زەبەنگ بەهادین: نه‌وه‌ى نوێ له‌ تاى ته‌رازوى حیزبه‌كانى تردا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سه‌ركرده‌ له‌ كوردوستان واته‌ ڕێبه‌ر و به‌رنامه‌و بریارى حیزب، تێراوانینى تاكى كوردى بۆ حیزب له‌ رێگه‌ى سه‌ركرده‌ى حیزبه‌كه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ له‌ كوردوستان بۆته‌ كلتور و رۆژ به‌ رۆژ زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت له‌ گه‌شه‌ و پوكانه‌وه‌ى حیزبه‌كان دا.یه‌كێتى نیشتیمانى كوردوستان له‌ دواى نه‌خۆش كه‌وتنى تاڵه‌بانى قاچێكى شكا وه‌ له‌ دواى مردنى قاچه‌كه‌ى تریشى شكا و ئێستا له‌ كه‌وتن نزیك بۆته‌وه، بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌ دواى كۆچى دواى رێكخه‌رى بزوتنه‌وه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ دۆخێكه‌وه‌ خۆى پێ ساغ ناكرێته‌وه‌ ئایا ببێته‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌ یان رێچكه‌یه‌كى نوێ بگرێته‌ به‌ر. پارتى دیموكراتى كوردوستانیش هه‌رچه‌نده‌ له‌ باڵى كۆتر و له‌ باڵى هه‌ڵۆ دا بۆته‌ دوو به‌ش، به‌ڵام مانه‌وه‌ى مسعود بارزانى باڵى هه‌ردو ته‌یره‌كه‌ى كرده‌وه‌و رێگه‌ى نادات كه‌سیان فره‌ بكه‌ن، بۆیه‌ حیزب لێره‌ واته‌ رابه‌رى حیزبه‌كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ دواى ئه‌و دێت ته‌نها شكڵ و كارتۆنه‌.
دروست بوونى نه‌وه‌ى نوێ له‌ سه‌ر ده‌ستى شاسوار عبدالواحد بووه‌، ئه‌م كوره‌ ئه‌ندازیارێكى بازرگانه، مێژووى یه‌كى نه‌ك نادیار به‌ڵكو گوماناوى له‌ دارایى و سامانه‌كه‌ى، كۆمه‌ڵێكى په‌یوه‌ندى نادیار له‌گه‌ڵ ئه‌مریكى یه‌كان و له‌گه‌ڵ حیبزه‌كان، گه‌مه‌ى ئه‌م كوره‌ لاوە بۆ حیزبایه‌تى كردن جۆرێكه‌ له‌ یاریكردن به‌ راكێشانى ده‌نگه‌ نارازى یه‌كانى كوردوستان، ئه‌م گه‌مه‌یه‌ ره‌نگه‌ له‌ گه‌مه‌كه‌ى ترامب بچێت كاتێك ئه‌ویش ویستى ده‌رهێنانى ده‌سه‌ڵاتى هه‌بوو له‌ ده‌ست خێلى بوش و خێڵى كلینتون، كاتێك بینى ئه‌مریكى یه‌كان بێزار بوون له‌م دوو خێڵه‌ ترامب ئه‌مه‌ى به‌ هه‌لزانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌ نارازى یه‌كان و سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا داواى كرد بۆ جارێكیش ده‌نگ به‌و بده‌ن و شتێكى نوێ تاقى بكه‌نه‌وه، ره‌نگه‌ ئه‌م یاری یه‌‌ بۆ ئه‌مریكا و بۆ ترامب گره‌وه‌ێكى سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵام ئایا بۆ شاسوار و بۆ كوردوستان هه‌مان به‌خت یاوه‌ر ئه‌بێت.
شاسوار عبدالواحد له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك وه‌ته‌ر كار ده‌كات كه‌ روون و ئاشكرایه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه، یه‌كه‌م دژایه‌تى كردنى پارتى به‌ تایبه‌تى له‌ هه‌وڵێر, سۆز راكێشانى گۆرانه‌كان به‌ گێرانه‌وه‌ى چیرۆكه‌ پاڵه‌وانه‌كانى له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و ئازایه‌ تى یه‌ نه‌به‌رده‌كانى له‌ ته‌ك خه‌ڵكى هه‌ژاردا به‌ جێبه‌جێكدرنى كۆمه‌ڵه‌ پرۆژه‌یه‌ك, قۆستنه‌وه‌ى كاڵبوونه‌وه‌ى یه‌كێـتى له‌م زۆنه‌ و كێشه‌كانى ناو ماڵباتى یه‌كێـتى, هه‌روه‌ها راكێشانى سه‌رنجى گه‌نجان به‌ لوگۆ و ناوى پارته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ به‌ڵینه‌ گه‌وره‌كانى یه‌وه‌ كه‌ نازانرێ ئاخۆ بۆى دێته‌ دى, هه‌موو ئه‌مانه‌ كارته‌كانى ده‌ستى شاسوارن بۆ ركابه‌ركردنى نه‌یاره‌كانى, به‌ڵام ئایا ئه‌مانه‌ بردنه‌وه‌ له‌ گه‌مه‌كه‌ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن بۆ نه‌وه‌ى نوێ.
سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر له‌ كار و پرۆژه‌كانى ئه‌م گه‌نجه‌وه‌ سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین ئه‌و گه‌نجه‌ سه‌رچاوه‌ى دارایى یه‌كانى دیار نین و هه‌موو كاره‌كانى جێگه‌ى گومانن, ئه‌م گه‌نجه‌ پرۆژه‌یه‌كى گه‌شتیارى بۆ نابرێت به‌رێوه‌ پاره‌ى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى بۆ نادرێته‌وه‌ ئه‌ى ئه‌بێـت چۆن ووڵاتێك ببات به‌رێوه‌, ئه‌گه‌ر كه‌سێك چوببێته‌ ناو گوندى ئه‌ڵمانى یان پرۆژه‌ نیشته‌جێبوونه‌كانى ئه‌م گه‌نجه‌وه‌ ده‌بینێت ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌م كوره‌ ته‌نها پاره‌ په‌یدا كردن بووه،‌ ده‌نا بۆ تا ئێستا پرۆژه‌یه‌كى ستراتیژى نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ كار دابین بكات بۆ گه‌نج و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى داهات بۆ ووڵاته‌كه‌ش، به‌ واتا پرۆژه‌یه‌ك بۆ ژێر خانى ئابوورى وولاته‌كه.‌ پاشان هه‌موو باش ئه‌زانین هه‌رچى حیزبه‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ی هه‌ریه‌كیان وابه‌سته‌ى ووڵاتێكى دراوسێ یه‌و مانه‌وه‌ىى خۆى به‌ستۆته‌وه‌ به‌ رێنمایى یه‌كانى ئه‌و ووڵاته‌ووه،‌ ئاخۆ شاسوار چى پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندى یه‌ كه‌ عومرێكه‌ له‌ په‌یوه‌ندى موخابه‌راتى و تێكه‌لبوونى به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كان.
ره‌نگه‌ ئه‌م گه‌نجه‌ قسه‌ى پێ بێت ئه‌و قسانه‌ى ساڵانێكى زۆره‌ ده‌یبستین و هیچ ئه‌نجامێكیشى نه‌بوو, ئه‌و ئێستا ده‌ڵێت: تاقیمان بكه‌نه‌وه‌ له‌ كاتێكدا هه‌موو باش ده‌زانین ئه‌م دوو حیزبه‌ى ده‌سه‌ڵات به‌ ئاسانى ته‌سلیمى ئه‌مانه‌ نابن و وه‌ پاش ئه‌وه‌ تاكه‌ى ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌ر خه‌ریكى تاقیكردنه‌وه‌ بێت, به‌ تایبه‌ت كه‌سێك تاقى بكاته‌وه‌ كه‌ كاره‌كانى پێشوو ئێستاشى جێگه‌ى سه‌رسورمان و گومانه‌, هه‌رچى ئه‌م حیزبه‌ بچوكانه‌ دروست ئه‌بن تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ پێكهاته‌ى حیزبه‌ كۆنه‌كانن. كامه‌یان تازه‌یه‌ تا خه‌ڵك متمانه‌یان بدات، ئه‌وه‌ى له‌ پارتى ده‌رچووه‌ بۆتە یه‌كێتى، ئه‌وه‌ى له‌ یه‌كێتى زویر بووه‌ چۆتە‌ ناو گۆران و، ئه‌وەى تریشى بووه‌وه‌ به‌ پارتى. ئه‌وه‌ى له‌ گۆران جێگه‌ى نه‌بووه‌ چۆتە ناو نه‌وه‌ى نوێ, ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌یه‌ك ئاش هاراون هیچى نوێ له‌ ناو هیچیان نى یه‌ تا میلله‌ت متمانه‌یان بداته‌وه،‌ ده‌بێت داهاتوو میلله‌ت خۆى خۆى دروست بكاته‌وه‌ ده‌نا ئه‌مانه‌ ته‌واو بوون.