ئاگرین شێخە: نێچیر لەوتارەكەیدا ئیعتڕاف لەسەر چی دەكات؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای چەند ڕۆژ لەخۆپیشاندان و ناڕەزایی ھاوڵاتیە ماف خوراوەكانی ئەم وڵاتە!
دوای ئەم ھەموو دەست درێژی و بێڕێزیەی كەبەرامبەر نوخبەی ڕۆشنبیری كوردستان کرا!
دوای لێدان و ڕفاندن و گرتنی چەندین ھاوڵاتی!
دوای ئەوەی ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی چالاكە مەدەنیەكان ئەرکی پیشەییانەی خۆیان عەیبداركرد كە پاراستنی ھاوڵاتیانە لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان، ھێندە حیزبیانە بەرامبەر خۆپیشاندەران ڕەفتاریان کرد كە مرۆڤ شەرم بكات ناوی پیشەكەیان بھێنێت.
نەیانتوانی خەڵك لەدەستی ساقیت بووەكانی كۆمەڵگا بپارێزن، ئەو ساقیتانەی كەبوونەتە چەقۆكێش و كەللەپوتی داماڵڕاو لەئەخلاق و ئەدەب و بەھای ئینسانی و لەمەدرەسەیەكی پوچەڵی ڕزیوی زەردھەڵگەڕاودا دەرسی چروك كرداری و بەدڕەوشتی ئەخوێنن.
لەم دۆخە سەخت و دژوارەدا، دوای ئەم ھەموو سەبرگرتنەی ھاوڵاتیان بەرامبەر سیناریۆكانی قەیرانی دارایی کەچوار ساڵە بەسەر ئەم ھەرێمەیاندا سەپاندووە خەڵکیان برسی و بێ دەرەتان و ئاسۆ لێڵ کردو خەمساردو بێباک بەردەوام بوون لە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، تەنانەت قوتی كەمئەندام و خانەنشینانیشیان خستە سەبەتەی چاوچنۆكی خۆیان.
بێکاری و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ پەیمانگاکان كرا بەدیاردەو ھیچ ئومێدێكیان بۆ تموعی بەدەستھێنانی بڕوانامە نەھێشتەوە.
ڕۆژ دوای ڕۆژ بارو دۆخی ھەرێمیان زیاترو زۆرتر بەرەو ھەڵدێر برد بەھۆی ئەم ئەجێندا سەقەت و نەدیتكەیەی كەلەخووی شیرەوە وەكو میرات بەریان كەوتووە.
دوای ناڕەزایی دەڕبرینی ھەموو شارو شارۆچکەکان دژی ئەم شێوازە پۆخڵەی حکومڕانی كوردی كەحوكم بەعەقڵیەتی میری ژێر ڕەشماڵی خێڵ ئەكات. لەجیاتی ئەوەی گەرموگوڕو بەرپرسیارانە بەپیل داوا ڕەواکانی خۆپیشاندانەکانەوە بچێت، ھاتووە ئەم خۆپیشاندانە مەدەنیانەی ھاولاتیان بەئاژاوە گێڕو چەقۆکێش ناو دەبات.
سەرۆكی حكومەت؛ كە تەنھا بۆگیان و سامانی خەڵكی ھەرێم (نێچیرڤان)و بۆ داگیركەرو دوژمنانی خەڵك و خاكی كوردستانیش (نێچیر)ە، بەئاشکرا حەق بە بەڵتەجیە دابەستەكانی حزب و بنەماڵەكەی دەدات ھێرشی سەخیفانە بکەنە سەر خەڵكی خۆپیشاندەر كە ھاتوونە شەقام بۆ داوای مافە زەوتكراوەكان و چەسپاندنی دادگەری.
پێیان دەڵێ: “بەردەوام بن و سەرکوتیان بکەن”
لە کاتێکدا خۆپیشاندەران ئاشتیانەو بەھێمنی، لەچوارچێوەی مەدەنیەتدا، بەھەستكردنی بەرپرسیارانە دێن و داوای نان و سەربەستی و گێڕانەوەی شكۆی ئینسانی و كەڕامەتی خۆیان دەکەن.
بەمەش تادێت خۆپیشاندانی ناڕەزاییەکان فراوانتر دەبن، وەك ئەڵمانەكان دەڵێن: “تا قەفەز توندتر بێت ئارەزووی ئازادی زیاتر دەبێت”، ئەمانیش بەھەمانشێوەی ڕژێمە تۆتالیتارەكان خۆیان بەمیری عەدالەت و ئەمنیەت وێنا دەكەن و ھەركەسێكیش بێتەدەنگ بەتێكدەرو تەنزیمی دەرەكی ناوی دەبەن، بەڵام ھێندە ھەژارن لەخوێندەواری و ژیریدا بیریان چووە تاریخی حوكمڕانیەكان بخوێننەوەو لەگەڵ حوكمی ئێستای خۆیان بەراوردێكی بۆبكەن.
ھاواری ھاوڵاتیان تەنھا بۆ موچە و نان نیە، بەڵكو دەنگێكی بەرزی دێرینەو موددەتێكە لەژێر ھەژمونی ڕژێمی خۆماڵی داسەپاودا سست و كپ و مات كراوەو ئێستا بۆ ئازادی و حوكمی عادل، بۆ ھەڵوەشاندەنەوەی تاكڕەوی و ڕژێمی عەشیرەت و چەتەگەری، بۆ سەندنەوەی ماف و ڕیشەكێشكردنی فەساد دەنگیان ھەڵبڕیوە. لەپێناو چەسپاندنی یاساو دامەزراندنی حكومەتی ھاوڵاتی و كاركردن بەبنەما دیموكڕاسیەكان ڕێ دەپێون.
ئەم سیستەمە سیاسیە چەوتەی کە چارەگە سەدەیەكە دوو بنەماڵە لەنێو دوو حزبدا تێیدا فەرمان”گێڕن” نەك مەرمانڕەوا، بۆیە لەبەڕێوەبردندا مەڕی ھێڕن.
ئەمانە ھەموو ھەوڵێکیان تەنھا بۆ تێركردنی ورگی زل و چاوی برسی و دوژنی پڕ مەترسیە.
لەپێناو بەرژەوەندی بنەماڵەو حزبدا ھەموو شتێ ئەكەن، ھەموو خێرێ ئەبەن، ھەموو دەستێكی پاك ئەبڕن.
ئەھا چۆن لەو پێناوەدا خیانەتەكانیان كە لەخەڵك و خاکی نیشتمان كردوویانە لەئەژمار نایەن.
ھەرچی دەستکەوتی و سەروەتی گەلی ئەم ھەرێمە ھەیە بردیان، دزیان، دایان بەنیوە قیمەت تەنێ بۆ ڕازی لوتفی ئاغاو ئابێی داگیركەر.
نیوەكەی تریشیان لەپێناو سیاحەی تەڕفیھی و موزەخڕەفەی ژیانی ئەولادەكانیان خستەگەڕ.
ئەوەشی كە تۆزقاڵێ سودمەندی ئەم سەروەتە نەبووە نیشتمانیە ڕاستەقینەكان و دڵسۆزانی نیشتمانن.
خەڵکی بەشمەینەت و ئاھ پڕحەسرەتی ئەم وڵاتە بەھەوڵ و تێكۆشانی خۆی لەدەست چەقۆكێشێكی داگیركەر نەجاتی بوو، ئەما بەبێ ویستی خۆی كەوتەوە دەستێكی نائەمین و چەقۆكێشێكی ناپەسەندی خۆماڵی، كە درۆو بوختان و تەشھری كرداری و تەخوینی شەرمەزاری كردووە بەئەجێنداو بنەمای گوتارە بەناو سیاسیەكانی.
ئەمڕۆ ئەم چەقۆكێشەی كەنەوەی دیدێكی تاریك و پەروەردەی ژێر ڕەشماڵێكی چڵكن و بەخێوكراوی شیرێكی لێڵە، ھەرئەوەندەی لەبارابوو بڵێت: خۆپیشاندەران چەقۆكێش و چەك بەدەست و كەسانی حزبین بۆیە سەركوتیان دەكەین بەچەقۆو چەك.
وەك بڵێی نێچیرڤانی ئێرەو نێچیری داگیركەران، حزبی نیە.
وەلێ نەك خۆی بەڵكو ئەوە 20 ساڵی ڕەبەقە تەنانەت خوێندنگاو نەخۆشخانەشی بەحزبی كردن و ھەرچی سەرسەری و ساقیتی ئەم كۆمەڵگەیە ھەبوو وەكو پیاوی ئاغا لەدەوری خۆی كۆی كردنەوەو كردوونی بە چەقۆكێش.
چەقۆكێش تەنھا لە مەجلیسی چەقۆكێشان قسەی بۆ دێت و كەیف سازەبێت.
وتارە پوچەڵەكەی نێچیرمان بیست، بۆیە نابێت بەدرۆی کەمکردنەوەی پاشەکەوتی موچە ھاوڵاتیان لە ناڕەزایەتییەکان سارد ببنەوەو بڕوا بەم دەلەسەیە بھێنن.
بەڵكو دەبێ سورتربن و بەردەوام بن تا ئەوکاتەی ئەم حکومەتە ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەو ڕۆیشتن دەبێت، چونكە ئەگەر تەنھا مووچە مەبەست بێت، ئەوان بۆ دوو مانگ و ڕەنگە بۆ زیاتریش موچەی فول دەدەن لەو پارانەی كە بەناشەرعی دەستیان كەوتووە، وەك پەرداخێك لەبەحرێك ھەڵێنجێ بۆ ئەوان وایە.
دواتریش دێنەوە سەر ھەمان سیاسەتی جاران و دەكەونەوە وێزی گیان و تاڵانكردنی سامانی خەڵك.
ئیتر تكایە با بەردەوام بین تا كۆتایی پێھێنانیان، چونكە درۆزن ھەرگیز ڕاستی ناڵێت و فێریش نابێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت