ئاریان ڕەشید: پەروەردەی حیزب یان پڕۆژەی بێقیمەتکردنی سیاسەت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی یەکەم:
ڕەفتاری مرۆڤ تێکەڵەیەکە لە ڕەمەک و کولتور، ڕەمەکی مرۆڤ جێگیرو نەگۆڕەو ڕەگی قووڵی لە ناخی مرۆڤدا داکوتاوەو گرێدراوی بوونی مرۆڤە وەکو ئاژەڵێک لەسەر زەوی، بەڵام کولتور ڕستێک یاساو ڕێسای بەدەستهێنراوە کە پەیوەندیدارە بەو ژینگەیەی مرۆڤ تیایدا دەژی و بەردەوام لە جوڵەدایە. مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی هۆشمەند و خاوەن عەقڵ لە ڕێگەی هۆشەوە لەگەڵ ڕەمەک (غەریزە) دەکەوێتە ململانێ و بوونی لەگەڵ ئەوانی تردا لەنێو کۆمەڵگەو درک کردنی بەو بوونە، بەرەو زاڵکردنی هۆش بەسەر ڕەمەک و ئافراندنی کولتوری مرۆڤانە پاڵیدەنێت. هەبوونی ئیرادەش لای مرۆڤ ئەم خواستی ئافراندنە مەیسەر دەکات و مرۆڤ لە ئاژەڵێکی بەرژەوەندیخوازو خۆپەسەندەوە بۆ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت. مێژووی مرۆڤایەتی حیکایەتی جەنگێکی دورودریژی مرۆڤە لە پێناوی دروستکردنی هاوسەنگی نێوان ڕەمەک و هۆش و زاڵکردنی هۆش بەسەر ڕەمەک و بونیادنانی دنیایەکی مرۆڤانەو عەقڵانیانە. مرۆڤ ووشیاری بەخۆیی و کردەوەکانی هەیەو بەردەوام لەڕێگەی ئاگاداربوون لە ڕابوردوی خۆیەوە دەیەوێت شێوازی ژیانی بگۆرێت و لە خەم و ئازار دور کەوێتەوەو بە بەختەوەری بگات. گۆڕێنی ئەم ڕەفتارو خوو هەڵسوکەوتەی مرۆڤیش بە درێژایی مێژوو بەرگێکی پیرۆزی دەپۆشێ و وەکو حەقیقەت لێی دەڕوانرێت و لەژێر ناوی کولتوردا بەرجەستە دەبێت. کولتوری مرۆڤانە بەرهەمی گەشەکردنی هۆش و زەینی مرۆڤەو لە ئامۆژگاری و ڕێسا و فەرمانگەلێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە مامۆستاکانی مرۆڤایەتی بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە ئازارو مەینەتی پەرەیان پێداوە. مرۆڤ پابەندی ڕێسایەکی تایبەتمەند دەبێت و شێوازێک لە یاساو داب و نەرێت فەراهەم دەکات کە لەسەری دەڕوات و بنەمای پەیوەندیەکانی خۆی لەسەر بونیاد دەنێت، ئەمەش دەبێتە یاسایەکی نیمچە جێگیرو بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت و دەبێتە کولتور. بەڵام ئەم جێگیریەی کولتور حەتمی نیەو دینامیکیە، بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری بەسەردا دێت و لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاواز دەبێت و پەروەردە ڕۆڵی سەرەکی لەم بوارەدا دەبینێت. بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی کولتوری مرۆڤانەدا ڕەمەکی مرۆڤیش لەنێو ناچێت و بە بەردەوامی لە سروشتی مرۆڤدا بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە، هەر کاتێک ژینگەی مرۆڤ نەتوانێت پەروەردەیەکی باش بەرهەم بێنێت کە لە خزمەتی پایەدارکردنی کولتورێکی مرۆڤانەدا بێت، ئەوا ڕەمەکی مرۆڤ بەسەر هۆش و زەیندا زاڵدەبێت و کۆمەڵگە دەبێتەوە بە جەنگەڵ و دنیایەکی نامرۆڤانە دێتەکایەوە، کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا نموونەیەکی بچوکی ئەو دنیا نامرۆڤانەو دڕندانەیەیە.
لە ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا حیزبە سیاسیەکان ڕۆڵێکی کاریگەر لە دروستکردنی بەهاکاندا دەگێڕن و بەهاکانیش بنەمای بونیادنانی کولتورن، ڕەفتاری مرۆڤ لە بنەمادا وەڵامدانەوەی بەهاکانە. بەم پێیەش تاوەکو بەهاکان مرۆڤانە بن، ڕەفتارەکانیش مرۆڤانە دەبن و بەمەش کولتورێکی مرۆڤانە لە ئارادا دەبێت، پێچەوانەکەشی هەر بەو شێوەیەیە.
حیزبی کوردی چی جۆرە کولتورێک بەرهەم دێنێت؟
مرۆڤ لە کردەوەو ڕەفتارەکانیدا بەشوێن بەهادا دەگەڕێت و خوازیاری ئەوەیە هەڵسوکەوتەکانی مایەی ڕەزامەندی ئەوانی تر بێت، دەیەوێت ئەو کارە ئەنجام بدات کە لای ئەوان پەسەندەو جیگەی ڕێزو ستایش کردنە. ڕەفتارو هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ بەپێی تێڕوانینی باوی هەر کۆمەڵگەیەک هەڵگری بەهای جیاواز دەبن و تێڕوانینی باوی هەر کۆمەڵگەیەکیش لەناو کولتوری باوی ئەو کۆمەڵگەیەدایە. کولتور دەستنیشانی ئەوە دەکات کامە کردەوە بەهادارەو شایانی پیاهەڵدانەو کامە ڕەفتار بێ بەهایەو شایانی لۆمەکردنە. مرۆڤیش کە هەمیشە دەخوازێت کارو کردەوەکانی جێگەی ڕەزامەندی و قبوڵکردنی خەڵکی بێت، ئەوا پابەندی ئەو کارو کردەوانە دەبێت کە لەنێو کولتورەکەیدا وەکو بەهایەکی بەرز تەماشا دەکرێن. بۆ نموونە لە کولتورێکدا کە خوێندنەوە هەڵگری بەهایەکی بەرز بێت و تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا بێت کە کەسی خوێنەر (ئەوانەی بە بەردەوامی دەخویننەوە) وەکو کەسێکی بەڕێز و جیاواز سەیر بکات، ئەوا مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی ئەو ڕێزە ڕوو لە کتێب خوێندنەوە دەکات. یاخود ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا، توندوتیژی و زەبروزەنگ وەکو بەهایەکی باڵاو پیرۆز سەیر بکرێت و کەسی توندوتیژ بە کەسێکی ئازاو بەجەرگ وەسف بکرێت، ئەوا مرۆڤ لە پێناوی بەدەستهێنای ئەو بەهایەو لە ڕیگەیەوە بەدەستهێنانی ڕێزی خەڵک، هەوڵدەدات توندوتیژ بێت و ڕەفتاری توندوتیژی ئەنجام بدات.
ئەو تێڕوانینە باوەش کە لە کولتوردا بەرجەستە دەبێت بە بەردەوامی لە ڕێگەی چەند کەناڵێکەوە بەرهەم دەهێنرێتەوەو لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوێزرێنەوە، یاخود لە هەندێ دۆخی مێژووییدا ڕووداوێک یاخود کەناڵێکی کۆمەڵایەتی دروستکەری بەهاگەلێکی دیاریکراو دەبن و ئەم بەهایانەش بەڕۆڵی خۆیان کولتورێکی دیاریکراو دەخوڵقێنن. حیزبی سیاسی یەکێکە لەو کەناڵە گرنگانەی کە بە بەردەوامی لە ڕێگەی پیرۆزکردن و بەرزڕاگرتنی جۆرە بەهایەکەوە کولتورێکی دیاریکراو بەرهەم دێنێت و لە ڕێگەیەوە ڕەفتاری مرۆڤ ئاراستە دەکات. با بزانین ئەو بەهایانە چین کە حیزبی سیاسی کوردی ئاراستەی ڕەفتاری تاکی کوردی پێدەکات.
حیزبی سیاسی لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیاو شێوازی کارکردنی و بەرنامەو پڕۆگرامەکانی، دنیابینیەکی دیاریکراو بەرهەم دێنێت و لە میانەی پڕۆسەی ڕێکخستن و بە ئەندامکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەوە جۆرێکی دیاریکراو لە مرۆڤ دەخوڵقێنێت. لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە حیزبە سیاسیەکان ڕۆڵی کاریگەر لە هەر سیستمێکی سیاسیدا دەگێڕن و بنەمای دروستکردنی حوکمڕانی و دەسەڵاتن، ڕەفتارو هەڵسوکەوت و تێڕوانینی مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستی ئەو بەهایانە دەبێت کە حیزبە سیاسیەکان بەرهەمی دێنن و وەکو پێوەری مرۆڤی باش دەیسەپێنن. مرۆڤیش لەژێر کاریگەری ئەو باهایانەدا بەشێوەیەکی نائاگایانە خەریکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حیزب دەبێت و سەرقاڵی بەدیهێنانی ئەو بەهایانە دەبێت کە حیزب ئاراستەیان دەکات، سەرەنجامیش ئەو مرۆڤەی لە ئارادا دەبێت هەمان ئەو مرۆڤەیە کە حیزب دەیەوێت، واتا خواستی حیزب دەبێتە خواستی مرۆڤەکانی حیزب، مرۆڤ بریتی دەبێت لەوەی کە حیزب بەهای پێدەبەخشێت و وەکو مرۆڤی باش لێی دەڕوانێت. لێرەدا مرۆڤ ئەو ئایدیاڵەی حیزب لە خۆیدا مومارەسە دەکات و خۆی بە کەسێکی باش لەقەڵەم دەدات کاتێک بەو شێوازە ڕەفتار دەکات کە حیزب بەباشی لەقەڵەم داوە، ئەو شێوازی ڕەفتارەش لە ڕێی پرۆسەی بە کولتورکردنەوە کە لە حیزبەوە سەرچاوە دەگرێت بەهایەکی بەرز بەو مرۆڤانە دەبەخشێت کە هەمان کارو کردەوە ئەنجامدەدەن.
حیزبی سیاسی کوردی بەو پێیەی سەر بەدنیای ڕۆژهەڵاتەو بە پرۆسەی مۆدێرنایزەیشندا گوزەری نەکردوەو نەیتوانێوە مومارەسەی ئەو بەهایانە بەکات کە کولتوری مۆدێرنە فەراهەمی دەکات، ئەوا ئامانجەکانی هەمان ئەو ئامانجانە نین کە لە بنەمادا حیزبی سیاسی ڕۆژئاوا لە پێناویدا دامەزران. حیزبی سیاسی کوردی لە دنیایەکی نادیموکراسیدا سەریهەڵداو بە بەهاو کولتوری دیموکراسی ئاشنا نەبوو، نەیتوانی هەڵگری خەون و خەیاڵێکی بەرزو مرۆڤدۆستانە بێت، نەیتوانی لە ئازادی مرۆڤ تیبگات و ڕێزو کەرامەتی مرۆڤ وەکو بەهایەکی باڵاو پیرۆز بکاتە ئامانجی یەکەمی کارکردنی خۆی، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەناوی ئازادی نەتەوەوە ئازادی مرۆڤی فەرامۆش کردو سەرەنجامیش بەو پێیەی ئازادی نەتەوە ڕەنگدانەوەی ئازادی تاکە کەسە هەروەکو هیگڵ دەڵیت، ئەوا لە بەدیهێنانی ئازادی نەتەوەش شکستی هێنا. حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتی دوو حیزبە باڵا دەستەکە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە لە دوای ڕاپەڕینەوە کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستانیان کردو دەستیان بەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگەدا گرت، لە ڕێگەی ئەو بەهایانەی بەرهەمیان هێنا لە دروستکردنی کولتورێکی نوێ و دیاریکراو ڕۆڵی کاریگەریان گێڕا. دەتوانین ڕەفتارو هەڵسوکەوت و تێڕوانینی مرۆڤی کورد لە ئەمڕۆدا بە سەرچاوەگرتوو لەو کولتورە لە قەڵەم بدەین کە یەکێتی و پارتی لە دوای ڕاپەڕینەوە لە ڕێی پرۆسەی سۆسیالیزەیشنەوە بەرهەمیان هیناو گواستیانەوە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا. شێوازی تێڕوانینی حیزب لە ڕێگەی پرۆسەی بەحیزبیکردنی کۆمەڵگەوە دەبێتە شێوازی تێڕوانینی کۆمەڵگە، بەهاکانی حیزب دەبێتە بەهاکانی کۆمەڵگەو هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بەهاکانی کۆمەڵگە بریتی دەبێت لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بەهاکانی حیزب. سڕینەوەی جیاوازی لە نێوان حیزب و کۆمەڵگە، خزمەت بە دروستکردنی مرۆڤێکی حیزبی دەکات و باڵادەستی بەهاکانی حیزب لە نێو کۆمەڵگە لە دروستکردنی ئەو مرۆڤەدا یارمەتیدەر دەبێت کە حیزب دەیەوێت.
هەر لە سەردەمی ڕاپەرینەوە دزی و تاڵانی و وێرانکردن کە حیزبە سیاسیەکان بە پاساوی ڕزگارکردنی ناوچەکان ڕەوایەتیان پێبەخشی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ڕۆڵی بەرچاوی لە ڕاپەڕیندا هەبوو لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکەیەوە (ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان) ڕزگارکردنی هەر ناوچەیەکی وەکو سەرکەوتنێکی گەورە وەسف دەکرد، بەرگی پیرۆزی بە بەری ئەم تاڵانی و وێرانکردنەدا دەکرد. لەو کاتەوە تاڵانکردن و وێرانکردن بوو بە بەهایەکی باڵاو کەسی تاڵانچی وەکو کەسێکی ئازاو بوێرو بەجەرگ لە چاوی کۆمەڵگەوە سەیردەکرا. تا دەستکەوتەکانی کەسێک زیاتر بوایە، زیاتر لەبەرچاوی خەڵک بەڕیزەوە تەماشا دەکرا، لە بەرامبەردا کەسێک کە بەشداری تاڵانی و دزی نەکردبێت و لە هەڵکوتانە سەر دەزگایەکی حکومی هیچ چەکێک یان ئوتومبێلێک یان هەر ئامرازێکی تری بۆ خۆی نەبردبێت وەکو کەسێکی ساویلکەو گەمژە تەماشا دەکرا، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە لەو هەڵمەتەدا ئازایەتیەکی بێ وینەیشی نواندبێت. سەیرکردنی تاڵانی و دزی و وێرانکردنیش لە چاوی کۆمەڵگەوە وەکو بەهایەکی بەرزو پیرۆز لە هاندانی خەڵک بۆ دزی و تاڵانی و وێرانکردن ڕۆڵی کاریگەری دەگێڕاو، هەرکەس دەیویست لە چاوی کۆمەڵگەوە وەکو پاڵەوان سەیر بکرێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم خواستەش ئەبوایە زۆرترین دزی و تاڵانی ئەنجامبدات. بە پاڵەوان سەیرکردنی کەسی دزو تاڵانچی وایکرد دزی و تاڵانی وەکو بەهایەکی بەرز لێی بڕوانرێت و دزیکردن ببێتە کردەیەکی پیرۆز، مرۆڤ بۆ ئەوەی جێگەی ڕەزامەندی کۆمەڵگە بێت دەبێت لە دزیکرن و تاڵانکردندا لێهاتوو بێت. ئەم بەها پێبەخشینە کە دواتر بوو بە کولتور، لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆدا (لە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان) زیاتر ڕەوایەتی وەرگرت و تاڵانکردنی بارەگاو دامەزراوەکانی یەکترو دزینی ئوتومبێل و چەکەکانی یەکتر نەک هەر شتێکی ئاسایی بوو بگرە دەبوە مایەی شانازیەکی گەورە بۆ دزو تاڵانچیەکان، هەرکەسێک بە شانازی باسی لەوە دەکرد کە لە داگیرکردنی فڵانە بارەگادا فڵانە چەک یاخود فڵانە ئوتومبێلی دەستکەوتوە. ئەم ڕەفتارە تا ئێستاش لە نێو کۆمەڵگەدا هەڵگری بەهایەکی پیرۆزەو لەو خۆپیشاندانانەی کە ئەم دواییانە جەماوەری چەند ناوچەیەک بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کێشەی مووچەو نەبوونی خزمەتگوزاریی ئەنجامیاندا، چەندەها بارەگای حکومی وێرانکران و دزی و تاڵانی لە کەلوپەلەکانی ئەو بارەگاو دەزگایانە ئەنجامدرا.
نەبوونی مۆراڵ و ڕێکخستن لەنێو خۆی حیزبە سیاسیەکان و ڕاهاتن بە توندوتیژی و وێرانکردن، هۆکاری سەرەکی بوون لە گواستنەوەی ئەم نەرێتە بۆ کۆمەڵگەو ڕاهێنانی تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر دزیکردن و وێرانکردن و تاڵانکردن. حیزبی سیاسی کوردی کە هەموو سەرنجێکی لەسەر بەگژاچوونەوەی داگیرکەرو رزگارکردنی کوردستان بوو، ئەوا بەناچاری پەرەی بە توندوتیژی و زەبروزەنگ دەداو تەنیا لەو ڕێگەیەوە دەیتوانی ئامانجەکانی بەدیبهێنیت. توندوتیژی لە دیدی حیزبی سیاسی کوردیەوە لە بەرواری پێش ڕاپەڕین و بە درێژایی مێژووی حیزبی سیاسی کوردی، تاکە ئامرازی یەکلایی کردنەوەی کێشەکان بوو، کە لەم دۆخەدا هۆکارە بابەتیەکان ڕۆڵی کاریگەریان دەگێڕا. ئامادە نەبوونی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بۆ دان نان بە مافەکانی کورد، کوردی ناچاری شۆڕشی چەکداری و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و توندوتیژی کرد. ئەم زەبروزەنگ و توندوتیژیەش دواتر بووە سیمای سەرەکی حیزبەکان و هیچ حیزبێکی سیاسی تەنانەت دوای قۆناخی ڕزگاریش نەیدەتوانی بەبێ هەبوونی هێزێکی چەکدار درێژە بە کاروچالاکیەکانی خۆی بدات. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی بوو لە مومارەسەکردنی شێوازێک لە حیزبایەتی کە تیایدا هێزی چەکدار لە ئارادا نەبێت، هەرچەندە چەند هەوڵێک لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ دامەزراندنی هێزێکی چەکدار هاوشێوەی حیزبەکانی تر لە ئارادابوو، بەڵام سوربوونی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە (نەوشیروان مستەفا) و چەند هەڵسوڕاوێکی تری گۆڕان، بوونە ڕێگر و نەیانهێشت ئەم هەوڵانە سەربگرن، کە پێویستە بەچاوی ڕێزەوە لەم هەڵوێستە بڕوانرێت.
یەکێتی و پارتی لە دوای ڕاپەڕین دەستبەرداری هێزە چەکدارەکانیان نەبوون و نەیانتوانی سوپایەکی نیشتمانی دابمەزرێنن، بەڵکو بەهەمان شێوەی پێش ڕاپەڕین درێژەیان بە ڕێکخستنی هێزە چکدارەکانیاندا، ئەگەر لە پێش ڕاپەڕیندا پاساوی بەرگری نیشتمانیان هەبووبێت، ئەوا دوای ڕاپەڕین جگە لە بەرژەوەندی حیزبی هیچ پاساوێکی تر شایانی قبووڵکردن نەبوو. ئەوان نەک تەنیا هێزە چەکدارەکانیان لەبن دەستی خۆیاندا هێشتەوە، بەڵکو بەرگێکی پیرۆزیان بەبەری ئەم ڕەفتارەیاندا کردو هەر ڕەخنەیەکیان لەم ڕەفتارە بە دوژمنایەتی لە قەڵەم دەدا، بەم شێوەیەش لە چاوی ئەندامانی حیزبدا هێزی پێشمەرگەی سەر بە حیزبەکان وەکو پێویستیەکی ڕاستەقینەو پیرۆز وێنا دەکرا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبیش بەو پێیەی شارەزای شێوازی حکومڕانی دیموکراسیانە نەبوون، ئەم ڕەفتارەی حیزبیان وەکو حەقیقەتێک کە مایەی ڕەخنەکردن نیە لەقەڵەم دا. یەکێتی و پارتی کە هەر یەکەیان هەژموونی بەسەر ناوچەیەکی فراواندا هەبوو، لەسەر تێڕوانین و دنیابینی خەڵکانێکی زۆر کاریگەر بوون. هەر یەکێک لەوان کە خاوەنی جەماوەرێکی فراوان بوون، لە بنەڕەتدا لە لایەن کەمینەیەکی نوخبەوە ڕابەرایەتی دەکران، خواست و ئارەزووی ئەو کەمینەیە کە لە مەکتەبی سیاسیاندا بەرجەستە دەبوو بەسەر تەواوی جەماوەری حیزبەکەیانەوە باڵادەست بوو. ئەوەی جەماوەری حیزبەکانی دەجوڵاندو ئەخلاقێکی دەستەجەمعی دروستدەکرد – کە میدیاو ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیا ڕۆڵی بەرچاوی لەم جوڵاندنەدا هەبوو – لە بنەڕەتدا خواستی نوخبەی دەسەڵاتداری نێوخۆی حیزب بوو. بەرژەوەندی و ویستی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە نێوخۆی حیزبدا لە ڕێگەی ئۆرگانەکانی حیزب و لە میانەی ئایدۆلۆژیاو بەناوی بەرژەوەندی باڵای حیزبەوە وەکو خواستی ڕەسەنی حیزب و بەهای باڵاو پیرۆزی حیزب نمایش دەکراو دەخرایە ڕوو. ئەندام و لایەنگران و جەماوەری حیزبیش کە بەتەواوی لە میانەی پرۆسەی هیپنۆتایزەیشن (خەواندنی موگناتیسی) یەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەری حیزب و گوێڕایەڵی فەرمان و ڕوانینەکانی حیزب بوون، هەموو خواستێکی حیزبیان کە لە بنەمادا خواستی کەمینەیەکی دەسەڵاتداری حیزب بوو وەکو خواستیکی ڕەسەنی حیزب سەیر دەکرد، تەنانەت ئامادە بوون لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو خواستانە قوربانی بە گیانی خۆیان بدەن، شەڕەکانی ناوخۆی نێوان حیزبەکان لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕاستی ئەم تێڕوانینە دەسەلمێنێت.