عیماد عه‌لی: به‌ڵێ زوو هاتوون به‌ڵام كه‌متان كردووه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ده‌می هه‌ر به‌رپرسێكی شۆرشگێری! له‌م جۆره‌ی كوردستان ده‌كه‌یته‌وه‌ ده‌ڵێت: كه‌ممان نه‌كردووه‌ و درنگ نه‌هاتووین و كه‌سیش له‌خۆمان به‌ شۆرشگێرتر نازانین و ئیمه‌ هاتووین خزمه‌تی میله‌ت بكه‌ین و خوێنی شه‌هیدان به‌ فیرۆناده‌ین . ئاله‌م كۆمه‌ڵه‌ رسته‌ داتاشراوه‌ حازربه‌ده‌سته‌ی كه‌ بۆ بیست و حه‌وت ساڵه‌ خوویان پێوه‌گرتووه‌.
كاكه‌ به‌سه‌رچاو و سه‌ر سه‌ر، هه‌مومان قه‌رزاری خوێنی شه‌هیدانین كه‌ ئه‌وان گیانیان بۆ ئه‌م نیشتمانه‌ له‌ده‌ستدا و خه‌ڵكی تر نیشته‌سه‌ری، به‌ڵی خواردی . تۆ تائێستاش ته‌ماشای لیستی خانه‌نشینان و پله‌باڵاكان بكه‌ن و به‌راوردی بكه‌ن له‌گه‌ڵ خێزانی شه‌هیدان بۆتان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام دژی پرسی كورد و ئه‌و خه‌ڵكه‌ قوربانیده‌ره‌ بوون به‌ ژماره‌ و به‌ ئیمتیازات و خۆشگوزره‌انی چه‌ند له‌ ئه‌وانه‌ی بۆ میله‌ت دڵسۆز بوون، زۆرتره‌.
گرنگ قسه‌و ئیدیعا نیه‌، خه‌ڵك چاو كراوه‌یه‌ و‌ راست و درۆتان له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌ كره‌وه‌ ده‌یكه‌ن باوه‌ری پێده‌كه‌ن كه‌ تا ئێستا به‌قه‌د رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می ئه‌و توانایه‌ی له‌به‌رده‌ستان بوو خزمه‌تتان نه‌كردوون. ئێستا دوای چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك شۆرش و هیلاكی خۆتان به‌خه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی كیانیان به‌خت كرد ئێسقانیانیشیان نه‌ماوه‌ و ئێوه‌ به‌رهه‌می هیلاكی و شۆرشگێری خۆبه‌ختكردن و قوربانیدانی ده‌ستی ئه‌وان ده‌خۆن.
باشه‌ كاكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یلێیت به‌سه‌رچاو، زوو هاتوویت سه‌ركردایه‌تی شۆرشت كردووه‌ و، با ئوه‌ش نه‌لێن كه‌ ته‌نانه‌ت ژیانی ئێوه‌ له‌و كاته‌شدا جیاوازی زۆری له‌گه‌ڵ باروژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌ی ئاساییدا هه‌بوو. باشه‌ برا ئه‌و ساڵانه‌ی پاش ئه‌نفالیشت بۆ حساب ده‌كه‌ین كه‌ جگه‌ له‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م كه‌س نه‌بێت چه‌ند ‌مه‌فره‌زه‌یه‌ك) له‌ مه‌یدانی به‌ره‌نگاری و شۆرش مابونه‌وه‌ كه‌س نه‌مابوو هه‌ره‌یه‌كه‌و له‌ شوێنێكدا خۆی حه‌شاردا بوو. باشه‌ با حسابێكی وردی بكه‌ین كه‌ تۆ له‌ دژی بۆچونی نیلسون ماندیلاشت بۆ حساب بكه‌ین و حه‌قی خۆت به‌ پاره‌ و ماڵ و موڵك و داهات و خۆشگوزه‌رانی دوای راپه‌رینت بۆ ورده‌كه‌ینه‌وه‌ نه‌ك به‌ مورته‌زه‌قه‌كه‌ی ماندیلا پێناسه‌ت بكه‌ین، به‌ڵكو نه‌ك مافی شه‌خسی خۆت به‌ دۆلار به‌ڵكو زۆریش له‌ مافی میله‌ته‌كه‌شت خواردووه‌. ئیدی ئه‌م منه‌ته‌ی زوو هاتن و دره‌نه‌گ هاتنه‌ چیه‌ به‌سه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شدا ده‌یكه‌ن كه‌ دوای راپه‌رین له‌دایكبوون و شۆرشیان نه‌بینیوه‌ و حه‌قی خۆیانه‌ چۆن ئه‌ركیان له‌سه‌ر شان بێت ئاوهاش مافیان هه‌بێت، ئه‌وان له‌ كاتێكدا هاتونه‌ته‌ دونیاوه‌ كه‌ شۆرشی راسته‌قینه‌ به‌ جۆرێكی تره‌ نه‌ك كلاسیكیانه‌ وه‌ك خۆتان هه‌ر به‌ ره‌فتار و عه‌قڵیه‌ت و رێره‌وی شاخه‌وه‌ خه‌ڵك به‌رێوه‌به‌رن.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی نه‌وه‌ی نوێن چی بڵین له‌مه‌ر گفتولوتفی ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ڵێن دره‌نگ نه‌هاتووین، بۆیان نیه‌ خه‌بات بكه‌ن، بۆیان نیه‌ تێكه‌ڵی خزمه‌تی میله‌ته‌كه‌ بن و به‌رده‌وامی به‌ژیانی دروستی كوردستان بده‌ن، كه‌ زۆر پێویستی به‌وانه‌ له‌وه‌ی تۆ بێیت و ته‌نها به‌قسه‌ خۆت گیف بكه‌یته‌وه‌.
ئه‌مرۆ خه‌ڵك ئه‌وه‌نده پێویستی به‌ پاراستنی كه‌رامه‌ت و دابینكردنی ژ‌یانو گوزه‌رانی خۆی و خێزانی هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ ویعازدان نیه‌، خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر ئه‌رز ده‌یه‌وێت خزمه‌ت بكرێت و له‌ به‌ره‌وپێشبردنی كوردستان به‌شدار بێت و ئاسایی بژێت ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ باسوخواس و منه‌تی شۆرش نیه‌. با ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش بدركێنین كه‌ ئه‌وه‌ی به‌شداری تێدا كرد چه‌ندین جۆر و شێوه‌ بوون و هه‌مووی وه‌ك یه‌ك به‌ دڵسۆزیه‌وه‌ به‌شداری شۆرشیان نه‌كرد؛ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌ مه‌بده‌ئی و راستگۆ و دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر و مرۆڤدۆست و شۆرشگێر و خۆبه‌خته‌كه‌ره‌كه‌ چه‌ندین ناوازه‌ی! نێوشۆرشی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی جۆراوجۆر خۆیان خزاندبووه‌ ریزه‌كانیه‌وه‌؛ راكردووی سه‌ربازی قادسیه‌، خاوه‌ن كیشه‌ و ناجۆری باری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ناله‌باری وه‌زعی ئابووری له‌ شار، به‌ناچاری خۆیان گه‌یاندبووه‌ گونده‌ رزگاركراوه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ناكۆكی و كێشه‌و بێشه‌ی نێوان حزبه‌كان له‌ شاخدا كه‌ خه‌ڵكی بێزار كردبوو، ئێستاش ته‌نها شانازی به‌سه‌روه‌ریه‌ك كه‌ له‌ شۆرشدا تۆمار كرابێت بۆ خه‌ڵكێك كه‌ له‌م كاته‌دا ده‌ژێت هیچی پێناكرێت و له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كه‌دا ناگونجێت و ناتوانێت خزمه‌تی راسته‌قینه‌بكات. به‌رده‌وام بۆ دواوه‌ ده‌گه‌رێنه‌وه‌ و ئه‌و شانازیانه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه‌.
ئێستا، جگه‌ له‌ چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك هاتۆته‌ مه‌یدانی ژیانی هه‌مه‌جۆری كوردستان و ناله‌باری بارودۆخه‌كه‌ هاتۆته‌ پێش، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ عه‌قڵی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌ نه‌ك پاشماوه‌ی بارودۆخی شۆرش و شه‌ری نێوخۆی كورد به‌كورد و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌وانه‌وه‌ هه‌ڵواسیوه‌. پێویستی به‌ سه‌ركدایه‌تی نوێ و جیاواز هه‌یه‌، پێویستی به‌ خه‌ڵكی به‌ئه‌مه‌ك و قاڵبوی ژیانی پاش راپه‌رین و شرۆڤه‌كار وعه‌قڵمه‌ند و زانستخواز و تایه‌بت به‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌، كه‌ ئه‌و تایه‌بتمه‌ندیانه‌ له‌ تۆیه‌كدا نیه‌ كه‌ ته‌نها شانازیه‌ك گه‌رانه‌وه‌ته‌ بۆ شۆرش و زوو هاتن و دره‌نگهاتنه، كه‌ ئه‌ویش هیچ به‌هایه‌كی نیه‌ بۆ نه‌وه‌ی نوێ .
منداڵانی شه‌هیدان پێویستیان به‌ سه‌ركردایه‌تیه‌ك هه‌یه‌ به‌ كره‌وه‌ خزمه‌تیان بكات و بۆ ئه‌وه‌ بێ باوكی و بێ برایی و ئه‌و گینافدیایه‌ی كه‌سوكاریان به‌فیرۆ نه‌چێت و ئه‌و ئیدعایانه‌ی ئێوه‌ هیچیان پێشكه‌ش ناكات له‌سه‌ر ئه‌رز، خه‌ڵكی كوردستان به‌ چره‌جه‌م چین و توێژه‌كانیه‌وه‌ چاوه‌رێی گۆرانكارین له‌ سره‌جه‌م بواره‌كاندا و به‌و قسه‌و منه‌ت و شانازیه‌ی كۆنانه‌ هیچیان بۆ ناكه‌یت” له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڵی شه‌ری نێوخۆمان كرد و كورمان به‌ده‌ستی كورد كوشت” ئابووری كوردستانمان ویرانكرد و راوروت و هه‌ندێك كرده‌وه‌مان نواند كه‌ له‌ كوردستاندا بونی نه‌بوو، له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانه‌وه‌ سه‌لبیاتمان هه‌بوو، نه‌ك ئامانجه‌كانمان نه‌هێنایهدی به‌ڵكو خه‌ڵكمان بێئومێد كرد له‌ ته‌ناه‌ت كوردبوون و روحی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیانمان كوشت، جیاوازی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكمان گه‌یناده‌ لوتكه‌، برێك له‌ برسا ده‌مرێت ئه‌ویتریش یاری به‌ ده‌فته‌ر دۆلار ده‌كات و منداڵه‌كانی هه‌ر رۆژه‌ی به‌ ماڵو موڵكێك یاری ده‌كه‌ن كه‌ له‌ده‌رئه‌نجامی خوێنی باوكی هه‌تیوانی باوك شه‌هید هاتۆته‌ بوون و، ئه‌وان حه‌قترن له‌ خه‌ڵكی هه‌لپه‌رست.
تا ئێره‌ به‌سه‌ ئه‌گینا زۆری ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ریبخه‌ین كه‌ شانازی كردن به‌ رابردوو ته‌نها له‌وانه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ هیچیان بۆخه‌ڵك نه‌كردبێت و شتی نوێی پێوسیتان بۆ خه‌ڵك نه‌كردووه‌ له‌مرۆدا كه‌شانازی پێوه‌ بكه‌ن، بۆیه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆرتر بیر له‌ خۆتان و كه‌متریش له‌ میله‌ته‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؛ ئیتر به‌سه‌.