نەبەز گۆران: زەنگی ئومێد لێدەدەم!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەو نائومێدییەی لە ئێستادا كۆمەڵێك دۆست باسیدەكەن، هەڵبەتە تێگەشتنێكی باوە بۆ نائومێدی، نامەوێت قسە لەسەر تێگەیشتنە ناباوەكە بكەم، بەڵكو دێم بەهەمان ئاوازی ئەو تێگەیشتنە باوە، سەیری ئومێد و نائومێدی دەكەم. مێژووی حوكمڕانی كوردیی مێژووێكە پڕە لە بۆشایی و لە دیوی ناشیرین، هەركەسێك بروای بە گۆڕینی فەرهەنگ و كلتوور و مێژووی حوكمرانی بێت، هەركەسێك بۆچركەساتێك لەناو رووبەری سیاسیدا كاری كردبێت، نابێت باسی نائومێد بوون بكات. ئەوەی زەنگی نائومێدی لێدەدات با دوركەوێتەوە لە رووبەری سیاسیی، چونكە رووبەری سیاسیی هەمیشە ئامانجێكی تیاییە و خاڵییە لە نائومێدیی.
ئێمە دەمانەوێت ئەم كۆمەڵگەیەمان بگۆڕێت، دەمانەوێت شێوازی حوكمڕانییەكەی بگۆڕێت، دەمانەوێت فەرهەنگ و كلتوورەكەمان ببەینە ئاستێكی بەرزتر، دەمانەوێت ژیانمان بگۆرین بۆ ژیانێكی شكۆمەندانە و ئازادییەكانمان بكەینە ئازادی راستەقینە. هەركەسێك ئەم خەونانەی هەبێت، نە ماندودەبێت نە نائومێد دەبێت.
ئەوان حوكمرانییەكی خراپیان دەستپێكرد، ئەوان پیسخۆریان لەسەروەت و سامانی وڵاتدا كرد، ئەوان شەریانكرد و كوڕی خەڵكیان لەسەر میراتی حیزبی بەناهەق بەكوشتندا، ئەوان كوڕ و كچانی ئەم وڵاتەیان ناچاركرد نیشتیمان جێبهێڵن، ئەوان دەستیان بۆ هەمووشتێك برد تا بەها بۆ مرۆڤی ئەم وڵاتە نەمێنێتەوە و، سەرتاپای ژیانیان بارگاویكرد بە ئایدۆلۆژیا و خێڵپەرستییەوە. ئەوان دەبێت ئاوابن، چونكە بەم كارانەیان دەناسرێنەوە.
ئەوان لەیەكەم هەڵبژاردنەوە دەستیانكرد بە ساختەكاری و تا ئەم هەڵبژاردنەش شانازی بە ساختەكارییەوە دەكەن، ئەوان بێگانەیان هێنایە سەر نیشتیمانەكەمان، ئەوان خۆیان بوونە پارێزەری بێگانەكان، ئەوان نەتەوەیانكردە قوربانی دەستكەوتی تایبەتی، ئەوان نووسەران و گەنجانیان گولەبارانكرد لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆیان دەكرد. ئەوان دەستیانكرد بە گیرفانی موچەخۆراندا و لەموچەی موچەخۆران بەشی خۆیان برد، ئەوان هەمووشتێكیانكرد بۆ ئەوەی خۆیان بەباشی بناسێنن و مێژووێك بنووسنەوە كەس بەخیلی پێنەبات.
من لەچی نائومێد بم؟ ئەگەر پێموابێت بەشەو رۆژێك ئەم فەرهەنگ و كلتوورەی ئەوان دایان هێناوە دەگۆڕێت، ئەوە خۆمم فریوداوە. ئەگەر ئومێدم لەسەر ئەوە هەڵچنیبێت ئەم رێگایەی بەسەریدا دەڕۆم بە كاتێكی كەم دەگاتە ئامانج، دیسان خۆمم فریوداوە. من هاوڵاتییەكی پاك پاكی ئەم نیشتیمانەم، هەرچی ئەوان كردبێتیان لەخۆمم دروخستووەتەوە كە نەیكەم، ئومێدەكانیشم هێندە ئومێدی بچوك نین، بەجوڵەیەكی ناشیرینی ئەوان لەدەستی بدەم. ئەم رێگایەی گرتومەتە بەر پێویستی بە مێژوو ئارامی و سەبرە، ئەم رێگایە شارێگایەكی رووناكە. رێگایەكە خەونی گەورەی تیاییە. رێگایەكە لە پێناو ئازادی، هاوڵاتی بوون، مافی خەڵك، سیستەمی تەندروست. نە ماندوو دەبم و نە نائومێد دەبم لەم رێگایە.
ئێستا تەمەنم چل و یەك ساڵە، ئالێرەدا خاڵێك دادەنێم و سەرلەنوێ‌ دەست پێدەكەمەوە. جارێكیان وتم: نائومێدی وێرانبوون نییە، بیركردنەوەیە بۆ سەرلەنوێ‌ دەست پێكردنەوە.” ئەمجارەش هەروا دەڵێم.
وەكجاران ئەچمە سەر جادە، لە دەنگداندا دەنگ دەدەم. هەتا پێمبكرێت بە شێوازی تایبەتی خۆم كار دەكەم بۆ گۆرینی ئەم دونیا ناشیرینە بانگی ئازادی و مافی خەڵك دەدەم. ناوەستم و هەمیشە بیردەكەمەوە بۆ دونیایەكی باشتر. دەزانم حەقەكەمیان دزیوە، مافەكەیان دزیوم، ئازادییەكەیان دزیوم، دەنگە كەیان دزیوم، بەڵام من نائومێد نیم و دەست لەخەونەكانم هەڵناگرم.
پڕم لە ئومێد، چونكە دەزانم رێگای گۆڕینی دونیایەكی وێران، بۆ دونیایەكی ئاوەدان پێویستی بە بەردەوامییە، پێویستی بە ماندو نەبوونە. كۆمەڵگەیەك بەردەوام نەبێت لەسەر بڕواكانی خۆی، هەرگیز ناگات بە خەونەكانی.
من لێرەوە دەستپێدەكەم و هیچ شتێكیش ناتوانێت برواكانم كاڵبكاتەوە و نائومێدم بكات لە بەدیهێنانی خەونەكانم.
ئەمە یەكەم هەنگاومە… وا دەكەومە ڕێ‌. ئەو دەسەڵات و سیستەمەی چاوەرێیە من نائومێد بكات، نائومێدی دەكەم. ئەو كەمە ژیانەی ماومە لەپێناو خەوەكانمدا خەساری دەكەم.
وەسەلام