ستارە عارف: ئەنفال و جینۆسایدی کورد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عوزر لەقەباحەت خراپتر
دەبوایە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەڕۆژی 12- 04- 2018 دەستی پێبکردایە، بەڵام لەبەرئەوەی ڕۆژی 12ی 4ی ئەمساڵ تایبەتە بە یادێکی شیعەکانی عێراق، لەبەرئەوە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی بانگەشەی پەرلەمانی عێراقی لەڕۆژی 12ی مانگی 4 وە بۆ ڕۆژی 14ی 4 ی 2018 بۆ بانگەشە گۆڕی، بێ ئەوەی نوێنەرانی کورد لەپەرلەمانی بەغدا و کۆمیسیۆنی عێراق ئاگادار بن، کە ڕۆژی 14- 04- 2018 ساڵیادی تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردە، هەتا ناڕەزایی لەناو کەسوکار و چالاکانی بواری جینۆساید لەکوردستان سەریهەڵدا، ئینجا کۆمیسیۆن دوبارە ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لەڕۆژی 14ی 4 وە بۆ ڕۆژی 15- 04- 2018 گۆڕی.
ئەمجارەیان پەرلەمانتاران و نوێنەرانی کورد لەبەغدا خەشیمانەتر و بێئاگاتر بڕیاری نوێیان وەرگرت، کە بانگەشەی هەڵبژاردن تەنیا لەکوردستان یەک ڕۆژ دوابخرێت و لەپارێزگا عەرەبیەکانی عێراق ئاسایی لەڕۆژی 14ی 4وە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان بێ ئەندێشە دەستپێبکەن.
لەکاتێکدا جینۆسایدی کورد بە دەستی عێراقی عەرەبی ئەنجامدراوە و تاوانەکە یەکجار مەزن و دڵهەژێنە و پێویستە لەسەرتاپای عێراقدا ماتەمینی و ساڵیادەکەی ساز بکرێت و هەمو ساڵێک حکومەتی عێراق بەرەوڕوی شەرمەزاری تاوانەکە بکرێتەوە، جیا لەوەی تا ئێستا ئەو حکومەتی عێراقە قەرەبوی زیانە مادی و ماعنەویەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی نەکردۆتەوە، کە دادگای باڵای تاوانەکان بڕیاری لەسەر داوە، لەپای ئەو تاوانە مەزنە چی جینۆسایدی ئەنفال و چ تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کوردستان داوای لێبوردنی لەکورد نەکردوە و هیچ ئەرکێکی ماددی و خەرجی کەسوکاریانی نەگرتۆتە ئەستۆ، کە دەبێت ماف و ئیمتیازاتی مادی و خەرجیان لەسەر حکومەتی عێراق بێت، دەبوایە نوێنەران و لایەنی کوردی زۆرترین فشاریان لەعێراق بکردایە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی بەرامبەر بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوان و تەواوی کەسوکاری شەهیدان و زیان لێکەوتوانی تاوانەکانی بەعسی عەرەبی عێراق جێبەجێ بکردایە، بە داخەوە زۆر ئاسایی و بێ ئەندێشە و بێ غەم و مەراق بڕیاریانداوە بانگەشە لەعێراقی عەرەبی ئاسایی لەڕۆژی ئەنفالەوە دەستپێبکات، کە دەبوایە مەرج بوایە لەوێیش بانگەشە دەستپێنەکات و ناچاریان بکردنایە ڕێز لەساڵیادی تاوانی ئەنفال و کورد و کەسوکاری شەهیدان بگرن.
لەولایشەوە بە لای کوردەوە ئاسایە و هیچ پرسیارێکیان لەلا دروست نابێت، کە بۆچی ڕۆژی 12- 04، کە تایبەتە بە ڕۆژێکی شیعەکان هەمو عێراق بە کوردستانیشەوە بگرێتەوە و کوردیان ناچارکردەوە، ڕێز لەو یادە تائیفیە بگرێت و بانگەشەی تێدا نەکات؟، ئەی بۆچی ئەو پرسیارەتان نەکرد و ملتان بۆ کەچ کردن و چونە ژێر باریانەوە، ئەی بۆچی ئێوەیش نەتانتوانی بیانهێننە ژێر باری ڕێزگرتن لەو تاوانەی بەرامبەر بە کورد بە دەستی ئەوانی عەرەب ئەنجامدراوە؟، بۆچی یادە شیعەکە پەسند دەکەن و هیچ پرسیارێکتان لەلا دروست نابێت؟، ئەی بۆچی ئێوەیش هەمان هەژمونی مەعنەویتان پیشان نەدا و ڕێگەتان دا، لەڕۆژی 14- 04 ی کورددا عەرەب بانگەشەی ئاسایی خۆیان بکەن؟، لەکاتێکدا دەبوایە لەو ڕۆژەدا ئەگەر ئیرادە و توانای نەتەوەیی و نیشتمانیتان هەبوایە، سەرتان بە ئەوان دابنەواندایە و ڕێگەی بانگەشەکردنتان بەو ئاساییە پێ نەدانایە، کورد هەتا ئەو گیانی خۆ بە بچوکزانی و ملکەچی بۆ دوژمن و هێزی دەرەکی بە گەورە زانینی ئەوان و موجامەلەی بێ کەڵک ڕزگار نەکات و متمانەی بەهێزی بە خۆی و پرسە نەتەوەیەکەی نەبێت و خاوەن ئیرادەی مەدەنی و شارستانی نەبێت، هەر بەم کزۆڵیە دەمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت