جیهاد محەمەد: مێژووی ون و پڕ لە کێشەمان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی ئێمەی کورد لە هەموو ڕوویەکەوە ونە، خودمان، رەگەزییمان، چینایەتیمان، نەتەوەییمان و مرۆڤایەتیمان، ونە و شێوێندراوە و بەردەوام دەشێوێندرێت.
ئەوەی، کە زۆر بەهێز توانیوێتی تا ئێستاش بە بەردەوامی ئەم مێژووانەی ئێمەی شێواندووە، لە دوو هێزی زەبەلاح، وەک دەسەڵات، پوچ، لە ناوەڕکە فەلسەفیی و ئەخلاقیی و مرۆییەکەیدایە، ئەو دوو هێزەش، هێزی ئیسلامی سیاسیی، بە تایەبەتی کە خۆی دەبینێتەوە لە شەڕی نەگەریسی سەدان ساڵەی شیعەگەرایی و سوننیگەراییدا. هێزی دوەمیش شەڕی ناسیۆنالستیی نەژادپەرستییە، ئەم هێزەش بەردەوام بە کۆمەڵێک میکانیزم چ بە دستی دەسەڵات و حکومڕانەکانی ناوچەکەوە و چ بە کۆمەڵێک میکانیزمی تر، بە دەستی سەرمایەداریی جیهانییەوە، کە لەسەر هەردوو هێزە دینیی و ناسیۆنالستییەکەدا کار دەکات لە پێناوی بەرژەوەندییە گڵاوەکانی خۆیدا. وەک گەلی کوردیش سەد ساڵ زیاترە هەردوو هێزەکە بە ناوی گەیشتن و سەندنی مافی گەلی کوردەوە، بە ناوی (شۆڕش) و(بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد)ەوە درێژە بە هەردوو ئەم هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارە دەدرێت.
ئیتر تا ئێستا، ئەتوانم بڵێم چەپ و کۆمۆنیست و لیبراڵ و دیموکراتخواز و رێکخراوە ئینساندۆستەکانیش نەک هەر نەیاتوانیوە میکانیزمگەلێک بدۆزنەوە دژ بەم دوو هێزە ڕەشە، بەڵکو زۆر جار خودی خۆیان کەوتوونەتە بۆتەی ئەم دوو هێزەوە و بوون بە پشتیوانی ئەم دوو هێزە. هەر بۆ نموونە، هەردوو حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی و حیزبی شیوعی لیژنەی مەرکەزی، کە خاوەنی مێژوویەکی پر لەسەروەری خەبات و تێکۆشانیش بوون، بەڵام زۆر بە ئاسانی بوون بە پشتیوانی بە ناو(شۆرش و بزووتنەوە چەکدارییەکەی) مەلا مستەفای بارزانی و جەلال تاڵەبانی، یان بوون بە پشتیونای بەعسیەکان و کردنەوەی بەرەی بە حسان نیشتیمانیی لەگەڵ بەعسدا.
هەتا ئێستاش لە کوردستانی باشور و رۆژهەڵاتدا ئەو هێزەی، کە چاوکراوە بێت و توانیبێتی رەخنە لەم دوو هێزە دەسەڵاتخوازییە کۆنەپەرستییەی ئیسلامی سیاسیی و ناسیۆنالستیی نەژادپەرستیی بگرێت و وازیان لێ بهێنێت، زۆر لاوازە. جار جار لێرە و لەوێ کەسانێکی بە توانا و بوێر دەردەکەون، کە ئازایانە رەخنە لەم دوو هێزە رەشە دەگەرن و رەخنەش لە ڕابووردی خۆیان دەگەرن، کە رۆژانێک بوو بە نەزانی کەوتووبوونە بۆتەی یەکێک لەو دوو هێزە ڕەشە دەسەڵات خوازەوە.
وەک هێزی ئۆرگانی جگە لە پەکەکە و پەیدە لە رۆژئاوادا، هێزێکی ئەو تۆ نابینرێت، توانیبێتی خۆی لە بیرکردنەوەی ئەم دوو هێزە رەشە رزگار بکات و بتوانێت کۆمەڵێک میکانزمی شۆرشگێڕیی بە دەستەوە بگرێت بۆ خەباتکردن و تێکۆشانێک، کە مێژووی گەلی کورد وەک ئاماژەم پێدا لە هەموو رەهەندەکانیەوە بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی لە ئەنجمدا کۆمەڵگەی کوردی بخاتەوە ناو مێژوو راستەقینەکەی، کە بریتیە لە مێژوویەکی پڕ لە سەروەری بۆ خود، بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی کێشەی جێندەر، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوکێشەیەی، کە جەمسەرێکی چینی سەردەست و دەوڵەمەندەو و جەمسرێکی تریشی چینی ژێردەست و چەوساوە و هاردراوە، هەروەها بۆ سڕینەوەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و لە جێگەیدا دروستبوونی نیشتیمانییبوون و هاوڵتییبوون، بۆ ئاراستەکردنی پرۆسەی مرۆڤایەتیی و هەموو ئەو بوارانەی، کە بەرژەوەدنی گشتی مرۆڤایەتی تێدایە لە کوردستان و ناوچەکە و هەموو جیهاندا.
هەموو ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەر و نادادپەروە و نامرۆییانەی ناوچەکە بە بێ جیاوازی، هەموویان لە عەقڵیەتی دینیی و ناسیۆنالستییەوە توانیویانە درێژە بە حوکمڕانیی خۆیان بدەن. هەتا ئەم عەقڵیەتە خراپ و هەڵەیە لە ناو کۆمەڵگە و زۆربەی خەڵکدا بمێنێت، هەمیشە نەک هەر گەلی کورد، بەڵکو هەموو گەلانی ناوچەک ناتوانن مێژووی راستەقینەی خۆیان بدۆزنەوە و بگەن بە ژیانێکی خۆشگوزەران و دادپەروەر و پڕ لە کەرامەت بۆ هەر تاکێک و بۆ هەرچ نەتەوەیەک و بۆ هەرچ چینێک و بۆ مرۆڤایەتیی بوونیش.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت