكانیان باسی لێوە نەكراوە, بگرە ئەوەی رقیان لێی ببێتەوە ئەم دەستەواژەو داواكاریانەیە, تا دەسەڵاتدار بن نابێت بە داواكاری گەلێك, چونكە زیرەكن چاك دەزانن لەوەی پێیان بڵێن باشە فەرموو لە خۆتانەوە دەست پێبكەن, خۆ ئێوەش كەمتان بە گەل و تێكۆشەرانی سیاسی خۆتان نەكردووە,ئەمانە ستافێكی سیاسین زۆربەیان شارەزاییان لە یاساكان و جاڕنامە گەردونیەكانی مافی مرۆڤ هەیە, ئەوان دەزانن داوای لێبوردن كردن یانی چی؟, بۆچی؟, كەی و لە كوێ بەكار دێت؟, دەزانن دادگاییكردن یانی چی؟, چی بە دوادا دێت؟, دەزانن قەرەبوو كردنەوە چییە و كێ و بۆچی دەكرێتەوە؟, وەلێ بۆ نایكەن؟, ئەمە پرسیارەكەیە, وەڵامەكەشی لە گیرفانی خۆیاندایە چونكە دەزانن لە رابردوودا چییان كردوە؟,دەچێتە چوارچێوەی كام تاوانەوە؟, دەزانن چیان چاندووە؟, ئەمرۆ كاتی هاتووە, یان وەرزی دێت تا بیدورنەوە, بەم حاڵەتەوە گەل لە كارەساتێكەوە بەردەوام بەرەو كارەساتی گەورەتر دەگوازنەوە.
خۆ ئەوان رۆژانە دەبینن لە سەر بڵاو كردنەوەی هەواڵێكی هەڵە لە پانتایی جیهان, داوای لێبوردن لە گوێگران و بینەران و خوێنەران و ماف پێشێلكراوان دەكرێت, دەزانن كە رێزلێنانێك بە هەڵە دەخوێنرێتەوە داوای لێبوردن دەكرێت, دەزانن وشەیەكی ناشرین بە یەكێك دەوترێت دادگا بەر دەرگایان لێدەگرێت, كەچی ئەمان لە رابردوودا تاوانی زۆر گەورەیان كردووە كەچی بێدەنگن, وەك ئەوەی مرۆڤایەتی لە دەیان ساڵی داهاتوو لە گۆڕیان دەرنەهێنێتەوەو دادگایان نەكاتەوە لە سەر رابردوو وەك دادگاییكردنەكەی عەبدوالمەلیك بن مەروان, ئەمان ئەوەش دەزانن ئەو تاوانانەی كردویانە قورس و نێونەتەوەین و كات و شوێن هەر بە زیندوییان دەهێڵێتەوە, بەسەر كردنە ژێر لمەوە ناشاردرێتەوە, كەمیش نین ئەو سیاسی و تۆمەتبارانەی دوای مردنیشیان مێژووە دروستكراوەكان و چەپَڵەكان دادیان نادات و بە تاوانبار خراونەتەوە ناو مێژوەوە, دەزانن ئەوان خەڵكیان بێ دادگایی بەرەو مەرگ رەوانە كردووە, رێزیان لە پەیمانامەو پرۆتۆكۆڵە جیهانییەكان تایبەت بە مرۆڤ و دیلەكانی جەنگ نەگرتووە, بە كۆمەڵ دیلیان لەسەر ناسنامەی سیاسی كوشتووە, خەڵكیان وەك قەڵغانی مرۆیی لە جەنگەكاندا بەكار هێناوە, بانكیان تاڵان كردووە, پێش سوپای وڵاتان كەوتوونە و شەڕی درێژ خایەنی ناوخۆییان هەڵگیرساندووەو بە بلۆك سەری خەڵكیان پان كردۆتەوەو بە تەور لە ملیان داوە, سەدانیان بێ سەروشوێنكردووە, زمانی قسەكردن و پەنجەی نوسینیان بڕیوەتەوە, سامانی سەر زەمینی و ژێر زەمینیان تاڵان كردووە, مناڵ و نەوەكانیان كردووە بە دێوەزمەی داهاتوو …… ئەرێ گەلۆ لە سەردەمی داوای لێبوردنەكان كە ئەمرۆ تیایدا دەژێین هەموو ئەوانە وەك ئەركێكی ئەخلاقی و سیاسی هەقی داوای لێبوردنكردن نییە؟؟, ئەرێ ئەوان مەزنترن یان پاپای ڤاتیكان هەر رۆژەی لەسەر كردارو بۆچونێكی موقەدەسی رابردوو داوای لێبوردن دەكات, كە بۆ خودی خۆشی ئەنجامیانی نەداوە, ئەو نەرێتانەی دوێنێ موقەدەس بوون, ئەمڕۆ لە دەستیان داوە, هەموو موقەدەسەكانی ئەمرۆش سبەینێ پیرۆزییەكان لە دەستە دەن و تاوانەكان هەڵدەماڵدرێن.
راستە سیاسیەكان بە تایبەت كوردەكان خۆیان بە زیرەكترین و لێهاتوترین و نمونەی باڵا دەزانن, دەروێشەكانیشیان كە لە خەڵوەتا خەریكی سەربادانن هەر وا دەزانن, ئاخر سەربادان عەقڵ لە مرۆڤەكان وەردەگرێتەوە, وەلێ وا نییە لەمەدا هەڵەن كە وا هەست بكەن, گەل تا سەر چاوپۆشی لە تاوانەكانی رابردویان بكات, هیچ گەلێك بۆ هەتا هەتایە بە دەروێشی نامێنێتەوە, تا سەر دەمی قوربانیان ببەسترێتەوە, لەناو تاوانی یەكتردا خوێنیان بشارێتەوە.
ئەگەر ئەوان رۆژانە داوای لێبوردن لە هاوسەرو مەعشوق و منداڵەكانی خۆیان لە بەرامبەر بچوكترین و بێبایەخترین شتدا دەكەن, ئەوا پێویستە لە بەرامبەر ئازارێكی قورس كە بە بەرامبەرەكان و بنەماڵەكانیانیان گەیاندووە داوای لێبوردن بكەن, ئیتر نهێنی غائیب بوونی نەرێتی ئاوا لە كۆمەڵگای ئێمە لەمڕۆدا ئاسایی بێت ئەوا بۆ سبەی عەیبەیەكی گەورەیە, خاوەنەكانیان دادگایی دەكات.
نهێنیەكانیان هەموو كات بە شاراوەیی نامێننەوە, سبەی داخوازی داوای لێبوردنە كەن, وشەی یاداوەرییەكانیان هاوار دەكەن, قوربانیان داوای قەرەبو دەكەنەوە, داوا دەكەن راستیەكان دەرخرێت و یادیان بكرێتەوەو كەسوكارەكانیان قەرەبوو بكرێتەوە, تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا داوای لێبوردنی لەسەردەمی كۆیلەداری كرد لە ساڵی 2006, هەرچەندە نەك خۆی بەشدار نەبووە تیایدا, بگرە زیاتر لە 185 ساڵە لە وڵاتەكەی هەڵوەشاوەتەوە, غۆردن براون لە 2010 داوای لێبوردنی لە ناردنی دەیان هەزار منداڵی بەریتانی بە زۆر بۆ ئووسترالیاو نیوزلەندە كرد, دیڤید كامیرۆن داوای لێبوردنی لە قوربانیانی یاریەكەی ساڵی 1989ی هیلیسبیرۆ كرد, ئیبرام نیكۆڵن سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا داوای لێبوردنی لەسەر جەنگی ناوخۆیی كرد,ریتچارد نیكسۆن داوای لێبوردنی لە واتەر غێت كرد و بەو هۆكارە دەستیشی لەكار كێشایەوە, ریگان لەسەر ئێران گێت داوای لێبوردنی كرد, كیلنتۆن كە گەورە دەوڵەمەندانی ۆڵ ستریتی داوەتی كۆشكی سپی كرد بۆ كۆكرنەوەی بەخشش بۆ پارتی دیموكرات كە زانرا داوای لێبوردنی كرد,كیسنجەر لەسەر هاوكاری ئەمەریكا بە كودەتاچیەكانی شیلی بە سەرۆكایەتی بینۆتشە داوای لێبوردنی كرد, كە تا ئێستا لە دادگای شیلی داواكراوە بە تۆمەتی هاوكاری كودەتا بەسەر حكومەتی چەپگەرای شیلی سیلفادۆر ئەلیندی, وەلێ ئامادەی دادگا نابێت, دیكلیرك و ماندێلا داوای لێبوردنیان كرد, دیكلیرك لەسەر سیاسەتی ئاپارتاید, ماندیلاش لە بەرامبەر ئەو بێتاوانانەی بونە قوربانی لەسەردەمی خەباتی چەكداری, كەچی خۆیان كۆتاییان بە ئاپارتایدو زەبروزەنگ هێنا,حكومەتی كەنەداو ئوسترالیا داوای لێبوردنیان لە كۆمەڵكوژی هاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیاو كەنەدا كرد.
بەشێوەی گشتی سەردەمی ئێستا سەردەمی دادگایی سەركردەكانە لەسەر تاوانەكانی رابردوو و داوای لێبوردنیانە لەبەرامبەر پێشێلیە زەقەكان چ ئەوانەی خۆیان كردویانە یاخود بەهۆی دەسەڵاتەوە بۆیان ماوەتەوە.
كەی رۆژێك هەڵدەستین, سیاسیە دەسترۆیشتوەكانی كوردیش پێش ئەوەی نەوەكانی داهاتوو لە گۆڕەكانیان دەریان بهێنن و دادگاییان بكەن, خۆیان دان بە راستیەكاندا بنێن و داوای لێبوردن بكەن و ئیعتیبار بۆ قوربانیەكانیان بگەڕێننەوەو زەرەر مەندان قەرەبوو بكەنەوەو رێز لە یاداوەریان بگرن.
دەبێت مێژوو وەك خۆی قەبوڵ بكەین, نەك وەك ئەوەی لە یاداوەری سیاسیەكان نوسراونەتەوە, نابێت راستیەكان بشێوێنرێت, هاشا لە تاوانەكان بكرێت, لادەرانی مێژوو تاسەر ناتوانن خۆڵ بكەنە چاوی راستیەكانەوە, هەر كەسێك هەڵەی كرد پێویستە دان بە هەڵەكەیدا بنێت و داوای لێبوردن بكات پلە و پۆستی هەرچیەك بێت و دەسەڵاتی سیاسی و مەعنەوی چەندە گەورە بێت,پێویستە بەرەو روی مێژوو ببینەوە لە هەموو كاتەكان ,پێویستە راستی بە گەل بوترێت, ئەم پێویستیانە هیچی لە لایەن سیاسیەكانی كوردەوە بە تایبەت دەسەڵاتدارانەوە جێ بەجێ نەكراوە, مێژوو هەر ئەو بەشە نییە ئەوان یاداشتیان كردووە, بەڵكە بەشە گەورەكەی لای قوربانیانە, ئەوەش پشكنینی بۆ دەكرێت, مێژوو وەك هەر زانستێكی دیكە بەردەوام لە گۆڕانە.
لایان مسۆگەر بێت قوربانیانی تاوانەكانیان تا سەر بێدەنگ نابن, لە كۆتادا دادپەروەری ئەوان سەردەكەوێت و ماف بۆ قوربانیان دەگەڕێتەوە, دەرخستنی راستیەكانیش بەشێكە لە قەرەبوو و تۆڵەی قوربانیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت