عەلی مەحموود: عومەر خاوەرەكەی سەردەشت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

داخوا دەڤەری سەردەشت چەند چیرۆكی كپكراوی وەك چیرۆكی بەسەرهاتی قادری مەولان پووری تێدا بێت, كە ئازارەكانی خۆی تا ئێستا لە هەناویدا بە كپكراوی هەڵگرتبێت و بە ئازارەوە لە كۆڵی نابێت, لە ناخەوە پیش بدات, تا لە تەمەنی 76 ساڵەدا لە گەڵ خۆی بردییە ژێر گۆڕەوە, چاوەڕوانی دەرفەتێك گونجاو, چركە ساتێك, ڕۆژگارێك, هەلێكی لەبار بكات پڕ بە دڵی خۆی هەڵیانڕێژێت و هەگبەی دڵی بە توانای خۆی بۆ هەمووان بكاتەوە؟,, مخابن هەر نەیكردەوە , ئازار و دەردی قوربانیانی شاری سەردەشت بە بارستایی چیا سەركەش و سەربەرزەكانی گیاڕەنگ و زەنزیران باڵا بەرزە و وەكو ئەوانیش سەری بەرزە, لەویش گەورەترن.
ئەم چیرۆكەی لێرەدا بۆتان دەگێڕمەوە, چیرۆكی ناو ئەفسانەكانی بەر ئاگردانەكان و سیناریۆی ناو فلیمە خەیاڵیەكان و فەنتازیای ناو ڕۆمانەكان نییە, بەڵكە بەسەرهاتی كوردێكی لادێی نەخوێندەوارە كە ناتوانێت سەرجەم ئازار و لایەنە پڕ لە ترایژیدیاكانی ژیانی وەك خۆی بە خەڵك ڕابگەیەنێت, چیرۆكەكانی ژیانی سنووری خەیاڵدانی رۆمانووسان و شاعیرانی بەزاندووە, ئەو كەسەش عومەر خاوەرە كۆچكردووەكەی سەردەشتە, كە ناسراو بوو بە مام قادر, ئەو مام قادرەی خێزانەكەی دەبێت بە قوربانی چەكی مۆدێرنە و تراژیدیای چیرۆكی مەرگە ساتەكەشی كەسێك نەبوو بە تەواوەتی بۆ نەوەكانی داهاتووی بگێڕێتەوە, نەخوازەلا بنووسرێتەوە, ئەگەر ئەو دادگایە نەبوایە ( دادگای بازرگانی چەكی كیمیاوی هۆڵەندی فرانس ڤان ئانرات لە ساڵی 2004 ) لەگەڵ خۆیدا مەرگە ساتەكانی دەبردە گۆڕەوە, كەسێك گوێبیستی ئاهو ناڵەی ئەم پیاوە خاكییە بە ویقارە سەربەرزە نابوو.
پیاوێكی بەخۆ بە بەرگی كوردی و كڵاو جامانەی سەرەوە, دەگاتە شاری لاهای پایتەختی دادپەروەری جیهانی, بۆ ئەوەی سكاڵای خۆی پێشكەش بە دادگا بكات لەسەر تاوانباری بازرگانی چەكی كیمیاوی فرانس ڤان ئانرات, ئەو بارێك تاوانی لە ویژدانیا هەڵگرتووە هێناوییەتی لە لاهای شاری دادپەروەری جیهانی لە بەردەم دادگا هەڵیڕێژێت, ڕاستگۆیی و دڵ پاكی كوردەواریانەی لادێیانە لە سیمای دەباری, بەرائەتی دەموچاوی لە دورەوە هاواری دەكرد راستییەكان لێرەن, ئەوەی لە یەك چركە سات بە دیداری بگەیشتایە بۆی دەردەكەوت ئەم پیاوە لە ڕاستی زیاتری پێ نییەو لە ڕاستگۆیی زیاتر لە سیمای دەرناكەوێت, توانای بەسەر وتنەوەی هەموو راستییەكانیشدا نییە, لەبەر دەم دادوەری گشتی و دادوەركان دیكە و ستافی دادگای دۆسیەی فرانس ڤان ئانرات لە بەرواری 1-12-2005, بە دورایی مەترێك لە فرانس ڤان ئانراتی تاوانبار بازرگانی چەكی كیمیاوی, لەسەركورسیەك بە قیتی دانیشت.
كاتێك دادوەری گشتی لێی پرسی: بە كوردی قسە دەكەیت.
لە وەڵامدا وتی: لە كوردی زیاتر زمانی دی نازانم گەورەم, تەنها كوردی دەزانم.
دادوەری گشتی: كارت هەیە.
وەڵام : كارگەری ڕۆژانە دەكەم(ئەوكات تەمەنی 63 ساڵ بوو).
ڕاوەستایە سەر پێ و دوو پەنجەی ڕوو لە ئاسمان بەرز كردەوە, بە دوای دادوەردا وتی: خودا یارمەتیم بدات لە حەقیقەت زیاتر ناڵێم.
ئاخۆ ئێوەش وەك من لە نزیكیەوە بونایە, ئاوا بتان بینایە لە چركە ساتەكانی یەكەم نیگاوە دەتان زانی ئەم پیاوە سەردەشتیە هەرگیزاو هەرگیز درۆ نازانێت, ئەمە لەو مرۆڤە پەپولەییانەیە ئاورێشم ئاسا نەرم و نیان و بێگەردە, تەنانەت لە گەڵ دوژمنەكەشی بە ڕاستی دێتە گۆ, فرت و فێڵ لە گەڵ جەلادەكانیشی نازانێت, ئەو بە راستی ژیاوەو بۆ راستیش دەژێت.
لێرەوە دەچینە ناو چیرۆكە پڕ تراژیدیاكانی قادری مەولانا پوور, ئەو ڕۆژە ساماڵەی ئاسمانی گوندی رەشە هەرمێ و شاری سەردەشت لەبەر تیشكی بەهێزی خۆرەتاو سەیركردنی ئاوی چاوی دادەهێنا, چاوە تیژەكانیش نایانتوانی ڕوو لە ئاسمان پێلو بجوڵێنن و خۆیان بەرز بكەنەوە, نیگا بخەنە سەر ڕوپەڕی ئاسمانی شینی بێگەرد, شار و دەوروبەری سەردەشت بە بنار و شاخەوە بە بێدەنگی ڕۆژە ڕەشەكانی شەڕی كۆنەپەرستانەی عێراق ئێرانیان دەژمارد و بەڕێ دەكرد, كاك قادر بەهۆی باری گرانی خێزانەكەیەوە كە یەك مانگ بوو لە پێشمەرگایەتی گەڕابوەوە بۆناو ماڵ و منداڵەكەی (پێشمەرگەی حدكا بوو پێشتر),خەونەكانی خەباتی چەكداری لە خەیاڵی خۆیدا زیندە بەچاڵ كرد, تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەرزانە منداڵەكانی بژێنێت, هەر لەو مانگەدا برایەكی كە پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بوو لە چیای قۆچی پشت گوندی مارۆغانی ناوچەی سەردەشت شەهید ببوو, بە ناچاری و لە ژێر باری گرانی ڕۆژگاردا, درێژەی بە ڕێبازی براكەی نەدا, خۆی تەحویل دەداتەوە بە ڕژێم, بۆ ئەوەی هاوسەرەكەی و 3 منداڵەكەی سەربەرزانە بەخێو بكات, بۆ ئەوەی لە سۆزی باوك بێبەری نەبن.
دەوروبەری كاتژمێر 4 ی پاش نیوەڕۆ, لە بەرواری ڕۆژە ڕەشەكەی 28-6-1987 دا و كاتژمێر نزیك 4:30 سەر لە ئێوارە, لە وەرزی پڕ بەرەكەتی درەوو دورینەوەی گیاو گۆڵە, 4 فڕۆكەی عێراقی لە ئاسمانی شاری سەردەشت وەك وێشومەی سەرە خۆرە دەردەكەون, دەنگێك نزم لە گوندی ڕەشە هەرمێوە دێت, ئەو گوندە 22 ماڵەی دەكەوتە پەنا دەست و بن هەنگڵی شارەوە, كە ئەكات تەنها 1 كم بەلای ڕۆژئاواوە لە سەردەشتەوە دوورە, مام قادریش دوای زرمەكەش لە كارەكەی هەر بەردەوام دەبێت, وەك ئەوەی مێش میوانی نەبێت, ئاخر ئەو كوڕی ناو كوڕانی گیا ڕەنگ و مەلا ئاوارە بوو, بە دەنگی وا ڕا ناچەڵەكێ , بەلایەوە ئاسایی بوو ئەو زرمانە.
لەو كاتەی خێزان و منداڵەكانی لە دەم چەم و لە بن دارگوێزێك خەریكی شیو لێ نان دەبن, بۆ ئەوەی ئێوارە هەموو پێكەوە لە گەڵ مام قادردا لە دەوری سفرەیەك دابنیشن و بیخۆن, ئەویش لە گوندی مەرەغان كاری خۆی دەكات, فڕۆكە مەرگ هێنەرەكان بە بەرچاویەوە ڕقی فاشستانەی خۆیان بەسەر ڕەشە هەرمێ و شاری سەردەشتدا دادەبارێنن, دەست لە هیچ ناپارێزن, ئەو تاوانەی تا ئەو چركەساتە هیچ چاوێك نەیبینیوە دەخولقێنن, تاوانێك مەگەر تەنها زارەكانی مام قادر بتوانێت مافی گێڕانەوەی هەبێت بە مافی خۆی بزانێت, ئەو زرمەیەی ئەو رۆژە سەردەشتی هەژاند دواتردەرگای بۆ هەڵەبجە كردە سەر پشت, هەر لەوكاتە لەو دەوروبەرە شەڕی هاوبەشی پاسدارو پێشمەرگە گەرم بوو لە گەڵ سوپای عێراقی.
قادر لەو چركەیە قەت دڵی بۆ ئەوە نەچوو بوو ئەو زرمەیە هێواشە كۆتایی هێنابێت بە هەموو خۆشی و ئاوات و ئامانجێكی, ژیانی خۆشەویستانی لێسەندبێتەوە, ببێتە هۆی گۆڕینی سەرتاپای ژیانی, ئەو لەحزەیە دوا چركەی خۆشی ئەو بوو بێت لە هەموو ژیانی, ڕۆژەكانی دیكە هەموو بە ئاواتی گەڕانەوەی چەرخی ڕۆژگاربێت بۆ پێش ئەو چركە ساتە, ڕۆژانە ئەم خەونە دەبینێت و دەبینێت و تا ئێستا ئەوە 30ساڵە بەردەوام دەیبینێتەوە, تا لە گەڵ خۆی بردییە ژێر خاكەوە.
لە گەڵ دەنگەكە ناخۆشییەكانی ئەویش باڵا دەكەن, منداڵەكانی ئەو چركە ساتە بەر كیمیابارانی فڕۆكەكانی بەعس دەكەون, هیچیان ڕزگاریان نابێت, بۆ نەگبەتی ڕۆژگار و مانەوەو تلانەوە بە دەم ئازارەوە تەنها خۆی دەردەچێت, ئەو لە كاركردنەكەی خۆی بەردەوام دەبێت, تا لە ناكاو هاووڵاتیانی گوندەكە بەسواری وڵاخ منداڵەكانی بە برینداری بۆ دەهێنن بۆ گوندی مەراغان, لێرەوە چیرۆكی نەهامەتی كاروانی ئازارەكانی مام قادر دەست پێدەكات و شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو سەرتاپای مێژووی مانی تا ژیانی لێ دەسەنێتەوە, لێرەوە ئیتر داستانی ئازار و جەهەنەم دەرگای دەخرێتە سەر پشت, عومەر خاوەر ئاسا پەلاماریانی دا بۆ ئەوەی لە مەرگ بیان شارێتەوە, وەلێ ئەمان نە یەك نە دوو نە سێ چووار بوون, چركە ساتی شاردنەوەشیان لە وێشومەی مەرگ تێپەڕیبوو, فریای ئەو چركە ساتەش نەكەوت و زەمەنی بۆ نەگەڕایە دواوە, پڕ بە گەروی یەك بە یەك بۆنیانی دەكرد, بۆنێك ئەوەندە درێژ بە ئەندازەی ڕێگای خۆشەویستی دوو دڵی باوك و نەوەیەك لە گیانەلای مردندا, ڕێگایەك ئەوەندە تەلیسماوییە هیوادارم كەس نەكەوێتە ژێر كاریگەرییەوە, ئەمی هەڵدەگرت ئەوی دی دا دەنایەوە ,ئەمی بۆندەكرد, ژەهری ئەوی دی قوتدەدا بە هانوو بە ئەندازەی بۆنی خۆشەویستان بۆنیانی دەكرد, یەك بە یەك دەیانی نا بە هەناسەیەوە, كە ژەهری هەناویانی هەڵدەمژی خۆشییەكی شەماڵانە تەسكێنی بە دڵ و دەروونی دەدا, بە پەلە پەل و خێرا, دەترسا لە لەحزەی گۆڕینیان یەكیان ماڵئاوایی لێ بكات و فریای مژینی هەناسەی ژەهراوی نەكەوێت, چركە ساتێك ژەهر خۆشی دەبەخشێت بە مرۆڤ, بۆ دایكان و باوكان بۆنی زاروك ئەگەر ژەهراویش بێت لە هەموو بۆنێك خۆشترە, ئەمە چ خۆشییەكە بۆنی ژەهر بتباتە خۆشییەوە, عومەر خاوەر فریای ئەو لەحزەیە نەكەوت بۆنی كوڕە تاقانە و 8 كچەكەی بكات و ڕزگاری بوو, ئازارەكانی بۆ گەلەكەی بەجێ هێشت, بەڵام مام قادر وا لەناو ئەو لەحزەیەدا ژیان بەسەر دەبات, پڕ بە گەروی بۆنیانی دەكرد, هەناسە پڕ لە ژەهراوییەكەیانی پڕ بە گەرو و جەستەی هەڵدەمژی و قووتی دەدا, بۆن و تامێكی خۆشی دەدا بە جەستە پەككەوتە بێ ئاواتەكەی, دەیەویست بۆنی ژەهری جەستەیان هەر لەناو سینەیدا تێكەڵ بە هەناو و دڵی ببێت و دەرنەچێت, دەیەویست بە ژەهرەكە بڵێت ئەوان نا من, لەم گفتوگۆ بێ ئەنجامەدا بوو لەگەڵ مەرگ و خۆی, نایدەزانی چۆن هەناسەیان هەڵمژێت بۆ ئەوەی بۆنەكەی لە لوتی و ئاواتەكانی لە زاكیرەو خۆشیەكەی لە جەستەیدا تاكو دوا چركەی ژیان بمێنێت , تاكو ئێستاش بە عەزرەتی ئەو گازە ژەهراویەوەیە, لەناو گۆڕیش, نەبوە مرۆڤ كۆیلەی گازی كوشندە بێت , خۆشترین چركە لەو ساتەدا ئەوە بوو مەرگی خۆی پێش منداڵەكانی ببینایە, ئەمە پاڕانەوەی هەموو دایك و باوكێكە, مام قادر بۆ مەرگیش ئاواتی نەهاتە دی, دوایی هەر بۆ ئازار 30 ساڵی رەبەق ما, 30 ساڵ چركەو ساتەكانی بیانیی لەسەر وێنای مناڵەكانی بوو.
ئاخر ئەو سەربەرزانەترین و بەختەوەرترین كاری خۆی, كە پێشمەرگایەتی بوو واز لێ هێنا, تەنها بۆ ئەوەی نان بۆ منداڵەكانی پەیدا بكات ( ناسر و ماڵ ماڵ ی تەمەن 8 ساڵانەی جمكانە, شاهێنی كچە گەورەی 9 ساڵانە, ژنەكەشی زگی بوو لەسەر مانگ و ڕۆژی خۆی بوو), وەلێ حەزو و ئاواتەكانی لە ژیاندا ئەو ئێوارانەیە هەموو چوون بە ئاسمانا, رژانە ناو خەیاڵدانی تاوان و مەرگەوە, رۆییشتن نەهاتنەوە, ئەوەی هەبوو هەمووی لێ سەنرایەوە.
دوای یەك مانگ لە گەڕانەوەی بۆ بەخێو كردنیان, وا ئێستا وا بە كۆمەڵ بە برینداری لە باوەشیدان, هەموو بوونە بە جەستەیەكی هەنجن هەنجن كراوی گەرمی بێگیانی ژەهراوی, تەنها بە هەناسە ماون بە جەستە هەموو گۆڕاون و لە دوا كات و چركەی ژوانەكانی ماڵئاوایدان لە ژیان . كە دەگەنە لای بەمشێوەیە كە دەیانبینێت وەك بۆی گێڕاینەوە و وتی : تووشی (( سەرەگێژە, ڕشانەوە, بەلادا دەهاتن )) ببوون.
ئاگری جەرگ باڵی پێ دەگرێت, بە پەلە دەیان بات بۆ شاری سەردەشت, لەوێوە دەیانگەیەنێتە شاری بانە و دواتر بە سەفەری مەرگدا درێژە بە گەشتەكەی دەدات بۆ تاران, لە هەموو وێستگەكان پزیشكان هیوای پێ نابەخشن.
لە بانە داوای لێ دەكەن لە گەرماو بیان شوات, ئەویش بێ پارێز و گوێگرتن لە ڕێنوێنی پزیشكی , بە دەستی خۆی دەیان شوات, بەهۆی مناڵەكانیەوە نەخۆش دەكەوێت بە گازی كیمیاوی, چاوی دەكەوێتە ئێشان و گیانیش دەكەوێتە خوران, لێ جەرگ حەژمانی لێ بڕیبوو گوێی پێ نەدا, بە ناچاری بە دوای سەفەری چاكبونەوەی مناڵەكانی درێژە بەگەشتی مان و نەمانی ژیان دەدات بۆ شاری تەبرێز, لەبەر ئەوەی شارێكی كوردی نییە لەو كوردستانە, كە شوێنی چارەسەری مرۆڤی تێدا بێت , بۆیە مام قادری زمان نەزان بە ناچاری هانا بۆ شاری تەبڕێز و دواتریش شاری تاران دەبات.
ناسر لە تەبرێز ماڵ ئاوایی دەكات و ژیان كچیشی لەگەڵ هاتنە دنیا لێی دەشارنەوە ئەنفال دەكرێت, لە گەڵ ئازارەكانی مام قادر بزر دەبێت.
تا دەگەنە شاری تەبرێز, بەردەوام پێستی جەستەیان ئاوی مەرگی لێ دەچۆڕێتەوە وەك خۆی گێڕایەوە, هەموو ببوو بە بڵقی گەورە گەورە و ڕەنگی خۆیان لە دەست دابوو, لەبەر ئێشی جەستەو چاویان هاوارو ناڵە ناڵیان بوو, ئەویش بە دیاریانەوە مات و مەلول و جەرگ دەقرچایەوە و هەناو بوو بوو بە ئاگر , نایە زانی چی بكات هانا بۆ كوێ ببات, تەنها ئەوەندە دەیووت: ئێش و ئازارتان بۆ من بێت, قەزاتان لە باوكتان كەوێت, ئازاری منداڵ منداڵ بەو شێوەیە چ كارەساتێكە بۆ باوك.
لە تەورێز پزیشكەكان دڵیان سار دەكەنەوەو دەڵێن: چارەسەریان لێرە نییە!, ئەمە چ ئومێدێكە, چ ڕۆژە ڕەش و چاوەنواڕییەكە لە ژیان, چ دەرگا داخستنێكە لە ئاوات, پێش مەرگیخۆشەویستەكانت, ئاوات و هیواكانت بكوژێننەوەو, هەواڵەكەیت بدەنێ.
مام قادر بۆ خۆشی تلۆقی سەر دەستەكانی هەر لە بانەوە دەستی كرد بە گەورە بونەوە, لێ گوێی پێ نادا, ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگ بوو تەنها مانی منداڵەكانی بوو, خۆی دەكرد بە قوربانی هەناسەیەكیان.
لێرەوە تراژیدیا دەست پێدەكات, ژنەكەی لە تەورێز ژان دەیگرێت, نازانێت بۆ ئێشی جەستەی هاوار بكات یان ژانی منداڵەكەی, دەڵێن ژانی ژن دیاری خوایە بۆ ژنان, ئەدی دوو ژانی ئەم ژنە دیاری كێیە؟ سەدام و خوا پێكەوە؟, پاش ئێش و ئازارێكی زۆر منداڵەكەی سكی لە دایك دەبێت.
مام قادر ماوەیەكی زۆر چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەی دەكرد, بە ژنەكەی دەڵێت چیمان بوو؟ .
ئەویش لە وەڵامیدا: كچێكمان بوو.
هەر لەوێ ناوی دەنێن ژیان!.
ژیان لە ڕۆژگاری مەرگدا چ ئاسۆیەكە, تەنها پیاوە مەزنەكان لە ناخۆشییدا بێ ئومێد نابن و لە بەرامبەر ناشرینی مەرگ دەجەنگن, ئەو پیاوە مەزنەی هێشتا چیرۆكەكان نەیاندۆزیوەتەوە.
پەرستیارەكان لەوێ پێیان دەڵێن: بڕۆن بۆ تاران, 10 ڕۆژی دیكە منداڵەكەتان بۆ دەنێرینەوە.
مام قادر بە قورگی پڕِ لە گریانەوە دەتووت دوێنی كارەساتەكە ڕویداوە, پاش 18 ساڵ و نیو لەو ڕۆژگارە وتی : ئەو منداڵەم بەجێ هێشت بۆیان بۆ ئەوەی ئەوانەی دیكەم ڕزگار بكەم, چوین بۆ فڕۆدگا بۆ ئەوەی بچین بۆ شاری تاران, ژیانیشمان تەسلیم بەو چارەنوسە نادیارە كرد, ژیان و مەرگ لەو چركە ساتەدا تێكەڵ بەیەكتر ببوون.
دادوەری گشتی وتەكانی پێ دەبڕێت و لێی دەپرسێت: قەت منداڵەكەت نە بینییەوە.
وەڵام: نا بەخوای نەمبینیەوە قەت بە ئێستاشەوە, هەر نەمبینی بە چاو, تەنها وتیان كچێكتان بووە, بە بێ بینین ناومان لێی نا, دوایی دووجاری دیكەش بە تایبەت چوومەوە بۆ شاری تەبرێز بۆ ئەوەی بیدۆزمەوەو بیهێنمەوە, هەر نەمتوانی بیدۆزمەوە , ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەرگیزاو هەرگیز نەمبینییەوەو نەمدۆزییەوە , چۆن ڕۆیشت ئاوا نەهاتەوە.
لە گێڕانەوەی چیرۆكەكەی بەردەوام بوو وتی : لەسەفەری مەرگدا لە فڕۆدگا ناسر داوای ئاوی كرد, پێش ئەوەی ئاوی بدەینی تا دەمی تەڕ بكات لەوێ تەواو بوو, لە دوا چركەی ژیان ئاویشی دەست نەكەوت , بە پەلە ناسرمان لە تەبرێز لە ناو یەخچاڵ بە جێ هێشت و ڕۆیشتین بۆ ڕزگاركردنی ئەوانی دی, فریای شاردنەوەشی نەكەوتین .
لە كوردەواریدا دەڵێن مردووان ڕۆژیان تەواو دەبێت چاوەڕێ دەكەن تاكو منداڵێكی دی شوێنیان بگرنەوە, ناسر كیژۆڵەیەك شوێنی گرتەوە, ئەویش یەكسەر ئەنفالكرا ببڕای ببڕا نەبینرایەوە .
ئەنفال تەنها مانای تاڵانی ناگەیەنێت بۆ ئێمە, بۆ خۆشی ئەوەی حەزیای ئەنفال قوتی بدات, جارێ دیكە نابینرێنەوە .
مام قادر ئاوا درێژەی پێدا: كە گەیشتینە شاری تاران, بەمن بوایا فڕۆكەكە لە بان نەخۆشخانەكە بنیشتایەتەوە بۆ ئەوەی فریای چارەسەركردنیان بخەم , وەلێ ڕۆژی دواتر لە تاران ماڵماڵیش تەواو بوو, بەڵام ئەو بە ئاواتی چۆڕە ئاوێك سەری نەنایەوە, بەڵكە هەر فریای داوا كردنیشی نەكەوت .
ئاگام لە خۆم نەمابوو , نامزانی هانا بۆ كوێ بەرم , تاكو سوڕاینەوە هەفتەی دی شەهێن و دایكیشی هەموو بە دوای یەكدا مردن , نازانم چۆن نۆرەیان وا بە دوای یەكدا هات, فریای ئەوە ناكەوتم پڕ بە دڵ بۆ یەكیان بگرێم ئەوی دی دەهاتە سەری , من لە چاوەڕوانی مەرگدا بووم لە گەڵیان نەك بە ئاواتی چاكبوونەوە, هەرسێ تەرمەكەم لە تارانەوە هەڵگرت و بێئومێد بێئومێد گەڕامەوە بۆ ڕەشە هەرمێ .
تەرمی 2 منداڵ و خێزانەكەی لە تارانەوە دەهێنێتەوە بۆ شاری سەردەشت , تەرمەكەی ناسریش لە شاری تەبرێزەوە بۆی ڕەوان دەكەنەوە بۆ سەردەشت , لێ كچە زیندووەكەی لێ زەوتەكەن و دەیشارنەوە, مردوی دەدەنەوە, بۆ ئازار و تلانەوە , زیندووش بۆ خۆیان دەبەن و دەیشارنەوە .
4 تەرمەكە دەهێنێتەوە لە ڕەشە هەرمێ دەیان نێژێت, ئێستاش دوایی 30 ساڵ لەو كارەساتە جەرگبڕە, هەموو هەفتەیەك مام قادر غەم و ئازارەكانی لەسەر گۆڕی ناسرو ماڵماڵ بە بادا دەدات تا هەموو ئاوات و خەونەكانی بردە گۆڕەوە , لە گریان زیاتر هیچی دی لە دەست نایات بۆ شەهێن, عەزرەتی بینینەوەو گریانیش بۆ ژیان , دوعای بەهەشتیش بۆ خێزانەكەی .
ئەو پیاوە بە شەهامەتە ئازایە , دەیان جار لە مەرگەوە بە موو دور بووە, لەبەردەم دادوەر دەستی كردە گریان , هەموو ئامادەبوانیش لە گەڵیدا بە دادوەریشەوە دایان لە قولپەی گریان, ئاخر ئەم ناسر و ماڵماڵەی مام قادر ئەفسانەی هەڵبەستراو نییە, چیرۆكی ناو حەیران و ئەفسانەكانی بەر ئاگردان نییە, منداڵەكەی عومەر خاوەریش نییە تەنها وێنەكەی بەجێ مابێت , ئەمە عومەر خاوەرە برسییە زیندووەكەی ئەوڕۆیە ئێستا مات و مەلول و بێكەس لە قوژبنێكی ئەو كوردستان هەژارانە ژیان بەسەر دە بات و كەسیش نییە ببێت بە شەریكی خەم و ئازارەكانی تا بەو هەموو ئازارو برسێتییە چوە ژێر گڵەوە, ئەمە چیرۆكی ڕیالیستی دیرۆكی نوێی كوردییە, كێ هەیە چیرۆكە ڕاستییەكانی ئەم گەلە ستەمدیدە بێكەسە ببیستێت نەگرێت .
لەو گوندە 22 ماڵییە بچوكەی ڕەشە هەرمێ , كە لەسەر هیچ نەخشەیەكی ئەم جیهانە دیار نییە, ئێستا شار قوتیداوە, ئەو دوا نیوەڕۆیە , بە چەكی ڕۆژئاواو بە دەڵاڵی ئەنرات ئاساكان كە لە دووری یەك مەترییەوە گوێی قوڵاخ كردبووەوە بۆ ئەم چیرۆكە تراژیدیایەی مام قادر , جگە لە 3 منداڵ و خێزانەكەی مام قادر , 3 قوربانی دیكەش هەبوو لە هەمان گونددا بوونە قوربانی,كە ئەمانەن :
– مەولەد زینێ.
– قادر زینێ.
– مەلا حوسەین.
ئەم پیاوە سیما كوردی چاو شینە ددان شاش و واشە سەرو جامانە لەسەرە تێكسمڕاوە بەهێزە, لە شاری لاهای ناوەندی دادپەروەری جیهانی سیمای كوردییانەی خۆی نەگۆڕی , یەكەم كورد بوو لە مێژوودا لەم شارە , بە بەرگی كوردییەوە شایەدی لە سەر تاوانبارێك بدات و سكاڵای لەسەر تۆمار بكات.
مام قادر دوای هاوسەرگیری دووەمی 6 منداڵی هەیە, هەرچەندە تا مردنی بە تەنگە نەفەسی ژیا و گیانی دەخورا ( بە وتەی خۆی خورشتی هەیە) , دەستی بە تەواوی كاری پێ ناكرا, لێ بۆ پەیدا كردنی نانی خانەوادەكەی, دەبێت ڕۆژانە هێزی كاری لە بازاڕدا بە هەرزانترین نرخ بفرۆشێت, سەر هەموو هەفتەیەكیش چەند ساتێك تەرخان بكات بۆ گریان بۆ ڕومەتی ئاڵ و واڵی ناسر و ماڵماڵ و شاهێن و خێزانەكەی, ئەوەشی ئاشقی چیرۆكی ناسر و ماڵماڵە با گوێ لەو بگرێت, بزانێت چۆن ڕوحی منداڵەكانی دەكات بە بەردا , چۆن قایمترین جەستە خۆی لەبەردەم ئاوازی گێڕانەوەی چیرۆكەكانی ناگرێت.
وتی: كار نەكەم نان نییە ماڵ و منداڵەكەم بیخۆن, مەجبورم هەموو ڕۆژ بچم بۆ سەر كار.
ئەو شوێنەی كە منداڵەكانی تێیدا بەر گازی كیمیاوی كەوتن , هیچكە نە سەوزایی لێ ڕوایەوە , نە قەبوڵی ژیانیش دەكات , دار گوێزەكەش كە ڕۆژانە هەموو ژوانیان لەگەیڵدا هەبوو , لەتاو مەرگی هاوڕێكانی ناسرو ماڵماڵەكەی قادر ڕەشی پۆشیووە و بڕیاری ئازییەتباری هەتا هەتایی داوە.
كاتێك لەبەردەم دادگا لەناو پەرتووكی قوربانیانی شاری سەردەشت وێنەی منداڵێكیان پێی نیشاندا .
دای لە پڕمەی گریان و وتی: ئەمە شاهێنە چی دەكات لێرە ؟.
دادوەری گشتی ڕوی لە ئامادە بووان كرد و وتی: كەس پرسیاری هەیە؟.
كەس پرسیاری نەبوو ئاخر چ شەیتانێك دەتوانێت گومان لەوە بكات ئەم چیرۆكە ڕاست نییە .
دادوەر لە كۆتاییدا وتی: چی داواكارییەكت هەیە ؟.
قادر: داواكارم لە دادگا تاوانبار بە سزای خۆی بگات .
دادوەری گشتی: ئێمەش ئەم داواكارییەمان هەیە .
فرانس ڤان ئانرات سزای خۆی وەرگرت 16,5 ساڵ حوكم درا, وەلێ لەم وڵاتەی ئێمەدا یەك تۆمەتبار سزای خۆیان لە پاڵ 60 هەزار ناسرو ماڵ ماڵ و شەهێندا وەرنەگرت , هاوكات ئەوانەی شەڕی عێراق و ئێرانیان گەیاندە سەردەشت و هەڵەبجە داوای لێبوردنیان نەكرد و قەرەبووی هەزاران عومەر خاوەرو مام قادریان نەكردەوە تا سەریان نایەوە .
” بە زیندویی رێزمان لە مام قادر گرت و خەڵاتی زێڕینمان پێ بەخشی لە ساڵی 2014 لە شاری هەولێر”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت