عەبدولڕەحمان عەلی: لەجیاتی پیاهەڵدانی درۆینە، یاساکەیان بۆ جێبەجێکەن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ساڵانە لەگەڵ هاتن و نزیکبونەوەی ساڵڕۆژی کیمیابانکردنی شاری هەڵەبجە کەدەکاتە 16- 03 ی هەمووساڵێک، ئیتر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەو بەرپرسەکانیەوە دەکەونە هۆنینەوەو ڕێکخستنی قسەی زل و بریقەدارو وتنی شانامە بەسەرهەڵەبجەو هەڵەبجەییەکاندا.
کەبەدڵنیاییەوە چارەکی ئەو گفت و بەڵێنانەی لەساڵانی ڕابردوودا دراون بەهەڵەبجەو دانیشتوانەکەی جێبەجێبکرایە ئەوا ئێستا هەڵەبجە هاوشانی لەندەن و پاریس و واشنتۆن دەبو لەگشت بوارەکاندا.
هەڵەبجە ناسنامەی گەلێکی ستەملێکراوو مەزڵومی ژێردەستەیە، بەڵام دەبێت بپرسین ئایا لەماوەی چارەکەسەدەی حوکمڕانی کوردیدا چەندە ئەو ناسنامەیە پارێزراوەو چەندەش ستەمەکانی کەلێیکراون نەهێڵدراون و چۆن قەرەبووی خاک و خەڵکی دەڤەرەکە کراونەتەوە؟
پەرلەمانی کوردستان وەک ئەرکێکی ئاسایی خۆی و بۆ بەیاسایی کردنی بڕیاری بەپارێزگابونی هەڵەبجە کەیەکێک بوو لەداواو خواستەکانی خەڵکی ناوچەکە لەبەرواری ( 5- 02- 2015 )دا دانیشتنێکی خۆی بردە نێوشارەکە تاکو لەنێو هۆڵی مۆنۆمێنتی شارەکەوە کەبەشێکی گرنگ لەڕوداو و کارەسات و مێژووی شارەکەی تێدا خراوەتەڕوو بەدۆکۆمێنت بەتایبەت کارەساتی کیمیابانکردنی شارەکە لە ( 16- 03- 1988 ) لەلایەن دڕەندەترین ڕژێمی ئەو سەردەمە.
لەو دانیشتنە تایبەتەی پەرلەماندا یاسای ژمارە ( 1 )ی ساڵی ( 2015) دەرچوێنرا بەناوی یاسای ( ئیدارەی پارێزگا ) ی تایبەت بە هەڵەبجەو بە پارێزگاکردنی بەیاسا.
لەبەرواری ( 29- 01- 2018 )دا پرسیارێکم لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوەو تێیدا پرسیومە :
ــ بۆچی حکومەت یاسای ژمارە (1)ی ساڵی ( 2015)ی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێناکات ؟ کەتایبەتە بەئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە .
ــ بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکە لەگەڵ ئەوەی ناوی کاندیداکانی دوو ساڵە نێردراوەتە وەزارەتی ناوخۆو لەوێشەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بڕیاری دەستبەکاربون ودروستکردنەکەی نادرێت ؟
ــ ئەی حکومەت چەندی لەوبڕیارانەی خۆی جێبەجێکردوە کەلەکاتی بڕیاری بەپارێزگابونی هەڵەبجە لە ( 13- 03- 2014) داویەتی بەوپارێزگایەو دانیشتوانەکەی ؟
ــ چیتانکردوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند تاکو هەڵەبجە وەک پارێزگایەک بەفەرمی بناسێنرێت ؟
من لە ( 29- 01- 2018)وە پرسیارەکەم ئاڕاستەی حکومەت کردوە کەچی لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دوای ( 17)ڕۆژ نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران واتا لە ( 14- 02- 2018) ، ئەنجومەنی وەزیرانیش تاکو ئێستا کەمانگێکی بەسەردا تێپەڕیوە وەڵامێکیان نەبوەونیە بۆپرسیارەکانم کە پرسیاری زۆرینەی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە.
بێباکی و کەمتەرخەمی دەوڵەتمەدارانی ئەم هەرێمە لەبەرامبەر هەڵەبجەوهەڵەبجەییەکان ئەوەمان پێدەڵێت کە هەڵەبجەیان هێندە پێویست بوو تا خۆیانی پێ ناسراوتر، دەوڵەمەندو قەبەوقەبەتر بکەن ، نەک هەوڵی ساڕێژکردنی لانی کەمی بەشێک ئازاروبرینەکانیان بدەن .
لێرەوە دەردەکەوێت کە بەرپرسەکانی ئەم هەرێمە چەندە ناو، نازناو ، وشەی کریستاڵی و…… هتد، هەڵبدەن بەسەر شاروناوچەکاندا چەندین هێندەش ئەو ناوچەوشارانە پشتگوێخراروو پەراوێزخراوتر دەبن لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ، نمونەی هەرەزیندوش هەڵەبجەی ناسنامەی کوردبون و کوردایەتی و کەرکوکی قودس و دڵ و قیبلەی کوردستانە.
هەر وەک چۆن هەڵەبجە لەنەخشەی سیاسی و کارگێڕی و خزمەتکردنەوە پەراوێزخراوە، و کەرکوکی دڵ و قودسیش لەچرکەساتێکدا ڕادەستی حەشدو سوپای عێراق کرا .
بۆیە داوا لەبەرپرسە نابەرپرسیارەکان دەکەم ئیتر واز لە پیاهەڵدان ووتنی شیعرو شانامەکانتان بێنن بەسەر شاروشارۆچکەو تەنانەت گوندەکانی کوردستانیش، چونکە زۆر وەسف و پیاهەڵدانتان بۆ هەر شوێنێک کردبێت لەجیاتی بوون بەخێروبەرەکەت بۆی بۆتە نەعلەتی و زەحمەت.
سڵاو لەهەڵەبجەی شاری شاعیرو منەوەرانی گەورەی کورد
درود بۆ ڕوحی شەهیدانی کیمیابارانی شانزەی سێ.