عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: نەک جێی گومانن، زەڕڕەیەک متمانەشتان نەماوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەزارەتی دارایی لەشەوی 18- 03- 2018، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە لەسەر پێدانی موچە.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە ئەگەر موچە بەبێ پاشەکەوت بدەین ئەوا مانگانە پێویستمان بە بڕی ( 900)ملیارد دیناردەبێت، و گەر بەسیستمی پاشەکەوتیش دابەشی بکەین ئەوا پێویستمان بە ( 590 ) ملیارد دینارە.
بۆیە زۆر بە سادەیی دەپرسین :
لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی هەشتی ئەم حکومەتەدا مانگانە ئەو پارەیەی بۆ مووچە پێویست بوو بڕەکەی تەنها ( 830 )ملیارد دینار بوو.
بۆچی لەئێستادا ( 70 )ملیارد دینار زیادیکرد؟ خۆ بودجە نەهێنراوەتە پەرلەمان؟ تۆبڵێی هێندە دامەزراندن بوبێت وا بەو شێوەیە ئەو بڕەی زیادکردوە؟ باشە گەر ئەو پارەیە دابەشی (400)هەزار بکەین، ئێ کەواتە ( 175 )هەزار کەستان بەو بڕە دامەزراندوە.
باشە خۆ لە ( 27- 02- 2018) لەنێو هۆڵی پەرلەمان چەندین جار لەلایەن وەزیری دارایی ڕاگەیەنرا کە مانگانە بۆ پێدانی موچە بەفەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم بەسیستمی پاشەکەوتی موچە تەنها پێویستمان بەبڕی ( 580) ملیارد دینارە، ئەی خێرە تەنها لەماوەی ( 20 ) ڕۆژدا بڕی ئەو پارەیەی کەپێویستە بۆ پێدانی موچە بەپاشەکەوتەوە ( 10 )ملیارد دیناری زیادکرد؟
تۆ بڵێیت لەم بیست ڕۆژەدا بۆ پێدانی موچە بەپاشەکەوتەوە ( 10 )ملیارد دیناری زیاد کردبێت؟ خۆبەم (10)ملیارد دینارە
دەتوانرا ( 25)هەزار هاوڵاتی بەبڕی ( 400)هەزار دیناری مانگانە دابمەزرێنرایە.
باشە خۆ حکومەت  وبەرپرسەکانی لەنێو هۆڵی پەرلەماندا کەداوامان دەکرد کەمترین موچەی خانەنشینی بکرێتە ( 400 )هەزاردینار، خۆیان شین و مۆر دەکردەوەو دەیانوت گەر وابکەین ئەوا پێویستمان بە ( 18 )ملیارد دیناردەبێت و ئەوەش لەتوانای حکومەتدا نیەو نابێت لەئێستادا.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم حکومەتە هەناسە ساردو سوارە هێندە ڕاگەیەنراو، بەیاننامە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و… هتد، دەرکردوەو بڵاوکردۆتەوە بەتەواوی دەرونی هاوڵاتیان بەگشتی و فەرمانبەران و موچەخۆرانی بەتایبەتی تێکداوە.
چونکە ئەم حکومەتە لەگەڵ ئەوەی لەهەموو خزمەتگوزارییەکی گشتیدا بەتەواوی ئیفلاسی کردوە، بەڵام هێندەی هەموو مۆندیالەکانی دونیاکە کراون و دەکرێن یارییان بەهەست و سۆزی هەموان کردوە.
ماوەتەوە بڵێن پێویستە حکومەت گەر کەمێک بەهای حکومەتداری تێدا ماوە پێمان بڵێ بۆ لەدەستپێکی ئەم کابینەیەدا پێدانی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران بەموچەی تەواوە تەنها ( 830 )ملیارد دیناربوە، کەچی لەئێستادا (70) ملیاردی زیادکردوە؟
یان تێمان بگەیەنێت ئەی خێرە لەماوەی (20 )ڕۆژدا پێدانی موچە بەپاشەکەوتەوە ( 10 )ملیاردی زیادکرد، واتا لە ( 580 )ملیاردەوە بەرزبۆتەوە بۆ (  590 )ملیارد دینار بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی.
بۆیە ئەم حکومەت و بەرپرسانەی مەملەکەتی ئێمە هێندە درۆیانکردوە نەک گومانیان لەسەرخۆیان دروستکردوە، بەڵکو زەڕڕەیەک متمانەشیان بۆخۆیان نەهێڵاوەتەوە.
بۆ ئەوەی حکومەت و بەرپرسەکانی زیاتر ڕووی ناشیرین و ناڕاستگۆیی خۆیان ببینن با تەنها بەخێرایی سەیرێکی ئەو هەموو بڕیارو ڕێنمایی و لێدوانانەی خۆی بکاتەوە ئەوسا خۆیان پێناسەو نازناوێکی شایستە بەخۆیان دابنێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت