سامانی وەستا بەکر: میــرات بەشــی دەنگەکان و فستیڤاڵە مەزنەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبەتە ئەوەی لە 12ی ئایاری ئەم ساڵا ڕوویا هەڵبـژاردن نەبوو بەڵکو نوێکردنەوەی ئیـرادەیەکـی چەسپاوو سەپێنـراوی دوو بنەماڵە بوو، هەڵبـژاردنێکـی ئەنجام نوسـراو تۆمارکراو بوو بەجۆرێک دەنگدەر ڕۆڵـی کارەکەرتێـکـی هیچ بەدەستـی بۆ داڕێژاو بوو هەروەک بڵێـی (دەنگـی ئەوان ڤۆکاڵ بوو هینـی خەڵکیش کۆنسنەنت) کە سیانریست و دەرهێنەر تەنها بۆ جوانکاری و دیکۆری شانۆگەرییەکە و متمانە بەدەستهێنان بەشدارییان بە دەنگدەر کرد چونکە شانۆ بـێ کارەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ بینەر و دەنگدانەوەی نابـێ.
بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا کام دەرهێنەرو سیناریست باشتـرین ئامادەکاریان کردووەو جوانـتـرین تێکستیشیان نووسیووە لە ئێستەوە بۆ فستیڤاڵە مەزنەکەی مانگـی نۆی ئەمساڵ و دواتریش؟
لێـرەوە پرسیارێک خۆی قوت ئەکاتەوە کە ئەگەر وەڵامـی گونجاو نەیرێتەوە ئەوا لە داهاتووا چەندین شانۆگەری لەو چەشنەی 12ی ئایار ئەبینینەوە. پرسیارەکەش ئەوەیە کە ئایا پارتـی و یەکێتـی زۆر لەبلەبان و زیرەکن یان ئۆپۆزسیۆن و حیـزبە ڕکابەرەکانیان لاوازو نەشارەزان؟
نەخێـر پارتـی یەکێتـی زۆر لەوە نەشارەزاترن کە پێـی ناسـراون بەڵکو ئەوەی کە نەخشەی کاری ئەم کارە قێـزەونانەیان بۆ ئەکێشـێ و ئەگەیەنێتە ئەنجام هێـزە هەرێمییەکانـن ،کە بوون و مانەوەی ئەو دوو حیـزبە لە لوتکەی دەسەڵات وەک مانەوەی خۆیان لە حوکما بۆیان گرنگە. ئاخر چۆن بۆیان گرنگ نابـێ کە شەش سفری دوای لـیـرەی تورکـی بەهۆی تاڵانفرۆشـی نەوتـی هەرێـمـی کوردستانەوە هەڵگیـران و ئابوری ئەو وڵاتە بەجۆرێک گەشایەوە کە پلەکانـی دواوی دواوە بووە یەکێک لە 10 ئابورییە گەورەکەی جیهان، یـــان ئێـران کە هەر کاتـێ بیەوێ بە ڕۆژی نیوەڕۆ نەیارە سیاسییەکانـی لەناو شەقام و شارو شاروچکەکانـی هەرێمـا بە سـزای مردن ئەگەیەنـێ! ئەمە لە کاتێکا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بە نمونە وەرگرین هێزێکـی دڵخواستـی ئەو هێـزە هەرێمییانە نییە چونکە تا ئێستا تەسلیمـی ئەجندای ئەو دوو وڵاتە نەبووەو کار بۆ دروست کردنـی ستـراتیـژی سیاسـی سەربەخۆی کوردئەکات.
بەڵام ئەمە پاساوێکـی گونجاو نییە بۆ حیـزبەکانیتـر تا جوڵەی سیاسـی و کارا نەکەن چونکە یەکێک لەکارەکانـی حیـزب دۆزینەوەی دەرچەیە بۆ شتە عاسـی و گیـرخواردووەکان بەجۆرێک لە ئێستاوە ئەبـێ کاری ئەم حیـزبانە داڕشتنـی ستراتیژیەکـی نەتەوەیـبـێ دوور لە تەدەخولـی هێـزی دەرەکـی بەڵام بەجۆرێک کە نەبێتە هەڕەشە و بێـزارکردنـی هێزە هەرێمییەکان و هاوکات جێگرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییانەبـێ کە پارتـی یەکێتـی بۆ بەرژەوەندی حیزبـی و کەسـی لە خاوەندارێـتـی میلەت کردوویانە.
ناشـرین تـرین کارێک کە بەرامبەر کبـریاء و شکۆی تاکـی کورد کرابـێ ئەم هەڵبژاردنەوی 12ی ئایار بوو بەجۆرێک ئەوەی ئەم دوو حیـزبە کردیان وێنای ئەوە لای یارو نەیاری ئەم گەلە ئەکێشـێ کە خەڵکـی ئێمە لەبری سـزادانـی خیانەتـی نیشتمانـی و لەبری دزی و تاڵان کردنـی سامانـی سەرو ژێر زەوی و لەبری برسـی کردن و سـزای سیاسـی خەڵات ئەبەخشێتەوە، کە ئەمەش بەدەرە لە کۆی هاوکێشەکانـی مرۆڤایەتـی هەروەک ئەوەی بیانەوێ بڵێـن میلەتـی ئێمە زکماکـی بیـرو هۆشیان هەیە لە هەموو هەستێک داچۆڕاون!
کەواتە کـێ ئەم هەڵە چەوت و چەوێڵ و چەپەڵە ڕاست بکاتەوە؟
ئێستا چەند پارتێک ڕۆڵـی ئۆپۆزسیۆن ئەگێـڕن, بەڵام هەر کە ناوی ئۆپۆزسیۆن ئەهێنـرێ ڕاستەوخۆ ناوی بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەهێنـرێ کە ئەمەش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە پێش دروست بوونـی ئەو بزوتنەوەیە لە هەرێمـی کوردستان شتێک نەبوو بەناوی ئۆپۆزسیۆن بەڵکو میـرات بەشییەکـی نیوە بە نیوەی برایانەی دابەشکردنـی سامان و خاک و داهات هەبوو لە نێوان دوو پارتـی بەناو جیاوز و بەناوەرۆک یەک هەر لە شیوازی حوکم و بنەماڵەی و هێـزی چەکدارو …. هتد, بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هات و دەنگـی کپ کراوی خەڵکـی بە کردار لەناو پەرلەمانێکا بەرزکردەوە کە پێشتـر تەنها دەست بەرزکردنەوەو بڕیاردان بۆ هەر پرسێک بە کۆی دەنگ بوو.
بەشێک لە کاری دروست بوونـی پارتـی سیاسـی بۆ ڕێکخستـن و ئاڕاستە کردنـی شەقامە لە کاتـی پێوستدا بۆ نمونە لەکاتێكـی وەک ئێستایا کە دەنگ وخواستـی شەقام نەک هەر دزراوە بەڵکو میـرات بەش و هەتکیش کراوە بۆیە گرنگە کە حیـزبە مافخوراوەکان شەقام ئاراستەکەن نەک پێچەوانەکەی، وەک ئەوەی ئێستا هەستـی پێئەکـرێ کە مشتومڕی شەقام ئەم حیزبانە ئاڕاستە ئەکات، چونکە خەڵکـی تا ئاستـێکـی زۆر بـێ هیوا کراوەو چاوی لە دەستـی ئەو حیـزبەیە کە دەنگـی یاوەتـێ تا دەنگەکەی بۆ بگێـڕێتەوە لەبەر ئەوە گرنگە حیـزبەکان لۆژیک بۆ هەڵبـژاردنـی ڕێگا ڕاستەکە هەڵـبـژێرن کە ئەویش تەنها بە بایکۆتکـردن نایەتەدی بەڵکو پێویستـی زۆری بە بەکارهێنانـی شەقام هەیە لەڕێگەی خەباتـی مەدەنییەوە.
خەڵک بەکڕوزانەوەی حیـزبە دەنگ دزراوەکان زیاتـر بـێ ئومێدەبـێ هەر بۆیە زۆر گرنگە کە ئەو حیـزبانە نەکڕوزێنەوە و هەنگاوی کاراو خێـرا بنێنـن و تەنها بە تاوانبارکردنـی پارتـی و یەکێتـی نەوەستـن بەڵکو لایەنـی کەم هاوپەیمانییەک لە ئێستایا دروست بکەن و هەموو ڕێگاکانـی خەباتـی مەدەنـی بگرنەبەر بۆ گێـڕانەوەی دەنگە دزراوەکان بەجۆرێک کە کۆی جومگەکانـی حکومەتـی هەرێــم ئفلیج بکەن، خۆ ئەگەر هەر نەکرێ لە سلێمانـی و هەڵەبجەو گەرمیان پێیان ئەکرێ.
گەر ئەو حیـزبانە لە ئێستایا دوابکەون و بەزوترین کات دەست نەکەن بە “اعتصام المدنـي” ئەوا لە چەن ڕۆژی داهاتووا ئەنجامـی گزی و دزینـی دەنگەکان جێگـیـر ئەبـێ و ئەمەش سەنگـی مەحەکە بۆ بەدەنگەوە چوونـی دەنگدەر بەرەو سندوقەکانـی هەڵبـژاردنـی ئەنچومەنـی پارێزگاکان و پەرلەمانـی کوردستان کە بە تاقـی کردنەوە گەورە و بنچینەییەکە ئەناسـرێ چونکە ئەم دوو هەڵبـژاردنە ڕاستەوخـۆ گرێدراوی ژیانـی هاوڵاتییانە.
خەباتـی مەدەنـی تەنها ووشە نییە بەڵکـو پێویستـی بە کردارە بۆیە ئەبـێ حیـزبە گزی لێکراوەکان لەڕێـی ڕایەڵەو ڕێکخستنەکانیانەوە دابەزنە ناو خەڵک و هاندەرو پشتگیـریانبـن بۆ ڕاگرتنـی کۆی کارەکانـی حکومەت و تەنانەت داخستنـی دوکان و بازاڕەکانیش بەجۆرێک حکومەت ئفلیـج بکەن کە لایەنـی کەم هەرگیـز ئەو دوو حیـزبە لە داهاتووا نەوێرن ئەم دەبەنگییەی ئەمجارە کردیان دووبارەی بکەنەوە. ئاخـر خەڵک چاوەڕوانە و گەر دڵنیابـێ کە ئەم حیـزبانە “اضعف الایمان” شەقامیشیان بۆ ڕێکناخرێ ئەوا چیتـر دەنگـی خۆیان لە هەڵبـژاردنێکا بەکارناهێنـن کە دڵنیابـن هیچ گۆڕانکارییەک ناهێنێتەوە ئاراوە.
زۆر باسـی بایکۆت کردن و نەکردنـی سیاسی چوار لایەنەکە ئەکرێ بەڵام کەمتـر باسـی جۆری بایکۆتەکە ئەکرێ. لە ڕاستییا ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کرا لەسەر دەستـی دوو حیـزبە ناو جیاواز و ڕەفتار یەکە لە دزین و میـرات بەشـی دەنگـی خەڵک و ھەوڵدان بۆ بـێ ئومێدکردنـی دەنگدەری کورد بۆ ئاڵوگۆڕکردنـی ئاشاتییانە نەک شایانـی بایکۆت بەڵکو شایانـی نەفرەت لێکردنـی کاری سیاسییشە لەگەڵ ئەو دوو لایەنە، بەڵام نابـێ ئەوە لەبەرچاو نەگرین بایکۆت کردن و نەچوون بۆ بەغا دیسان لەبەرژەوەندی پارتـی و یەکێتـی و بە زەرەریش بۆ خەڵکی ھەرێم ئەگەڕێتەوە.
چوار ساڵ لە پەرلەمانـی عێراق ئەگەرچی تەوافوی سیاسیشـی تا ئاستێک زۆر لەدەستداوە بەڵام لەو ماوە زۆرەیا ئەو پەرلەمانە چەندین بڕیاری گرنگ و چارەنوس ساز دەرەکات و بە زۆرترین ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسیش لەو ھۆڵەیا ئەکرێ بۆیە بوونـی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ھەندێ پرسـی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان و بەستراو بە خەڵکـی ھەرێمەوە گرنگە.
بەڵـێ ئەبـێ بایکۆت بکرێ بەڵام چۆن؟
زۆر گرنگە کە ئەو پەرلەمانتارانە لە سەرتاوە لە بەغابن و شوێنـی خۆیان بە چۆڵـی بەجێنەھێڵن کە ترسـی پڕکردنەوەی شوێنەکانیان ئەگەرێکـی بەرچاوە، ئیتـر لەوەبەدواوە جەنگـی بایکۆت و لێدانـی بەرژەوەندیە حیـزبیەکانی پارتـی و یەکێتـی و ھاوتاکانیان لە بەغا دەست پێئەکا ئەویش بەم شێوەیە:
ئاشکرایە چوونی پارتـی و یەکێتـی بۆ بەغا لە دوای ڕوخانـی ڕژێمەکەی سەدامەوە ساڵی 2003 تا دۆڕاندن و لەدەستدان و گۆڕینەوەی ٪‏51ی خاکـی نیشتمان بە چەند کورسیەکـی دزراوی پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی تەکسـی حیـزبـی ئەو دوو پارتەو دەستکەوتـی مادی بۆ چەند بەرپرسێکـی باڵا دەست و دوو بنەماڵە و پۆست بووە، بۆیە بوونـی ئەو پەرلەمانتارانە زۆر گرنگە بۆ دەنگ کۆکردنەوە لە دژو بایکۆت کردنی کۆی ئەو پرسانەی بەرژەوەندی تەسکـی ئەو حیزبانەی تیایە و دەنگدان لە دژیان.
دەنگدان لە دژی کۆی هەڵبـژێراوەکانـی ئەو دوو حیـزبەو هاوتا و هاوکارەکانیان بۆ وەرگرتنـی هەر پۆستێک و کۆکردنەوەی دەنگ لە دژیان.
بایکۆت کردنـی و تەواونەکردنـی نیصاب بۆ ھەر پرۆژەیەک کە لەلایەن پارتـی و یەکێتـی و پارتە عەرەب و مەزھەبییە عێراقییە ھاوتاکانیان پێشکەش بکرێ.
پەکخستنـی بەشێک لە دانیشتنەکانـی پەرلەمان کە پێویستـی بە ئامادەبوونـی ئەم پەرلەمانتارانەبـێ و لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییا ھۆکارەکەی بگەڕێنـرێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێکـی زۆری ئەندام پەرلەمانەکان بە گزی و بە دەنگـی دزراو لە ھۆڵی پەرلەمان بوونیان ھەیە و ناتوانین ھاوکاری خەڵکێک بین کە بە نایاسایی بوونیان ھەیە لە ھۆڵـی پەرلەمانا وەک بەرزترین دەزگای بڕیاردان.
ھەوڵی بەردەوامو بێ ووچان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ بە ئاڕاستەی متمانە لێسەندنەوە لە حکومەت و ھەڵبژاردنی پێشوەخت.
ھەوڵی دبلۆماسیو سەرنجڕاکێشانی سەفارەتی وڵاتان لە بەغا بۆ شەرعی نەبوونی ئەم خولەی پەرلەمان بەھۆکاری گزی و دزی دەنگ.
بەشداری نەکردن لە حکومەتی داھاتووی عێراق و بوون بە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە.
ھەوڵدان بۆ دروست کردنـی ھاوپەیمانییەکـی گەورە لەنێوان کوتلە گزی لێکراو بەشخوراوەکان و دوورکەوتنەوە لە درۆ گەورەکەی یەکدەنگـی و یەکڕیزی نیشتمانـی چونکە یەکڕیزی نیشتمانـی لەگەڵ خەڵکێکا ناکرێ کە نیوەی خاکـی نیشتمان بفرۆشـێ بەرامبەر بەچەند کورسیەکـی پەرلەمانـی عێراق لە پشکـی پارتە کوردییەکانـی تر بەو واتایەی کە ئەوەی لە 12ی ئایارا ڕووییا تەواوکەرو پاداشتـی خیانەکەی 16ی ئوکتۆبەر بوو بۆ پارتـی و یەکێتـی بەواتای (خاک بەرامبەر بە کورسـی)کە ئەوەش بە ھەموو پێوەرێک خیانەتێکـی نەفرەت لێکراوی مەزن بوون ھەربۆیە ھەر نزیک بوونەوەو ھەماھەنگییەک لەگەڵ ئەو دوو حیزبەیا خیانەتـی نیشتمانییە نەک پێچەوانەکەی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت