دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: نەوەى نۆێ و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى. بەشى سێیەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نەوەى نۆێ “و”هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” فۆرمێکى حەقیقى فریادڕەس یاخود فورمێکى نوێى حیزبی دەسەڵات پەرست.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بەشێکى بەرچاو لەبەناو فریادڕەسەکانى کوردستان لەفەزایەکى فیکرى و سیاسى بەتاڵ و نادیاردا دەخوڵێنەوە، لەناوەرۆکدا فۆرمێکى حیزبى دەسەڵاتپەرستن بە ئیمتیاز نەک فۆرمێکى فیکرى و مەعریفى چارەسەر، وەک هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار”پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان “تاکە خولیاو ئامانجیان گەیشتن بەدەسەڵات و قۆرغکردنێتى بۆیە دوژمنێکى سەختى ” یاساو سیستم “ن، هەرچەند بنەماى ” یاساو سیستم ” بنەمایەکى سەرەکی و گرنگە، بەڵام لەپاڵ بنەماى ” یاساو سیستم ” بوونى بنەماکانى تر پێویستن.
ئەگەر هەمان پرسیارى پێشوو لەخۆمان بکەینەوە: ئایا بنەماکانى ” فریادڕەسى ڕاستەقینە” بۆ ئەم بارودۆخە ناهەموارەى ئێستاى کوردستان کەدەرچەى حکومڕانى بەرپرسە شۆڕشگێڕەکانى خۆمانە چییە؟ هەڵبەتە لەوەڵامدا بنەماى” تەمەن ” یەکیک دەبێت لەبنەما سەرەکیەکانى “فریادڕەسى حەقیقى” نەک تاکە بنەما.
ئەگەر بنەماى” تەمەن” بنەمایەکى گرنگى” فریادڕەسى حەقیقى “بێت، ئایا “نەوەى نۆێ” و ” هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” و ” پارتى دیموکراتى کوردستان ” و “یەکێتى نیشتمانى کوردستان ” و ” دوکانە سیاسیەکانى دى ” و “حیزبە ئیسلامیەکان ” و ” بزوتنەوەى گۆڕان ” دەکەونە چ خانەو ئاستێکى “تەمەنەوە”! بۆ تێگەیشتنى زیاتر لەزاراوەى “تەمەن” دەبێ بزانین ” کات ” چییە؟.
کات: چونەپێشى دۆخێکى دیارینەکراوى بەردەوام و نەگەڕاوەیە بۆ بوون و ڕووداوەکان، لەڕابردووەوە تائێستا بۆ داهاتوو، بڕێکى پێکهاتەیى پێوانەیى جۆاروجۆرە بەکاردەهێندرێت بۆ ڕێزبەندى وبەراوردى ماوەى ڕووداوەکان.
بمانەوەى و نەمانەوێ ” کات ” (Time ) دۆخێکى دیاری نەکراوى بەردەوامە، نەدەوەستێت نەبەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، بەڵکو لەگۆڕانکارى وبەرەوپێشچوونى بەردەوامدایە هەربۆیە دەسەڵات و حکومڕانى حکومڕان و دەسەڵاتدارەکان بەبەرەو پێشچوونى” کات ” بەرەونەمان دەچن، چ خۆیان وەک مرۆڤ یاخود پرۆسەى حکومڕانى وەک دەسەڵات لە گۆڕانکارى بەردەوام و نەماندایە، جاجۆرى ئەو گۆڕانکاریە باش بێت یاخراپ ئەوە مرۆڤەکان و جۆرى ڕووداوەکان دیاری دەکەن بەپێى دیدو بۆچوونى سەدەو ڕۆژگار.
تەمەن: پەیوەستە بە” کات ” ـەوە بەواتاى بوون بۆ کاتێکى دیاریکراو، ” تەمەن ” بەتەنیا یەکەى بوون و مانەوەى گیانلەبەر نییە، بەڵکو یەکەى بوون و مانەوەى بێ گیان و پرۆسەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمانە بەگشت چەمکەکانى ترى وەک ڕەوشت و بەهاکان، ئەتوانم بڵیم یەکەى بوون و مانەوەى خودى پرۆسەى ژیان و ژین و ژینگەیە لەگشت کۆمەڵەى گەردونى (multiverse or meta-universe)بەم گەردونەى خۆمان تێیدادەژین بە ” بۆشایى، کات، بابەت، ووزە، یاساى جەستەیى نەگۆر و ئەوانەى دى کەباس دەکرێن ” هەریەک لەمانە تەمنێکى تایبەتى دیاریکراوى خۆى هەیە بەحکومڕانى و دەسەڵاتى مرۆڤە جیاوازەکانەوە.
دەسەڵات و حکومڕانى مرۆڤ چەندە پتەو بەهیز بێت ئەگەر پشت بە”یاساو سیستم”نەبەستێت دواى بەسەربردنى ماوەى بوونى خۆى واتا تەمەنى تایبەتى خۆى لە ناودەچێت و هیچ پاشکۆیەکى ئەرینى لەدووى بەجێناهێڵێت، بەداخەوە دواجار دەبێت بەمێژوو، ئەوەى دەمێنێتەوە بۆ نەوەى نوێ و داهاتووى تازە لەدایک بوو “سیستم و یاساى” ژیان و ژین و ژینگەی کۆمەڵگاو نیشتمانە، نەک دەمووچاو و ڕەچەڵەکى تاکە سەرکردەى دەسەڵاتدارى نیشتمان و بنەماڵەو خێڵ، ئەگەر هەچ دەسەڵاتێکى حکومڕانی و سیاسى ئەم ڕاستیە لەبیربکات ماناى ئەوەیە گەمژەیە نەلە ژین، نەلە ژیان، نەلە ژینگە گەیشتووە.
ئەو ئادەمیزادەى لەژین و ژیان ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمانەکەى نەگات ناتوانێت وەک مرۆڤێکى ئاسایى چێژ لەبوونى خۆى ببینێت تادواجار سوودى بۆ خۆی و مرۆڤایەتى هەبێت، بەهەمان شێوە ئەو دەسەڵاتدارەى وەک مرۆڤێکى ئاسایى چێژ لەبوون و ژیانى خۆى نەبینێت بەهیج شێوەیەک سوودى بۆ خۆی و مرۆڤایەتى و نەتەوەکەى نابیت، ئەگەر نەتوانێت ژیانێکى شەرەفمەندى پرئاسوودە و خۆشى بۆ خۆیى و کۆمەڵگاکەى دابین بکات دواجار ناتوانێت وەک مرۆڤێکى تەندروست حکومڕانى و دەوڵەتدارى بکات.
ئەمە یەکێکە لەهەرە هۆکارە سەرەکیەکانى نوشستى سیاسى و حکومڕانى ئەم کۆمەڵگایە ” کۆمەڵگاى کوردى” سەرکردە سیاسى و حکومڕانەکانى لەژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمان نەگەیشتوون، هیچ باکگراوندێکى فیکرى و مەعریفى سادەیان نەبووە لەسەر “کات” و”تەمەن ” و “دەسەڵات “، ئەتوانین بڵیین دەسەڵات پەرستێکى عیارە بیست و چوار بوون، تەنیا بۆ ساتێک چێژیان لەژیانى مرۆڤایەتى خۆیان نەبینیووە وەک بونەوەرێکى تەندروست تادواجار سوودیان بۆ کۆمەڵگاو خاک و نیشتمان هەبێت، هەموو هەوڵێکیان بۆ تێرکردنى خۆشى و ئارەزووە ئاژەڵیە سەرەتاییەکانى خۆیان و بازنە تەسکەکەى چواردەوریان بووە، بۆیە هەردەم دوژمنێکى سەرسەختى ” یاساو سیستم ” بوون و دواجار خولقێنەرێکى باشى کۆمەڵگاى ستەمکار.
زۆر لەمێژەوە درکم بەوە کردووە بەپێشکەوتنى زانست و شارستانى مرۆڤ وەبە بەرەوپێشچوونى “کات” و “تەمەن” واتا سەدەو ڕۆژگار ، تێگەیشتن و ئیدراکى فیکرى و مەعریفى و زانستى ئادەمیزاد لەپەرەسەندنی بەردەوامدایە، لەسەر ئەم بنەمایە پێناسەکان وەک هەموو چەمکەکانى ترى ژیان و ژین و ژینگە لەپرۆسەى تازەگەى بەردەوامدان و چیدى مانا کۆنەکانى خۆیان نابەخشن، بۆیە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەى گشت چەمکەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگا و نیشتمان پێویستیەکى بەردەوامى حاشا هەڵنەگرى ڕۆژگارە، تا دواجار بتوانین لەگەڵ گەشەى شارستانى مرۆڤایەتى جیهان بژین، سەرلەنۆێ پێناسەکردنەوەى چەمکەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگا و نیشتمان پێویستى بەئەزموونى مرۆڤ هەیە، ئەو ئەزموونەى بەبەرەوپێشچوونى کات واتا ” تەمەن “دروست دەبێت، بەتایبەتى ئەزموونى مرۆڤى زاناى خاوەن فیکرو مەعریفە.
وەک ڕاستیەکى بەڵگەنەویست ” ئەزموون “ى مرۆڤ پەیوەستەبە” کات “و” تەمەن “ەوە ، تا تەمەنى مرۆڤ زیاتر بێت بەئەزموونتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەش ئەبێ ئەو ڕاستیە لەبیرنەکەین فیکر و زانست و مەعریفەى مرۆڤ ” کات ” و “تەمەن” دەبەزێنێت، بەڵام بەشێوەیەکى ڕێژەیى، واتا “تەمەن” بەتەنیا یەکلایکەرەوەى هاوکێشەکەکان نییە، بەڵکو” ئەزموون”ى مرۆڤ لەپاڵ بوونى “فیکر و زانست و مەعریفە” یەکلایکەرەوەى هاوکێشەکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمانە.
واتا مەرج نییە مرۆڤى کەم “تەمەن ” ئەگەر بەگەنج ناوى بنێین فریادڕەسى ڕاستەقینە بێت بۆ ئەم بارودخە ناهەموارە پڕقەیراناویەى کوردستان، بەتایبەتى ئەگەر عەقڵیەتى جەهل و گومان بەرهەمبێنێت نەک فیکر و زانست و مەعریفە.
فریادڕەسى ڕاستەقینە ئەو مرۆڤەیە بەدەر لە” تەمەن ” عەقڵیەتى “فیکرو زانست و مەعریفە” بەرهەم بێنێت نەک جەهل و گومان، بەڵام لەژێرچەترى سەروەرى ” یاساو سیستم “.
کۆمەڵگاو ژینگەکەى موڵکى گشت ئادەمیزادو گیان لەبەرەکانە بەبێ جیاوازى ” جۆر ” ، ” تەمەن “، “ڕەگەز ” ، ” ئاین ” ، ” ڕەنگى پێست ” ، ” زانست و مەعریفە ” ، ” دیدوبۆچوون ” بە ” باش وخراپ” ەوە، بەڵام ئەوە ” یاساو سیستم ” ـە ئەم هەموو جیاکاریانە لەیەک قاڵبى شارستانى و مرۆڤایەتى کۆدەکاتەوە بێ ئەوەى ئەرک و مافى هیچ لایەنیک پێشێل بکات.
ڕۆژێک لەلاى کاک نەوشیروان مێگفى بووم، یەکێک لەئامادەبووان پێى وابوو کەسانێک بوون بەگۆڕان وەک مرۆڤ باش نین! پێى وابوو ئەمە بۆ داهاتووى بزوتنەوەکە باش نییە، وەک پرسیار ووتى بۆ بەمە ڕازیبین؟.
لەوەڵامدا: ووتى بمانەوى و نەمانەوى گشت حیزب و گروپ و کۆمەڵەو بزوتنەوەکانى جیهان بچوککراوەى کۆمەڵگان، کۆمەڵگا موڵکى کەس نییە، موڵکى هەمووانە بەباش و خراپ و گەنج و پیرەوە، ئەم بزوتنەوەى ئێمەش بچوککراوەى کۆمەڵگا گەورەکەیە، موڵکى هەمووانە بەبێ جیاوازى، واتا موڵکى هەمووانە بەجیاوازى” تەمەن “،”ڕەگەز”، “ئاین “،”ڕەنگى پێست”،” زانست ومەعریفە “،” دیدوبۆچوون ” بە ” باش و خراپ” وە ، بەڵام ئەوە ” یاساو سیستم “ـە ڕێکخەر و بڕیاردەرو چارەسەرى چاک و خراپ و گشت کێشەکانى کۆمەڵگاو  حیزب و بزوتنەوە و ڕێکخراوە مرۆییە جیاوازەکان، نەک ئێمە لێرەوە بەویژدان و مەزەنەى عەقڵى خۆمان بڕیار لەباش و خراپ و گشت کێشەکان بدەین.
من پێم وابوو پەروەردەکردنى کۆمەڵگا ڕۆلێکى باش و گرنگ دەبینێت لەدروستکردنى کەسایەتی دادپەروەرى مرۆڤدۆستى بوێر، بەڵام ئەوە “یاساو سیستم”ـە دواجار بڕیار لەمرۆڤەکان دەدات و دەیان بەستێتەوە بەبەهاکانەوە، باشترین نموونەش وڵاتانى ئەسکەندەناڤى ئەوروپیە، بەڵام کاک نەوشیروان بەتەنیا لەگەڵ سەروەرى” یاساو سیستم “بوو نەک پەروەردەکردنى کۆمەڵگا، هەڵبەتە وەک خۆى ئاماژەى پێدا ئەزموونى ڕێکخراوە دیموکراتیەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ببورن کاک مەلا بەختیار و دروستبوونى لەشکرێک لەمشەخۆرى خاوەن مووچەبەرزى هەلپەرستى ڕاپۆرت نووسى حیزبى دژە مرۆڤ و سەرکردەپەرستى بێمواراڵ ببوە ئەزمونیکى تاڵ سەبارەت بەخراپ پەروەردەکردنى کۆمەڵگاو شێوانى ڕایەڵەکانى لەلایەن حیزبەوە.
بەگەرانەوە بۆ ئەزموونى زۆریک لەوڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهان بۆمان دەردەکەوێت بنەماى “تەمەن” زۆر گرنگەلایان، بەڵام پێچەوانەى ئێمە “ئەزموون” ى بەتەمەنەکان لاى ئەوان گرنگترە لە”ئەزموون”ى گەنجەکان.
“ئەنجومەنى پیرانى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا” کەبەئەنجومەنى باڵا یاخو ژوورى سەرەوەى کۆنگرێسى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا ناسراوە، ماوەى یاسایى کارکردن و مانەوەى شەش ساڵە، توانایەکى بێهاوتای هەیە لەئامۆژگارى و ڕەزامەندى وەک پەسەندکردنى ڕێککەوتنامە، دووپات کردنەوەى سکرتێرى نهێنى کابینە، دادگاى باڵا، دادگاى فیدراڵ، بەرپرسیارى جێبەجێکارى بەڕێوەبەرى فیدراڵى و بالۆیزو… هتد، نابێت پاڵێوراو بۆ ئەم ئەنجومەنە “تەمەن” ى لەسى ساڵ کەمتر بێت، لەگەڵ ئەوەش یەکلایکەرەوەى گشت هاوکێشەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ “ئەنجومەنى نوێنەرانى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا” کەبەئەنجومەنى نزم یاخود ژوورى خوارەوە ناسراوە کۆنگریس پێک دەهێنن بۆ یەکلایکردنەوەى گشت چەمکەکانى ژیان و ژین و ژینکەى وڵات.
ئەگەر ئەمە مانایەکى هەبێت ماناى ئەوەیە هەرچەند ” تەمەن”ى مرۆڤ گرنگە بۆ وەرگرتنى “ئەزموون” لەگشت بوارەکانى ژیان، بەڵام بەتەنیا یەکلایکەرەوەى چەمکەکان نییە، کۆمەڵگا کۆمەڵگاى هەمووانە بەگەنج و پیرەوە، لەپاڵ چەترى سەروەرى “یاساو سیستم” و “فیکرو زانست و مەعریفە” ، “ئەزموون” ڕۆڵێکى گرنگ دەبینیت لەیەکلایکردنەوەى چەمکانى ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمان.
بۆ میژوو لەشەڕى براگوژى نێوان یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پەکەکە نەخۆشخانەی شۆڕش ببوە ناوەندیک بۆ چارەسەرکردنى پێشمەرگەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پەکەکە بەبێ جیاوازى، بەردەوام بریندارێکى زۆرى یەکێتیمان بۆ دەهات، کاتێک کاک کۆسرەت سەردانى نەخۆشخانەکەى کرد بەرپرسێکى سەربازى یەکێتى پێى گووت کاک کۆسرەت چەکدارەکانى پەکەکە هەموویان منداڵن، بەڵام پێشمەرگەکانى ئێمە هیچن وەک پێشسمەرگەى جاران نەماون و شەریان پێناکرێت!.
لەوەڵامدا کۆسرەت ڕەسول بەتووڕییەوە پێى گوت ئەو منداڵانەى تۆ باسیان دەکەیت منداڵ نین، ئەوانە کەسانى دڵسۆزن بۆ حیزبەکەیان، بڕوایان بەخۆیان و دۆزەڕەواکەیان هەیە، ئەو کاتەى ئێمە لەشاخ بووین لەهەمان تەمەنى ئەمانەدا بووین لەبەر ئەوەى دڵسۆزى کوردستان بووین بەلامانەوە گرنگ نەبوو شەهید ببین یان نا، ئەوسا خاوەنى هیچ بەرژەوەندیەکى تایبەت نەبووین تا بترسین لەدەستى بدەین، من لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکى گەنج و لاو توانیم بگەمە نزیک شارى موسل و زەرەرێکى زۆر بەحیزبى بەعس و دەزگاکانى بگەیەنم لەکاتێکدا ئەو دەسەڵاتە خاوەنى لەشکرێکى بەهێزى پرچەک بوو، ئەوە خەتاى پێشمەرگە نییە! شەڕى پێناکرێت! ئەوە خەتاى ئێوەیە، ئێوەى بەرپرسى پێشمەرگە ئاگاتان لەهیچ نەماوە، شەو ڕۆژ لەیانەکان کەوتوون تەنیاو تەنیا خەریکى بەرژەوەندى خۆتان و خیزانەکانتانن، ئاگاتان لە پێشمەرگەى ئاسایى نەماوە، خەتاکە خەتاى ئێوەیە ناویرن شەڕ بکەن نەک پێشمەرگەى ئاسایى فەقیرو هەژار.
ئەگەر بەووردى سەیرێکى ئەم تێکستەى سەرەوە بکەین بۆمان دەردەکەوێت بنەماى ” تەمەن” لە هەندیک شوێن و کاتى جیاواز کاریگەرى هەبووە بەتایبەتى لەخەباتى چەکدارى نەتەوەیى، بەبڕواى زۆرێک لەزانایانى زانستى کۆمەڵایەتى تا مرۆڤ بکەوێتە تەمەنەوە ترسنۆکتر دەبێت، بەڵام هەموو مرۆڤێک نا. بەڵکو ئەو مرۆڤانەى لەژیان و ژین و ژینگەى مرۆڤایەتى نەگەیشتوون، ئەو مرۆڤانەى ئامادەن لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندی خودو کەسەنزیکەکان پاشەکشێ و سازش لەبیروباوەڕى مرۆڤایەتى خۆیان بکەن یاخود بەتەواوى پەشیمان ببنەوە، حەزى دەسەڵاتدارەکان بۆ بوون بەدیکتاتۆر سەلمێنەرى ئەم ڕاستیەن، هەڵبەتە ئەم مرۆڤانە کاتێک دەسەڵاتیان لاوز دەبێت ئامادەن ببنە کۆیلەى ئادەمیزادێکى سەروخۆى خۆیان بەمەرجیک بەرژەوەندیى پارێزراوبێت.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا هەموو مرۆڤێک ئامادە نییە پاشەکشێ لەبیروباوەرە و بۆچوونە مرۆڤایەتیەکانى بکات چونکە ئەمەیان پەیوەستە بەڕاستگۆیى و ئاستى زانستى و فیکرى و مەعریفى یەوە، پەیوەستە بەخۆشەویستى و پابەندبوونى بە ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمان، پەیوەستە بەخۆشەویستى و پابەندبوون بەمافەکانى مرۆڤ، پەیوەستە بەپابەندبوون بەبنەماکانى ترى وەک “یاساو سیستم ” و “زانست و فیکرو مەعریفە”.. باشترین نموونە شۆڕشگێڕەکانى ڕابردوو لەکاتى خۆیدا کە لە شاخ بوون چارەسەرو یەکلایکەرەوەى کێشەکان بوون، بەڵام لەبەر نەبوونى بنەماکانى ترى وەک ” یاساو سیستم ” و “زانست و فیکرو مەعریفە” و “راستگۆیى و خۆشەویستى و پابەندبوون بەمافەکانى مرۆڤ و خۆشەویستى و پابەندبوونە بەژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵگاو نیشتمان ” ئێستا بەشێکى بەرچاویان بوون بەکێشە بۆ ژیان و ژین و ژینکەى کوردستان و بوون بەمافیا بەسەر خەڵک و نیشتمانەوە.
دوا پرسیار سەبارەت بەبنەماى ” تەمەن، ئایا بەناو فریادڕەسەکانى کوردستان لەنەوەى”نەوەى نۆێ ” و ” هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى ” و ” پارتى دیموکراتى کوردستان و  یەکێتى نیشتمانى کوردستان ” و ” دوکانە سیاسیەکانى دى ” و “حیزبە ئیسلامیەکان ” و “بزوتنەوەى گۆڕان ” دەکەونە چ خانەو ئاستێکى “تەمەنەوە” !؟ ئایا بنەماى “تەمەن” لایان گرنگە یان تەنیاوتەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنى نەوەى نوێى کوردستانە؟.
ئەوەى بەدیدەکرێت لەناو هەردوو حیزبى دەسەڵات یەکێتى و پارتى بنەماى ” تەمەن ” تا ئەو ئاستە گرنگە کەنەوەى بەرپرسە شۆڕشگێرەکانى ڕابردوو بگرێتەوە، واتا لەخوار ئەوانەوە نەوەى نوێ و تازەپێگەیشتوو هیچ بنەمایەکى ڕاستى نییە، تەنیا بۆ گەوجاندن و هەڵخەڵەتاندنى کۆمەڵانى خەڵک و خودى ئەندامانى حیزبەکەیە چونکە کەس لەناو یەکێتى پارتى خاوەنى شوناسى مرۆڤایەتى و بیروبۆچوونى تایبەتى خۆى، مرۆڤەکان لەناو ئەم دووحیزبە تەقلیدیە کۆنە بەسەرچووە شوناسى مرۆڤایەتى خۆیان لەدەستداوە.
بەداخەوە نەوەى نۆێ یەکێتى نیشتمانى و پارتى دیموکراتى کوردستان کەلەبنەڕەتدا نەوەى بەشێک لەشۆڕشگێڕەکانى ڕابردوون پشکى شێریان لەقەیرانى ژیان و ئابوورى و داروخانى فیکرى و زانستى و مەعریفى کوردستان بەردەکەوێت، ئەو نەوە نۆێ یە نەک ڕوئیایەکى ڕوون ئاشکراى نییە بۆ ژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵانى خەڵک و نیشتمان، بەڵکۆ بوون بەخولقێنەرى گشت کێشەکانى کوردستان.
نەوەى نوێ و گەنج لەلاى” هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى ” هەمان هاوکێشەى نەوەى نوێى یەکێتى و پارتی یە لەبنەڕەتدا بڕوایان بەگەنج نییە، باشترین نموونە کاتێک دکتۆر بەرهەم لەناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پۆستە حکومیەکانى عیراق و کوردستاندا بوو بەهیچ شێوەیەک بڕواى بەنەوەى نوێ و گەنج نەبوو، بۆیە نەمان دى هیچ بوارێک بۆ گەنجان بڕەخسێنێت لەدامەزراوە حکومیەکان بێجگە لەو کەسانەى لەڕێکخستنەکانى یەکێتیەوە بەسەریا فەرز دەکران، ئیستاشى لەگەڵدا بێت نەوەى نوێى بەرپرسەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و ئەندامە تایبەتەکانى یەکێتى تا ئەم دواییە لەزانکۆى ئەمریکى مامەڵەى دارایى تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت وەک ئەوەى نەوەى نوێى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و بەشەکانى دى عیراق هاوڵاتى دەرەجە دووبن، ئەمە بۆچوونى ” هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى” ە بۆ نەوەى نوێى کوردستان و عیراق، ئەبێ ئینتمایەکى تایبەتى هەبێت ئەگینا هاوڵاتى دەرەجە دووە!، ئەوەى لاى دکتۆر بەرهەم سالح وە گرنگە وەرگرتنى پۆستێکى هەستیارە لەعیراق یاخود کوردستان.
نەوەى نوێ و گەنج لەلاى “نەوەى نۆێ “ى شاسوار عبدالوحد ڕوون و ئاشکرا نییە ئایا بنەماکەى تەنیا “تەمەن”ە یاخود ” زانست و فیکرو مەعریفە”یە ، ئەوەندەى ئاگاداربین بەم دواییە کەوتۆتە نزیکردنەوەى نەوەى نوێ و گەنج لەدەورى خۆى، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو گەنجانەى دەورى خۆى هیچ دەسەڵاتێکى ڕاستەقینەیان هەیە یاخود دەسەڵاتێکى ڕووکەش؟ ئایا ئامانج لێى کۆکردنەوەى دەنگى گەنجى ناڕازییە یاخود بەڕاستى دەیەوێت ببێت بەفریادڕەسى حەقیقى؟.
ئەگەر بەووردى سەیرى ئەداى بەڕێوەبردنى کاروپرۆژەکانى شاسوار عبدالواحد بکەین لەڕابردوودا بۆمان دەردەکەوێت تەنیا خۆى خاوەى بڕیار بووە! هەرچى بەڕێوەبەرو فەرمانبەرى باڵایە خاوەنى هیچ جۆرە دەسەڵاتێکى یەکلاییکەرەوە نەبووە، لاى ئەو بەڕێزە بۆچوونى بەرامبەر بەڕووکەش بوونى هەیە، بەڵام ئەوەى لەو قاڵبە کۆنکرێتەیەى بۆى داناوە دەربچێت ئایندەى دەرکردنە.
لەئێستادا زوو زوو لەملاولەولا بەو شێوازە ئەمریکییە دەردەکەوێت کەستیف جوبز بەرهەمەکانى ئاى فۆن دەخاتە ڕوو، بەڵام ئەم بەڕێزە خۆى بەتەنیا دەردەکەوێت لەکاتێکدا ستیف جوبز زۆربەى کەسە هەستیارەکانى دەوروبەرى دەخاتە ڕوو لەپێشکەشکردنەکەدا، ئەگەر ئەمە مانایەکى هەبێت ماناى ئەوەیە نەوەى نوێى گەنج و لاو تائەم ساتە لەلاى حیزبى” نەوەى نوێ “ى شاسوار عبدالواحد وونە.
بۆئەوەى لەهاوسەنگى بابەتەکە دەرنەچم نازانم لەداهاتوودا “نەوەى نۆێ “ى شاسوار عبدالوحد بەهەمان عەقڵیەتى ئێستا کاردەکات یاخود وەک خۆى ئیدعا دەکات لەداهاتوودا گەنج و لاو خاوەنى بڕیارو شوناسى فیکرى و مەعریفى مرۆڤایەتى خۆى دەبێت، هەڵبەتە تەنیا کات پەیوەستە بە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە هەستیارە، بەڵام ئەبێ ئەو ڕاستیەشمان لەبیر نەچێت کۆمەڵگا کۆمەڵگاى هەمووانە تەنیا بەگەنج ناڕوات بەڕێوە وەک وتمان بنەماى “زانست و مەعریفە” لەگەڵ “ئەزموون”ى مرۆڤەکان گەرەنتین بۆ بەڕێوەبردنێکى زانستى دادپەروەر.
لێرەدا نامەوێ باسى حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستان بکەم، چونکە ئەوان ئەجیندایەکى ئیقلیمی بەهێزیان هەیەو لەزۆر پرسەى هەستیارى ناوخۆیى سەربەخۆنین و دواجار کەوتوونەتە ژێر کاریگەرى گروپە ئیسلامیەکانى ترەوە، کارکردنى نەوەى نوێ و گەنج لەناو ئەم حیزبە ئیسلامیانە پەیوەستە بەپەیوەندییە دەرەکیەکانەوە نەک پەیوەندیە ناوخۆییەکان.
ئەگەرخۆێندنەوەیەکى هاوسەنگ بکەین بۆ بزوتنەوەى گۆڕان بەتایبەتى ئەو کاتەى خرابووە دەرەوەى بازنەى دەسەڵاتى حەقیقى لەلایەن هەردوو حیزبى دەسەڵات پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان ئەداى حکومڕانى هەڵبەزوداەزێکى بەرچاوى بەخۆوە بینى، بزوتنەوەکە ئەوکات زۆر شەرمنانە مامەڵەى لەگەڵ هەندێک ڕەهەندو چەمکى ڕۆژانە دەکرد.
کاتێک کۆمەڵانى خەڵک لەسەر شەقام بوون بۆ داواکردنى مافەکانیان بزوتنەوەکە نەیتوانى دەستبەردارى ئەو دەسەڵاتە ڕووکەشە بێت و بێتە دەرەوەى پرۆسەى حکومڕانى لەحکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵام سەرەڕاى ئەو پاشەکشێ و هەڵبەزو دابەزە لە ئەداى سیاسى و حکومڕانى توانیى ژمارەیەکى بەرچاو لەنەوەى نۆێى گەنج و لاو بخاتە ڕیزەکانى پێشەوەى بزوتنەوەکە لەگەڵ پارستنى شوناسى فیکرى و مەعریفى ئەو گەنجانە وەک مرۆڤ.
بەداخەوە بزوتنەوەکە وەک حیزبەکانى ترکەسانێکیان دانا بۆ ئەو پۆستانە کەتەنیا ڕۆژێک لەژیانیاندا ممارەسەى وەزیفیان نەکردبوو لەدەزگا حکومى و ناحکومیەکان، تەنیاو تەنیا تینوى دەسەڵات بوون، باشترین نموونە وەزیرى دارایى بزوتنەوەکە کەدواتر ڕێڕەوى خەباتى خۆى گۆڕى.
ئەوەندەى من ئاگاداربم ئێستا لەناو بزوتنەوەکە هەولێک لەئارادایە بۆ ڕاستکردنەوەى ئامانجى بزوتنەوەکە کەخۆى لەژیان و ژین و ژینگەى کۆمەڵانى خەڵک و نیشتمان دەبینێتەوە نەک تەنیا وەرگرتنى دەسەڵات.
ئەوە هەر باسى “دوکانە سیاسیەکان”ى ترناکەم کە لەفەزایەکى فیکرى و سیاسى بەتاڵ و نادیاردا دەخوڵێنەوە چونکە هەموو خەڵکى کوردستان دەزانن ئەمانە لەناوەرۆکدا فۆرمێکى حیزبى دەسەڵاتپەرستن بەئیمتیاز نەک فۆرمێکى فیکرى و مەعریفى چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە ناهەمووارەى کوردستان.
لەبەر ئەوەى کۆمەڵگاو ژینگەکەى موڵکى گشت ئادەمیزاد و گیانلەبەرەکانە بەجیاوازى ” جۆر ” ، ” تەمەن “، “ڕەگەز ” ، ” ئاین ” ، ” ڕەنگى پێست ” ، ” زانست ومەعریفە “،  دیدوبۆچوون” بە ” باش و خراپ” ەوە، بۆیە فریادڕەسى ڕاستەقینە بۆ ئەم بارودۆخە ناهەمووارەى کوردستان ئەو مرۆڤەیە بەدەر لە” تەمەن ” عەقڵیەتى فیکرو زانست و مەعریفە بەرهەم بێنێت نەک جەهل و گومان، بەڵام لەژێرچەترى سەروەرى ” یاساو سیستم “چونکە ئەوە ” یاساو سیستم ” ە هەموو جیاکاریەکان لەیەک قاڵبى شارستانى و مرۆڤایەتى کۆدەکاتەوە بێ ئەوەى ئەرک و مافى هیچ لایەنیک پێشێل بکات.
ئەگەر بنەماى “نەوەى نۆێ “و”هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى”و بەناو فریادڕەسەکانى ترى کوردستان “تەمەن” بێت ، ئەبێ ئەوە بزانین مەرج نییە مرۆڤى کەم ” تەمەن ” ئەگەر بەگەنج ناوى بنێین فریادڕەسى ڕاستەقینە بێت بۆ ئەم بارودخە ناهەموارە پڕقەیراناویەى کوردستان، بەتایبەتى ئەگەر عەقڵیەتى جەهل و گومان بەرهەمبێنێت نەک فیکر و زانست و مەعریفە.