کامەران چروستانی:  هەڵەبجە هێشتا زامدارە! 

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەبیرم دێت مانگی سێهەمی ساڵی 1988 بوو لەگەڵ جەنگی ئێرانی عێراقی و تێکچوونی باری ئاسایشی ناو شارەکانی کوردستان، نەک تەنها کورد، نەک تەنها عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بگرە مێژووی هەموو جیهان و هەموو مرۆڤایەتی لاپەڕەیەکی دیکەی ڕەشی لەناو لاپەڕەکانی خۆیدا تۆمار کرد، کاتێک ڕژێمی ئەو کاتەی عێراق بە چەکی کیمیاوی کۆتایی بە ژیانی پێنج هەزار گوڵآڵەسوورەی وڵاتەکەم هانی.
تەنها ئەو کەسانەی لەو دەڤەرە و لەو ماوەیەدا شایەتحاڵی ڕاستیی ڕووداوەکان بوون، دەیانزانی و درکیان بەوە دەکرد، ئەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری ڕووبەڕووی چ کارەساتێک بوونەتەوە، خەڵکە ڕاکردووەکەی شارەکە چۆن بە هەموو ئاراستەیەکدا هەڵدەهاتن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، چۆن خۆیان لەناو شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی دەوروبەر حەشار دەدا، چۆن بریندارەکانیان دەگواستەوە و چ ماڵوێرانییەک ڕووی دا. ئەو تراجیدیایە بە شەهیدبوونی پێنج هەزار مرۆڤ دەستی پێ کرد، بەڵام بەوە کۆتایی نەهات.
ئێستاش پاش تێپەڕبوونی سی ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە شینی من بۆ ئەو شارە هەر بەردەوامە، چونکە هێشتا زامەکانی ئەو تراجیدیایە لەسەر ڕووی خەڵکەکە و لەناو کۆڵان و گوزەر و شەقامەکانی شارەکەدا بەدی دەکەم، برینەکانی سەر جەستە و ناو ناخی ئەو خەڵکە هەتا ئێستاش لەگەڵ هەموو بیرەوەرییەکدا نوێ دەبنەوە، لەگەڵ هەموو شانزەی سێیەک زامەکان خۆیان تازە دەکەنەوە.
کات هات و کات ڕۆیشت، سی دانە ساڵ تێپەڕێ، دەهەزار و نۆسەد و پەنجا ڕۆژ، ڕژێم پاشەکشەی کرد، کوردستان ئازاد بوو، کورد حوکمی خۆی گرتە دەست، جیهان هاوسۆزی بۆ کورد پێشان دا، بگرە هەڵەبجە ئەو ناسنامەیە بوو کە کورد لە هەموو دەرگایەکی پێ دەدا، هەڵەبجە ئەو دەنگە بوو کە خۆی گەیاندە ئەو گوێچکانەی هەتا دوێنێ لە ئاستی کورددا داخراو بوون، ئەو وێنەیە بوو، کە خۆی گەیاندە ناو ئەو چاوانەی هەتا دوێنێ نوقاو بوون، ئەو زامە بوو کە خۆی گەیاندە ناو جەستەی مرۆڤایەتی و ناچاری کرد هاوار بکات، ئەو ناسنامەیە بوو، کە لە هەموو سوچێکی ئەم جیهانەدا کوردیان پێ دەناسییەوە، وەلێ زامەکانمان هەمان زامن.
هەڵەبجە بوو سومبول بۆ کورد، بۆ چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، بۆ کوشتنی بێتاوانەکان، بۆ نەتەوەیەک کە مێژووی زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەکانی سەدان ساڵن، وەلێ
بە درێژایی بیست و حەوت ساڵ تیماری زامەکانی هەڵەبجە تەنها لەسەر دروشمەکاندا بوونی هەبوو، ناخی پەنگخواردوو و ناوچەوانی گرژی قوربانییەکان هەتا ئێستاش گوزارەشت لە قوڵی ناخی برینداریان دەکات، بگرە تیمارکردنی گەلێک لە ڕزگاربووانی ئەو کارەساتە لەم ساڵ بۆ ئەو ساڵ و لەم وەرز بۆ ئەو وەرز دوا دەخرا و دوا دەخرێت*، هەڵەبجە سەرباری هەموو قوربانییەکان هەمان هەڵەبجەیە، هەڵەبجە سەرباری هەموو ئەو بڕە پارانەی کە لە هەموو جیهانەوە پێشکەشی کراوە، هەمان هەڵەبجەیە: هەڵەبجە بوو بەو کەرەستەیەی کە بەهۆیەوە سۆزی جیهانمان بەدەست هێنا، بەڵام نەتوانرا سۆزی بریندار و قوربانییەکان بەدەست بهێنین: هەموو ئەوەی کە بە درێژایی بیست و حەوت ساڵ پێشکەش بە هەڵەبجە کراوە نە لە دوورەوە نە لە نزیکەوە لە ئاستی ئەو قوربانییانەدا نییە، کە ئەو شارە پێشکەشی کردوون. بیست و حەوت ساڵ نەتوانرا کار لەسەر ناخ و جەستە، خود و بابەت، قوربانییەکان بە هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە، بە هەموو چین و توێژەکانەوە بکرێت، تەنها کار لەسەر دروشمە بریقەدارەکانی شانزەی سێ و کۆبوونەوەکان دەکرا بۆ کۆکردنەوەی ئابوونە بۆ شارە ڕەشپۆشەکە.
شینی من بۆ ئەو شارە لێرەدا کۆتایی نایەت، بگرە لەناو سومبوڵی ئەو کارەساتەدا، لەناو مەزاری شەهیدانیشدا هەر بەردەوامە: نمایشکردنی کارەساتی لەناوبردنی پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوان لەناو هۆڵێکی بچووکی تەنها چەند مەتریدا ئەنجام دراوە! وێنەی خامۆشکردنی شارێکی تەواو لەناو ئەو هۆڵەدا نە لە ئاستی کارەساتەکەیە و نە لە ئاستی ژمارەی قوربانییەکان و نە لە ئاستی هەموو ئەو ڕووداوانەیە، کە لە هەر ساتێکی ئەو هێرشە دڕندەدا ڕوویان داوە. ئەو مەزارەش نە لە دەرەوەی و نە لە ناوەوەی نەیتوانیوە گوزارەشت لە ئازار و زامەکانی قوربانییەکان و خەڵکی هەڵەبجە بە تایبەتی و کورد بە گشتی بکات. لە بری هەموو ئەمانە دەبووایە هەڵەبجە شارێکی نموونەیی بووایە، شارێک کە لە هەموو لایەنێکەوە سومبولی قوربانیدانی کورد بووایە و هەروەها لە ڕێگای گەشەسەندن و بایەخدانەوە سومبولی ڕۆحی نیشتمانپەروەریی دەسەڵات بووایە.
هەڵەبجە شارێکی زامدارە: نە زامەکانی تیمار کران، نە ئامێزێکی گەرمیان پێ بەخشرا، نە ئاوڕێکی ڕاستەقینەیان لێ درا. هەر بۆیە شیوەنی من بۆ هەڵەبجە هەر بەردەوامە
* هەفتەی پێشوو قوربانییەکی دیکەی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە کۆچی دوایی کرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت