بەهرۆز جەعفەر: ئێستە کوردستان بمێنێ یان نە مێنێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی (2016) سەبارەت بە ئاسایشی هەرێمایەتی و جیۆپۆڵەتیک وەک گۆڕاوێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا، پەیپەرێکی ئێمە بڵاو بۆیەوە، ئەلحەقی پەیپەرەکە پەیوەستە بە ناونیشانی کوردستان و هێڵەکانی ووزە وە. لە دەرئەنجامی کۆتایی دا سێ گریمانە شەرح ئەکا بۆ چارەنووسی کوردستانی باشور و ڕۆژئاوا. یەکێکیان بریتی یە لە “دابەشبوون” ئەڵێ:
گریمانەی ئەوەی ئێران و تورکیا دوای کۆتایی هاتنی قەیرانی داعش ململانێکانیان توندتر ئەبێتەوەو، سیستەمی نوێی جیهانی هەوڵ ئەدات ئەم دوو یەکە هەرێمیە (ئێران و تورکیا) پێکدا هەڵ بگژێن و لە ڕووی ئابورییەوە ووردو خاشیان بکات. تورکیا لەبەرئەوەی لە دەریای ناوەڕاست هەڕەشەو کێشە دروست ئەکات بۆ پارتنەرەکانی بلۆکی خۆرئاوا، ئێرانیش لەبەرئەوەی دەست لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز وەرئەدات، هەروەها هەژمونی ئێران لە عێراقەوە تا جۆلان مەترسییە بۆ سەر سعودییەو ئیسرائیل و پرسی جیۆپۆڵەتیکی ووزە.
لەکاتێکدا کورد ماڵی خۆی بینا نەکردوەو، بە نیازبوون لە مەنبەج و لە سەر دەریا بە هۆی عیفرینەوە مەلە بکەن لەو هاوینی (2018) یەدا، بەڵام تورکیا عیفرینی گرت و (ناش ڕوات لە عیفرین) بە هەمان شێوە شەنگال یش کۆنترۆڵ ئەکات. ئەمەش سەرەتای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی نێوان ئێران و تورکیایە، تورکیا حاڵەتێکی شازە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا، زوو ئەبێت بە هاوڕێ و لە ناکاویش ئەبێت بە دوژمن.
لێرەدا کاتێک تورکیا لە باکوری سوریاو شەنگال دا هێز بسەپێنێت، یانی تورکیا بەردی ژێر کۆڵەگەو تاوێرە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەجوڵێنێ، وە یانی عەرقەلە لە بەردەم نفووسی سیاسیی و سەربازیی و جوگرافی ئێران دا دروست ئەکات لە عێراق و سوریاو ئەو هێڵە ئەگرێت، پتر ویلایەتە یەکگرتوەکانیش پاڵ بە تورکیاوە ئەنێن ئەمە بکا یان ڕێی بۆ خۆش ئەکەن.
کەواتە هەرێمی کوردستان ئەبێتە مەیدانی جەنگ و دەستشکانەوەی ئێران و تورکیا، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئێران لە سولەیمانی و کەرکوک و دووز زۆر زیاتر هەژمونی پەیاکردووە. تورکیاش لە شەنگال ناوچەکانی ترەوە بە سەدان کیلۆمەتر دێتە ناوخاکی هەرێمەوە.
بە مانایەکی تر وەکو پێشوتریش چەندین جار ئەم گریمانەیەمان دنە داوە، هەولێر بە گۆشت و ئێسقانەوە سەلامەت ئەبێت لە ژێر هەژمونی تورکیادا، ناوچەی سولەیمانی و کەرکوکیش ئەگەر خاتری بگرن ئەوا ئەبێتە دورگەیەکی فەرامۆشکراو زیاتر لەوە مەترسییەکی گەورە بەڕێوەیە. پەیامی وەزیری دەرەوەی تورکیا بە نە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و، ئەوەی کە ساڵێک زیاترە تورکیا چاودێری ناوچەی سولەیمانی ئەکاو ئینزار ئەدات، زۆرترین ئاماژەی ئەمنی و سەربازی هەیە!.
چارەسەر ئەوەیە کە چارەسەرێکی وای نییە، ئەوە نەبێت تیمێکی بەهێز و مەدەنی و دەبێت ئەو ماوەیە سیاسەت بکەن لە کوردستان تا ئەو ئافاتە لێکەوتەکەی کەمتر بێت. ئیتر تازە تازە کورد لە باشور خەریکی ڕوبعە مووچەو بۆسەدانان بۆ یەکترو ئەڵڵاهو ئەکبەری سەرجادەو شکاندنی شکۆی تاکەکانن، پێ ناچێ حازر و ئامادە بن.
تێ بی نی : ئەو توێژینەوەیەی باسکراوە لە ئینستیوتی مێدیتریانە دوبارە لە ساڵی (2017) ەدا بڵاوکراوەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت