سامان غفور هەورامی: ئەردوغان بەدوای چیەوەیە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سوریایان وێران کرد
داگیرکار و داگیرکراو هەردوک پێکەوە سوریایان وێران کرد، هەردوک بەشدارن لەو خاپورکردنە، هەریەکە بەئاوازێک کارەکانی خۆیان دەکەن، واتە هەریەکەیان بەجۆرێک کار بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن. ئۆپۆزسیۆن هەستی بەوەکرد لە غۆتەی ڕۆژهەڵاتدا دۆڕاوە و کوردیش عەفرین کشایەوە و جەنگی گەریلایی دەست پێکردووە.
لەڕاستیدا ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع دەبینرێت ئەوەیە کە عەفرین بۆ تورکیا لەبەرامبەردا غوتەی ڕۆژهەڵات بۆ ڕوسیا و ئێران. ئەوەش ئەو ڕێکەوتنەبوو کە ڕوسیا پشتی کردە کورد و تورکیای هەڵبژارد.
لەڕاستیدا دەسەڵاتەکەی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن هیچ دەورێکی ئەوتۆیان نیە لەم گەمەیەدا بەڵکو وڵاتانی تر ڕۆڵیان بۆ دادەنێن، ئەوان تەنها جێبەجێکاری پلانی ئەوانی ترن. واتە وەکو داشی دامە دەجوڵێنرێن.
زۆرێک لەهێزە نێودەوڵەتیەکان بەدوای چارەسەرێکی سیاسیدا دەگەڕێن کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێت.
هەرای نێودەوڵەتی هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆی دروستنەکرد لەجەنگی غۆتەی ڕۆژهەڵات و عەفریندا، هەرچەندە ئەنجومەتی ئاسایش بڕیاری ئاگربەستی ڕاگەیاند بوو بەلام لایەنەکان نەچونە ژێر باری وەستانی جەنگەوە، چونکە ئەو جەنگە لەبەرژەوەندی ئەوان بوو.
ئەوەی لە غوتەی ڕۆژهەڵات و عەفرین ڕوویدا جەنکێکی تاخیربوو بوو دەبوو ئەو جەنگە ڕوویبدایە، چونکە ئاماژەکان ئەوەیان دەردەخست، کە عەفرین بۆ تورکیا بێت و غوتەی ڕۆژهەڵات بۆ ڕوسیا و ئێران بێت.
ئەوەی لە غوتە و عەفرین ڕوودەدات هەردوکیان ڕووی دراوێکن، بەڵام ئەوەی دەبینرێت وادەردەکەوێت کە جەنگی تیرۆر بێت، چونکە لە عەفرین و غوتەشدا دەوترا ئێمە جەنگ دەکەین دژ بەتیرۆر، بەڵام لە واقعیشدا جەنگی بەرژەوەندی خۆیان و گەمەنێودەوڵەتیەکانە.
تورکیا لای خۆیەوە هەوڵی ئەوەی خستوەتە گەر کە کورد نەگات بەخەونی لەمێژینەی خۆی کە بگاتە سەر دەریا بۆیە بەهانەی هێناوەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین.
لێرەدا حەقی خۆیەتی پرسیارێک بخەینە ڕوو ئەویش ئەوەیە قۆناغی داهاتوو چی دەبێت؟ هەرچەندە قۆناغی داهاتو قۆناغێکی لێڵ و ناڕوونە بەڵام ئەوە دەردەکەوێت پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هەرسێ وڵاتە، ئێران و تورکیا و ڕوسیایە. بەشێکی تر ئەوەیە جۆرێک لەڕێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ڕوسیادا هەیە، ئەمەش سوریا دەگەیەنێتە قۆناغێکی نوێوە.
ئەوەی ئێستە لە عەفرین ڕوودەدات ئەوەیە لەئەستانەدا بڕیاری لەسەر درابوو، واتە جۆرێک لەهاوپەیمانی لەنێوان هەرسێ وڵاتی وەکو تورکیا و ڕوسیا و ئێراندا، تورکیا بەعەفرینەوە ناوەستێت وهەوڵ دەدات خۆی بگەیەنێتە مەنبەج و تەل ڕەفعەت و شەنگالەوە.

داعش و جەنگی شەنگال
داعش لەعێراق کۆتایی هات و خەلیفەکەی بزر بوو و بەڵام ئەگەری سەر هەڵدانەوەی هەیە لە شەنگال و دەروبەری.
ئەردوغان ئاماژە بەوە دەدات کە هۆکاری ئاوارەبوونی عەفرین بۆ تیرۆریستەکانی عەفرین دەگەڕێنێتەوە. هەروەها لەسەر شەنگال دەڵێت: شەنگال جێگره‌وه‌ی قه‌ندیله‌. بۆ ئێمه‌ قه‌ندیل هه‌رچیبێت، شەنگالیش ئه‌وه‌یه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ تا شەنگال له‌ رێكخراوی تیرۆریستی یان هه‌رناوێكی دیكه‌ی هه‌بێت پاكده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌رده‌وامده‌بێت. ده‌كرێت شه‌وێک لەناکاو بچینه‌ نێو ئه‌وێش. ئەو گوتارەی ئەردوغان بەناوی تیرۆرەوە بۆ کەمکردنەوەی جێگە ستراتیژیەکانی کوردە.
سه‌رۆک كۆماری تورکیا درێژەی پێدەدات و دەڵێت كه‌ ده‌ستیان به‌ ئاماده‌كاری پێویست كردووه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی وه‌ك عه‌ین ئەلعەره‌ب، ته‌لئه‌بیه‌ز، ره‌سولان و حه‌سه‌كه‌ كه‌ به‌ره‌و سنووری عێراق ده‌ڕۆن له‌ تیرۆریستان. ئەم ئامادەکاریانە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ قڕکردنی کورد لەناوچە ستراتیژیەکان.
مەحما خەلیل قایمقامی شەنگال دەڵێت: ئێمە دەزانین چەکدارانى پەکەکە لە شەنگال لە شوێنەکانى خۆیان نەماون و بنکە و بارەگانیان چۆڵکردووە و ئاڵاکانیشیان لە لایەن سوپاى عێراقەوە داگیراوە، هەوڵەکانیشمان بەردەوامن بۆ ئەوەى دڵنیا ببین کە پەکەکە لە شەنگال نەماوە و بە تەواوەتی کشاونەتەوە.
بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوە خۆجەییەکانى شەنگال بێت یەپەشە (یەکینەکانى پاراستنى شەنگال)، لە شارەکە ماون و لەهەوڵدان بخرێنە سەر سوپاى عێراق و ناو و ئاڵاکەشیان بگۆڕێن. لەسەر ئەوە ئەردوغان دەڵێت لەژێر هەرناوێکدا بن ئێمە دەیانناسینەوە بۆیە ئێمە فریو ناخۆین.