Aryan-Reshid

ئاریان ڕەشید: سیاسەتی بێمۆراڵ, گەندەڵکردنی ڕۆحی گەنجان. بەشی دووەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوای ڕاپەڕین و لەسەر دەستی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، شێوازێکی قێزەون و ناشیرین لە سیاسەت سەریهەڵدا کە تیایدا شەرەف و کەرامەتی مرۆڤ پەراوێزخراو بەرژەوەندیخوازی و خۆپەرستی باڵادەست بوو. ئەگەر لە پێش ڕاپەڕیندا سیاسەت مانای خەباتکردن بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و بەگژاچوونەوەی داگیرکەری گەیاندبێت، ئەوا دوای ڕاپەڕین سیاسەت لە بەرگریکردن لە حیزبێکی سیاسی و پاراستنی ئامانجە تایبەتیەکانی نوخبەی دەسەڵاتداری ئەو حیزبە کورت دەبوەوە. گرتنەبەری هەر شێوازێکی دزێوو نامرۆڤانە و بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی قێزەون و دڕندانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە شەخسیەکانی حیزب و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی حیزب، وەکو سیاسەت و کردەی سیاسی لە قەڵەم دەدرا. حیزبە سیاسیەکان لە دوای ڕاپەڕینەوە نەوەیەکی سیاسیان پەروەردە کرد کە بە چاوی بەرژەوەندی و تەماحەوە لە سیاسەت و کردەی سیاسی بڕوانن و کاری سیاسی وەکو پڕۆژەی خۆدەوڵەمەندکردن و وەرگرتنی پۆست و پلەی سیاسی و ئیداری سەیر بکەن.
مرۆڤ لە ڕێگەی پڕۆسەی سۆسیالیزەیشنەوە بۆ ژیانی نێو کۆمەڵگە ئامادەو پەروەردە دەکرێت، لەم چوارچێوەیەدا مرۆڤ فێری ئەوە دەکرێت کە گرنگی بە ژیانی گشتی بدات و بەرژەوەندی و خەمی گشتی لەبەرچاو بگرێت. لەم پرۆسەیەدا حیزبی سیاسی ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت و یەکێک لە ئەرکەکانی حیزبی سیاسی لە هەر کۆمەڵگەیەک ووشیارکردنەوەو بەئاگاهێنانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بابەتە گشتیەکان. هەر حیزبێکی سیاسی هەڵگری خەون و خەیاڵێکی سیاسیەو دەیەوێت لە ڕێگەی گرتنەدەستی دەسەڵات یان بەشداریکردن تیایدا ئەو خەون و خەیاڵەی بەدیبهێنیت، هەر خەونیکی سیاسیش لە ئایدۆلۆژیاو دنیابینیەکی هزری و سیاسی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت و پشت بە ئایدیایەکی فەلسەفی قووڵ دەبەستێت. ئامانجی هەر حیزبێکی سیاسی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی باشە، کۆمەڵگەی باشیش بەپێی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکانی حیزبە سیاسیەکان جیاواز دەبێت، هەر حیزبێک بەپێی ئەو ئایدۆلۆژیایەی لەسەری دادەمەزرێت و ئەو شیوازی حیزبایەتی کردنەی کاری لەسەر دەکات، پێناسەیەکی جیاوازی بۆ کۆمەڵگەی باش هەیە. پلورالیزمی سیاسیش لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە هەر حیزبێکی سیاسی بەگوێرەی ئەو بەرنامە سیاسیەی بڕوای پێیەتی کاری سیاسی بکات و لە ڕێگەی مۆبیلیزەکردنی جەماوەرەوە هەوڵی گەیشتنە دەسەڵات بدات و لە ڕێیەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان بکات. کاری حیزبایەتی و کاری سیاسی لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان بریتیە لە پەروەردکردنی سیاسیانەی تاکەکانی کۆمەڵگەو ئاشناکردنیان بە کێشەو گیروگرفتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان و خستنەڕووی چارەسەری شیاوو مومکین بۆ ئەو کێشەو گیروگرفتانە، تاکەکانیش بەگوێرەی بڕواو ئارەزوو تێڕوانینیان کار بۆ سەرخستنی حیزبێکی سیاسی دەکەن و ئەم پرۆسەیەش لە چوارچیوەی ململانێیەکی هێمنانەی سیاسیەوە بەڕێوە دەچێت.
حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بەو پێیەی لەنێو کەشێکی نادیموکراسی و لە دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە دایک بوون، هەڵگری خەسڵەتی توندوتیژی و بەرژەوەندیخوازی بوون و بە هزرو ئایدیای دیموکراسی نامۆ بوون. بەو پێیەی ئەوان لە بنەمادا خاوەنی فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تۆکمەو بەهێز نەبوون و هەڵگری خەونێکی سیاسیانەی قووڵ نەبوون بۆ شێوازی حکومڕانی و بەڕێوەبردن، بەڵکو زیاتر شێوە خەباتی چەکداری و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و توندوتیژی بەسەر بیرکردنەوەو تێڕوانینیاندا زاڵبوو، ئەوا لە دوای ڕاپەڕینیش لەبری هەوڵدان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی باش و ئامادەو پەروەردەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، جۆرێک لە سیاسەت و کاری سیاسیان پەرەپێدا کە ڕۆڵی کاریگەری لە گەندەڵکردنی ڕۆحی لاوانی تازە پێگەیشتوو گێڕاو لە بری دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی باش، کۆمەڵگەیەکی وێرانیان هێنایەکایەوە.
ئەگەر ئامانجی سیاسەت لە بنەمادا هەوڵدان بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەکان و ئەوانەی کاری سیاسیش دەکەن ئەو مرۆڤە مەزنانە بن کە خەون و خەیاڵی مەزنیان هەیە، ئەوا سیاسەت لەسەر دەستی یەکێتی و پارتی لەبەرواری دوای ڕاپەڕینەوە بریتی بوو لە بەدیهێنانی بەرژەوەندیە شەخسی و تایبەتیەکان. سیاسەتوانانیش بریتی بوون لەو مرۆڤە بچوک و هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازانەی کە تاکە ئامانجیان خۆدەوڵەمەندکردن و بەدەستهێنانی پۆست و پلەو ئیمتیازی سیاسی و دارایی و ئیداری بوو. سیاسەت لای حیزبە سیاسیەکانی کوردستان پڕۆژەیەک بوو بۆ بازرگانی کردن و کەڵەکە کردنی سەرمایەو پارەو پول و کارکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبی و تایبەتیەکان. ئەوەی سیاسەتی حیزبی ئاراستە دەکرد ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەی حیزب بوون کە بە میرات دەسەڵاتیان بۆ مابوەوەو بە پەیمانێکی ناڕاستەوخۆو نهێنی لەگەڵ سەرۆکی یەکەمی حیزب لەسەر پۆست و دەسەڵاتەکان ڕێککەوتبوون. ئەم نوخبەیە بوونە نمایندەی ئایدۆلۆژیاو پەیڕەوو پڕۆگرامی حیزب و سەرجەم فەرمانەکان و ئاراستەو ڕێنمایی و گۆڕانکاریەکان لەم نوخبەیەوە دەردەچوون، دەسەڵاتی یەکەمیش بۆ کەسی یەکەمی حیزب (سەرۆک ، سکرتێری گشتی) دەگەڕایەوە.
لە چاوی ئەم نوخبەیەوە، کە هیچ سەودایەکیان لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی و هزری سیاسی نەبوو، بە تیۆریای سیاسی و بیرو ئایدیای سیاسی نائاشنا بوون، سەریان لە سیاسەت وەکو کردەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن دەرنەدەچوو، کاری سیاسی لە گرتنەبەری هەر ڕێگایەک بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارە لە خەڵک بۆخزمەتکردن بە بەرژەوەندیەکانی حیزب – کە لە بنەمادا بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدار بوو – کورت دەبوەوە. کولتوری خێڵەکی، کە خەریک بوو هێواش هێواش بەرەو کاڵبوونەوە دەچوو، سەرلەنوی برەوی پەیدا کردەوەو خێڵ و عەشیرەت و تیرە و هۆزەکان ڕەواجیان پەیداکرد. خەونی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن کە تەنیا لەدوای ئاوابوونی کولتوری خێڵەکی و پەیوەندیە خێڵەکیەکان ئەگەری بەدیهێنانی هەبوو، بە تەواوی لەگەڵ برەودان بە خێڵ و عەشرەتەکان لە بەین چوو.
نوخبەی دەسەڵاتداری نێو یەکێتی و پارتی کە دوو گەورە هێزی سیاسی بوون لە دوای ڕاپەڕین، هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە لە نێو پڕۆژەی کەڵەکردنی سەروەت و سامان تێوەگلان و هەموو ئەخلاقێکی شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەریان لەدەستداو کەوتنە شوێن بەدیهێنانی بەرژەوەندیە تایبەتی و ئامانجە شەخسیەکانیان. ئەم نوخبە فەرمانبەدەستە، فەوزای سەردەمی ڕاپەڕین و لەباری دۆخی نێودەوڵەتی بۆ سنوردانان بۆ هێزەکانی ڕژێمی بەعسیان قۆستەوەو دەسەڵاتێکی ڕەهایان بۆ خۆیان دامەزراند کە تیایدا هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لەدەستی خۆیاندا بوو. هەر یەکێک لەم حیزبانە لە سنوری دەسەڵاتیاندا هەموو شتێکیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی سامان و داراییشدا گرت، بەمەش مرۆڤەکانیان وابەستەی خۆیان کردو ناچاریان کردن بۆ دابینکردنی ژیانی ڕۆژانەیان چاو لەدەستی ئەوان بن و ببنە ئەڵقە لەگوێ و گوێڕایەڵی ئەوان. نوخبەی بەرژەوەندیخوازی حیزب کە دەسەڵاتی ڕەهایان لە حیزبدا هەبوو، خۆیان بە تەواوی لەنیو حیزبدا تواندەوەو بەرژەوەندی و ئامانجەکانی خۆیان وەکو بەرژەوەندی و ئامانجی حیزب بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەخستەڕوو. ئەو بەرژەوەندیانەی حیزب کە لە چاوی ئەندامانی حزبەوە وەکو ئەرکێکی حیزبی و سیاسی سەیر دەکراو هەوڵ بۆ بەدیهێنانیان دەدرا، لە بنەمادا بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتداری حیزب بوون. بەم شێوەیە خزمەتکردن بە بەرژەوەندیەکانی نوخبەی دەسەڵاتداری حیزب کە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبدا بەرجەستە دەبوو، وەکو خزمەتکردن بە ئامانج و بەها باڵاکانی حیزب لە قەڵەم دەدرا. کاری سیاسی کە لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە مومارەسە دەکراو لە لایەن نوخبەی دەسەڵاتداری حیزبەوە ئاراستە دەکراو مانای پێدەبەخشرا، بریتی بوو لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندی حیزب کە لە بنەمادا بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتداری حیزب بوو، هیچ قسەو باسێک لە بەرژەوەندی گشتی و خەمی گشتی و ژیانی گشتی لە ئارادا نەبوو. ئەم شێوازەی سیاسەت کردن لە نوخبەی دەسەڵاتداری حیزبەوە بۆ نێو ئەندامانی حیزب شۆڕبوەوەو، سیاسەت و کردەی سیاسی لە پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسیەکان و پۆست و پلەو ئیمتیازە حیزبیەکاندا بەرجەستە دەبوو.
تا ئەو کاتەی کە نوخبەی دەسەڵاتداری حیزب تۆکمەو سەقامگیر بوو، ئەرکی ئەندامانی حیزب لە خزمەتکردن بەو نوخبەیە کورت دەبوەوە، کاری حیزبی لای ئەندامانی خوارووی حیزب سەرقاڵبوون بوو بەو شێوازەی سیاسەت کردن کە نوخبەی دەسەڵاتدار ناوی سیاسەتی لێدەنا. کاتێکیش لە قۆناخی دواتردا ناکۆکی لە نێوان ئەندامانی نوخبەی دەسەڵاتدار دروستبوو، هەریەکێک لەوان بۆ پاراستنی پێگەو دەسەڵاتی خۆی پێویستی بە متمانەو لایەنگری زۆرترین ئەندامانی حیزب هەبوو، بۆیە جۆرێک لە کارتێل (بازرگانی- مامەڵە) لە نێوان ئەندامانی نوخبەی دەسەڵاتدارو ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەندامە ئاساییەکانی خوارەوەی حیزب سەریهەڵدا. لەبری بەرگری کردن لە بەرژەوەندیەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار لە خوارەوە لە ڕێگەی لایەنگیری کردن و کۆکردنەوەی نفوزی سیاسی زیاتر بۆی، ئەندامی نوخبەی دەسەڵاتدار خزمەتی بە بەرژەوەندیەکانی ئەندامانی خوارەوە دەکرد و لە ئیمتیازو بەرژەوەندیەکان بەشی دەدان. ئەندامی کۆمیتەیەک یاخود ناوچەیەک لە ڕێگەی دروستکردنی هێڵێکی بەرژەوەندی لەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، جۆرێک مامەڵەو بازرگانی لەگەڵیاندا دروستدەکات و لە بەرامبەر گوێڕایەڵی بۆ فەرمانەکانیان و خزمەتکردن بە بەرژەوەندیەکانیان، دەتوانێ بەرژەوەندی و ئیمتیازی شەخسی بۆ خودی خۆی بەدەستبێنێت. بەم پێیە سیاسەت دەبێتە کاری بازرگانی و هەر لایەک لەم مامەڵە بازرگانیە لە خەمی بەرژەوەندی و ئیمتیازەکانی خۆیدایەتی، لە سایەی ئەم بازرگانیەشدا تەنها خەمی پارەو سەروەت و دەستکەوتی مادی لە ئارادایەو هیچ باسێک لە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و خەمی گشتی بوونی نیە، تەنانەت وەها باسێک لە چاوی ئەم شێوازەی سیاسەت و کاری حیزبی وەکو ساویلکەیی و گەمژەیی لە قەڵەم دەدرێت. کاری حیزبی و سیاسی لەم شێوازەی حیزبایەتیدا بریتیە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامێکی نوخبەی دەسەڵاتدارو لە ڕێیەوە دەستگیربوون لە ئیمتیازی مادی و بەرژەوەندی شەخسی. لە چاوی ئەو ئەندامانەی حیزبەوە کە بەڕاستی بەو شێوەیە لە سیاسەت گەیشتوون و لە لایەن نوخبەی دەستڕۆیشتووی حیزبەوە ئاوا پەروەردە کراون و فێرکراون، ئەم ساختەچێتی و بێمۆراڵی و بەرژەوەندیخوازیە بە مانای ڕاستەقینەی سیاسەت لە قەڵەم دەدرێت. کەسی سیاسی ڕاستەقینە لای ئەوان کەسێکە توانیبێتی لە ڕێگەی خۆبچوکردنەوەو کڕنوشبردن و دوو ڕوویی و ئەڵقە لەگوێیەوە پۆست و پلەیەکی بەرزتر و پارەو پولێکی زیاتر بەدەستبێنێت.
لە ئێستادا ئەم شێوازەی سیاسەت و حیزبایەتی کردن لە ئارادایە، سیاسەتێک داماڵراو لە ویژدان و مۆراڵ، سیاسەتێک تاکە خەمی بەرژەوەندیە تایبەتی و ئیمتیازە شەخسیەکانە، سیاسەتێک لە سایەیدا مرۆڤ دەبیتە ماشێنێکی قێزەونی درۆکردن و ساختەچێتی و دووڕوویی و فێڵبازی و بێمۆراڵی. ئەم شێوازەی سیاسەت ئیستا ڕەواجی هەیەو کردەی سیاسی و مانای سیاسەت و کاری حیزبایەتی لە چاوی ئەم نەوە نوێیەی حیزبەوە بریتیە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی و ئیمتیازی زیاتری تایبەتی و شەخسی (باجەکەشی لە دەستدانی کەسایەتی و مۆراڵ و ویژدان و کەرامەت و شەرەفی ئینسانیە) کە لە چاوی ئەواندا مانای سیاسەتێکی حەکیمانەو لێهاتوانە دەگەیەنیت.
قوربانی سەرەکی ئەم شێوازەی حیزبایەتی، ئەو گەنج و لاوە تازەکارانەیە، کە بەڕاستی سیاسەت بە مامەڵەو بازرگانی لە قەڵەم دەدەن و لە پێناوی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکی شەخسی و ئیمتیازێکی مادی، ڕێزو ئەخلاق و کەرامەتی خۆیان دەدۆڕێنن. ئەمان لە بەرامبەر دەستکەوتێکی مادی بچوک لە مامەڵەیەکدا لەگەڵ ئەندامێکی نوخبەی دەسەڵاتدار، کەرامەت و ویژدانی ئینسانیانەیان لێزەوت دەکرێت و دەکرێنە مرۆڤێکی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز و خۆپەرست و ئەڵقە لەگوێ. نوخبەی دەسەڵاتدار کە خۆی لە بنەمادا کەرامەت و ویژدان و ئەخلاقی لە دەستداوە بەم کردەوەیەی کەرامەت و ویژدان و ئەخلاق لەهەر کەسێکیش دادەماڵێت کە مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەم گەنجانەی حیزب کە پێیان وایە کاری سیاسی دەکەن و سەرقاڵی حیزبایەتین و لە بنەمادا مامەڵەیەکی قێزەون و نادروست و بێمۆراڵ دەکەن، مایەی بەزەیین و شایانی خەمێکی قووڵن. ئیتر لەم کاتەدا سیاسەت جگە لە بێماناییەکی گەورەو جگە لە پووچگەراییەکی پڕوکێنەر شتێکی تر نابێت، بکەرەکەشی ئەو گەنجە تازەکارانە دەبێت کە بە ڕاستی وا تێگەیەندراون سیاسەت جگە لەم ساختەچێتی و درۆو دەلەسەیە شتێکی تر نیە. ئەم گەنجە تازەکارانەی حیزب لە ئێستادا شایانی بەزەیین و قوربانی دەستی سیستمێکی حیزبایەتی قێزەون و ناشیرینن، گەنجانێک کە لەسەر پەروەردەیەکی دزێوو نەخۆش پەروەردە کراون و ساختەچێتی و دووڕوویی و سەرشۆڕی و ملکەچیان وەکو وانەی ڕاستەقینەی سیاسەت و کردەی سیاسی و کاری حیزبی بەسەردا ساغ کراوەتەوە.