ئامانج کریم: لە کاتی هەبونی حوکمێکی تۆتالیتردا و نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا، ئەرکی هاوڵاتی چیە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پڕۆسەی هەڵبژاردن (دەنگ دان) پڕۆسەی گۆڕینی سیستمی حوکمە کە هاوڵاتی بەپێی ئیستیحقاقی خۆی مافی خۆیەتی لە هەر چوار ساڵ جارێکد بە سانایی ئایندەی حوکمداری وڵاتەکەی دابڕژێت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لە جیهاندا دو ڕێگە هەیە بۆ گۆڕینی حوکمداری:
یەکەمیان/ پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە پڕۆسەیەکی دیموکراتی خوازانەی پەسەند کراوی نێودەوڵەتیە و لایەنی براوە مافی شەرعی و یاسای خۆیەتی حکوم بگرێتە دەست و بەرنامەو ستراتیج و پلانی سیاسی خۆی لە پڕۆسەی حکومداریدا بەرجەستە بکات و ئەجیندای خۆی بچەسپێنێت.
دوهەمیان/ گۆڕان کاری لە پڕۆسەی حوکمداریدا بە زەبری هێز، کە ئەم ڕێگەیەیان ڕێگەیەکی مەکروهی دید تەسکی خوێناوی و کوشت و بڕەو دورە لە بنەماکانی دیموکراتی و ناپەسەندە لە ڕوانگەی نێودەوڵەتی، مێژو ئەزمونی ڕێگای دوهەمیانی سەلماندوە، هەر حوکمێک لە ڕێگای هێزی سەربازی و بەزەبری چەک هاتبێتە سەر حوکم، هەمیشە حوکمێکی تۆتالیتاری لێ دەرچوە و بەزەبری چەک بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکات لەحوکمدا، وە هەمیشە ئەو حومکمدارانەی بەزەبری چەک هاتونەتە سەر کورسی حوکمڕانی، ئاستەنگی و گرفتی ئێجگار زۆر دروست دەکەن لەبەردەم پڕۆسەکانی هەڵبژاردندا و یاخود هەڵبژاردنێکی سینارێۆ ئاسای ڕوکەش دەکەن و ناهێڵن ڕکابەرو لایەنی بەرامبەریان بۆ دروست ببێت یاخود حیزبی سێبەری بچوک وەک دوکانی سیاسی دروست دەکەن و دەیان خەنە ناو حەوزی هەڵبژاردنەکانەوەو لە بەرچاوی جیهاندا وا نمایندە دەکەن گوایە ئەوەتا ئێمەیش ڕکابەرمان هەیەو هەمیشە براوەین! بەو پێیەی لە جیهاندا تا ئەم ساتە وەختە بەدیلی حیزب نیە بۆ گرتنە دەستی حوکمداریی.
کەواتە دەبێ هەر کات باس و خواسی دەوڵەت داری و حوکمداری هاتە پێشەوە بێ هیچ دودڵیەک دەبێ باسی حیزب و لایەنی سیاسی و کیانی سیاسی و بزوتنەوەو جوڵەی سیاسی تێدا بێت دەنا بێ ئەوانە باسەکە دەبێتە باسو خواسێکی نوقسان و ناتەواو، کاتێک بۆ ئەم بەستە لە گۆڕینی حوکمدا بەناچاری دەبێت پەنا بۆ حیزب بەرینەوە کەواتە ئەرکی من و تۆی هاوڵاتی و هاونیشتیمانی چی دەبێت؟
لە کاتی هەبونی حیزبی سیاسی مەدەنی و بێچەکدا یاخود بزوتنەوەیەکی جەماوەری بێچەکدا هاوڵاتی و هاونیشتیمانی بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و بەتایبەت حوکمە تۆتالیتاریەکان ئەرکێکی گەورەو قورسی لەسەر شان لاچوە ئەویش ئەوەیە گەر لە وڵاتەکەدا یاخود لە هەرێمەکەدا لایەنی سیاسی و بزوتنەوەی سیاسی مەدەنی بێ چەک و بێ هێزی میلیشیای نەبوایە، ئەوا هاوڵاتی بۆ ڕزگار کردنی خودی خۆی لە ژێر دەستەی و چەوساندنەوە دەبێ یان وڵات جێ بهێڵێت و لە وڵاتێکی بێگانە وەک ئاوارە ژیان بەسەر بەرێت،
یاخود بیر لەڕێگا چارەی تر بکاتەوە وەک هەڵگیرساندنی شۆڕشی ڕزگاری خوازی کە هەمو ئەمانە تەمەنێکی دەوێت تا دەگاتە بەرهەم، بەڵام کاتێک لایەنێکی سیاسی بە شێوازێکی مەدەنیانەو شۆڕشێکی سپی شان دەداتە بەر گۆڕینی سیستەمی حوکمداری، ئەرکی سەرشانی هاوڵاتی و هاونیشتمانیانی لە کۆمەڵێک ئەرکی قورس و گرانەوە وەک چەک هەڵگرتن و چالاکی سەربازیانەو تۆڵە کردنەوە لەو حوکمە دیکتاتۆریە سەپێنراوە ئاسان دەکات و هەمو شێوازەکانی خەباتی ڕزگاری خوازی بۆ دەگۆڕێت بە پڕۆسەی دەنگ دان، واتە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگی هاوڵاتی تەنها دەنگێکی تۆڵەیە – شۆڕشە – بۆمبێکە دەیتەقێنێت بەسەر حوکمە تۆتالیتاروو دیکتاتۆرو خۆ سەپێنەکاندا . هەمیشە حوکمدارە دیکتاتۆرەکان خەریکی داڕشتنی سینارێۆی ساختەو نمایندە کردنی بێ سەنگی پڕۆسەی هەڵبژاردنن بۆ نەهێشتنی متمانە لای هاوڵاتی بۆ پڕۆسەی دەنگ دان، بەڵام لە بنەڕەتدا دەنگدانی هاوڵاتی و هاونیشتیمانیان و بەشداری کردنیان لە پڕۆسەکەدا گورزی کەمەر شکێن و کاریگەر ترین چەکە بەرامبەر دیکتاتۆرەکان، بەم پێیە ئەرکی نیشتیمانی و ئەرکی ئەخلاقی و ئەرکی ئاینیە لەسەر شانی هاوڵاتیان کە بەچوار ساڵ جارێک دەرفەتێێک دێتە پێش بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی بە سیستەمێکی دامەزراوەی و نیشتیمانی، ئەو دەرفەتە لە دەست نەدات و بەشداری ئەو پڕۆسە گرنگە بکات و دەنگی خۆی بکاتە تۆڵە لەو شۆڕە سپیەدا، هەر هاوڵاتیەک بەشداری پڕۆسەی دەنگدان نەکات مافی گلەی و گازەندەی نیە لەو حکومەتەی کە لەبری دابین کردنی ماف و خزمەت گوزاری، نان بڕین و موچە بڕین و نەهامەتی بەسەردا هێناوە، بەشداری نەکردنت لە پڕۆسەی دەنگ داندا بەو مانایە دێت کە بڵێیت پێویست بە پڕۆسەی هەڵبژاردن ناکات من ڕازیم بەم حوکمەت و حوکمداریەی ئیستا هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت