بەهرۆز جەعفەر: چۆن ئەهریمەن میرو گزیری بە کەرکوک کرد؟!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ووردەکارى لاقەکردنى کەرکوک “ئۆرشەلیمەکەى کورد” لەم نووسینەدا، لەلایەن بەرپرسانى حیزبى و پیاوەکانى خێڵ و بنەماڵەوە، نەک ئەیسەلمێنێت پانزە ساڵ کورد هیچى بۆ کەرکوک نەکردووەو، بە تیمێکى سیاسى و ئەمنى و میدیایی و ئیدارى لاواز و پیسخۆر چونەتە شارەکەوە، بەڵکو نیشانى ئەدات بۆ هەتا هەتایە بەدەستى کورد گورز لە کوردستانى بونى کەرکوک دراوە:

یەکەم: بودجەو داهاتى پیترۆدۆلارى کەرکوک
ژمارەى دانیشتوانى پارێزگاى کەرکوک لەساڵى (2014) ەدا (900.000) نۆسەت هەزارکەس بووە، لە (2017) ەدا گەیشتوەتە (1.259.561) یەک ملیۆن و دووسەت و پەنجاو نۆ هەزار و پێنج سەدو شەست و یەک کەس. ساڵى (2010) پەرلەمانى عێراق پرۆژە یاساى پیترۆدۆلارى تێپەڕاند کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت لەپارێزگاکان بەرهەم دێت بڕى (1) دۆلارى بۆ ئیدارەى شارەکە بێت، ئەوەش بۆ بونیادنانى ژێرخانى تەندروستى و پەروەردەیی و پاراستنى ژینگە، هەرچەندە چ پیترۆ-دۆلار وە چى “موڵکانە- الریع” پێچەوانەى ماددەى (111)ى دەستورى عێراقە، کە ئەڵێت: “داهاتى نەوتى عێراق بەیەکسانى بۆ هەموو عێراقییەکانە”. باسى ساڵى (2010 و 2011 و 2012) ناکەین بە کە خەمڵاندن هەر ڕۆژێک ئەم شارە (200.000) هەزار دۆلارى پیترۆدۆلارى هەبووە، ساڵانە لە نێوان (73 بۆ 75) ملیۆن دۆلار داهاتى پیترۆدۆلار بووە.
لە ساڵى (2013) ەوە داهاتى پیترۆ دۆلار بۆ هەر (1) بەرمیل نەوت زیادکرا بۆ (5) دۆلارى ئەمریکى بۆ خەڵکى شارەکە ، بە پێى وەزارەتى نەوت لە (2013) ەدا بە تێکڕا ڕۆژانە (325000) سێ سەت و بیستو پێنج هەزار بەرمیل نەوت چۆتەدەرەوە لەڕێگەى بۆڕى کەرکوک- جەیهان ەوە، واتە هەموو ڕۆژێک ئیدارەى شارەکە تەنها لە پارەى پیترۆدۆلار (1.625.000) یەک ملیۆن و شەش سەت و بیستوپێنج هەزار دۆلارى هەبووە، بەگشتى ساڵى (2013 و 2014) ئیدارەى پارێزگا (1.189.500.000) یەک ملیارو سەت و هەشتاو نۆ ملیۆن و پێنج سەت هەزار دۆلارى تەنها لە پیترۆدۆلار هەبووە.
بەرزترین بودجە و داهاتى کەرکوک لەنێوان (2013 بۆ 2014) ەدا بووە، کە لە مێژوودا کەرکوک داهاتى واى بەخۆیەوە نەبینیووە، لەوساڵەدا بودجەى دیاریکراوى کەرکوک لە بودجەى ساڵانەى عێراق کە لە بەغداوە دێت بڕى (843) ملیار دینارى عێراقى بووە، بەگشتى شارى کەرکوک چوار جۆر بودجە (وە سەرچاوەى ئیراداتى) هەبووە:
یەکەم: بودجەى سالانە کە لە مەرکەزەوە دێت بۆ پارێزگاکان
دووەم: داهاتى پیترۆ-دۆلار
سێهەم: بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان کە تا (2017) هەر درێژەى هەبوە لە عێراقدا.
چوارەم: هاوکارییەکانى ئیدارەى ئەمریکا
تەنها بودجەى پیترۆدۆلارەکەى بگرین، ئەتوانرا داهات و مووچەى کوردستانى پێ دابین بکرێت ئەگەر سەرمایەگوزارى تیا کرابایە، بەپێى وەزارەتى پلاندانانى عێراق ساڵى (2014) داهاتى پیترۆدۆلارى کەرکوک (1 تریلیۆن و دووسەت و شەست و شەش ملیار دینار بووە) کوا؟. تەنانەت (500) کەس لەدەرچوانى شارەکە حکومەتى عێراق بە گرێبەست دایمەزراندن لەسەر بودجەى پیترۆدۆلار دواجار پارێزگارى شارەکە (لەسەر لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بو) هەمویانى دەرکردو نانبڕاوى کردن.

دووەم: قۆناغى دواى هاتنى داعش: قاچاخچێتى و دانانى پاڵاوگەو قۆرخکردنى کێڵگەکان
لەگەڵ دەست پێکردنى شەڕى داعش لە (2014 ەوە تا ناوەڕاستى 2016) نزیکەى (100.000) سەت هەزار خێزانى عەرەب هاتونەتە کەرکوکەوە، بەدەیان دۆنم زەویشیان بەسەردا دابەشکرا، وەک ئەوەى لەگەڕەکى (وەحدە) ى کەرکوک ئیفرازکرا. (14) ساڵ کەرکوک بەدەست کوردەوە بو نەیانتوانى (1) ژوورى عەمەلیاتى هاوبەش پێک بهێنن، نەیانتوانى (1) هەواڵگرى و دەزگاى ئاسایشیان هەبێت، بەپێى ڕاپرسییە زارەکییەکان لە خەڵکى کەرکوک بەدرێژایی ئەو چواردەساڵە تەنها یەک بەڕێوەبەرى پۆلیس نەبووە کە بەرتیلى لە کاسبکاران و دەوڵەمەندەکان وەر نەگرتبێت، چەندین داواى قەزائى لەسەر بەرپرسانى شارەکە هەیە سەبارەت بە شاردنەوەى تیرۆریستان یاخود عەرەب و تورکمانەکان پاشان ئازادکردنیان بە بڕێک پارەى زۆر، خودى پارێزگارى کەرکوک ” کە کوردو یەکێتى بو” (64) شەستوچوار داواى قەزائى لەسەرە.
لەساڵى (1959) لە سەردەمى حکومەتەکەى “عەبدولکەریم قاسم” کورد دەستکەوتى زۆرى بەدەستهێنا، یەکێکیان لە ماددەى (3) لەدەستورى کاتى چەسپێنرا کە “کوردو عەرەب شەریکن لە خاکى عێراق”، هەروەها بڕیاڕیش درا “دائیرەتولمەعاریفى کەرکوک” بکرێتەوە کە ئەبووە ناسنامەى کوردستانى بونى کەرکوک، بەڵام لەسەردەمى حوکمى دەستەڵاتدارێتى حیزبى کوردیدا لەدواى (2003) ەوە ڕێکخراوى بەدریان هێنایە شارەکەوە نمایشى سەربازى بکات، تەنها یەک مەرکەزى گەورەى ڕۆشنبیرى بۆ کەرکوک دروستکرا، ئەویش لەسەردەمى کابینەى شەشى حکومەتى هەرێم دا، کەچى تاهەنوکە (2018) یە نەکراوەتەوەو، لە دوو هەڵبژاردنیشدا کردویانە بەشوێنى بانگەشەو کۆبونەوەى حیزبى.
قۆناغى دواى هاتنى داعش، کەرکوکى کردە جێگەى کۆمەڵێ گروپ- گروپى مافیاى جۆراوجۆر، ئەکرێت بەمشێوەیەى لاى خوارەوە وێنایان بکەین:
یەکەم: لەگەڵ هاتنى دەوڵەتى ئیسلامى بۆ عێراق و سوریا، سوپاى عێراق تێکشکاو تواناى بەرگرى کردنى نەما، پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەرەبەیانێکدا لە (14/8/2014) بەناوى پۆلیسى نەوت و گاز دەستى گرت بەسەر هەردوو کێڵگەى (ئاڤاناو باى حەسەن) دا، کۆمپانیاى (کارگروپ)ى لێ جێگیرکرد، هەفتەى دواتر پەیوەندییەکانى پارێزگارى شارەکە “دکتۆر نەجمەدین کەریم” کە هاوکات ئەندامى مەکتەبى سیاسیی (ی،ن،ک) بو، لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستاندا سەتو هەشتا پلە گۆڕاو، لەگەڵ سەرۆکى حکومەت و وەزیرى سامانە سروشتییەکان پێکەوە سەردانى ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆمارى تورکیایان کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک لە (2014 ەوە تا 16ى ئۆکتۆبەرى 2017) ئەمانە (300.000) هەزار بەرمیل نەوتى کەرکوکیان فرۆشتووە، پارەکەى نە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتى مەرکەزى، تەنها (18%) ى هاتۆتە سەر بودجەى هەرێم بۆ مووچە، وە نە ئەو داهاتە چووەتە سەر هەژمارى پارێزگاى کەرکوک بۆ خزمەتى دانیشتوانى شارەکە، بەهەمان شێوە لە کێڵگەى سحیلا لەدەشتى نەینەوا لەنێوان (30 بۆ 50) هەزار بەرمیل لەو ماوەیە فرۆشراوەو داهاتەکەى بۆ کەسى دیارى ناو حیزب بووە.
حکومەتى عێراق پێش (16ى ئۆکتۆبەرى 2017) دەیان جار ئیدارەى ئەمریکاو حکومەتى هەرێمى ئاگادارکردۆتەوەو بێزارى خۆى نیشان داوە، گوێی پێ نەدرا، تا ئەوەى حکومەتى عێراق لە شەڕى تیرۆر و داعش قوتارى بو، هێزەکانى خۆى کۆکردەوەو بە ڕێگاى هێز کۆنترۆڵى کەرکوک و سەرجەم کێڵگەکانى کردەوە.
دووەم: ساڵى (2017) دەنگدان بەیاساى حەشدى شەعبى داهێنانى پەرلەمانتارە کوردەکانى کەرکوک بوو لە پەرلەمانى عێراق، ئەوەش لەبەرانبەر ئەوەى حکومەتى عێراق کە لە (2014) ەوە بەهۆى سیاسەتى هەڵەى هەرێمەوە بودجەى بڕیبو، ساڵى (2017) پەرلەمانتارە کوردەکانیان فریودا ئەگەر دەنگ بە یاساى حەشدى شەعبى بدەن، ئەوا حکومەتى عێراقیش لەبەرانبەردا بودجە بۆ هەرێم دابین ئەکا، دواتر (پارتى دیموکراتى کوردستان) ئەمەى ڕەتکردەوە، ئیتر پەرلەمانتارەکانى یەکێتى هەم دەنگیان دا بە ناساندنى حەشدى شەعبى وەک بەشێک لەسیستەمى بەرگرى عێراق ، وە هەم بودجەکەش نەهات!.
سێهەم: حیزبى کوردى زۆر بەئاسانى ئەیتوانى بە داهاتى کەرکوک دانیشتوانى هەرێمى کوردستان بباتە ڕێوە (ئەمەش لەکاتى خۆیدا پێشکەشمان کردووە تەنانەت بەڕێز عارف قوربانى وتارێکیشى لەسەر ئەم پێشنیارە نووسى و بەرزى نرخاند واتە بابەتێک نییە بۆ بانگەشە بێت). بەڵام نەک ئەمەیان نەکرد، بۆ پشت شکاندنى یەکتر لەناوخۆى هەرێم ئەچوون بودجەکەى هەرێم یان ئەبڕى، تا ئەو پارانەى خۆیان کە لەبانکەکاندا هەیانە بەهاى زیاتر ى هەبێت.
چوارەم: لەماوەى (14) ساڵى فەرمانڕەوایی کورد لەکەرکوک نەیانتوانى یەک پاڵێوگەى حکومى بکەنەوە، وە یەک بەنزینخانەى حکومیشیان نەکردەوە بەنزین بدەن بە هاوڵاتیانى شارەکە، بەڵام (13) پاڵێوگەى نافەرمى بەرپرسان و دەیان بەنزینخانەی بەرپرسەکان دانرا، هاوڵاتیانیش بۆ (20) لیتر بەنزین هەندێ جار بەچەندین کیلۆمەتر لەبەر گەرماى کەرکوک بە ئۆتۆمبیلەکانیانەوە ڕیزیان ئەبەست. بۆ؟. لەبەرئەوەى بەرپرسەکانى حیزب نەوتى خاوى کەرکوک بنێرن بۆ تورکیاو ئێران بە تەنکەر، کوڕەکانى خۆیان ئەرکى گواستنەوەى بەنزین و پێکهاتەکانى ترى ئەو نەوتە خامە بگرنە ئەستۆ، ئایا قەت ڕوویداوە تۆ مریشکێکت هەبێت هێڵکە بکات و، بیدەى بە خەڵکى شارێکى تر هێڵکەکەت بۆ بکوڵێنن و بۆت بهێننەوە؟!.
چیرۆکى کوشتن و بڕین و مافیاگەرێتى حیزبە کوردییەکان لە (2003) ەوە هەتا (2018) زۆر دوورو درێژە، مەڵبەندى یەکێتى لە کەرکوک (39) جێگر مەڵبەندى هەبووە، زیاتر لە (50) کارگێڕ مەڵبەندو سەدان ئەندام مەڵبەندى هەبووە، چەند دانەیەک لەمانە قاچاخچێتى لەگەڵ داعش ئەکەن، ئەو داعشەى (3200) پێشمەرگەى کوردى شەهیدکرد، ئەوەى دیلە پێشمەرگەکانى سەر ئەبڕى، کەیسەکە هەتا پەرلەمانى کوردستان چوو، بەڵام داخرا!. تەنانەت ئەو خاکەى بە خوێنى پێشمەرگە لەدەستى داعش لە ڕۆژئاواى داقووق ڕزگارکرا، نزیکەى (2000) دۆنم زەوى (1) بەرپرس تەلبەندى کردووەو کارگەى بلۆک و غەسالەو بابەتى جۆراوجۆرى تیاداناوە، ئینجا هەریەک لەم گروپانە زیندانى تایبەتیان هەبووە…تادوایی. ئەمە حاڵى کەرکوکێک بووە کە هەزاران ساڵە کورد شەڕ لەسەر ناسنامەکەى ئەکات و، ئەهریمەن (شەیتان و خودان خراپەکان) ەکانى حیزب و خزم ئاوهایان پێ کردووە!.
دواجار کەرکوک گرفتى ناسنامەى هەیەو هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە، مەترسى ئەوەى هەیە هەموو خەڵکەکەى چەندین جارى تر بکەونەوە بەر ئافاتى لەناوچوون، مەرگ و شەڕى دەروونى لەدۆخێکى وادا هەڕەشە لەتاکەکانى ئەکات، هێزگەلێک کە ئەوانەى سەرەوە تەنها تنۆکێک بن لە ڕەفتارو تاوانەکانیان ناکرێ و ناتواندرێت متمانەیان هەبێت لەوشارەدا، ئەوانەى لە (16ى ئۆکتۆبەر) گەڕەک بەگەڕەک کەوتبونە پێش حەشدى شەعبى و هێنایان بۆ کەرکوک جارێکى تر خۆیان کاندید کردۆتەوە بۆ پەرلەمانى عێراق!. جان جاک ڕۆسۆ ئەڵێت : گەلێک بێ مەرج خۆى بخاتە دەستى هەر دەستەڵاتێکەوە، هیچ وەرناگرێت لەباتى “. لەزارى “د.بەرهەم ساڵەح” یشەوە چەند جارێک گوێم لە گێڕانەوەى دەقێکى “مەحوى” بووە کە بۆ “شێخ مەحمودى نەمر”ى ناردووەو، ئەڵێت:
شەوێ کەوتە دەست ئەهریمەن خاتەمى موڵکى سولەیمانى
کــــەچـى مـیـر و گـزیرى پـێ کرد قـەدرى نــــەزانى

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت