كارۆخ عوسمان: ئەگەر وەك دەستكەوت لە12ی ئایار بڕوانین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

12ی ئایار وەرچەرخانێك بوو بەئاراستەی بەرژەوەندیە گشتیەكانی خەڵك لەئایندەدا، كەتوانای كۆتایی ھێنان بەئیدارەی خراپی جوتڕەوی ھەیە.
سەركردایەتی سیاسی بەبازرگان بووی یەكێتی و پارتی بۆ چركەیەكیش یەكتریان جێنەھێشتووەو جێشناھێڵن، بەرەیەكی بەھێزیان پێكھێناوە بۆ بەمجۆرە خراپ ئیدارەدان و تاڵانكردنی سەروەت و سامانی گەل، تەنانەت لەسەر گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی داگیركەری كوردستان و خیانەتكردن لەدۆزی ڕەوای كوردیش ڕێككەوتوون. لە بەرامبەردا نێو ماڵی ئۆپۆزسیۆن و ڕكابەرەكانی حوكمڕانی ئەم دوو حزبە پەرتەوازەو دژبەر بووە، بەڵام زوڵمەكەی 12ی ئایار كە لەھەمووان كرا ھەموانی لەبەرەیەكدا كۆكردەوە. ئەمەش مایەی خۆشحاڵی خەڵكی كوردستانە.
ئێستا ئەوەی زەروورە ببێتە فەرمان، دروستكردنی لیستی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیە كە گشت غەدرلێكراوانی تەزویرەكەی 12ی ئایار تێیدا جێبگرن. بۆ ئەوەی لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەنگی زۆرینە بێنن و بتوانن حكومەت تەشكیل بكەن.
دڵنیام ئەگەر ئەم تەزویرە كە ھەموانی گرتەوە نەبوایە ئێستاش لایەنەكانی ڕكابەری یەكێتی و پارتی بەیەكەوە نەدەبوون. بۆیە من وەك ھاونیشتمانیەكی ئەم وڵاتە یەكەمجارە سوپاسگوزاری (یەكێتی و پارتی) بم. چونكە حەجمێكی گەورەی ئۆپۆزسیۆنیان لەبەرامبەر خۆیان دروستكردو بەمەش ئومێدی من گەورەتر بوو.
سەرنجی ھاوبەندی یەكێتی و پارتی و لەنێویشیاندا ھەردوو بنەماڵە تاڵانكارەكە بدەن، ببینن چۆن داكۆكیكاری پاراستنی بەرژەوەندیە ناشەرعیەكانی یەكترین، بەڵام لایەنە ڕكابەرەكان ھەندێجار تیریان دەگرتە سێبەری یەكتری، كە دەبوایە بەناوی بەرەی ڕزگاری نیشتمانی بۆ چركەیەكیش لەیەكتری تەرەكەز نەبووبان. خۆ ھیچ یەكێك لەحزبەكان ئایدیۆلۆژی نین تاكو بەھۆی بەیەكدادانی فكریەوە نەتوانن پێكەوەبن، بەڵكو گشتیان لەجەوھەردا ھەڵگری یەك پەیامن، ئەویش دامەزراندنی حكومەتی ھاوڵاتی سیستەماتیكی و خزمەتگوزارە لەسەر بنەمای دیموكڕاسی و پاراستنی مەسلەحەی عام. كەواتە دەبوایە پێكەوەبن كە نەبوون، وەلێ ھێشتا نە درەنگەو نە زوو، چونكە ئایندە زیاترە لەڕابردوو.
ئێستا ئەوەی بەدی دەكرێت لەڕیزپتەوی لایەنە ڕكابەرەكانی حوكمڕانی جوتڕەو ئومێدێكە دراوە بەبەر ڕوحی ئیرادەی بەرەنگاری گەندەڵی و تەزویر. ھیوای بەكۆتایی ھاتنی حوكمی خێڵ و حزبی داسەپاوی باڵاكردووە. تەریب لەگەڵ ئەمەشدا ئەژنۆی حوكمگێڕانی لەرزۆك كردووە، چون تازە درك بەم ھەڵەی تەزویرە ئەكەن و دەزانن بەدەستی خۆیان چ قەڵایەكیان لەھەمبەر قەڵەمڕەویە ناجسنی و بێشەرعیەكانیان ھەڵچنیوە.
گرنگتر لەم دیفاكتۆیە دەست پێوەگرتنی ئەم بەرەی مەغدوورەیە كەخەریكە نەشونمای قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی دێنێتە بوون. زۆر پێویستە قەبارەی بەرەكە بۆ ھەتا لاوازكردنی حوكمی جوتڕەوی بەردەوام بێت، بەبێ گوێدانە فكرو فەلسەفەی سیاسی و بەرژەوەندی حزبیەكان. داماڵینی وڵات لەچەوتكرداری لەھەرشتێ ئەولەویترە، ئینجا دوای ئەمانە دەكرێت لەفەزای دیموكراسی و سێبەری قانونی چەسپاودا بەربەرەكانێی یەكتریش بكەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت