لاوک کونجرینی: پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێبوردن بکات، نەک بایکۆد بکات.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەڵەیەکی سیاسی زەقە، گەر بزوتنەوەی گۆڕان  بایکۆدی پەڕلەمانی عێراق بکات. لە کاتێکدا کێشی ئەم هێزە سیاسیە لەهەر ئەگەرێکی بایکۆدکردندا لەچاو هاوکێشەی سیاسی عێراقدا ناتوانێت لەرە بە کۆی پرۆسەکە بکات. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە بەشدار بێت، تا ئەو بۆشاییەی لە بایکۆدکردندا دروستی دەکات بۆ هێزە نەیارەکانی خۆی جێنەهێڵێت و لە دەرەوەی دووکەوانە مشتومڕەکانیشدا ڕانەوەستێت، تا بێئاگایانە لە بڕیارەکاندا وەک تەماشاکارێک بوونی هەبێت.

دەکرێت لە بەشداریکردندا، سوود بەبزوتنەوەکە و کوردیش بگەیەنێت و بەئاگا بێت لەوەی لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا چ دەگوزەرێت و لانی کەم دەتوانێت بەم شێوەیە چالاک بێت:

1- قسەی خۆی بکات، وەک لە بایکۆدکردندا بێدەنگی هەڵبژێرێت.

2- لە هەموو مشتومڕەکانی هەرێم و عێراق بە ئاگا دەبێت.

3- بەئاگا دەبێت لەهەموو ڕێکەوتنە نهێنی و ئاشکراکانی هەرێم و عێراق و خاڵێکی گرنگیش دەبێت لەهەر گفتوگۆیەکدا بۆ چارەنوسی عێراق و هەرێم.

کێشە سیاسیەکانی حیزبی کوردی لەوەدایە، ئۆباڵە زەقەکان ناخاتە سەرخۆی و بەچاویی هەڵەوە ناڕوانێتە زیانەکان و بوردەیی ناکاتە پێوەری پاش هەر شکستێک و، خۆیشی لەقەرەی بێئاگایی و ناهۆشیاریی لەهەر ململانییەکی ناسەرکەوتوودا نادات. لەکاتێکدا ئەوەی چەمکی سەرکەوتن و ژێرکەوتنەکەی بەدەستەوەیە هەر خۆی و بەرامبەرەکەیەتی.

سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە هۆشیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ململانییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەر دەسەڵاتی عێراق نەکرد. لەو لاشەوە بیریان لەوە نەکردەوە، هەوڵ و خەونی چوار ساڵی بزوتنەوەکەیان لە تەرازووی هەڵبژاردنێکدا، گێچی ئەم هێزە بەرزو نزم دەکات، تادەگاتە داڕمان و تێکشکاندنی هێزی نەیارەکانی خۆی و خۆیشی، یان بە دیوەکەی تردا، ڕۆژی هەڵبژاردن ڕۆژی ململانییە لەسەر پانتایی دەسەڵات و بە ئامانج گەیاندی خەون و بەرنامەکانی.

لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەدا بۆچی بایکۆدکردن زیان بەخشە، بەڵام ناوەڕۆکی باسەکەمان لەسەر داوای لێبوردنە!. حیزبی سیاسی بەهەڵەیەک دابەزینی بەرچاو بەسەر خۆیدا دێنێت، هەر هێزێک کارامەو لێزان و خاوەن تاکتیکی وردو ژیرانە نەبێت، بەتایبەتی لەم هەرێمەی ئێمەدا زەحمەتە دانەڕمێت و پچووکنەبێتەوە و یاخوود لە گەشە نەکەوێت.

پاشخانی بزوتنەوەی گۆڕان لێزانی و کارامەیی و بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا ئاسانکارییەکی زۆریی بۆ سەرکردەکانی دوای خۆی جێهێشتووە. تەنها پێویستی بە تاکتیکی ڕۆژانەیە تا ئەم بزوتنەوەیە لەرەی پێ نەکەوێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵکشانێکی باشدایە بەهۆی هەڵەی نابەرپرسیارێتی سەرانی پارتی و یەکێتی بەرامبەر هەرێم لە ڕووی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییەوە گەیشتۆتە ئاستێک تەنها سەرکردایەتییەکی کارامەی دەوێت بۆ ئەو باهۆزە ناڕازییەی لەسەر شەقامە، تا دەسەڵاتیان لێبسێنرێتەوە، بەڵام ئەوان ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و هێزەکانی تر لەچوارساڵدا بەماندووبوونێکی زۆر ئەنجامی دەدەن بۆ ئەوەی بگەن بە دەسەڵات، کەچی پارتی و یەکێتی بە لێزانییەکی تاکتیکی هەڵبژادن بەتوانای خۆیان و بە ڕایەڵە دەرەکییەکان پاشەکشێیان پێ دەکەن.

کەواتە هەڵەی تاکتیکی و سیاسی سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاست تاکتیک و توانای لۆجیکی یەکێتی و پارتی نییە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە دەدۆڕێن. پێویستیان بەخۆداچوونەوەیەکی ورد و پلانێکی ژیرانەیە، تا کونەبڕیی هەموو تواناکانی پارتی و یەکێتی بگرن لە تەزوویرکردندا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر هاوشێوەی ئەمجارە تەزویریان لێنەکرێت، لەبەر ئەوەی بزوتنەوەکە بەرگەی لەرەیەکی تر ناگرێت و ناڕازیی بوونی ئەمجارە، پێویستی بە داوای لێبوردنی فەرمی بزوتنەوەکەیە.

تێبینی/

من نوسینێکم بە ناونیشانی ”  هێزە کوردییەکان چۆن هەڵبژاردنێکی بێ خەش ئەنجام بدەن؟  بۆ ئەم نوسینە سوودمەند بووم لە کڵێشەی هەڵبژرادنەکانی ئەوروپا، کە زۆر زەحمەتە تەزویر بکڕێت. بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت لەم نوسینە سوودمەند بێت.