لوقمان غەفوور: ئێوە سەیر و سەمەرەن، نەک پارتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوانەی رەخنە لەوەفدەکەی پارتی ئەگرن یان هیچ لەسیاسەت نازانن، یان بەجددی چاویان بە پارتی هەڵنایەت، چوونی وەفدەکەی پارتی بۆ بەغدا نە سەیرە، نە جێگەی تێڕامانە، ئێوە کە ڕەخنە دەگرن ئایا لەخۆتان پرسیوە (ئەرێ پارتی بۆ پەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە؟). بۆ من جێگەی تێڕامان نییە، چونکە ئەوان بۆیە بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە و بە هەزاران دۆلاریان خەرجکردووە بۆئەوەی بچنە بەغدا پۆست و پلە و پایە وەرگرن.
ئەوکاتەش بۆ من جێگەی تێڕامان نەبوو کە پارتی بەشداری هەڵمەتی پرۆسەی هەڵبژاردنی کرد، چونکە دەمزانی ئەو بۆیە بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەکات بۆ ئەوەی سیحری ڕیفراندۆمەکە بۆ عەرەبی عیراقی بەتاڵ بکاتەوە و پێیان بڵێت:( ئەوە هیچ نەبوو کەف و کوڵێکی ئارتیفیشیەڵی کوردایەتی بوو!)، هەر واش بوو، هەر بۆیە بۆ من ڕیفراندۆم- یش شتێکی سەیر و جێی تێڕامان نەبوو، چونکە نەبووە خەڵک ڕیفراندۆم بۆ مەسەلەیەک بکات کە بە هەزاران کەسی بۆ بەختکردبێت و قوربانی بۆ دابێت! بەڵام بۆ من جێی تێڕامان بوو کە حزبێکی وەک یەکێتی ڕەدووی ڕیفراندۆمەکەی پارتی کەوتبوو، لەکاتێکدا هەموو یەکێتی ئەیزانی ریفراندۆکە بۆ سەربەخۆیی نییە، بۆ من هەڵوێستی گۆڕان جێگەی تێڕامان بوو کە بەدەنگێکی دلێر نەیتوانی بڵێت (نەخێر).
کەواتە ئەم هەموو هەڵایە لەسەر وەفدەکەی پارتی جگە لە دەبدەبەیەک هیچی دیکە نییە، هەرواش دەردەچێت، سبەی کە وەفدی یەکێتی-یش بەرەو بەغدا بەڕێکەوت، ئەو دەبدەبەیە فش ئەبێتەوە و لە زۆنی زەرد دەبدەبەیەکی تر فوی پێدا دەکرێت و دیسانەوە سەرگوزشتەی شانزەی ئۆکتۆبەر لێدەدرێتەوە، پاش هەردوو بالۆرەکە مەکتەبی سیاسی هەردوولا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئەڵێن، لەپێناو یەکڕیزی نێو ماڵە شەقوشڕەکەی کورد، ئەچینە بەغدا، بۆئەوەی لەرێی دەستوورەوە مافەکانتان بستێنین، جا دیقەت بدەن و پرسیارێک ئەکەم (ئەمانە هیچی تێڕامانی ئەوێت؟!).
ئەم بالۆرە و لێدوانانە زۆر کۆنە و لەکوردستان جێگەی تێڕامان نیین، ئەوەی تازە و جێگەی تێڕامانە ئەوەیە (ئایا بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێنج کورسی ئەنجومەنی نوێنەران و چەند پۆستێک کە هەر لەئێستاوە چەند کەسێک واوەیلایانە بۆی و بەهانە بۆ نەبوونی بایکۆت لە پرۆسەی سیاسی عیراق دەهێننەوە، ئەیکات بە قوربانی چارەنووسی بزووتنەوەکەیی و دەنگدەرانی لەخۆی دوور ئەخاتەوە!؟).
لەکۆتا پەیڤەکانمدا دووبارەی دەکەمەوە، نەخێر پارتی سەیر و سەمەرە نییە، گۆڕان سەیر و سەمەرەیە، چەند کەسێک ئەبینم لە گۆڕان ئەڵێن (با بەشداری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکەین، بەڵام وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بین و نەچینە حکومەتی عیراقەوە)، ئاخر داماو جارێ تۆ چیت ئەدەنێ بە پێنج کورسییەوە لە حکومەت! دواتر تۆ ئەبیت بە ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە کێ؟! ئەمیشیان هەر جێگەی تێڕامانە هەر لەئێستاوە کاکی گۆرانخوازم شینی ئەوەیەتی دوای ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران بکەوێت و پۆستێکی ئارتیفیشیەڵی چنگ کەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت