کاوسین بابەکر: کورتبینی نیشتمانی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کاتێ سەیری دروشم و گوتارەکانی پارت و کاندیدەکانی ئەم خولەی هەلبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق دەکەی واهەست دەکەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستانە، قسەکان ودروشمەکان روویان لە کێشەو گرفتەکانی کوردستانە نەک کێشەو داخوازیە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کوردستان لەبەغدا، ئاڵینگاریەکان بەرانبەر ئیدارەو حکومەتی هەریم و پارتە دەستەڵاتدارەکانی کوردستانە نەک حکومەت و دەستەڵاتدارانی عێڕاق.
لەجیاتی قسەکردن لەسەر پێشێلکاریەکانی حکومەت و دەستەڵاتدارانی عەرەب بکرێ بەرانبەر بەو دەستورەی بە ڕێککەوتنی هەموان نوسرایەوە واژووکرا، قسە لەسەر جێبەجێنەکردنی مادەکانی دەستوور کە مافی کورد لەنیشتمانی خۆیدا دەسەلمێنێ و مادەی 140 کە کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بەقۆناغ چارەسەر دەکات و نەکراوە، کێشەی پێشمەرگە کەڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی لەشکاندنی شکۆو دەستەڵاتی داعش ئەکاتەی کەهێزی عێڕاقی فیدڕاڵ چۆکی دادابوو، کێشەی بودجە و کێشەی نەناردنی داهاتە سیادیەکان و… هتد، دێن و مەسەلەی حوکمرانی کوردستان و گەندەڵی و ڕۆژژمێری خیانەتەکان و تا شکاندنی یەکتر دەکەنە گوتاروو تی ڤی و ڕادیۆوهۆڵەکانی لی پڕدەکەن!
تکایە ئەم کورتبینیە نیشتمانیە بەسە، ئەم گوتارە ناوخۆییانە هەڵگرن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێسا خۆتان تەرخان بکەن بۆ کێشەکانی نێوان هەریم و بەغداو پێمان بڵێن ئەگەر دەرچوون و چوونە بەغداچۆن بەرەوڕووی دەستەڵاتدارانی بەغدا دەوەستنەوەو چۆن مافەکانی گەلەکەمان دەپارێزن، بەرژەوەندیە حزبی و کەسەیەکان وەلادەنێن و لێبڕاوانە دیفاع لە مافەدەستوریەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، پەلەمەکەن کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دێت ئەو دەم گەلیش بڕیاری خۆی لەسەر ڕستگۆیی و فێڵ و دیماگۆگیەکانی ئێوە دەدات.