جیهاد موحەمەد: هەڵەی ئۆپۆزسیۆن پێش 12ی پێنج.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆربەمان لەوە ئاگادارین و دەزانین، کە دەسەڵات بریتیە لە کۆمەڵێک پەیوەندی، پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ سوبێکتەکاندا، یان باشترە بڵێین لەگەڵ کۆی کۆمەڵگەدا لە رێگەی کۆمەڵێک دامودەزگاوە جێبەجێ دەکات، وەک دامودەزگا یاسایی و دادگاکان و دامودەزگا کولتووری و زمانەوانیی و پەروەدەیی و قوتابخانەکان و زانکۆکان و دامودەزگا مێدیایی و سۆسیال مێدیا و رۆژنامە و رۆژنامەوانی و دامودەزگا دینیەکانەوە، کە ئەمانە  هەموویان دامودەزگاگەلێکی ئایدۆلۆژین. جگە لەمانەش کۆمەڵێک دامودەزگای سەربازیی و پۆلیس و ئاسایش بە ئاشکرا و هەندێک جاریش دامودەزگای لەم جۆرانە بە شاراوەیی هەیە، وەک کۆمەڵێک کەسی بەڵتەجی و سیخور و خەبەرلێدان و چاودێریکردنی هەرچ جوڵە و بزاوتێک، کە ترسیان لێیان هەبێت، کە دیارە لەم کاتانەدا ئەم دامودەزگایانە بۆ سەرکوتکردن و پەلامار و هێرشکردن بەکاریان دەهێنن.

دەسەڵات، لە هەرچ شوێنێکی دنیادا لە هەوڵی ئەوەدایە، کە خۆی بسەپێنێت، ئەو خۆ سەپاندنە یان بە رازییبوونی تاکەکان و کۆمەڵگە فەراهەم دەکرێت، وەک دەوڵەت و حکومەتە دیموکراتەکانی ئەوروپا، یان بە زۆرە ملێ و بە سەرکوتکردن فەراهەمی دەکەن، وەک دەوڵەتان و حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، کە کوردستان و عێراقیش لەو جۆرەن.

ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و دروست، ئۆپۆزسیۆنێکە، کە رەخنەی هەموو ئەم پەیوندیانە دەکات، رەخنە لە پێناوی گۆڕانکاریدا، رەخنە لە پێناوی جێگرەوەی دەسەڵاتی ستەمکار بە دەسەڵاتێکی دیموکرات و دادپەروەر.

دەسەڵاتی ستەمکار، تەنها لە یەک بواری ژیاندا، یان لە یەک دامودەزگادا ستەمکار نییە، بەڵکو کۆی دامودەزگاکانی لەسەر ئەو فەرهەنگە دامەزراون، کە دەسەڵاتی ستەمکار بپارێزن، ببن بە هۆکار و فاکتەرگەلێک بۆ درێژەدان بەم حوکمڕانییە ستەمکارە، بە ناوی شەرعیەتی حوکمڕانییەوە، کە زۆر جار ئەو شەرعیەتەیان لە هەڵبژاردنەکانەوە وەرگرتووە. ئەمەوێت ئەوە بڵێم، کە پێویستبوو ئۆپۆزسیۆن زۆر لەوە زیرەکتر و وردتر بێت، کە بکەوێتە داوی ئەوەوە کە بە بوونی کۆمەڵێک کەسی باش لەم دامودەزگایانەدا ئیتر چاوپۆشی بکات لێیان و بە دامودەزگاگەلێکی پاک و خاوێن و دیموکرات سەیریان بکات. بۆ نوموونە پێدەچێت کۆمەڵێک دادەوەری باش لە دادگاکاندا بوونیان هەبێت، کۆمەڵێک مامۆستا و بەڕێوەبەری باش لە قوتابخانەکاندا و لە زانکۆکاندا بوونیان هەبێت، کۆمەڵێک ئەفسەر و لێپرسراوی باش لە دەزگاکانی پۆلیس و سەربازییدا بوونیان هەبێت، هەرەوەها… گەلێکی تریش.

دەبوو ئۆپۆزسیۆن هێندە زیرەک بوایە، کە بیزانیایە هەموو دامودەزگاکانی دەسەڵات لە کوردستاندا ماوەی 27 ساڵ زیاترە لە بوونیادەوە گەندەڵ بوون، لە بوونیادەوە بوون بە دامودەزگاگەلێکی ستەمکار و بەرهەم هێنانی ستەم و زوڵم و نادادپەروەری و نادیموکراتی. بۆیە بوونی کەسانی باش و دیموکراتخواز ئەم دامودەزگایانە نابن بە دیموکرات و دادپەروەر.

بەرەی ئۆپۆزسیۆن  بە گشتی چ تاک یان وەک ئۆرگانی سیاسیی، پێویستبوو ئەو حەقیقەتە بزانن، کە تا ئەم دامودەزگایانە هەڵنەوەشێنرێتەوە و لە جێگەیدا سەرلەنوێ نەکرێن بە دامودزگایەکی دیموکرات هیچ گۆڕانکارییەک دروست نابێت. ئالێرەوە چەند رەخەنەیەک لەسەر ئۆپۆزسیۆن دەخەمە روو:

1/ جەختکردنەوەی زۆر لەسەر دزی و فزی دەسەڵات و بە فیرۆدانی سامانی وڵات و بێ موچەکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و گەندەڵیە زۆر و زەوەندەکانی دەسەڵات، چەند کارێکی پێویست و لە جێگەی خۆیدا بووە، بەڵام نەدەکرا ببێتە هۆکارێک کە ئۆپۆزسیۆن بیکات بە چەقی رەخەنەکانی خۆی بە جۆرێک، کە هەموو پەیوەندیەکانی دەسەڵاتی لەو دامودەزگایانەی کە ئاماژەم پێدان لە بیربەرێتەوە. دەبوو ئۆپۆزسێون مەسەلەی گۆڕانکاری لە هەموو دامودەزگا ئایدۆلۆژیی و سەرکوتکەرەکاندا بکردایە بە مەسەلەیەکی ستراتیژی و تەنها چاوی لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسیی لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی نەبوایە، یان تەنها چاوی لەسەر دەستاودەستکردنی دەسەڵات نەبوایە، چونکە ئەگەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن گزیی لێ نەکرایە و بیتوانیایە زۆرینەی کورسیەکان بە دەست بێنێت، ئەوە بە شێوەیکی ئۆتۆماتیکی دەستاودەستی دەسەڵات دەکرا، بەڵام بەم دەستاودەستکردنەی دەسەڵات، هیچ لە حوکمڕانییەکە نەدەگۆردرا، ئەگەر سەرلەبەری دامودەزگار گەندەڵەکان نەگۆردرایە بۆ دامودەزگاگەلێکی دیموکراتی و دادپەروەری.

2/ دەبوو بەرەی ئۆپۆزسێۆن و بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی نەکەوتنانەیەتە ژێر کاریگەری ریفراندۆمە شومەکەی پارتی و بارزانی، کە هەردوو رێکخەری گشتی و رابەری کۆمەڵ دەنگیان پێدا.

3/ دەبوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان راستەوخۆ پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان بکردایە و خودی خۆیان راستەوخۆ هاوبەشیان تێدا بکردایە و ئەمەشیان رابگەیەندایە.

 4/ دەبوو ئۆپۆزسوێن وەک هەموو ئۆرگانە سیاسییەکان، بە هیچ جۆرێک بڕوایان بە دامودەزگاگەلێک نەبوایە، کە دەسەڵات دروستی بکات و بچنە ژێر کاریگەریەوە وەک دەزگای کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کە بەداخەوە خودی خۆیان بانگهێشتی خەڵکیان بەوە دەکرد، کە ئەم دەزگایە، دەزگاریەکی پاک و بێگەردە و گزی لێ ناکرێت.

هەموو ئەمانە قابیلی راستکردنەوەن و شتێک نییە لە دەست چووبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت