نەوید دانشپویان: لۆمپەنیزمی سیاسی لە دیوەخانی کوردایەتی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شرۆڤەیێکی کۆمەڵناسی، ڕەوانشناسی لە سەر لۆمپەنیسمی تەبلیغاتی دیوەخانی کوردایەتی بنەماڵەی بارزانی و هێزە سێبەرەکانی

لە كۆمەڵناسی سیاسی دا یەكەم جار کارڵ مارکس دەستە واژەی لۆمپەن پرۆلتاریای ئافراند و بەکاری هێنا.
توێژێک كە پێگەی كۆمەڵایەتی چینەكانی خوارەوەی كۆمەلگای هەبوو، بەڵام لەبری هاوڕێیی وهاوكاری چینی هاوچەوساوەی خۆی مەیلی لە مقاشبوون بوو بۆ چین وهێزە کۆنەپەرەست و توتالیتەرو سەركوتكارەكانی كۆمەڵگا.
لۆمپنەكان لە بنەڕەتەوە ئەوانەنن كە لە وشیاری درۆینە و پیشە نەشیاوەكاندا ئەسیر دەبن و دەبنە گورزی سەركوتانەوەی رووناكبیران و چەوساوان و هەڵگرانی باوەڕی ئازادی و دیموكراسی. لە سەنگەری داگیركاریی چینایەتیدان و دەتوانن یەك لە فاكتەرەكانی سەر هەڵدانی فاشیزم بن .
ماركس ئەمانە بە دەستەیێکی كۆمەڵایەتی كرم خواردوو،گەنی و گەندەڵ و لاوانی لەڕێگا دەرچو پێناسە دەکا.
بەئاورێك لە دەوروبەری خۆمان كەم لە شوناس وكرداری ئەم توێژ ودیاردەیە نابینین.
ئەوانەی بە ئاشکرا مێژوو چەواشە دەکەن و پینە بۆ خیانەتە مێژوویەکانی بنەماڵەیێک دەکەن و خۆ لە دیپلۆماسییەتی پڕ لە کارەساتی نادەن و باس لە دەسەڵاتی پڕ لە دزی و گەندەڵی ئەو لایەنە ناکەن! بەدەستەوەدانی شەنگال پەردەپۆش دەکەن و ویژدانیان دەخەوێنن لە ئاست ژنان و کچانی شەنگالی کە بەبێ بەرگری تەسلیمی داعش کران! ئەوانەی باسی دزی نەوت و داهات نیشتمانی ناکەن،
ئەوانەی چاو دەقوچێنن و بە سەر جەنازەی کاک سلێمانی موعینی، خەلیل شەوباش، سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەدی خودایاری، سالح لاجانی و هاوڕێیەکانی دا باز دەدەن و دەورەی قیادە موەقەتەی مەسعود و ئیدریس و جاشایەتی و پاکسازی لە ڕۆژهەڵات و کوشتاری بە کۆمەڵی پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵە لە ورمێ و شنۆ و خانێ بە کوردایەتی ڕەسەنی بارزانیەکان ناوزەد دەکەن.
ئەوانەی کارەساتی حەکاری(١٩٧٨) ٣١ی ئابی( ١٩٩٦) پەلکێشکردنی لەشکری تورک بۆ قەندیل (١٩٩٢ تا ١٩٩٩ )داخستنی دەروازەی سیمالکا بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوا، دروست کردنی پێشمەرگەی ڕۆژ بە هاوکاری تورکیا بۆ تێکدانی شۆڕشی ئەودیو و …بە سیاسەتی حەکیمانەی بارزانی دەناسێنن.
ئەوانەی دو مانگ بەرگری جبهەیی لە کێوی جاسوسانی٢٠١١ بە فرۆشتنی قەندیل پێناسە دەکەن و چاوە پڕ لە ڕیپۆقەکانیان ١٨ پایگای تورکیا نابینن کە نە لە ئاکامی شەڕ و بەرگری بەڵکە لە درێژەی خەیانەتەکانی بنەماڵەیێکی گرێدراوی داگیرکەران دا پەلکێشی بادینان کراون!!!
تایبەتمەندیەکانی لۆمپەنیزمی دیوەخانی کوردایەتی

A- پایگای فکری سیاسی
پایگای فکری سیاسی لۆمپەنەکان هێز و حیزبی ڕاستگەرا و سونەتین( ڕاستی سوننەتی). دژایەتی لە گەڵ چەپ و نوێخواز پێناسەیانە. لەخۆڕا نیە زۆرینەی لۆمپەنەکان لە باشور سەر بە بنەماڵەی بارزانین و لە ڕۆژهەڵات سەر بە دێموکڕاتن و لە ڕۆژئاوا سەر بە ئە.نە.کەسە و لە باکور سەر بە ئا.کە.پە و پارتی دیموکڕاتی تورکیا و هاکپارتین و هەموی ئەم هێزانەش لە یەک خەتی فکری و کەلتوری و سیاسی دان و یەکتر ساپۆرت دەکەن.

B – باوەڕ و فکری مەزهەبی
سونیگەری بەشێکی گرینگی پێناسەیانە، تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەت هێزێکی سێکۆلاریش بن وەک حیزبی دێموکرات کە لە ساڵی ١٩٨٠وە بۆتەخاوەنی ڕادیۆ و … بەرنامەکانی بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەست پێدەکات بەڵام تا ئێستا جارێکیش لە دەنگی قورئانخوێنێکی شیعە کەڵک وەرنەگیراوە(بەشی زۆری کوردەکانی کرماشان شیعەن و ئیلام،بەختیاری، لەک و ڵووڕیش بە گشتی شیعەمەزهەبن و قاڕی گەورەشیان تێدا هەڵکەوتوە)
حیزبایەتی فیئۆداڵی دوای شەڕی جیهانی دوهەم لە بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە دیوەخانەکانی موکریان و بارزان دا هاتە بوون(١٩٤٦-١٩٤٥) دانیشتوانی ئەم دو شوێنە بە گشتی سونی مەزهەب بون. لە ئاکامدا دێموکڕاتەکانی هەردوک لا سونی دەرهاتن. ئێستاش ئەم دێموکڕاتانە بۆ ناوزڕاندن و دەمکوتکردنی لایەنی سیاسی بەرانبەریان تۆمەتی شیعە گەری دەخەنە پاڵی. لێرە دا لەبیریان دەچێتەوە کە خۆیان بە حیزبێکی نەتەوەیی ناساندوە ئەمە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە نیوەی کوردی ڕۆژهەڵات شیعە مەزهەبن و بە گشتی یەک لە سێی کوردانی جیهان شیعەن و حیزبێکی نەتەوەیێ نابێ جیاوازی دینی و مەزهەبی گەورە کاتەوە و ببێتە هۆی پەرتەوازەیی و لەتبونی گەلەکەی.
لە پرۆپاگەندە و تەبلیغاتی دژی حیزبە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان دا پەنا دەبەنە سادەترین خاڵی سەفسەتە کە بریتیە لە ڕەش کردنی لایەنی بەرانبەر. بۆ ئەم مەبەستە درۆ و بوختانیش بە ڕەوا دەزانن . مەسەلەن پ.ک.ک و ی.ن.ک و گۆڕان تۆمەتبار دەکەن بە گرێدراوی بەرەی شیعە و ئێران و سپای قودس و قاسم سلێمانی و سەحراڕودی و … بەڵام لەبیر خۆیان دەبەنەوە کە ئەو زەمانەی ئاغاکانیان(بنەماڵەی بارزانی) لە ژێر فەرمانی سپای قودس و قەرارگای حەمزە و ڕەمەزان پێشمەرگەی دێموکڕات و کۆمەڵەیان قەتڵ و عام دەکردن و ورمێ، شنۆ، خانێ و مەریوانیان بۆ سپای پاسدارانی ئێران پاکسازی دەکرد (١٩٧٩- ١٩٨٤) پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی شان بە شانی دێموکڕات و کۆمەڵە بەرگریان لە ڕۆژهەڵات دەکرد و قوربانیان دەدا.
هەرچە ند کە بارزانی لە ١٩٩٥ ئاغای یەکەمی خۆی لە ئێرانی شیعەوە گۆڕی بۆ بەرەی سونی تورکیا و ئیخوانولموسلمین و … بەڵام ئێستاش لە لایەن ئێرانی شیعە ڕا زیاتر متمانەی پێ دەکرێت تا بە یەکیەتی و گۆڕان و …. هیچکەس کۆشک و قەڵای مەسعود بارزانی لە سەری ڕەش نەدیتبو چونکە وەک شاری مەمنوعەی ئیمپڕاتورانی چینی بۆ دیتنی خەڵک قاچاغ بو، بەڵام لە سایەی سەفەرەکانی قاسم سلێمانی و جەعفەری سەحراڕوودی بۆ ئەم کۆشکە، فیڵم و وێنەکانی بڵاو بونەوە…. کوردەکان دیتیان کە دیوەخانی کوردایەتی لە گەڵ کۆشکەکانی سەدام و شاهانی سەردەم چاوەبڕکێ دەکات.

C- ئاستی بیر و توانایی زانستی لۆمپەنەکانی دیوەخان
لۆمپەنەکانی دیوەخان لە شرۆڤە و بیری زانستی و منتقی دا کورتەباڵان،هەر بۆیە سەرەڕای زۆر وێژی نەیانتوانیوە تەنانەت یەک بەهەمی فکری کە لە چوارچێوەی زانستی دا داڕژابێت ڕەوانەی کۆمەڵگا بکەن. بەڵام لە سەفسەتە بازی و عەوامفریوی دا بە توانان.سەفسەتە لە یونانی کۆن دا لە لایەن فیلسوفانی سوفستایی پێش سوقڕات لە 17 خال دا تیئۆریزە کراوە کە ئاسانترین بەشی خاڵێکە بە ناوی خراپ کردن و ڕەش کردنی لایەنی بەرانبەر لە جیاتی نەقد و شڕۆڤەی فکر و کردار و بەرنامەکەی.ئەم خاڵە ٩٠٪ی کۆی گشتی تەبلیغاتی لۆمپەنەکانی دیوەخانی کوردایەتی پێک دێنێ.
مەلا مستەفای بێسەواد لە فەلسەفە و زانست دا کۆڵەوار بو، بەڵام لە مەیدانی زمانشڕی و سەفسەتە دا توانایی زۆری هەبو.بە جۆرێک ئێستاش چل ساڵ دوای مەرگی قۆڕیات و دەستەواژە کورتەکانی نەقڵی مەجلیسانن.بۆ نموە سەبارەت بە بەشداری ژنان لە شۆڕش دا دەیکوت: ژن دەبێ شێوێ خۆ بکا، قاپێ خۆ بشوا، نانێ خۆ بکا و گانێ خۆ بدا. هەرکەسێک سەر ڕوت بایە پێی دەکوت قوندەر.( چینی خوێندەوار کە پێچ و کڵاو و دەسترە و جامانەی لە سەر نەدەنا پێیان دەکوتن سەرڕووت) جیابیرەکانی بە جاش ناوزەد دەکرد لە حاڵێکدا بۆخۆی گوێ لە مستی شای ئێران و میتی تورک بو. لە پێش چاوی هەمو دونیا ٤٥ شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی ڕادەستی ساواکی ئێران کردەوە و ڕێبەرەکانیشی (کاک سلێمانی موعینی، سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری ) کوشت و ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کورستانی تورکیا(سەعید ئاڵچی و دوکتور شوان) بە دەستوری میتی تورک تیرۆر و ئیعدام کردن. مەلامستەفا تەنانەت شاعیری گەورەی وەک مامۆستا هەژاریشی تا ئاستی شایەری دیوەخان بچوک کردوە. ئاوڕیک لە چێشتی مجێور و دەمەتەقەکانی ناو دیوانەکەی ئەم بۆچونە پشتڕاست دەکاتەوە.
دوکتور قاسملو لە ڕۆژهەڵات خزمەتی زۆری بە لۆمپەنیسمی سیاسی کرد. تەنانەت زۆر دەستەواژەی تازەی خوڵقاند و ئەدەبیاتی فەقیری کوردی پێ دەوڵەمەند کرد. مامۆستا شێخ عێزەدینی بە ساواکی و کۆمۆنیست ناوزەد کرد. پێناسەی ئانارشیست، دۆنکیشۆت و پۆلپۆتی بۆ کۆمەڵە دۆزیەوە. ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕاتی بە جاش موجاهید و لادەر ناساند. مامۆستا هێمنی بە پیرە جاش و گروهی حەوت کەسی ڕێبەرایەتی پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری بە جاش و خۆفرۆش لە قەڵەم دان.

D- پێگەی چینایەتی دەرەبەگی+ سەرمایەداری تیجاری دەڵاڵی
بەشێک لە ڕێشەکانی لۆمپەنیسمی تەبلیغاتی حیزبە ڕاستگەرا و سونەتیەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی ئاغا و ڕەعیەتی. چونکە دو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکڕاتی ئێراق لە دەورەی دەرەبەگی دا ساز بوون و ناسراوترین ڕێبەرەکانیشیان مڵکدار یان کوڕە ئاغا بوون. لەم دەورەیە دا هیچ بنەماڵەیێک نەبو کە نێو و ناتۆرەیێکی سوکی بەسەر دا نەسەپابێ. وەک گوێ پان، مل دەزوو، چاو زەق، حەمە بزنە. کڵاو لۆتی و … تەنانەت مشک و مار و ڕێوی و جشک و مێروو و کرم و قالۆچە و زۆربەی حەیوانەکانیش ناوی خۆیان لەم لیستە دا دەدۆزیەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی بوە تا ڕەعیەتەکان خۆیان بە بچوک و سوک بزانن و نەخەڵەتابن ڕۆژێک فکری دەرچون لە باج و خەراج و بێگاری ئاغا بکەنەوە. هەر وەک چۆن ئاغا بۆ درێژە دان بە ئاغایەتی نیازی بە نۆکەر، گۆپاڵبەدەست، شایەر و مەلا هەبوە، حیزبە کلاسیکەکانی کوردستانیش کە نوێنەری بەژوەندی چینی باڵادەستی کوردستانن نیازیان بە لۆمپەن، چەقوکیش،تیرۆریست، شایەر، خۆفرۆش، جاسوس و بە گشتی کەسانی نەفس نزم و ئەنگەل هەیە تا بە خزمەتیان بگرن بۆ ئامانجە دژی گەلیەکانیان. (چینی باڵادەستی کۆمەڵگای کوردی بریتین لە : دەڵاڵەکان، پاشماوەی دەرەبەگ و مڵکدارەکان، سەرمایەدارانی تیجاری وابەستە واتە ئەو کەسانەی کاڵای مەسرەفی دروستکراوی دەوڵەتی ناوەند یان جیران لە کوردستان دەفرۆشن و کەرەسەی سەرەتایی بەرهەمهێنانی سەر زەوی و بن زەوی کوردستان بۆ دەوڵەتی ناوەندی یان دەوڵەتی جیران بە قیمەتی هەرزان و هەراج دابین دەکەن)

E-گوێگر و موخاتەبی لۆمپەنەکانی دیوەخانی کوردایەتی
لۆمپەنەکانی دیوەخان گوێگر و موخاتەبی خۆیان لە ناو چین و توێژی کەم سەواد و خەڵکی عەوام و کاڵفام دا دۆزیوەتەوە. کەسانێک کە قسە و سەفسەتەی شەیادەکان باشتر قەبوڵ دەکەن تا مەنتق و زانستی ڕوناکبیر و چەپ و ئازادیخوازەکان. کەسانیک لە چەشنی ئەو خەڵکە ساویلکەیەی کە ڕەسمی مار لە جیاتی نوسینی مار بە سەواد دەزانن….
«لە گوندێک کۆلکە مەلایەک تەنیا باسەوادی دێ بو، خەڵک لە نامە خوێندنەوە تا دوعا نوسین و پێشنوێژی مشتەری ئەو بون، کاتێک بۆ یەکەمین جار جەوانێکی شار وەک مامۆستای قوتابخانە چو بۆ ئەم دێیە، کۆلکە مەلا هەستی بە خەتەری گەورە کرد ، چونکە باسەوادبونی خەڵک دەبو بە هۆی لە دەست دانی شوغڵ و نان و ڕۆنی ئەو، هەر بۆیە پیلانێکی جێبەجێ کرد، لە کاتی وانە وتنەوەی مامۆستا چو بۆ قوتابخانە ، بە مامۆستای کوت بنوسە مار، مامۆستاش لە سەر تەختە ڕەشەکە نوسی مار، کابرای شەیاد گێچی هەڵگرت و لە جیاتی نوسینی مار ڕەسمی مارێکی لە سەر تەختە ڕەشە کێشایەوە و بە خەڵکی کوت : خەڵکینە خۆتان قەزاوەت بکەن ئایا ئەوەی مەعەللیم نەسیویەتی مارە یان ئەوەی من؟ هەمو خەڵکەکە بە یەکدەنگ وتیان هی تۆ دروستە. نارەزایی دژ بە مامۆستای گەنجی بەستە زمان ساز بو تا ڕادەیێک ناچار دەبێ دێ بەجێ بێڵێت و کابرای شەیاد بۆ ساڵانێکی زۆر توانی تاقانە باسەوادی دێ بمێنێتەوە و خەڵک بدۆشێ….»

F- زمان شڕی، وەقاحەت، قەڵەم پیسی
تایبەتمەندی دیکەی لۆمپەن حیزبیەکان زمانشڕی و وەقاحەتە، کەم ئاگاهی و کەم خوێندنەوەی خۆیان لەم ڕێکارە دا دەشارنەوە. جوێن، ئیهانەت، بوختان، درۆ و چەواشەکاری ئامرازی هەمیشەییانە.
من خۆم شاهیدی زیندوی ڕووداوێکی خەمناکی ئەم کۆمەڵگایەم کە تودەی خەڵک یان عەوام چەندە لە خەتەری فریو و جەهل دان. ( ساڵی١٣٥٨ هەتاوی بەرانبەری ١٩٧٩ی زایینی لە ئاواییەکی مەهاباد بەینی کچێکی لایەنگری فکری چەپی تودەیی و مەسئولێکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە ناوی مەلا ع بە بەشداری ١٥ نەفەر لە خەڵکی ئاوایی باسی بیرۆکەی سوڕانی زەوی بە دوەری ڕۆژ دا کرا. کچە بە شێوەیێکی زۆر زانستی باسی دەکرد و کابرا لە بەرانبەری دا شتێکی وەهای پێ نەبو بۆ ڕەدکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە. سەرئەنجام مەلا ع کوتی باشە ئەگەر ئەرز ئاوا دەسوڕێ و هەمو شتێکیش لە گەڵ خۆی دەسوڕێنێت ئەی بۆچی جارێک …ی تۆ ناهێنێتە سەر کۆشی من؟! کچە وتی عەقلی تۆ لە نێوەڕاستی لەشت دا گیری خواردوە و ناگاتە ناو سەر و مێشکت بۆیە بەحس لە گەڵ تۆ دروست نیە. کچە رۆییشت و نەمدی قەت خۆ لەم باسانە بداتەوە. بەڵام خەڵکەکە بۆ چەندین ساڵ باسی قسە زانی و عەقڵ و تواناییەکانی مەلا ع یان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە!!!)
بۆ دیتنی قەڵەمپیسی لۆمپەنەکانی دیوەخانی کوردایەتی سەردانێکی فەیسبوکی کەسانی ناو لیستی ئاخیری ئەم وتارە زۆر ڕۆشەنگەرە…

G- نەبونی رۆئیای ئینسانی
بەتاڵ بون لە رۆئیاکانی گەورەی ئینسانی وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سۆسیالیزم، یەکسانی ژن و پیاو.ئازادی و دێموکڕاسی تایبەتمەندی دیکەی ئەم توێژەیە، گەورەترین ڕۆیایان ئەوەیە ئاغاکانیان( بنەماڵەی بارزانی و سەرانی حیزبە ڕاستگەرا و سونەتیەکان) ببن بە خاوەن دەسەڵات و پارە و میرنشینێکی کوردی و خۆشیان ببن بە وەزیر و ڕاوێژکار و دەمڕاستی ئەوان و سواری خەڵک بن لە ڕانتی کوردایەتی بۆخۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بەشدار بن.

H- بەتاڵ بوون لە هەست و سۆز و عاتیفەی مرۆڤایەتی
سەدان ڕووداوی تراژدی هەیە کە لە ئاکامی سیاسەتەتی خێڵەکی بارزانی دا خوڵقاون وەک کارەساتی٣ی ئابی ٢٠١٤ شەنگال و ڕاکردنی بە پەلە و بێ هیچ بەرگریەکی ١٥٠٠٠ پێشمەرگەی پارتی لە بەرانبەر کەمتر لە ١٠٠٠ چەتەی داعش کە بو بە هۆی ئەنفالی ئیزەدیەکان ، بە کۆیلە چونی ٦٣٠٠ کچ و ژن و قەتڵ و عامی ٥٠٠٠ پیاوی ئیزەدی و … ناخی هەمو مرۆڤێکی ڕاستەقینەی هێنایە جۆش، بەڵام لۆمپەنەکانی کوردایەتی ئەم فەزاحەت و خیانەتە نیشتمانیەی سەرۆک بارزانیان وەک سیاسەتێکی دیکەی حەکیمانە لە قەڵەم دا تا بەو هۆیەوە فکری خەڵکی دونیا بۆ لای کورد ڕابکێشی و زلهێزەکانی دونیا بێن کورد بپارێزن و دەوڵەتی کوردیشی بۆ ساز کەن!!!

I- لۆمپەنەکان گۆپاڵی دەستی دەسەڵات
شای ئێران بە هاوکاری لات و لۆمپەنی وەک شەعبان بیمۆخ توانی کودتا بە سەر دوکتور موسەدیق دا بکا و دیکتاتۆری خۆی بۆ ٢٥ ساڵی دیکە درێژە پێ بدات. زۆربەی ئەندامانی سەرەکی حیزبی بەعس لە توێژی لۆمپەن بون. سەرکوتی بزوتنەوەی دانشگاکانی ئێران لە سەر دەستی لۆمپەنەکان ئەنجام دراوە….
ئێستا لۆمپەنەکانی کوردایەتی زۆرتر لە ناو پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و ئە.نە.کە.سەی سوریا دا ڕزق و ڕۆزی خۆیان دۆزیوەتەوە.

J- ئابوری لۆمپەنە کانی دیوەخانی کوردایەتی
لە هەمو شوێنێکی دونیا تێکۆشان لە ڕێگای ئازادی، بەرابەری یان ڕزگاری نەتەوەیی بۆتە هۆی بێکاری، لەدەست دانی شوغڵ، برسیەتی، زیندان،تەنەت لەدەست دانی ماڵ و گیان. بەڵام لە دوای دژە شۆڕشی دەرەبەگایەتی ئەیلولی ١٩٦١ی مەلامستەفا کە سازکراوی دەستی ساواکی ئێران بو، ئەم قاعیدەیە گۆڕانێکی بنەڕەتی بە سەر دا هات. ئەم جارە تێکۆشان لە پێناو ڕزگاری نەتەوایەتی و کوردایەتی! نان، ئاو، کار و ڕۆنی باشی تێدا پەیدا بو. بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چونکە لە زەمانی شا دا مەلامستەفا گرێدراوی شا بوو لە سەرکوتی تێکۆشەرانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکڕات(١٩٦٨- ١٩٦٧) پشکی شێری بەرکەوت و مەسعود و ئیدریس بارزانیش لە سەرکوتی دێموکڕات و کۆمەڵە و پاکسازی ڕۆژهەڵات بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران خوێنێکی زۆریان ڕشت. ئیتر چ لە زەمانی شا و چ لە زەمانی جەمهوری ئیسلامی دا هەڵسوڕاوانی کوردایەتی دیوەخان توشی کۆسپ و باڕن نەهاتن و لافی کوردایەتیشیان لێدەدا و لە بەرماوی دیوەخانەش شتێکیان بەردەکەوت.
ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشور کە لە غەیابی پارتی دا و لە سەر دەستی جەماوەری لایەنگری یەکیەتی نیشتمانی لە ڕانیە و بە پێشەنگی عەلی نەبی و مام جوتیار دەستی پێکرد(دوایە هەردوکیان بە دەستی چەکدارانی پارتی شەهید کران ١٩٩٤) و بە تەرتیب پاریزگاکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوکیشی گرتەوە و سەرئەنجام لە درێژەی کەوتنی دۆمینەواری لەشکری سەدام دهۆکیش بێ کێشە ئازاد کرا. لە حاڵێکدا بنەماڵەی بارزانی زۆرتر تەماشاچی ڕاپەڕین بون لە کەرەج و زێوە و ڕاژانی ورمێ ڕا گەڕانەوە باشور و کەوتنە سەر خوانی حازر.
لەم زەمانە دا بنەماڵەی بارزانی کە پێگەی جەماوەریان نەدەگەییشتە یەک لە سەر پێنجی باشور، بە نۆکەرایەتی ئێران، تورکیا وئێراق خۆیان دەوڵەمەند کرد و بە دەستوری داگیرکەران شەڕی کوردکوژیان بە سەر یەکیەتی و پ.ک.ک دا سەپاند. بە ڕاکێشانی جاشەکانی پێشو و کڕینی خەڵکی برسی و کڕینی قەڵەم فرۆش و گەل فرۆش و مێژوو فرۆش بوون بە هێزی یەکەم و ٨٥٪ی پارە و دەسەڵاتی ئەم دەڤەرەیان بۆ خۆیان قۆرغ کرد.
ئیتر ئەمجارە نانی لۆمپەنەکانی کوردایەتی دیوەخانیش بە تەواوی دە ڕۆنی کەوت. لۆمپەنەکانی ڕۆژهەڵات، باکور و ڕۆژئاواش وەک قالۆچە بۆ سەر کۆمای تەرس بەرەو دیوەخانی بادینان و هەولێر ڕێچکەیان گرت….
شایەر، ڕەقاسە، بەیت بێژ، مێژوو نووس(مێژوو ساز) ڕەمماڵ، فاڵگیر، کۆنە سیاسی برسی، بنەماڵە کۆنەکانی لە نەوعی قازیەکانی سابڵاغ، سەید، شێخ، مەلا و تەنانەت هێندێک حیزبیش( حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران + حیزبی شیوعی کوردستانی عێراق + حیزبی سۆسیالیستی کوردستانی ئێراق) بە خڕی چونە سەر خوانی دیوەخانی کوردایەتی بارزانی بونە بەشێک لە دەستگای تەبلیغاتی بنەماڵەی بارزانی بۆ سپیکردنەوەی کارنامەی ڕەشی ئەم بنەماڵەیە و گەوجاندنی خەڵکی کورد…
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سەر دەستی شێخانی بارزان تۆبەیان کردوە کە قەت لاپەڕەکانی مێژووی کورد کوژی بنەماڵە هەڵنەدەنەوە باسی ڕێبەر و کادر و پێشمەرگەی تیرۆر کراو و ڕادەست کراو و ئیعدام کراوی دەستی مەلا مستەفا و مەسعود و ئیدریس نەکەن و کتێبەکەی دوکتور قاسملو و عەبدوڵای حەسەنزادە ش بە ناوی خەیانەتەکانی قیادەی موەققەت بە نەتەوەی کورد بشارنەوە و خۆی لە بێ ساحەب کەن. ئەمەش لینکی ئەو کتێبەی ڕێڕەوانی دوکتور قاسملو قاچاغیان کرد: خیانەتەکانی قیادە موەقەت بە نەتەوەی کورد
لە ئاخیری ئەم وتارە لینکی بەرنامەیێکی دەنگی ئەمریکا بە زمانی فارسی کە لە تاریخی ٢٥ی فێوریەی ٢٠١٧ لە لایەن عەلی جەوانمەردی بە بەشداری دو چاوەدێری سیاسی (خالیدی خەیاتی+ کاوەی ئاهەنگەری) بڵاو کراوەتەوە دادەنێم. جوان گوێی لێ ڕابگرن بۆتان ڕوون دەبێتەوە کە هەرسێکیان ڕاسپاردەی بنەماڵەی بارزانین بۆ ناوزڕاندن و ڕەش کردنی ڕەوتی پ.ک.ک و ئیلقای درۆیینی گرێدراوی پ.ک.ک بە بەرەی ئێران و … نموونەیێک لە لۆمپەنیسمی دیوەخانی کوردایەتی عەلی جەوانمەردی
ئەمەی خوارەوەش لینکی نەقدێکی ئەم سێ لۆمپەنەی دیوەخانەیە
نەقدی بەرنامەی عەلی جەوانمەردی

ناوی بەشێک لە لە لۆمپەنەکانی دیوەخانەی کوردایەتی دەرەبەگی باشور و ڕۆژهەڵات:
١- ڕێبوار کەریم وەلی
٢- سەرۆ قادر
٣- عەلی عەونی
٤- ئومێد خۆشناو
٥- ئاری هەرسین
٦- ئەحمەد شێربەگی
٧- عەلی جەوانمەردی
٨- ئاوات عەلیار
٩- مەلا برایم جەهانگیری
١٠- ڕەسوڵ سوڵتانی
١١- کامیل نەجاڕی(بۆکانی)
١٢- بەشێکی بەرچاو لە پەیامنێران و بێژەرانی تەلێویزیۆنەکانی ڕووداوو و کوردستان٢٤

سەرچاوەکان:
١- http://www.asoyroj.com/new/detail.aspx?Jmara=13456&Jor=5
٢- ویکی پێدیا/ سەفسەتە
٣- وتووێژ لە گەڵ عیسا پێژمان
٤- دیداری تەمەن
٥- بیرەوەیەکانی نەوشیروان مستەفا
٦- خیانەتەکانی قیادەی موووقەت بە نەتەوەی کورد
خەیانەتەکانی قیادە موەقەت
خیانەتەکانی قیادەی موەقەت بە نەتەوەی کورد

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت