ئیبراهیم عەباس: هۆکارەکانی جورئەتی شەقدان لە مامۆستا!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش ئەوەی ناسنامەی پیاوە شەقوەشێنەکەی ماڵی بارزانی ئاشکرابێت، وەزیری پەروەردەو پارێزگاری هەولێرو کادرانی بنەماڵە چەندان لێدوانیاندا کە گوایە بەدوای شەقوەشێنەکەی سەر مامۆستاکەی هەولێردا ئەگەرێن و نازانن کێیە؟!، ئەشیان وت ئەمە دوورە لەرەفتاری هێزە چەکداراکانیان؟! ئاخر بەدەر لەو هەموو کاردانەوە جەماوەرییەی لەم کارە شەرمهێنە کەوتەوە، مەسعود بارزانی ترسی سپی بوونەوەی ئەو ناراستیانەی هەبوو کە دوو دەیە زیاترە ئەیانکات، سەردەمانێک ئەیوت بەلایەوە ئاسایە حەرەسی بەردەرگای زانکۆبێت و رۆژگارێکیش ئەیوت هەموومان قەرزباری مامۆستایانین! بەڵام بینیمان پەروەردەی حزب و رێبازەکەیان چ مرۆڤێکی شەقوەشێنیان دەرهەق بە مامۆستایان بەرهەمهێناوە.
هەرزوو دەرکەوت شەقوەشێنەکەیان نەک هەر چەکدارە، بەڵکو پلەی عەقیدی هەیە و یەکێکە لەو کەسانەی کە ماڵی بارزانی بۆ لێدانی خەڵک پەروەردەو بەخێویان کردووەو هێندەش نازدارە لایان کاتێک تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی هاتووە، مەسعود بارزانی، سیداد بارزانی برای راسپاردووە بۆ ئەوەی کێشەکە کۆمەڵایەتییەکەی بۆ چارەسەر بکات و هەر ئەوەندەشنا پارەی سوڵحەکەشیان بۆ داوە؟!
ئایا بەراست ئەم کولتوورە چییەو بۆچی مامۆستایان لای بنەماڵەی بارزانی هێندە بێ قەدرن، بەوەش رازی نین کە زۆرترین پاشەکەوتی زۆرە ملێی مووچەیان لە پارەی ئەوان کردووە، بگرە کە بە بەقەڵەم و ماجیک هاتنە سەر جادە، جەلەلادە پەروەردەکراوەکانی بنەماڵەکەی خۆیان ناردەسەریان و ئەوانیش بێ روحمانە بەچەک و چەقۆ و بۆکس و شەق کەوتنە گیانی ئەو مامۆستایانەی گوایە هەموویان قەرزباریانین؟!.
کولتووی بەسوک سەیرکردنی مامۆستاو خوێندەوارو رۆشنبیران بەرهەمی رێبازی بارزانی باوکەو مەسعود بارزانی و کوڕانی تری بنەماڵە درێژەیان پێداوە، ئاخر خۆ ئەمە سودفە نییە کە ماڵی بارزانی پیاو و ژنیان نەخوێندەوارن و بەدەگمەن ئەتوانن زانکۆ بخوێنن، ئەوە لە نووسەرو مامۆستا و رۆشنبیر هەر بگەڕێ کە هەگیز لەناویان هەڵنەکەوتووە، بەڵام لەسایەی دەستگرتن بەسەر داهاتی خەباتی رەوای خەڵکی کوردستان، منداڵ و هەرزەکارەکانیشیان وەکو خۆیان ملیاردلێری دۆلارن و لە زیاتر لە نیوەی گۆی زەوی سەرمایەیان ئەگەڕێت.
خودا خێر حزبی هیواو چەند مەلایەکی شاری سلێمانی بنووسێت کە لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوو کاتێک بەهۆی یاخیگەری لە حکومەتی پادشایەتی عێراق مستەفا بارزانی بۆ شارەکەیان دوور خرابووەو فێری کەمێک نووسین و خوێندنەوەیان کرد، گەرنا هەرگیز نەیدەزانی قەڵەم بە پەنجەکانی بگرێت، هەرچەندە ئەو نەخوێندەوارییە بووە رێبازی ئەم بنەماڵەو هیچیان تاقەتی خوێندنیان نەبوو، چونکە بەناوی کوردایەتی کەوتنە لەوەڕان لەسەر ماڵی خەڵکی کوردستان و پێویستیان بە خوێندەواری تەنها بۆ ئەوەندە ما، کە بزانن بنووسن و بخوێنەوە و حساباتی پارەی پێ بکەن. تەنانەت مەلا مستەفا هێندە پێ ناخۆشبووە کە پێیان وتووە مامۆستا کاتێک ئەو وشەیەیان بۆ بەکارهێناوە وتوویەتی حەسەن زیرەک مامۆستایە، دواتریش کە لە 1964 شۆڕشی کوردی کردە دوو بەشەو هەرکەس بە مستەفا بارزانی بوتبایە مامۆستا ئەیوت برایم ئەحمەد مامۆستایە!.
ئاخۆ ئەچێتە بابی سودفە کە بێ هیچ هۆیەک، مەسعود بارزانی لە شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستبەرداری خوێندن بوو؟ ئەی نێچیرەڤان و سیداد و کورەکانی تری بارزانی چ بەهانەیەکیان هەبوو کە نەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن؟ تاکە خوێندەواری بنەماڵەکەیان کە زانکۆی خوێندووە مەسرور بارزانیە، کە لەراستیدا لە هەموویان نەخوێندەوارترە و کوشتنی قوتابی زانکۆ لەسەر وتارێک، مەسرور بارزانی دایهێنا.
لەراستیدا ئەبێت شەقوەشاندن لەمامۆستایان بەشتێکی نامۆ نەبینرێت، چونکە عەقڵی خێڵ و خێڵگەری هەر ئەتوانێت ئەمە بەرهەمبهێنێت، ئەرکی مامۆستا و رۆشنبیری کوردە لێرە بەدوا هەروەکو چۆن زانست و زانیاری فێری خوێندکارو خەڵکی کوردستان ئەکەن، وانەیەکیش لەسەر مەترسی باڵادەستی خێڵگەر لەسەر حوکمڕانی و خەڵکی کوردستان فێری نەوەکانی داهاتوومان بکەن، بۆ ئەوەی رێزو کەرامەت و بەهای مامۆستایان چیتر لکەدارنەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت