نەوزادى موهەندیس: بۆچى هەڵبژاردنى ئەم خولەى پەڕلەمانى عێراق چارەنوسسازە؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى سەدامیەوە لەساڵى 2003وە تاکو ئێستا 3 خولى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراق بەڕێوەچووە، و ئەم خولەى ئێستاش کە بڕیارە لە 12/5/2018دا ئەنجام بدرێت دەبێتە خولى چوارهەم و تا ساڵى 2022 دەخایەنێت. ئەوەى ئاشکرایە کە لەدەستورى هەمیشەیى عێراقدا کەلەساڵى 2005دا نوسراوەتەوە دانى ناوە بەوەى کە سیستەمى حومکڕانى لە عێراقدا بریتیە لە سیستەمێکى پەڕلەمانى و فیدڕاڵى و تەوافوقى و دیمکوراسى و ئەم بنەمایانە کراونەتە بنەماى سەرەکى بۆ بەڕێوەبردنى عێراقى ئایندە، بەڵام لەسەر زەمینەى واقیع هیچ کام لەو بنەمایانە تاکو ئێستا وەکو خۆیان و بەشێوەیەکى سروشتى و بێ گرفت جێبەجێنەکراون و هیچ کام لە سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان کاریان نەکردوە بۆ چەسپاندنیان، ئەوەى کە بەتەنها هەوڵى چەسپاندنیانى دەدا بریتى بوو لە کورد، بەڵام ئەویش بەهۆى کەمى کورسى و ناتەبایى ناوخۆییان و پاشگەزبونەوەى برا عەرەبەکان ( بە سونە و شیعەیانە) وە لە بەڵێن و پەیمانەکانیان، نەیتوانیوزە جێبەجێیان بکا
ئەوەتا لەماوەى 15 ساڵى ڕابووردوودا پەڕلەمانى عێراق نەیتوانیوە یاسا گرنگەکان دەربکات و متمانە لە حکومەتە یەک لەدوایەکەکان بسێنێتەوە و دژى گەندەڵى بوەستێتەوە و داهات و خەرجى عێراق بەفیڕۆ نەدات و هەژمونى خۆى بەسەر حکومەت و تەواوى ئۆرگانەکاا بسەپێنێت، ئەوەى لەبەرچاوە حکومەت وەک دەسەڵاتى جێبەجێکار باڵادەست و ئاکتیڤە و نەچۆتە ژێر بارى یاساکانى پەڕلەمانەوە، چونکە زۆرینەى حکومەت لاى عەرەبى شیعەن کە زۆرینەن و بەهێزیشن، بەهەمان شێوە دیموکراسى لە عێراقدا نەک نەچەسپیوە بەڵکو لە پاشکشەى بەردەوامدایە لە ڕووى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و… هتد. هەموان بەئێستاشەوە حەز و خواستى تاکڕەوى و باڵادەستى و قۆرخکارى و پاوانخوازى لەدەسەڵاتدا دەکەن. هەربۆیە دیموکراسیش تەنها بۆتە دروشمێکى بێ ناوەڕۆک. ئەوەى کە ناوى تەوافوقى سیاسى و کارى هاوبەشە بۆتە دروشمێکى بێ بنەماو هیچ کام لە حیزب و سەرکردەکان کارى بۆ ناکەن و تەنانەت لەناو ماڵى شیعیشدا باوى نەماوە و هەموان کار تەنها بۆ بەرژەوەندى حیزب و سەرکردە و بنەماڵەکانیان دەکەن و لەناو سونە و کوردیشدا بەهەمان شێوەیە،هەربۆیە لە ئێستادا و لەناو پەڕلەمان و حکومەت و سیستەمى حوکمڕانى لەعێراقدا هیچ کام لە پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکان کارى پێکەوەیى ئەنجام نادەن،تەنها لەبارێکدا نەبێت کە بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لێک نزیک ببێتەوە.
هەرچى مەسەلەى فیدڕاڵیشە، کەهەر لەسەرتاوە تەواوى عەرەبەکان و کەمینەکانى تریش لێى ناڕازى بون و تەنها کورد داواى دەکرد، لە ئێستادا ئەویش کارى پێناکرێت و تەنانەت هەوڵى سڕینەوە و ڕەتکردنەوەشى دەدرێت و ئەوەتا لەماوەى ئەم 15 ساڵەى ڕابووردوودا، کارى جدى نەکراوە بۆ پێکەوەنانى هەرێمەکانى تر و دانەمەزاراندنى ئەنجومەنى هەرێمەکان و کەوتوشنەتە لەقاڵبدانى دەسەڵات و سنورەکانى تاکە هەرێمى فیدڕاڵى لە هەرێمى کوردستانیشدا.
بەو شێوەیە! ئەو دەستور و بنەمایانەى بۆ عێراقى نوێ دانراوە هیچ کامیان کارى پێناکرێت و عێراق بۆتە وڵاتێک کە تەنها زۆرینەى باڵادەستى عەرەبى شیعە دەیبات بەڕێوەو ئەویش بەپێى نەک بەرنامەیەکى نیشتیمانى و نەتەوەیى عەرەبی و عێراقى، بەڵکو بە پێى ئەجێنداى دەەوڵەتانى دراوسێ لەتورکیا و بەتایبەتیش ئێرانى شیعە مەزهەب. بۆیە عێراقى ئایندە تەنها دروشمێکى بێ ناوەڕۆکە و زۆر دوورە عێراقێکى ئاشتى و ئارامى و خۆشگوزەرانى و پێشکەوتوو و دیموکراسى ببینین کە تیایدا هاوڵاتى و هاونیشتیمانیان هەست بە کەرامەت و سەلامەتى و پاراستنى ماف و ئازادیەکانیان بکەن لەسایە ى حومکڕانیەکى ئاینى و مەزهەبى توندڕەو و تەسک و دواکەوتوەوە.
ئەوەى لێردا بۆتە پرسیار ئەوەیە، بۆچى ئەم هەڵبژاردنە هەموان بە چارەنوسساز لێیدەڕوانن و بەگەرمى هەڵمەتى هەڵبژاردنى بۆ دەکەن و گەرەکیانە زۆرترین ژمارەى کورسى بەدەست بێنن؟
بەکورتى و کرمانجى هەموان لەهەوڵى بەدەستهێنانى پلە و پۆست و ئیمتیازاتى مادین و نیوهێندە بەتەنگ بەرژەوەندیە باڵاکانى نە عێراق و نەکوردستانیشەوەن، بەڵکو هەموان گەرەکیانە خۆیان ببنە زۆرینەى پەڕلەمانى و حکومەت پێکەوە بنێن، ئەوەى زۆر بەڕوونى هەستى پێدەکرێت لەناو ماڵى شیعەکاندایە و بەتایبەتتریش لەناو حیزبى دەعوەدا وەک گەورەترین حیزبى سیاسى و هەوڵى بەدەستهێنانى زۆرینەى پەڕلەمانى دەدات و بە ئاشکراش نورى مالکى ڕایگەیاندوە کە لەگەڵ حکومەتى زۆرینەدایە ئەمەش بەواتاى ئەوە دێت گەر سەرکەوتنى گەورە بەدەستبێنێت ئەوا عێراقى ئایندە بەرەو دواوە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمى تاکڕەوى و تاک حیزبى و تاک سەرکردەیى بەهەمان شێوەى ڕژێمى بەعسى سەدامى. بۆیە بەڕاستى ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵى جیاکەرەوە و چارەنووساز بۆ هەموان بە عەرەب و کورد و کەمینەکانى تریشەوە، و عێراق دەکەوێتە سەر دووڕیانى مانەوە وەک وڵاتێکى فیدڕاڵى و دیموکراسى و پێکەوەیى و پەڕلەمانى یاخود بەرەو تاکڕەوى و تاک حیزبى و تاک سەرکردەیی هەنگاو دەنێت.
بۆیە عێراقى ئێستا و ئایندە دواى نەمانى یان لاوازبون و کزبوونى تیرۆر و تیرۆریستانى داعش و بەرزبونەوەى نرخى نەوت و دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەى وڵات و تاڕادەیەک ئارامى و ئاشتیەکى کاتى هەیە و هەستیپَدەکرێت، هەموان گەرەکیانە زۆرترین سوود و قازانجى سیاسى و ئابورى و ئەمنى بکەن.و بۆ 4 ساڵى ئایندە ببنە پاڵەوانى گۆڕەپانى سیاسى لە عێراق و ناوچەکەشدا. چونکە ئەوەى دەرکەوتوە حومکڕانانى عێراق لەماوەى دەسەڵاتیاندا هێندەى بەتەنگ کۆکردنەوەى سەروەت و سامانەوەن نیوهێندە بەتەنگ ئایندەى گەلان و خاکى عێراقەوە نین.
ئەوەى لەسەر کوردیش ماوەتەوە، ئەوەیە کە بەڕاستى ئەم خولەى پەڕلەمان زۆر گرنگ و چارەنوسسازە، چونکە دواى تەواوبونى شەڕى داعش و دواى داگیرکردنەوەى نویوەى خاکى کوردستان و دواى هەستکردن بەکەمکردنەوە و لەقاڵبدانى دەسەڵاتەکانى هەرێمەوە دێت کەهەموان نیازى پاکیان نیە، بۆیە دەبێت کورد بە یەکگرتوییەوە بچێتەوە بەغداد و پێداگیرى لەسەر بنەماکانى سیستەمى حوکمڕانى بکات لە چەسپاندنى فیدڕاڵیەت و کارى پێکەوەیى و دیموکراسى و سیستەمى پەڕلەمانیداو هەوڵى جدیش بدات بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستور کە زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەى خاکى لەدەستچووى و گەڕانەوەى شکۆى کورد و هێزى پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە.
هەربۆیە هەموان خۆیان لە هەڵوێست و وێسگەیەکى گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازدا دەبیننەوە و هەوڵى جدى دەدەن بۆ سەرکەوتن و تەنانەت دەوڵەتانى دەروردراوسێ بەشیعە و سونە و بە فارس و تورک و زلهێزەکانیش بەچاوێکى پڕ گومان و مەترسیەوە سەیرى ئەم هەڵبژاردنە دەکەن و هەریەکەیان گرەوى لەسەر ئەسپێکى دیاریکراو کردوە، کە چەند دەتوانێت لانى کەم بەرژەوەندیەکانیان لە 4 ساڵى ئایندەدا بپارێزێت و مسۆگەریشى بکات.