Imad-Ali-003

عیماد عه‌لی: ئه‌و شه‌قه‌ی له‌ جه‌سته‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی هه‌ولێره‌وه‌‌ له‌هه‌موو كورد درا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌و گرته‌ فیدیۆیه‌ی ئه‌مرۆ كه‌ به‌ راستی گریاندمی. دیمه‌نه‌كه‌ باس له‌سه‌ر فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و تاران نیه‌ كه‌ به‌ هه‌وڵه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌ دوژمنكاریه‌كانیان له‌به‌رامبه‌ر كورد هه‌موو جۆره‌ شێوازێكی نابه‌جێ به‌كاردێنن و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیان ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت كوردستان تێكبده‌ن. باسه‌كه‌ لێره‌دا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌ دارایی و ئابووریه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش نیه‌ كه‌ كه‌رامه‌تی كوردیان خسته‌ ژێر پێیانه‌وه‌، باسیشم له‌سه‌ر ملكه‌چكردن و سه‌ردانواندنی ده‌سه‌ڵاتی كوردی نیه‌ بۆ دوژمنانی گه‌لی كورد كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و كه‌سی خۆیان تا ئه‌مرۆش به‌رده‌وامن له‌و كاره‌یان و دان به‌ شكستی خۆیاندا نانێن. باسم له‌و شه‌قه‌یه‌ كه‌ هه‌رزه‌كارێكی په‌روه‌رده‌ی ده‌سه‌ڵات وحزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ مامۆستایه‌كی ده‌ده‌ن كه‌ بۆ مافی سه‌ره‌تایی خۆی و بژێوی ماڵ و منداڵی هاتۆته‌ سه‌رجاده‌ و ناله‌باری ژیانی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه‌، ئه‌و مامۆستایه‌ی هه‌ولێر كه‌ سه‌ره‌رای جه‌ورو سته‌می ده‌سه‌ڵات تا ئه‌مرۆ سه‌بری گرتووه‌ و له‌هه‌موو شوێنێكیتر زیاتر پشوودرێژتربووه‌، به‌ڵام ئه‌مرۆ ته‌نها خۆپیشاندانی كردووه‌ و داوای بچوكترین مافی خۆی كردووه‌. بۆچی ئه‌مه‌ رووبدات؟ بۆ رێز له‌ ته‌مه‌نی خاوه‌ن مافێك نه‌گیرێت كه‌ هیچ تاوانێكی نیه‌ و پاش شه‌ق تێهه‌ڵدانی زۆر به‌ ساده‌یی و بێ هیچ هه‌ڵچونێك ده‌ڵێت؛ له‌من ده‌ده‌یت بۆمن چیم كردیه‌؟
كه‌س هه‌یه‌ ئه‌و پشودرێژیه‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێری له‌به‌رچاو نه‌بێت؟ بۆچی رێز له‌و وه‌فاداری و به‌ئه‌مه‌كه‌یه‌ی ئه‌وان نه‌گیرا. ئه‌گه‌ر باستان له‌ سلێمانی كرد كه‌ فره‌یی راوبۆچون و ململانێی سیاسی و حزبی رۆڵی خۆی له‌ ناره‌زایه‌تیه‌كان هه‌بێت، خۆ ئه‌وه‌ مامۆستایه‌كی هه‌ولێری به‌سه‌بر و هێمن و ژێرده‌سته‌ی چه‌پوكی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌یه‌ وه‌ك ده‌لێن‌ كه‌ تا ئه‌مرۆ هیچی نه‌كردووه‌ و به‌هۆكاری دروستنه‌كردنی بۆشایی بۆ دزه‌كادنری دوژمنان و رێگریكردن له‌ ده‌ستێوه‌ردانیان ته‌نها خۆی خواردۆته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ ئێسك هات پێست ده‌درێت و ئه‌ویش ته‌نها داوای ره‌وای خۆی ده‌كات. سه‌ره‌رای شكستی حوكمرانیتان ته‌نانه‌ت نه‌یوتووه‌ برۆخێن و برۆن، به‌ڵێ راست ده‌كات چی كردیه‌، هیچ زیانێكی له‌كه‌س نه‌داوه‌، ده‌ستدرێژی نه‌كردۆته‌سه‌ر هیچ داموده‌زگایه‌ك و كه‌سێك، به‌ڵام ره‌فتاری كاسه‌لێسه‌كانتان بگاته‌ ئه‌و حاڵه‌ی كه‌ به‌عسیش سڵی لێ ده‌كرده‌وه‌. لێره‌دا هیچ نامێنێته‌وه‌ بۆ وتن، جگه‌ له‌وه‌ی به‌وردی ته‌ماشای ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ بكه‌یت و تێرامانێك بكه‌یت و له‌ په‌روه‌رده‌ و ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ و داروده‌سته‌كه‌ی بروانیت‌ و له‌ هۆكاری بكۆڵیته‌وه‌. بۆچی گه‌یشتۆته‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی كورد به‌ خۆی به‌ ئاشكرا پیشانی بدات كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ عه‌قڵ و نه‌ پلان و نه‌ رێز و نه‌ مافی كه‌س و نه‌ش گرنگترین شت كه‌ ئه‌خلاقه‌ له‌ نێو داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا نه‌ماوه‌. به‌ڵێ توێژینه‌وه‌یه‌كی زۆر ورد و قوڵی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزانرێت ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات كاریگه‌ری سه‌لبی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ و عه‌قڵی تاكی كوردی كردووه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت بگاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ما ئه‌خلاقی و كلتوری و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆی لایداوه‌ . ئه‌گه‌ر قه‌یرانی ئابووری و لایه‌نی مادی له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت چاره‌سه‌ر بكرێت و وه‌زعی دارایی خه‌ڵك رووه‌ و باشی بروات و گۆرانكاری رووبدات، ئه‌گه‌ری گه‌وره‌یه‌ كه‌ زۆر شت بگه‌رێته‌وه‌ شوێنی خۆی، به‌ڵام شكستی ئه‌ده‌بی و ئه‌خلاقی و كه‌لتوری و تایبه‌تمه‌مندی چاكه‌ و سیفه‌ته‌ ناوازه‌كانی میله‌تێك بشێوێت چۆن ده‌گه‌رێته‌وه‌ جێگه‌ی خۆی، چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت خه‌ڵكینه‌؟