نەوزادى موهەندیس: بۆچى هەرگیز نیشتمان نابێتە هى هەمووان؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نیشتمان ئەو پارچە زەویەیە کە کۆمەڵە کەسانێک لەسەرى نیشتەجێن و دەبێتە زێدى خۆیان و نەوە و باوباپیرانیشیان، هەر ئەمەشە کە دەبێتە هۆکارى خۆشویستنى و خۆبەختکردن لە پێناویدا، و ڕێگەنەدان بەهیچ داگیرکەرێکى دەرەکى کە پێى بخاتە سەر و خێروبێرى وڵاتەکە بەهەدەر ببات و کوشت و کوشتارى تیادا بکات.
نیشتمان چەندە بچوک یان گەورە بێت، یا دەوڵەمەند و هەژار بێت یاخود چەندە ناخۆش بێت لەڕووى کەشوهەواو و ژینگە و نەبونى سیستەمێکى حوکمڕانى دادپەروەر کە ئازادیەکانى تاک و کۆمەڵگاى تیادا زەوتکرابێت و دیموکراسیەت و مافى مرۆڤى تیادا پێشیل بکرێت،هەر خۆشەویستە و هیچ کات مرۆڤەکان ناتوانن دەستبەردارى ببن، نیشتمان لانکە و نەواى هاونیشتیمانیانى خۆیەتى،هەرچەندە ئەو تاکانەش نادڵسۆز و بێ وەفاو بێ ئەمەک و خەمخۆریش نەبن بۆى.
نیشتمان ئەو دایکە بەسۆزەیە کە هەموان بە باش و خراپەوە لە ئامێز دەگرێت بەبێ جیاوازى، بەڵام ئەوە مرۆڤەکانە خۆیان لێدەگۆڕێت و دەبنە کەسانى سپڵە و بێ ئەمەک بۆ نیشتمانەکەیان.
مرۆڤەکان یاخود هەندێکى کەم لە مرۆڤەکان بەڕێکەوت یان بە تۆپزى خۆیان دەکەنە دەمڕاست و لێپرسراو و سەرکردەى نیشتمان و هالە و خەرمانەیەکى درۆینە بەدەورى خۆیاندا دروست دەکەن یان کەسانى دەوروبەریان لە هەلپەرست و گەندەڵ و مشەخۆرەکان بۆیان دروستدەکەن و لەبارچاوى خۆیانیشدا خۆیان لێ گەورە دەکەن و لە زۆرینەى جەماوەر دایاندەبڕن و دەیانگەیەنن کەشکەلانى ئاسمان و بەرزیان دەکەنەوە و دەیانخەنە (ێەومەعەیەکى) داخراوى لە خوا و لەجەماوەریش دوور، ئیدى لێرەوە مەینەتیەکانى نیشتمان دەستپێدەکات و چەندین چینى جیاواز دروست دەبێت و ململانێ چینایەتیەکان سەرهەڵدەدەن و کۆمەڵگاش شەقار شەقار دەبێت، چینێکى دەسەڵاتدار و خۆ بەزلزان و مەغرور و بێ منەت لەگەل و نیشتمان لەسایەى دەسەڵات و پۆست و پلە و ئیمتیازاتەکانەوە کە دوور لە مافى ڕەواى خۆیان بەدەستیان هێناوە، چینێکیش هەمیشە سووتەمەنى خەبات و خۆپیشاندان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بوە لەلایەک دژ بە داگیرکەرانى دەرەکى و دواتریش لەسەردەمى حوکمڕانى خۆیەتیدا دەبنە سووتماک بۆ هەوەس و ئارەزووەکانى شۆڕشگێڕانى دوێنێى نیشتمان  و خۆسەپێن و تاکڕەوى دەسەڵاتى ئەمڕۆ، ئیدى ئەم دوو چینە دژ بەیەکە نیشتمان دابەش دەکەن لەنێو خۆیاندا، چینە کەمینە دەسەڵاتدارەکە بەناوى (شەرعیەتى شۆڕشگێڕیەوە) هەموو حەرام و تابۆکانى نیشتمان بۆ خۆیان حەڵاڵ دەکەن و لەزۆرینەى جەماوەرى بەش مەینەتى حەرام دەکەن، ئیدى لێرەوە نیشتمان نابێتە هى هەموان وەک یەک وبەیەکسانى، چونکە هەموان لەسایەى ئاسمان و لەسەر زەمینى نیشتماندا هەست بەیەکسانى و دادپەروەرى ناکەن و ئازادى و مافەکانیان لێ زەوتکراوە و تەنها لەکاتى تەنگانە و شەڕ و جەنگە ناڕەواکاندا نیشتمان دەبێتە هى زۆرینەى بێ دەسەڵات کە هەمیشە سووتەمەنیەکى هەرزانکراون بۆ قوربانیدان و خۆشکردنى گڕى جەهەنەمێکى ب ناڕەوا داگیرساو کە تەڕو وشکى نیشتمان پێکەوە دەسوتنێنێت.
ئاخر بەچى نیشمان ببێتە هى هەموان؟ لەکاتێکدا ئیمتیازات و خۆشیەکانى ژیان تەنها بۆ کەمینەیەکى دەسەڵاتدار لە سەرکردە و حیزبەکان بێت و زۆرینەش لێى بێبەش بن،لەکاتێکدا ئەو کەمینە گەندەڵ و خۆسەپێن و پاوانخوازانە کۆنتڕۆڵى تەواوى جومگەکانى ژیان و گوزەرانى نیشتمانیان کردبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا زۆرینە لەو نیشتمانەدا بێ بەشکراو وبرسى و کرێنشین بن،ئیدى چى دەیانبەستێتەوە بەو نیشتمانە و چۆن ئینتیمایەکیان بۆى هەبێت؟
کەواتە تا سیستەمێکى حوکمڕانى ڕەشید و ژیر و دیموکراسى تەواو نەچەسپێت کە هەموان وەکویەک هەست بەیەکسانى ئەرک و مافەکانیان نەکەن و دادپەروەرى نەبینن لەکار وکردەوە و دابەشکردنى خێروبێرى نیشتماندا و نیشتمان نەبێتە بەهەشتێک بۆ خۆیان ونەوەکانیشیان هەرگیز نیشتمان نابێتە هى هەموان و ئەوکاتیش هەرکەسە دەیەوێت چیتر لەو نیشتمانەدا نەمێنێتەوە و خۆى لێ ڕزگار بکات و بەجێى بهێڵێت.
بەداخەوە سەرکردە و حیزب و شۆڕشەکانى کورد بەگشتى لەهەر چوار بەشەکەیدا و بەتایبەتیش لە باشوورى کوردستاندا هەر لە قۆناغى شاخ و شۆڕشەوە تاکو ئێستاى سەردەمى حومکڕانى و دەسەڵاتدا، نیشتمان هەر بۆ کەمینەیەکى دەسەڵاتدار بوە و زۆرینەش خۆیان بەبێگانە زانیوە، هەربۆیەش نیشتمان سەرناکەوێت و پێشناکەوێت و لەبازنەیەکى بۆشدا دەسوڕێتەوە و زۆرینە تیایدا هەست بە ئەمان و ئاسایش ناکات، چونکە سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان هێندەى بۆ بەرژەوەندى کەسى و بنەماڵەیى لەهەوڵدان نیوهێندە لەخەمى زۆرینە و نیشتماندا نین، ئەوەندى بەرژەوەندیە تەسک و بچوکە حیزبى و سەرکردەیى و بنەماڵەیى و ناوچەییەکانیان لامەبەستە نیوهێندە بەرژەوەندى باڵاى گەل و نیشتمانیان لا پیرۆز نیە. جا تا ئەوکاتەى کە هەموان وەکو یەک لە پێناو نیشتماندا قوربانى نەدەن هیچ کات نیشتمان نابێتە هى هەموان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت