بورهان شێخ ڕەئوف: کۆبوونەوەى سێ قۆڵى لووتکەى ئەنقەرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچى سەردانەکەى فلادیمێر پوتین سەرۆکى ڕوسیا بۆ تورکیا سەرەتا بە کردنەوەى وێستگەیەکى ئەتۆمى بۆ بەرهەم هێنانى وزەى کارەبا دەستیپێکرد بە بڕى 20 ملیار دۆلار لە نزیک شارى مەرسینى تورکیا کە بڕیارە ڕوسەکان جێبەجێ ى بکەن، کە 10% کارەباى تورکیا بەرهەم دەهێنێت.
تا ئێرە ئاساییە هەواڵەکە ئەوەى گرنگە ئەو سێ وڵاتە لە ئێستا دا کاراکتەرى گرنگ و دیارى سەر گۆڕەپانى ڕوداوەکانى سوریان بە هێز لەوێن و لە هەشت ساڵى ڕابردووى شەڕى سوریادا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئامادەگیان هەبووەو لە ئێستادا کە وا دوا پێگەکانى دەوڵەتى ئیسلامى داعش وردوخاش دەبن لە سەر دەستى یەکینەکانى پاراستنى گەل و هێزەکانى سوریاى دیموکرات بە هاوکارى هاوپەیمانان و بە سەرکردایەتى ئەمریکا و ئەمریکاش لە سەر زارى سەرۆکەکەیەوە ترامپ باس لە پاشەکشە لە سوریا دەکات لە نزیکترین کاتدا هەرچەندە من ئەم ئاماژانە بە هەند وەرناگرم و پێموایە زیاتر فشارە بۆ سەر عەرەبستانى سعودیە و وڵاتانى کەنداو بۆ دابینکردنى پارە بۆ تێچووى شەڕەکە.
بەڵێ دەبێت بپرسین دەبێت کۆبوونەوەى لووتکەو سێ کوچکەى ئەنقەرە تاران مۆسکۆ ئامانجیان چى بێت؟
سەرەڕاى ڕاگەیاندنى بەیانى کۆتایى هەرسێ وڵات کە پێداگرى و پابەندى خۆیان بە یەکپارچەیى خاکى سوریاو چارەسەرکردنى کێشەکان دوور لە ڕێگە چارەى سەربازى و جیاکردنەوەى هێزە ئۆپۆزەسیۆنە ڕاستەقینەکان لە تاقم و گروهە تیرۆریستەکان و زەمینە خۆشکردن بۆ گەڕانەوەى هەموو ئاوارەکانى سوریا بۆ سەر خاک وماڵى خۆیان و لەناوبردنى تیرۆرو دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى هەموو کێشەکانى ئەو وڵاتە لە چوارچێوەى پرۆسەیەکى سیاسیدا.
بێگومان خاڵێکى دى کە دەکرێت جێگەى مشتومڕى ئەو وڵاتانە بێت بە گەرمى کێشەى کوردە کە خاڵى هاوبەش و هەماهەنگى هەمیشەیى نێوان تورکیاو ئێران بووە لە ڕابردوو لە ئێستاشدا و ڕوسیاش چۆن 71 ساڵ بەر لە ئێستا کۆمارى ساواى مهابادى کرد بە قوربانى بەرژەوەندییەکانى خۆى و سات و سەوادا نێودەوڵەتیەکانى ئەوساى جیهان لە ئێستاشدا عەفرینى لە ڕۆژاواى کوردستان واتە لە سوریا بە هەمان دەرد برد و هەموو زەمینە سازى و ڕێخۆشکەرییەکى بۆ تورکیا کرد تاوەکو داگیرى بکات و هەروەکو یەکێک لە بەرپرسە تورکەکان وتى ئەگەر ڕوسیا نەبووایە نەمان دەتوانى عەفرین داگیر بکەین.
بابەتێکى ترى ئامادەى سەر مێزى گفتوگۆ و دانو سانەکان بە دڵنییاییەوە مەسەلەى کوردە بووە کە ئەمڕۆ کێشەیەکى گەورەو گڕگرتووى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوینەوپەیوەندى ڕاستەوخۆى بەم وڵاتانەوە هەیە و ئەگەر تورکیاو ئێران لە زۆر بابەت و کێشەى ناوچەکەدا ناتەباو دژبەیەک بن ئەوا لە مەڕ کێشەى کورد هاوڕاو هەماهەنگن و ئامانجیانەو کارى بۆ دەکەن کە کورد نەبێت بە خاوەنى قەوارەى سەربەخۆ و هیچ مافێکى یاسایى دیموکراسى بەدەست بهێنێت بە تایبەتى تر لە لایەن دەوڵەتى تورکیاوە کە بە هەموو هێزو توانایەوە کارى بۆ دەکات و نایشارێتەوە و دەڵێت لە مەریخیش دەوڵەت کوردى دابمەزرێت ئێمە ڕازى نابین و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشى ستراتیجى ئێمە.
هەڵوێستى ڕوسیاش ئەگەر لەڕابردوودا ویستبێتى خۆى لە کێشەو مەسەلەى کورد دووربخاتەوە ئێستا ناچارە خۆى لە کورد نزیک بکاتەوەو سەرەڕاى پەیوەندى بازرگانى و سیاسى لە گەڵ هەرێمى کوردستان و کردنەوەى نووسینگەى پەیوەندى ڕۆژاواى کوردستان لە مۆسکۆ ڕۆڵى کورد لە شەڕى تیرۆر و بوونى پەیوەندى کورد لە گەڵ ئەمریکاو ئەوروپیەکان ئەوانیش ناچاربوون گرنگى و بایەخ بە کورد بدەن لە ڕۆژهەڵاتى ناوین.
بابەتێکى ترکە باس و گفتوگۆى لەسەر کراوە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى نێوانیانە واتە تورکیاو ڕوسیا تورکیاو ئێران ڕوسیا ئێران سەروڕاى بارودۆخى نێودەوڵەتى و دۆخى گڕکرتووى سوریا کە لە ئێستادا شەڕى تیرۆر داعش لە کۆتاییدایە کە هەرسێ وڵات هاوڕاو هەماهەنگ بوون بۆ لەناوبردنیان بەڵام لە مەودوا ناکۆکى و جیاوازى بیروڕاو دیدو بۆچوون سەرهەڵدەدات لە نێوان ئەم سێ کاراکتەرە گرنگەى سەر ڕوداوەکانى سوریالە سەر ئایندەى چارەسەرو بەڕێوەبردنى ئەو وڵاتە و ئەمەش سەرەتاکەى زیاتردەردەکەوێت دواى کۆبوونەوەکە باسى دەکرێت ئەوەیە ئێران خوازیاربووە تورکیا ناوچەى عەفرین کە داگیرى کردووەپاشەکشەى لێبکات و ڕادەستى هێزەکانى حکومەتى سوریاى بکات.
بۆیە مۆسکۆ و تاران و ئەنقەرە هەریەکەیان دیدو بۆچوون و بەرژەوەندى تایبەتى سیاسى و ئابورى خۆى هەیە لەسوریا دەبێت ئەوەش بزانین کە کە بەرژەوەندییەکانى هەریەک لەم وڵاتانە هیچ کات هاوتەریب و وەک یەک نیە لە زۆر خاڵدا پێچەوانەو دژ بە یەکن و دەکرێت و دەبێت لەم کۆبوونەوانەدا زەمینەسازى بۆ بکرێت و خاڵە هاوبەشەکان بەهێز بکرێت و خاڵە ناکۆکەکان وەلا بنرێت.
.ماوەتەوە هەڵوێستى ڕوسیا ئەگە ر لەڕابردوودا ویستبێتى خۆى لە کێشەو مەسەلەى کورد دووربخاتەوە ئێستا ناچارە خۆى لە کورد نزیک بکاتەوەو سەرەڕاى پەیوەندى بازرگانى و سیاسى لە گەڵ هەرێمى کوردستان و کردنەوەى نووسینگەى پەیوەندى ڕۆژاواى کوردستان لە مۆسکۆ ڕۆڵى کورد لە شەڕى تیرۆر و بوونى پەیوەندى کورد لە گەڵ ئەمریکاو ئەوروپیەکان ئەوانیش ناچاربوون گرنگى و بایەخ بە کورد بدەن لە ڕۆژهەڵاتى ناوین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت