PUK-1

بەهرۆز جەعفەر: کامە (یەکێتی) یە؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە چاومان کردەوە، یەکێتی مان وەک داستانی بەزاندنی پەتی قەنارەکانی ئەبوغرێب و ئەمنی کەرامە بۆ باسکرا، وەک تێزەکانی کاک ئارام و ئازایەتییەکانی ڕیشە و، داناییەکانی دکتۆر کەمال فوادو، کەرکوکەی سەی جەوهەر ئەم حیزبەمان ئەبینی.
کاتێکمان زانی یەکێتی بوو بە سەگە هارەکانی بەعس و پەلاماری بەکرەکەی حاجی سەفەر و برایم جەلالەکەی شۆڕش و، گەنجە خوێن گەرمەکانی یەکێتی دا. کاتێکمان زانی یەکێتی پڕی لە مەلەفداری میت و ئیتڵاعات و بەعسە، وەختێک ئەمان بینی یەکێتیەکان لە کەرکوک تیرۆریست ئەگرن و بە پارە ئازادی ئەکەن!. پارە لە پارتی وەرئەگرن و (کاوە) ەکانی گەرمیان لە باوەشی دایکیاندا تیرۆر ئەکەن، شان بەشانی پارتی پەرلەمان و حکومەت ئیفلیج ئەکەن.
ئابوریی ناوچەیەکیان وێرانکردووەو، بەرپرسی قاسەکانیان لە سلێمانیا بە ژمارەی ئوردن قسە ئەکەن، لەسەر ڕەقەم جاشێتی ئەکەن، نابینن ئەم نەوعە لە یەکێتی لە ئاڵا تاڵەبانیەکان ناپرسێتەوە چوونەتە باوەشی عەرەب و عەبادییەوە، پەلاماری هاوخەباتە ڕەسەنەکانی یەکێتی ئەدات.
موڵک و دارایی یەکێتی و ناوچەی سولەیمانی کێ تاڵانی کردووە؟! کێ لە قوولە ڕەیسی بایی (120) ملیۆن دۆلار زەوی فرۆشت و قایمقامەکەی سلێمانی بە ئاشکرا خنکاند!!. ئەوانەی تەنها لە ئەترافی سولەیمانی بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بایی (750) ملیۆن دۆلار دۆنمە زەویان داگیرکردووە، ئەوانەی بەبەرنامە سیمای شارو دێهاتیان تێکدا، ئەوانەی جانتا هەڵئەگرن و ووڵات بە ووڵات بەدوای سەرۆکی حکومەتدا دێن و ئەچن، ئەوانەی ئەوەڵ و ئاخیری گرێبەستە نەوتییەکانیان لە ئەستۆ گرتووەو میللەتێکیان تووشی سەت و یەک نەخۆشی کردووە، ناشێ خەڵک لە دەوری ئا ئەمانە کۆبێتەوە جارێکی تر!! ناشێ بە ناوی یەکێتی و مام و چی و چییەوە خەڵک و تێکۆشەری دێرین بچنەوە هەناویان!!!
ئەی خەڵک ئەمە یەکێتی یە!!. هەموان بۆ یەکێتی و یەکێتیش بۆ چەند گروپێکی مافیا، ئەمە یەکێتیە سێ ساڵە ناتوانێ بۆ خۆی دوو کۆبونەوەی ڕێک و پێک بکات چۆن لەم قۆناغە دژوارە جارێکی تر ئەمانەتێکی نیشتیمانیان ڕادەست ئەکەیتەوە!!! ئەمانە ئاشی دزن و مافیا ئەیانگێڕێ. توو سەری خۆتان شەرم ناکەن حیزبەکەتان نیوەی لە حکومەتی هەرێمەو سەرۆکی عێراقی هەیە کەچی ناتوانن نوێنەرەکەتان بگەڕێننەوە تورکیا!. ئەتانەوێ بە جاسوسی بەسەر ڕێکخستنەکانی پەکەکەوە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکەنەوە.
ئا….ئەوانە کێن خۆیان کردووە بە میراتگری یەکێتی؟. ئەز وەک ئەندامێکی کۆنگرەی سێی ئەو حیزبە مافم هەیە بڵێم ” ئەو مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی بێ ناوەندە هیچ شەرعیەتێکیان نییەو نەماوە، دانراون بۆ (4) چوار ساڵ نەک بۆ (8) ساڵ ئەوەش پەیڕەوو پرۆگرام بیخوێننەوە، حەی ئەمە چۆن دیموکراسیەتێکە ئێوە باسی ئەکەن! ناشێ وای فای گەیشتۆتە سەر مانگ تازە بە تازە باسی شەرعیەت و خەباتی شاخ مان بۆ بکەن!. ئێوە یەکێتی نیین، خۆتان بە خۆتان ئەڵێن مافیا، خۆتان ئەڵێن ئەوەی بەعس بە میللەتی کوردی نەکرد ئێمە کردمان، ئیتر ئەوە چ جۆرە کادرێکی پێشکەوتووە داکۆکیتان لێ ئەکاو، کام تێکۆشەری دێرینە ماخۆلانیەتی بە دەورتاناو، کامە خەڵکی نەگبەتە دەنگتان پێ ئەدا !؟. تۆ کەرکوکەی شێرکۆت فرۆشت و، تەکێ کەی ئەبو عەلی ت لە خانەقین داغان کردو هەمویتان بە تەجاوز فرۆشت، ماڵێکی ڕەشت بۆ نیشتیمان بەرجەستە کردو، بە پارەی نەوت کۆشکێکی سپی تان پێ بینا کرد لە هەولێر، ئێستاش زۆری نەماوە میللەت وەدەرتان بنێ.
کامە یەکێتی یە! و کام یەکێتییە ماڵو موڵک لە ئەم و ئەو وەرئەگرێتەوە، با ئەو ڕۆژانەو ئەو ساڵانەی تەمەنیش بگێڕێتەوە کە دەیان هەزار پێشمەرگەو کادری جەربەزە پێشکەشی ئەو حیزبەیان کرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت