دوو دۆسیە یا دیکۆمێنتى مۆساد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادە کردن و وەرگێران/ عوسمان عومەر.

سوالکەرە لاڵەکەى بەیروت
لەکاتى شەڕى ناوخۆى نیوان لایەنەکانى لوبنان ساڵانى 1975 تاکو 1990 سوالکەرێکى جل شڕ, پێ پەتى , سەر وقژ هاتوو، ریش درێژ و دەم و چاو چڵک لێ نیشتوو, بۆنێکى ناخۆشى لێدەهات جگە لە پالتۆیەکى رەشی زستان و هاوین لەبەربوو, زیاتر شتێکى ترى نەبوو بەنیو شەقامەکانى بەیروت دا دەگەڕاو دەسوڕا, خەلکى بەیروت زۆریان خۆشدەویست و خێریان پێدەکرد، ئەویش کەسێکى نەفس بەرز بوو گەر نانێکت بدایەتێ وەریدەگرت گەر زیاتر بوایە رەتى دەکردەوە , جگەرەیەکى وەردەگرت، بەڵام گەر پاکەتێ بوایە نەیدەویست و تەنها یەک چاى دەخواردەوە , هەمیشە ڕووخۆش و نەرم و نیان بوو، توندوتیژ نەبوو. هەرگیز دەست درێژى نەکردۆتە سەر کچێک یا ژنێک یا پارەى خەڵک هیچ ناوێکى نەبوو تەنها پێى دەگوترا سوالکەرە لاڵەکە.
شەرى نەکریسى ناوخۆ بەردەوام بوو , خەلکى باسیان لەوە دەکرد ئەمرۆ ناسبەى سوپاى ئیسرائیل دێتە ناوخاکى لوبنان و بەیروتى پایتەختەوە , سوپاى ئیسرائیل لەسەرەخۆ بەرەو پێش دەهات و لەئاسمان و زەوى و دەریاوە بۆمبابارانى بەیروتى رۆژئاواى دەکرد , سوپاى ئیسرائیل لەلایەن رێکخراوەچەکدارە فەلەستینەکان و سوپاى سوریا و هەندێ لایەنەوە بەرەنگاریەکى بێ وێنەدەکرا, کەچى سوالکەرە لاڵەکە وەک ئەوەى هیچ نەبێ و گوێی لەهیچ نەبێ لەگەڕان و سوڕانى خۆى نەدەکەوت. خەلکى بەیروت خەمى خۆیان بوو وازیان لە سواڵکەرە لاڵەکە هێنا بوو، تەنها لە بالکۆن و سوچى کۆلانەکان و بەردەرگاکانیانەوە چاویریان دەکرد، ئاخۆ چى بەسەردێ. کاتێ سوپاى ئیسرائیل گەیشتە ناو بەیروتى رۆژئاوا زرێپۆشێکى ئیسرائیلى هێزى تایبەت لەسواڵکەرەلاڵەکەنزیک بۆوە و 3 ئەفسەر یەکیان بەپلەى مقدەم و دوانیان بەپلەى نەقیب و 5 سەرباز وەک پاسەوان و چەند زرێپۆشیکى تر لەچوار دەوریان , سەربازەکان لولەى چەکەکان و پەنجە لەسەر پەلاپیتکە ڕوو لەکەرولاڵەکەو لەولاشەوە لاشەى کوژراوەکان بلاوبوو, ئەویش لەرۆخى شەقامى حەمڕا راکشابوو گوێى بەهیچ نەدا وەک ئەوەى گوێى لەسیمفۆنیاى بیتهۆڤن چارەنوس لەدەرگا دەدا بگرێ، دوو سێ هەنگاو مابوو سەربازو ئەفسەرەکان بگەنە لاى سەری بەرز کردەوە و مقدەمەکە سلاوێکى سەربازى بۆ کرد , ئەویش هەستایە سەرپێ و سلاوى سەربازى بۆسەندەوە و پێى گوتن کەمێ دواکەوتن! لەوەڵام دا مقدەمەکە پێى ڕاگەیاند گەر تۆ نەبویتایە ئێمە وابەئاسانى نەدەگەیشتینە ئێرە! بەناوى ئیسرائیلەوە زۆر سوپاسى ئەو لەخۆبوردوویی دلسۆزیەتان دەکەم عەقید, سوارى زرێپۆشەکە بوو 3ى تریش بۆ پارێزگارى کردنیان. خەڵکى ئەو ناوچەیەش تووشى شۆک بوون و دەیان پرسیاریان لا دروست بوو, ئەوانەى زمانى عیبریان دەزانى لەقسەکان گەیشتن. قورسە چەندین ساڵ سیخورێکى دوژمن ئازادانە لەسەرشەقام و کۆلانەکانت بژى, ئاخۆ چەند سوالکەرى لاڵ لەووڵاتەکەمان دەژى و تەراتێن دەکات و ئاخۆ چەند سواڵکەرى لەش خاوێن و جل پاک و بێ ویژدان و چاوچنۆک و خیانتکارو خۆفرۆش لەم وولاتەدا هەیە.

مرواریەکەى مۆساد
شولا کوهین ناوى تەواوى شولامیت مائیرکوهین و لە 21ى ئایارى ساڵى  1917 لە بۆینس ئایرس لەدایک بووە, خێزانەکەیان کۆچیان کردووەو لەبەعقوبەى باکورى شارى بەغدا نیشتەجێ بوون, دواتر لە شارى بەصرە و لەساڵى  1937 بەرەو فەلەستین کۆچیان کردووە لە حەیفا نیشتە جێ بوون، پاشان قدس. وەک سیخورێکى دەزگاى مۆساد دەست بەکار بووە. دواى هاتنە بەیروت لەگەڵ جۆزیف کیشک هاوسەرگیرى کردووە کە یەکێک بووە لەکۆنترین بازرگانە دەولەمەندە جولەکەکانى لوبنان و نیشتەجێى وادى ئەبوجمیل، کە بەگەرەکى جولەکان ناسرابوو. لاى دەزگاى موخابەراتى ئیسرائیل بەمرواریەکەى مۆساد ناسرا بوو.
شولا زۆر جوان و شۆخ شەنگ و قسەزان و زیرەک لەتواناى دروستکردنى پەیوەندى بەخەلکەوە بوو, دواى چەندین ساڵ کارکردن لەگەڵ مۆساد وەک سیخوڕ بەڕیکەوت ئاشکرابوو, کاتێ ئاشکرا بوو حکومەتى لوبنانى کەوتە لێکۆلینەوە لەسەر چۆنیەتى ساختەکردنى پولى پۆستە, ئەنجامى لیکۆلینەوەکان ئەوەیان دەرخست کە فەرمانبەرێکى لوبنانى بەناوى محمد عەوەض پەیوەندی بەژنیکەوە هەیە ناوى شولا کوهینە لە وادى ئەبوجەمیل, دواى ئەوەى هێزە ئەمنیەکان تەلەفۆنى شولایان خستە ژێرچاودێریەوە دەرکەوت لەگفتوگۆکردنى ووشەى نهێنى (مشفر) بەکاردەهێنێ. دواتر هێزە ئەمنیەکان توانیان لەشوێنى نیشتەجێ بوونى شولا و سەربانى مالەکەى دەزگایەکى گوێگرتن بچێنن دواى ماوەیەک چاودێرى دایان بەسەرماڵەکەى و دەستگیریان کرد, دواى دەستگیرکردنى شولا دانى بەتاوانەکەى دانا کە زانیارى ئەمنى, سیاسی, ئابورى, دارایی ناردووە بۆ مۆساد.
شولا کوهین وەک هەمو جولەیەک باوەرى بەدامەزراندنى دەولەتى ئیسرائیلى سەربەخۆ هەبوو. لەسالى  1947 لە لوبنان وەک نوێنەرى یەکێک لەکۆمپانیا گەشتیاریەکان خۆى ناساندبوو، دواتر بەهۆى سەرنج ڕاکێشى و جوانی و زمانى سێکس و زمانى جەستە، خۆى تەرخان بکات بۆ خزمەتى وولاتەکەى و بەسەدان کارى سێکسى لەگەل گەورە پیاوانى بالاى دەسەلاتى لوبنانى ئەنجام داوە لەسالەکانى  1947 تا  1961 تا واى لێهاتبوو لەساڵى  1956 ببوە خاوەنى پێنج خانوو کە کارى سێکسى تێدا ئەنجام دەدرا و لەلایەن مۆسادى ئیسرائیلیەوە لەهەموو مالەکاندا کامێراى تۆمارى دەنگ و وێنەىى تێدا جێگیرکرابوو بەنهێنى، تۆمارى کارەسیکسیەکانى ئەو لێپرسراوە بالایانەى تۆماردەکرد.

شولا توانى کێژێکى زۆرجوانى ئەرمەنى تەمەن 14 ساڵ بەکار بهێنێ بۆ کارى سێکسى بۆ سەرنج ڕاکێشانى سیاسیە بالاکان و سەربازیەکان, لەجادەى حەمڕا کە بەناوبانگترین شەقامى بەیروتە ریستورانتێک کە وەک مەیخانە بوو ناوى لێنا بوو ” رامبۆ باب”. دواى 14 ساڵ سیخوڕىکردن لە 9ى تەموزى سالى 1962 لەگەل هەندێ لەوانەى لەتۆڕەکەى بەشدار بوون لەلایەن کۆلۆنیل عزیز ئەحدەب و بەسەرپەرشتى ئەفسەرێکى پلەباڵاى موخابەراتى لوبنانى بەناوى جۆرج بەرەکاتەوە دەستگیر کران و، درانە دادگا. سەرەتا فەرمانى لەسێدارە دانى بۆ دیارى کرا. بەلام بەهۆى ئەوەى زۆر لەکەسایەتیە سیاسیەبالاکان پارێزگاریان لێدەکرد، کاریگەرى هەبوو بەسەر ڕێڕەوى دادگایی کردنەکە کرا بە 20 ساڵ زیندانى.

لە 25ى تەموزى سالى 1967 دواى شکست و چەندین ساڵ زیندانى بەسەربردن لەکارێکى ئاڵوگۆڕى دیل بەرامبەر بە 3 ئەفسەرى فرۆکەوانى سوپاى سوریاو چەند کەسێکى تر ئاڵ و گۆرى پێکرا و، گەیشتەوە فەلەستین و، لەلایەن دەزگاى موسادەوە پێشوازى لێکراو دواتر چەندین پاداشت کرا و، کورێکى بەناوى ئیسحاق لنفۆن لەدایک بووى لوبنان بوو کرابوو بەباڵوێزى ئیسرائیل لە قاهیرە، لە 2009 تاکو 2011. لە 29ى ئایارى ساڵى 2017 لەتەمەنى 100 ساڵى دا کۆچى دوایی کردووە.

ئایا راستیان ووتوە کە ژن ماددەى بێهۆشکەریى پیاوە سیاسیەکانە بەهۆیەوە دەخرێنە تەڵەوە ؟ و، ئایا ژن زیرەکترو و بەتواناترە لە پیاو بۆ کارى سیخوڕىکردن؟ ئایا باوەشى ژنێک باشترین شوێنە بۆ بەدەستهێنانى نهینى لە ڕێگەى غەریزەى سیکسیەوە بۆ گالتەکردن بەعەقلى گەورە پیاوان و خستنە تەڵەیانەوە؟

وەک دەڵێن مرۆڤ رادیوى داهێناوە و خوداش زمانى ژنى داهێناوە. هەروەها ووتراوە درێژى زمانى ژن 3 گرێیە، بەلام لەتواناى دا هەیە پیاوێک بکوژێ درێژیەکەى 6 پێ بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت