لەڤەنت گولتەکین: ئەو سەرکردەیەی ململانێ لەگەڵ خەڵکی خۆیدا دەکات!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی لە تورکییەوە: شکۆ کاوسێن
سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان وە لە هەمان کاتدا سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان هەموو ڕۆژێک چەند جارێک وتار دەدات. لە هەر وتارێکیدا کۆمەڵێک وشەی ئازاربەخش بەرامبەر توێژێکی کۆمەڵگا واتە بەرامبەر خەڵکی ئەم وڵاتە دەردەبڕێت کە دەبێتە مایەی دودڵی و ڕاڕایی. بەرامبەر ڕۆشنبیران، نوسەران، گەنجان، ژنان، کاسبکاران و چەندانی تر.
هەرکەسێک ئازار دەدات کە ناڵێت” باشە سەرۆک تۆ لە هەموان گەورەتری، تۆ لەسەر حەقی، تۆ تاکە کەسی ڕاستیت”. ئەگەر سەیری تۆنی دەنگ و ئەو وشە ڕەق و هەڕەشانەی بکەیت کە لە قسەکانیدا بەکاریدێنێت وا دەزانیت کە ئەم قسانەی بەرامبەر دوژمنێک دەکات.
لە شەڕکردن بێزار نابێت. لە سوکایەتی کردن تێر نابێت. شەرم ناکات لە هەڕەشەکرن لە خەڵکی بێ دەسەڵات و باجیان پێدەدات بە بەکارهێنانی هێزی دەوڵەت. بۆ نمونە لەم ڕۆژانەی پێشودا ئەم قسەیەی کرد ” ئەو کەمایەتیانەی’ بەیئۆغڵو’ یان بە ئەدەبەوە ژیانیان بەسەربەرن یانیش گوێچکەیان دەگرین و هەڵیان دەدەینە ئەو شوێنەی کە شایستەین ” . بۆ کەسێک کە گەیشتۆتە مەقامی سەرۆکایەتی قسەیەکی ئاوا بەرامبەر بە خەڵکی خۆی بکات بەڕاستی سەیرە.
سەرەڕای ئەو هەموو نادادپەروەریەت، سەرەڕای ئەو هەموو بێ قانونیەت، سەرەڕای ئەو هەموو قسە و کردارانەت کە مرۆڤ شەرمەزار دەکەن دەبێ چیان کردبێ ئەو کەمایەتیانە کە قسەیەکی وا بێ نەزاکەتیان بەرامبەر دەکەی؟
بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کە پەیڕەوی دەکەی زیان بە ژیانمان و بە وڵاتەکەمان کەوتووە. لە کاتێکدا کاری سەرەکیت ئاسانکردنی ژیان و خزمەتکردن و خستنی ئیشەکانە بۆ سەر سکەی خۆی، کەچی هەم ژیانمان لێ قورس دەکەی وە هەم سوکایەتی بە خەڵکەکەت دەکەی. لە بەرامبەر هەموو ئەوانە ئێمە بێدەنگ بین؟ لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە وڵاتت گەیاندوە ئێمە ڕەخنە نەگرین؟ ناتوانین بڵێین ” پشتی چاوت برۆیە” ؟ بۆچی نا؟
ئەم وڵاتە هی هەموانە. هەموان ئاوەزیان هەیە. هەموان بۆ باشترکردنی ئەم وڵاتە وتەیەک، بیرۆکەیەکیان هەیە. هەڕەشەکردن و سوکایەتیکردن بە هەر کەسێک کە بڵێ ” ئەمەی دەیکەی هەڵەیە” یان کەسێک کە بیرۆکەیەکی جیاواز لەوەی تۆ بەیان بکات عادەتی کەسێکە کا باوەڕی بەخۆی نیە و لەو ئیشە بەگومانە کە دەیکات. کۆنتڕۆڵکردنی میدیای ئازاد، ڕێگەپێنەدان بە بانگهێشتکردنی ئەو کەسانەی کە جیاواز بیردەکەنەوە بۆ سەر شاشەی تیڤیەکان، بێجگە لەو قەدەغەکردن و ڕێگەپێنەدانە بچووکترین ڕەخنەش سەرکوتدەکرێت. هەموو ئەمانە هەوڵێکن بۆ شاردنەوەی هەڵەکان لە کۆمەڵگا و لە خەڵک. ئەوە نیشاندەدات کە دەترسن لەوەی خەڵک بە ڕاستیەکان بزانن. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی ‘ بۆغازئیچی’ دەمەقاڵێیان بووە لەسەر بابەتی ئۆپەراسیۆنی عەفرین. گروپێکیان بەبۆنەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە ئاهەنگیان گێڕاوە و شیرینیان بەخشیوەتەوە، گروپێکی تریشیان ئەم کردەوەیەیان بە شتێکی نەشیاو زانیوە و ڕەخنەیان لێگرتوە. هەردولایان ئازادن لە بیر و ڕا. لە کاتێکدا بەشێکیان پێیان وایە ئەمە قارەمانێتیە، بەشێکی تریان پێیان وایە ئەمە لامان دەدات لە ئاشتیخوازی. تەنها ئەمەیە. بەڵام ئەردۆگان نەوەستا، بۆ چەندەها ڕۆژ ئەم دەمەقاڵێ سادەیەی نێوان کۆمەڵێک خوێندکاری کردە کەرەستەی وتاری کۆنگرەی حزبەکەی لە شار و شارۆچکەکان. لە سەرجەمی وتارەکانیدا هەڕەشە و سوکایەتی داباراند بەسەر ئەو کۆمەڵە گەنجە. دەڵێی ئەم گەنجانە ڕۆڵەی ئەم وڵاتە نین، بەڵکو سەربە هێزە داگیرکەرەکانن. بەوەشەوە نەوەستا، بۆ ڕۆژی دواتر هێزەکانی پۆلیسی ناردە سەر ماڵەکانیان و هەموویانی دەستگیر کرد و خستنیە ژێر چاودێریەوە. وە بەوەشەوە نەوەستا، ڕایگەیاند کە ئەم خوێندکارانە شایەنی ئەوە نین بخوێنن و بڕیاریدا ڕوناکی ژیانیان بکوژێنێتەوە. سەیری ئەو توڕەییە بکەن، ئەو کردەوە ترسناکەی کە بەرامبەر ڕۆڵەی ئەم وڵاتە دەیکات.
سەرچاوەی ئەمە چیە؟ دوژمنایەتی سەرۆککۆماری وڵاتێک بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە دەبێ لە کوێوە و لە چیەوە سەرچاوەی گرتبێت؟ با بڵێین ئەم گەنجانە لە کاتی ئیعتیراز گرتنیاندا سنوری خۆیان تێپەڕاندووە. ئایا هی ئەوەیە کردەوەیەکی لەم شێوەیە دوژمنانە لە دژیان پەیڕەوکەیت و مۆری تیرۆریستیان لێبدەیت و دەوڵەتێکی گەورە بخەیتە دوای چوار پێنج گەنج؟ ئەوانەی سوکایەتیت پێکردون و بچوکت کردونەتەوە و هەڕەشەت لێکردون ڕۆڵەی ئێمەن و برای ئێمەن. بە قەڵاچۆکردنی ئەوان بە کوێ دەگەیت؟
وەک یەک سەیر نەکردنی میللەت، سەیرکردنی هەندێکیان بە چاوی دوژمنانە، هەبوونی ڕق و کین لە دژیان بابەتێکە کە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە. شتێکی ئاسایی نییە. بە دوژمنایەتی کردنی نیوەی خەڵکی ئەم وڵاتە هەرگیز ناگەیت بە ئارامی و هەبوویی. چونکە ئەگەر وڵاتێک نیوەی دڵی ناخۆش بێت و بەشێکیشی نائارام بێت و بەشێکی تریشی هەست بە دۆڕاوی بکات، ئەو وڵاتە هەرگیز ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. ئەو وڵاتە گەشە ناکات. ناتوانێت خۆی بەهێز بکات. وە ناتوانێ بەردەوامی بە هەبونی خۆی بدات. سەرۆککۆمار لە جیاتی خەریکبوون بە سێکتەری پەروەردە و کشتوکاڵ، لە باتی خەریکبون بە قەیرانی ئابووری و هێنانەوەی دادپەروەری کە بوونی نەماوە، لە باتی سەرفکردنی وزەی خۆی لە زیادکردنی ئارامی و هەبوویی بۆ وڵات، خەریکی سەرفکردنی وزەیە لە ململانێ کردن لەگەڵ نیوەی کۆمەڵگاکەی. سەرۆککۆمارێک کە لایەکی وڵاتەکەی بە دوژمن بزانێت، بێجگەلە زیان بەخشین بەو وڵاتە هیچی تر ناکات.
هەموو ئەو ڕەخنانەی وەک ” نەیکەی” ، ” مەیکە”، کە ئێمە لەوی دەگرین هیچ مانایەک بۆ ئەردۆگان ناگەیەنێت ئەوە دەزانم. هێشتا بەو ئاستە پێنەگەیشتوە کە گوێ بۆ ڕەخنە و ئاگاداریەکان ڕادێرێت و بڵێت ” تۆ بڵێی بە هەڵەدا چووبم؟ “. خۆی وەک تاکە کەسی ڕاست، وە تاکە کەسی ئاقڵ، وە تەنانەت وەک تاکە خاوەنی ئەم وڵاتە دەبێنێت. هەرچیەک بنوسین بچووکترین کاریگەری لەسەر ئەردۆگان نیە. ئامانجی ئەم نوسینەی من ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ ترسناکی ئەم وەزعە. دەستێکم هەبێ لە زیندو هێشتنەوەی بەرەنگاری، وە لە نەهێشتنی خەڵک بە ڕازیبوون بەم کەشە نائاساییە.
چونکە دەستگرتنی دەسەڵات بەسەر تەواوی میدیاکان، دەرکردنی یاسای نا دیموکراتی لەسەر هەڵبژاردنەکان، لە پەل و پۆ کەوتنی قانوون، لەناوچونی بەهاکان، ڕۆشتنی ئابووری بەرەو قەیران، ئەو حەسارەی کە دروستبوە لە ئەنجامی سیاسەتی شەڕانی دەرەوە، وە هەوڵی بەدوژمنکردنی لایەکی کۆمەڵ لە لایەکەی تر، هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەیە کە وڵات بەرەو هەڵدێر دەڕوات.
پێویستە جیاوازیەکان بخەینە لایەک و شان بە شانی یەکتر و دەست لە ناو دەست ئەم ڕۆژە پڕ لە کابوسانە تێپەڕێنین. ناتوانین بە ترسەوە، بە بێچارەییەوە چاوەڕێی ئەوەبین تا سیاسیەکان هۆشیان دێتەوە سەرخۆیان. ڕزگارکردنی وڵات لە دەست ئەو ئایدۆلۆژیەی کەپێی وایە سیاسەت بریتیە لە جیاکاری و شەڕ و دوژمنکاری لە دەستی ئێمەدایە.

سەرچاوە:
http://www.diken.com.tr/kendi-halkiyla-mucadele-eden-cumhurbaskani/

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت