ئەحمەد ڕەزا: خاکی هەڕاجکراو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاری سیاسیی لە هەرێمدا تەنها بنەمایەکی گرنگی هەیە، ئەویش کۆدەنگیی پارت و ڕێکخراوەکانیەتی لەسەر بەلاڕێدا بردن و تەفرەدانی کۆی خەڵکی هەرێمەکە، بە چاوبەست کردن و ژیاندن لە وەهمدا.
لە ڕاپەڕینەوە حزبە دەسەڵاتدارە لاوازەکانی هەرێم و بە مەبەستی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، تەنها ئایکۆنێکی سەرەکیی بیرە ناسیۆنالیستە کۆنەپەرستانەکەیان، سەربەخۆیی خاک و گەیشتنە بە مافی چارەی خۆنووسین، لە کاتێکدا ئەم ئایکۆنە دوای 27 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئەوان و کاریگەرێتیی لەسەر هەموو ئەو حزبانەی تازەش دائەمەزرێن، دیوێکی بەتاڵی خۆی نیشاندا، کە لە وەهمێکی پەتیی و هێڵێکی سووری خەیاڵیی زیاتر نەبێت.. بە جۆرێک هاوتای مەسەلە پیرۆزە ئاینییەکان کراوەو بوون بە ئایکۆنە چەسپیوەکان.
ئەو خاکەی بووە بە وێردی سەر زمان، لە هەڕاجکردنێکی کورتخایەنداو لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی فەرمانڕەوایی کورددا، تەنها خۆڵ و جێیەکی ماوەتەوە بۆ تەوالێت دروست کردن، کە کەڵکی هەبێت.
ئاسمانی هەرێمەکە بەغداد ڕاستەوخۆ بەڕێوەی ئەبات، بە هەمان شێوە ئاوەکانیشی هەر لەژێر ڕکێفی بەغداددایەو دەروازە سنوورییەکانیشی، جگە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، کە کەڵکی تەنها بۆ چەند کەسێکە.
نەوتی بۆ تورکیاو ئیسرائیل ساغکراوەتەوە، بەو نرخەی، کۆمپانیای هەڵهێنجاندنی بەلچیکیی و هۆڵەندیی و ئامریکایی و ئینگلیزیی و ئەڵەمانی دەستیان بکەوێت.. بۆرییە نەوتەکانی لەژێر ڕکێفی ڕۆسنەفتدایەو غازی لە میزاجی قەتەریی و ئیسرائیلیداو کارەبای ئامریکایی و قەتەریی و بازرگانییەکەی چینیی و کۆریی. خۆراک و بازاڕکردنی ئێرانیی و تورکیی.. داو و دەرمانی سویدیی و ئەڵمانیی و کرواتیی و هیندیی، پێداویستیی قوتابخانەیی چینیی، ماشێنی کۆریی و چینیی و یابانیی و ئامریکایی.. زەوییەکی وشک و برینگی بێ خێری کشتوکاڵیی و ئیفلاسی پیشەسازیی و زۆرێکیتریش، کە لای هەمووان زانراوەو ئەم هەرێمە هەموو سامانی سەر زەویی و ژێر زەوی هەرێمەکەی فرۆشتووەو چ شتێکی تیادا نەهێشتووەتەوە لە مقەوماتی نیشتیمان.
ئیتر ئەبێ پیرۆزیی هەرێمەکە لە کوێدا بێت، کە نیشتمان و سەربەخۆیی بکرێتە وێردی سەر زمان.. ئەم هەرێمە وەک پارچەیەک زەوی ماوەتەوەو هەموو خێروبێری فرۆشراوە، لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسیدا ئەوی ئەبێتە فەرمانڕەوا، ئەبێتە فەرمانڕەوای هیچ.. هیچ وڵاتێک چاوی لە داگیرکردنی ئەم هەرێمە نەماوە، لەبەر ئەوەی هیچی تیا نەماوەو هەر جومگەیەکی ئابووریشی بە دەست وڵاتێکەوەیە. تەنها کرد نەبێت، کە پێی وایە هەنگی لە کلۆرەداردا دۆزیوەتەوە کاتێ ئەبێتە فەرمانڕەوای.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت