kejal-ibrahim-8

ئیسماعیل تەنیا: شەڕو ئاشتی پەنجەکان یان دیوانی (ماچباران)؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەژاڵ ئیبراهیم خدر یەکێکە لەو شاعیرە ئافرەتانەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە تاوەکو ئێستاکە، توانیویەتی جێ پەنجەی خۆی لەسەر نەخشەی شیعری کوردیدا دیاری بکات و، وەک ئافرەتێکیش کۆژانەکانی ڕەگەزەکەی خۆی، لە ڕێگای دنکە مروارییەکانی شیعرەوە بە کۆمەڵگا بگەیەنێت.
کەژاڵ، لە کۆمەڵە شیعری ( شەڕو ئاشتی پەنجەکان )دا، خەمەکانی هەموومانی بەسەرکردۆتەوەو، زۆر بە جورئەتیشەوە پەنجەی لەسەر زامەکاندا، داناوە. ئەو لە کۆمەڵگایەکدا باسی خۆشەویستی و ماچ دەکات، کە ڕۆژانە چەندین کچ لەسەر پیاسەکردن لەگەڵ کوڕێک، یان ئاشکرابوونی پەیوەندی خۆشەویستی و بەرگریکردن لە ڕاو بۆچوونەکانیان، ڕاپێچی گۆڕ دەکرێن، یان لوتیان دەبڕدرێت… هەموومان ڕۆژانە چەندین کورتە هەواڵ و ڕێپۆرتاژی لەم بابەتە لە ڕۆژنامەو سایتە کوردییەکاندا، دەخوێنینەوە.
شاعیر لە کۆمەڵگایەکدا دەژیت کە تا ئێستاکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بناغەی عەشیرەتگەریی و خزمایەتیدا، ڕایەڵ کراوە. هەر چەندە تەواوی شیعرەکان، لە منداڵدانی شەڕو خۆخواردن، شەڕو داغانبوونی کۆتری ئاشتی، شەڕو فرمێسک باراندنی چاوەکان، شەڕو هەڵوەرینی پەنجەکان، شەڕو… شەڕو…. لەدایکبوونە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من پێموایە کۆمەڵە شیعرەکە بە ناوی (ماچباران) ناوزەد بکرایە، تەواو پڕ بە پێستی ناوەڕۆکی شیعرەکان دەبوو، چونکە تەنیا لەم نامیلکە (116) لاپەڕەییەدا، (32) جار وشەی ماچی بەکار هێناوە.
کەژاڵ بە یاخیبوونی لە کۆمەڵگاو شتە باوەکاندا،هەوڵی ئەوەی داوە ئەو کۆت و پێوەندانە بپچڕێنێ کە بە بیانوی وەهمییەوە کراونەتە دەست و گەردنی ئافرەتەوە. دیاردەی کۆچ و سەرهەڵگرتنی لاوانی خێر لەخۆنەدیوی کوردیش، لە منداڵدانی ئەم قۆناغەدا لەدایکبوونە، بۆیە شیعرەکانی ئەویش، بێبەری نین لە ئازارەکانی لێکدابڕانی خۆشەویستان و کۆژانەکانی تەنیایی. ئەو زامانەش دەکولێنێتەوە کە لە جەستەی کۆمەڵگادایەو تا ئێستاکەش، خوێنی لێ دەچۆڕێت. دەیان وێنە شیعری ناسک و تازەی ئەفراندوە… کەژاڵ مێژوونووس نییە، بەڵام بە شیعر، مێژووی زەمەنێکی دیاریکراومان، بۆ دەنوسێتەوە.
یاخیبوون لەو کولتورە دەق گرتووانەی دەوروبەر، جۆرە هەڵوێست و جورئەتێکی دەوێ بۆ گۆڕ کردنیان، نەخوازەڵا ئەگەر ئەو دەقانە لەلایەن کۆمەڵگاوە، بە پیرۆز سەیریان کرا بێت… پەروەردەی سەقەتیش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتن و، تا ئێستاکەشی لەگەڵدا بێت، هەموومان قوربانی ئەم جۆرە پەروەردانەین کە شتە ئاساییەکانیان لێکردوین بە قەدەغەو حەرام. کەژاڵ، لەو جۆرە دەوروبەرە یاخییەو، لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەمڕۆکە لەسەر دوێنێ بنیات نانێت.
بیرمە ئێستاکەش کە منداڵ بووم
دایکم پەنجەی شایەدمانی ڕادەوەشاند
بە دەنگی بەرز پێی دەوتم:
ئەتۆ کچی
مەچۆ بۆ ئەوێ شەرمە
بۆ ئەولایەش شوورەیی یە
نەکەی بچی….!
کە گەورە بووم
پەنجەکانت فێریان کردم
ئەو پەنجانەم هەر بشکێنم
لە کچەکەمی ڕاوەشێنم.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان…ل ٦-٧)
لای شاعیر کۆت و پێوەند هەر کۆت و پێوەندە، با هەندێک جاریش سیمبوڵی خۆشەویستی و پێکەوە گرێدانی دوو جەستەش بگەیەنێت… تاکە ئەڵقەیەک مادام بەشێکی دانەبڕاوە لە زنجیرە ئەڵقەیەکی دەرگای زیندانەکان و کەلەپچەی دەستی تێکۆشەران، ئەو بە چاوێکی گومانەوە. لەم پیرۆزییە دەڕوانێت کە بۆتە شتێکی باو لە تەواوی کۆمەڵگاکانی دنیادا.
هەموو پەنجەکان جوانن
تەنیا ئەو پەنجەیە نەبێت
ئەڵقەیەک داگیری دەکات.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ١٠)
لە کۆمەڵگایەکدا ئەگەر پاداشتی خۆشەویستی و خۆشەویستی کردن لوت بڕین و زیندانی کردن و کۆتابوونی جەستەی بوێت، ئەو کەسە ی بەم کارە هەڵدەستێ و ئەنجامی دەدات،دەبێتە پێشمەرگەی عیشق و بە ڕاشکاوی بانگی محەمەد دەدات و لە هیچ داوەڵێک ناسڵەمێتەوە. کەژاڵ لەنێوان میلی کاتژمێرو ترپەی لێدانی دڵدا، وێنەیەکی جوانی قوربانیدانی بەرجەستە کردوە…
دڵی من و کاتژمێرەکەی
ژوور سەرم لەیەک دەچن
ئەو چەندە بۆ کات لێدەدا
دڵی منیش هێندە بۆ تۆ.
( شەڕو ئاشتی پەنجەکان…..ل ٣٢).
خۆشەویستی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای لەیەکتر حاڵیبوون و خوێندنەوەی یەکتر هەڵدەچنرێت، نەک لەسەر بنەمای ماددەو زێڕو گەوهەر… ئەو خۆشەویستییانەی لەسەر بنەمای یەکەم هەڵدەچنرێت. دەبنە ئەزەلی و ئەوەی تریان وەک (هێمن)ی شاعیر گوتەنی: ( ماڵی دنیا چڵکی دەستە وەک دەڵێن). شاعیر هەموو شتێک دەکاتە قوربانی ئەو دوو قۆڵەی کە لەسەر بنەمایەکی پتەوی خۆشەویستی، دەکرێتە کەمەری…
ئەگەر ویستت خوازبێنیم کەیت
بە دایکم بڵێ
بیانووی پشدێنت پێ نەگرێ
من هەردوو قۆڵی تۆم بەسە
بۆ کەمەرم.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان…. ل ٤٦).
ئەو ماچەی کە لە زۆربەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا بۆتە ڕەمزی گۆڕینەوەی خۆشەویستی و متمانە بەیەکدان، بە شێوەیەکی ئاشکراو بەبەر چاوی هەموو خەڵکی، لە گۆڕەپانەکان و، لەسەر کارو، ناو پاس و پیاسە کردن و…… مومارەسە دەکرێت، لای خۆمان، با تاسەر ئێسقانیش یەکتریت خۆشبوێت و حەڵاڵی خۆشت بێت، ماچکردن شوورەییەو، زۆربەمان لێیدەسڵەمینەوەو، دارو دیوارمان لێ دەبێتە گوێچکەو خەفیەو چاو و، لەوە دەترسین نەوەک باجی ئەو ماچە، قوربانی جەستەیی بەدواوە بێت… کەژاڵ لە ناڕەوابوونی ئەو دیاردە باوانە، ڕوی پرسیار دەکاتە هەموومان و دەڵێت:
بۆچی دەبێ
بەس بۆ ماچێک
لە چاوی منداڵێک بترسین!
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان…. ل ٥١).
چاوەڕوانی، پانتاییەکی گەورەی ئەم کۆمەڵە شیعرەی داگیر کردوە… چاوەڕوانییەک، کە هەموومان هەر لە لەدایکبوونەوە تا گۆڕستان، لە چاوەڕوانیداین و، بە ئاواتەوەین بگەین بەو چاوەڕوانییانەی کە تەمەنی خۆمان لە پێناویدا، بەخشیوە… بەڵێ، چاوەڕوانییەکی بێسنوورو بێ چوارچێوە، وەک ئەو چاوەڕوانییەی کچێکی دەزگیران ئەنفالکراو، کە لای کەژاڵ بۆتە پەڕتووکی خۆشەویستی….
چەند ساڵێکە
پەڕتووکێکی خۆشەویستی
دەتخوێنمەوەو لێت تێر نابم…
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ٥٧).
ئەو کچە خێر لەخۆ نەدیوە، کە تەواوی تاڵە قژەکانی لە چاوەڕوانیدا سپی کرد، بە بێئومێدییەوە سەیری دەقە باوە ئەفسانییەکان دەکات، کە تا خەونەکانیان لەوێدا بەدی بکات… خەڵکێکی زۆر ، لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا، هاتنەدی خەونەکانیان، لەسەر ئەم ئەفسانانە، هەڵدەچنن… کەژاڵ دەڵێت:
دایکم دەڵێ
هەر کاتێ کۆتر لەسەر باڵێک بکەوێ و
چۆلەکە لەسەر گوێسوانەکان بجریوێنی
میوانێکی ئازیزت دێ
ئەوە چەند ڕۆژە کۆترەکەی دڵم
باڵی خستووە چۆلەکەی چاوەکانم
دەجریوێنی
ئەی میوانی ئازیزی من بۆ دیار نەبووی….
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ٦١).
لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا، هەر پیاو توانیویەتی خۆشەویستی خۆی بە ڕاشکاوی بۆ ئافرەت دەرببڕێ. بە پێچەوانەوە، ئافرەت – تاک و تەرای ناو داستانەکان نەبێت-، دەنا نەیتوانیوە ئەو تەلیسمە بشکێنێت و هەست و خۆشەویستی خۆی بەرامبەر بە پیاو دەرببڕێت. کەژاڵ پێشبڕکێی خۆشەویستی لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەکات و، دڵنیایە لەوەی کە ئەو لە شەڕە سپییەکەدا، دەیباتەوە. لە دەڤەرێکدا، کە خۆشەویستی یەکێک بێت لە شتە قاچاغکراوەکان، چۆن دەتوانرێت بە ئاشکرا دەستنیشانی پێوانەکان بکرێت، کەژاڵ، بە ڕاشکاویی دەستنیشانی پێوانەکە دەکات و دەڵێت:
من و تۆ هەردەم شەڕمانە
کە تۆ زیاترت خۆش دەوێم،
یاخود من
دوێنێ هێندە سەیری یەکترمان کرد
چاوەکانی تۆ هیلاک بوون
چاوەکانی من هەر گەشتر
ئینجا زانیم کە من زیاترم خۆش دەوێی…
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان… ل ٩١-٩٢).
هەر لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگادا عیشق حەرامە، کەژاڵ لەوە دڵنیایە، کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە پێناوی ئەم عەشقەدا، سەر بنێتەوە، دوای خۆی کەس شینی بۆ ناگێڕێ و جگە لە چەند کورتە هەواڵێکی ڕۆژنامەکان، ناویشی ناهێنن، چونکە خۆشەویستی لە دەڤەرێکی سنوور تەلبەندکراو، بە عەیب و عارو شەرمەزاری، دەهێتە ژماردن و کەسە نزیکەکانی خۆیشی، خۆی لێ بە خاوەن ناکەن.
من دەمەوێ بۆ عەشقی
تۆ بمرم
بەڵام دەزانم، نە دەتوانن
شینم بۆ بگێڕن
نە دەوێرن ناوم بێنن.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….ل ٩٢).
بەراوردکردنی وەرینی گەڵای پایز بە وەرینی ماچی کچێک بۆ دەستگیرانەکەی، وێنەیەکی شیعری جوانەو لە شیعرێکی شیاویشدا تەوزیف کراوە. گەڵا لە حەژمەت پایزو، هەڵکشانی تەمەن، ئەمیش بە داخی ئەو بەربەستانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەیەک گەیشتنیان…. ماچەکانی ئەو، تەنیا لە حزوری نیگای خۆشەویستەکەی، هێدی هێدی، بە خامۆشی دەوەرن، بێ ئەوەی ماچی هەقیقەت بکەن و ببنە دوو گیان لە یەک جەستەدا و، لەناو یەکتریدا، بتوێننەوە.
پایز هەنگاوەکانی ناو
گەڵاکانیش بەسەر ڕوخساری زەویدا
دادەبارن
گەڵاڕێزانی من و تۆش دەستی پێکرد
درەختەکان گەڵاکانیان وەراندو
لێوەکانی من ماچ
ئەوان بۆ سەر سنگی زەوی
من بۆ نیگای سیحراوی تۆ.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….. ل ١٠٥).
لە شیعری کوردیدا، بەو سیفەتەی زۆربەی هەرە زۆریان، پیاوەکان نووسیویانە، هەر خودی شاعیرەکان، خۆیان بە پەپوولە چواندوەو، دەستگیرانەکانیشیان بە گوڵ و مۆم چواندوە… هەر چەندە لە واقیعدا، زێترو زێتر، کچەکان دەبنە قوربانی و زۆر جارانیش، ئەو پیاوانەی کە بوونەتە پەروانە، وەک بەرزەکی بانان لێی دەردەچن و، کچەکانیش مەرگ و ئاگر، دروێنەی تەمەنیان دەکات. کەژاڵ، ئەمجارەیان، وێنە شیعرییەکەی بەرەواژ کردۆتەوەو، خۆی کردۆتە پەپوولەیەک و دەستگیرانەکەشی، بە هەموو زبریەکەوە، بە گوڵ چواندوە. ئەو، لێرەدا دەڵێت:
کە من هێندە شەیدای تۆ بم
کە تۆ هێندە عاشقی من
دەبێ من ببمە پەپوولەو
تۆش گوڵێکی باخەکەی من.
(شەڕو ئاشتی پەنجەکان….ل ١١٣).
لەدوا جاردا، هیوای سەرکەوتن و بەخششی بەردەوام و جورئەتی بەردەوام بۆ کەژاڵ دەخوازین و، ئومێد دەکەین ببێتە یەکێک لە کۆڵەگە پتەوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەت و ، سەوڵێک بێت بۆ ئەو گەمییەی کە هەموومان دەمانەوێت بەرەو یەکسانی و ئارامیمان ببات.

* شەڕو ئاشتی پەنجەکان، کەژاڵ ئیبراهیم خدر، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2000.
* ئەم وتارە پێشتر بڵاوم کردۆتەوە. بەبۆنەی مەرگی ناوادەی ( کەژاڵ )ی هەمیشە نەمر، پێم باشبوو دووبارە بڵاوی بکەمەوە.
* کەژال، لە ساڵی 1968، لە قەڵادزێ لە دایکببوە. شاعیرێکی هەست ناسک و بە بڕشت بوو… کۆمەڵێک شیعری لە دوو توێی چەندین کتێب لە دوای خۆی جێهێشتوە…شیعرەکانی وەرگێردراونەتە سەر زۆربەی زمانەکان لە نموونەی؛ ( عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ئەمازیغی،…….). دەیان لێکۆڵینەوەی ئاسایی و ئەکادیمی ، لەسەر شیعرەکانی نوسراوەو بڵاوکراونەتەوە. بە داخەوە، لە شەوی 23.042018 دا، بە یەکجاری ماڵئاوایی لێکردین….جارێکی تریش بە داخەوە، بۆ مەراسیمی پرسەکەی کە زۆر چۆل و هۆل، ساردو سڕ، بوو… دڵنیام ئەگەر ئەوە پرسەی زڕە سیاسییەکی کورد با، زۆر گەرم و گوڕتر دەبوو….لێرەوە تێدەگەین کە ئەوەی لای سیاسی و سەرکردەکانمان قەدرو قیمەتی نەبێت، ئەوە شاعیرو ئەدیب و نووسەرەکانمانن. حەیف و مخابن بۆ نەتەوەیەک کە سەرکردەکانیان، ڕێز لە قەڵەم و نووسەرەکانیان ناگرن.!

بۆ خویندنەوەی تەواوی هۆنراوەکانی کۆچکردو، کەژاڵ ئیبراهیم لە وتاریکورد/ کلیک بکەرە سەر .. کەژال ئیبراهیم

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت