نوری کەریم: بزن و ترامپ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مێژوی دوایین پەنجا ساڵەکانی ئەمەریکادا 1970 ـ 2018 و بەتایبەتیش سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە لە خۆرهەڵاتی ناوەند و باکوری ئەفەریقادا، سەرۆکی هەر وڵاتێک لە سنوری بەرنامەی ستراتیژیی ئەمەریکا (پێدزکە)ی کردبێت یا لەسنورەکە دەرچوبێت و مەترسییەکى بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیی و هاوپەیمانەکانی و بەتایبەتیش ئیسرائیل پێوە دیاربێت، ناویی دەچێتە لیستی رەشەوە هەتا نۆرەی سزادانی دێت. ئەوە نهێنی نییە کە ئەمەریکاو ئیسرائیل لە سەرۆکی هیچ وڵاتێک قبوڵ ناکەن و زوو یا درەنگ دەکەوێتە بەر غەزەب و ناهێڵن بێئارەق دەرچێت. گەورەترین نمونە هەڵکەوتنی گۆرباتشۆڤــ بو لەپڕێکداو کش مەلیک ی لە هەر هەمو ورچە قرخنەکانی کرملین کرد، یەکێتی سۆڤێت، یەکێک لە دو جەمسەرەکەی جیهان، ئەودەوڵەتە زڵهێزەى هاوشان و مڵۆزمی ئەمەریکا وەک بەفری بەرخۆر توایەوە و کەوتە سەر ساجی عەلی، ئەفسەرو ژەنەراڵەکانی سوپای سور، لەسەر شۆستەی شەقامەکان پێداویستییە سەربازییەکانیان دەفرۆشت، هەرکەسێک بەجانتایەک دۆلارەوە بگەیشتایەتە ئۆکرانیا دەیتوانی جۆرەها چەکی قورس و مۆدێرن و پێداویستیی سەربازیی بکڕێت!! شای ئێران لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابوردودا هێندە لەخۆی بایی بوبو، بە ئەمەریکا دەڵێت: (من چەند پێویستم بە ئێوەیە، ئێوە پتر پێویستتان بە منە) ئەوەبو بەدەردێکیان برد، شای مەغریب محەمەدی پێنجەم کە ئامادەبو لیوایەک سوپا بنێرێتە ئێران بۆ هاوکاریکردن و پشتیوانیی تاج و تەختەکەی حەمە رەزا شای ئێران، کەبەناوی سەردانەوە رایکردبو بۆ مەغریب، دوای چەند رۆژێک میوانداریی (مەرەخەس)ی کرد کە ناتوانێت پتر بمێنێتەوە پێویستە بڕۆن. شاژن فەرەح پەهلەوی لە یوئێن دەپاڕایەوە (لیزە پاسێک) یان بدەنێ لە مەغریبەوە بچنە وڵاتێکی دیکە.!

سەدام حسێن عەوداڵی پەیداکردنی چەکی ئەتۆم بو، لەچاوتروکاندنێکدا بنکە ئەتۆمییەکەیان سەرو بن کرد و ریسەکەیان کردەوە بە خوری و ساڵانێک بەبیانوی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان گێچەلیان پێدەکرد، دڵنیاش بون لەوەی ناتوانێت قوناغە سەرەتاییەکانی بەدەستهێنانیشی تێپەرێنێت، بەڵام بانگەشەی پەلاماردانی ئیسرائیلی دەکرد و فەلەستینییەکان و گەلانی دیکەی عەرەبی دەجوڵان و تیژی دەکردن لە دژی ئەمەریکاو جولەکەو هاوپەیمانەکانیان بەتایبەتیش سعودییەو کوێت. ئەوەبو هەتا بەردەم پەتی سێدارەکە بردیان..

یاسر عەرەفات سەرۆکی رێکخراوی فەتح و پێشەوای فەلەستینییەکان سەوداو مامەلەی لەسەر گەل و وڵاتەکەی نەدەکرد. کلینتۆن کە یەکەم رۆژ دەچێتە نوسینگەی تایبەتی سەرۆک لەکۆشکی سپی، پەڕەیەک کاغەزی سپی لەسەر مێزەکە دەبینێت، سەرۆکی پێشو جۆرج بۆش تەنها ئەوەندەی لەسەر نوسیبو (بەهیچ جۆرێک باوەڕ بە یاسرعەرەفات مەکە.) ئەوەبو دەرمانخوارد کرا. ئینجا شانۆگەری بەهاری عەرەب یان سازکرد بۆ 3سێ سەرکردەی باکوری ئەفەریقا، زەینەدین کوڕی عەلی، حوسنی موبارەک و موعەمەر قەزافی. سەرکۆماری میسرحوسنی موبارەک هەمیشە لە ترسی ئەمەریکا و ئیسرائیل سەری لوتی زەرد بو، بەڵام چونکە رێگریی لە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە نەدەکرد لە بیابانی سینا وە تونیلی نهێنییان هەڵکدەکەند بۆ ناو ئیسرائیل و ماوەی25 ساڵیش بو دەسەڵاتی قۆرخ کردبو، دەیویست دوای خۆیشی جەمال ی کوڕی جێگەی بگرێتەوە و سیستیمەکە کوڕاوکوڕ لەنێو خێزانەکەیدا بمێنێتەوە، راپەڕینی ئیخوانەکانیان بۆ سازکرد، بەنەخۆشیی و لەکونی زیندانەوە لەسەرقەرەوێڵەیەک دەیانهێنایە بەردەم دادگا. زەینەدین کوڕی عەلی دەیویست هاوپەیمانییەک لەوڵاتانی ئەفەریقا دامەزرێنێت، رو لە روسیا و پشت لە ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی، لەبەهاری عەرەبدا شاربەدەرکرا.. موعەمەر قەزافی بو بە قوربانیی ڕووداوە کارەساتبارەکەی تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بەریتانیا لە ئاسمانی لۆکەربی کە بوە هۆی شەهیدبونی پتر لە 350 سێسەدو پەنجا مرۆڤی بێتاوان.

سەرۆکی فەنزوێلا هۆگۆ چافیز ملی لەچەقۆ دەسۆ، بەئاشکرا دژایەتی ئەمەریکاو کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکانی دەکرد کەخێر و بێری وڵاتان بەتاڵان دەبەن، دەرمانخواردیان کرد. تۆ تەماشاکە ئەوەی بەناڕەوا ناونرا بەهاری عەرەب کە لەراستیدا خەزانی عەرەب و ناوچەکەش بو، بەسەر وڵاتی مەغریب و شا محەمەدی شەشەم دا باز دەدات، هەروەک هەرهەمو پلانەکانی دەستگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا(سیا) کوباو رژێمەکەی فیدڵ کاسترۆ ی هەڵاوێرد. لە ئەم نمونانەدا دیمەنێک دەبینم وەک ئەوەی باڵندەیەکی سەرەڕۆ خۆبکێشێت بە ماشێنێکی تیژڕەودا، یا بەهەموهێزت گونکێک هەوێر بدەیت بەقەدی دیوارێکدا، چۆن پان دەبێتەوە و دەکەوێتە سەر زەوی. کرۆکی باسەکە دیکتاتۆرێکی سەرشێتە وەک قارچکە مارانە لە سەدەی 21 دا پەیدابوە و گەرەکێتی ناوچەکە بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگیزخان، هۆلاکۆ، تەیموری لەنگ و باپیرە دڕندەو خوێنخۆرەکانی هەزار ساڵ لەمەوبەریان، وەک چۆن ئێستاش مێشکی منداڵان و لاوانی تورک ئاو دەدەن بە گیانی دوژمنکاریی و داگیرکردنی وڵاتان و چەوساندنەوە و زەبونکردنی گەلان.
( جەنگیز خانک بایراغی ئانلی شانلی سانلاندی ) ئاڵاکانی جەنگیزخان بە شنەبای سەرکەوتن و نەمریی دەشەکێنەوە
نکولی لەوە ناکرێت لە ئەم ساڵانەی دواییدا ئابوریی تورکیا بوژایەوە و ئاستی گەشەکردن بەڕێژەی 7%بەرزبوەوە و نرخی لیرەش جێگیربو، بەڵام کەللەپوتیی و لوتبەرزیی ئەردۆگان، پێشاندانی چەند هەڵوێستێکی فشەکارانە بەرامبەر ئیسرائیل و دەست خستنە کاروباری ناوخۆی سوریاو هەریمی کوردستانەوە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤــ لەتورکیا بە تورک و کورد و عەرەبەوە، زیندانکردنی هەزاران هاوڵاتی بەتۆمەتی ئەندامبون لە رێکخراوی نایاساییدا، پیادەکردنی یاسای (قەرەقوش)ی لەزۆربەی ناوچەکانی باکوری کوردستان و راپێچکردنی پەرلەمانتارانی کورد بۆ بەردەم دادگاو گوێنەدان بە پارێزبەندیی پەرلەمانتاران. سەرەڕای ئەمانەش کابرا هەر تەواو شوڵی لێهەڵکێشاو پەلاماری وڵاتێکی خاوەن سەروەریی وەک سوریا دەدات و زۆر بڵح، راشکاوانەو بەپێچەوانەی دابونەریتی دیپلۆماتکارانەشەوە لە میدیاکانەوە هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات و سوکایەتیی دەکات بە ترەمپ، ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا و دەڵێت: (هێشتا شەپازلەی تورکیاتان بەرنەکەوتووە)، (تورکیا ئامادەی هەمو ڕووبەڕووبوونەوەیەکە لە گەڵ ئەمەریکادا) پەندە کوردییەکە دەڵێت: (خوا غەزەب لە بزن بگرێت، نانی شوان دەخوات) دە ئەوەتا بزنەکەی تورکیا نانی شوانەکەی خوارد و نەیدەزانی گۆچانی شوانەکە چۆن شۆقی دەشکێنێت. ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵەمانیا، شانشینی سعودییە و کوێت پلانێک جێبەجێدەکەن، بەپێی پلانەکە سعودییە لە هێرشێکی ئابوریی کتوپڕ و لەماوەی دو رۆژدا هەرهەمو دۆلارەکانی نێو بازاڕ و بانکەکانی تورکیای کڕی، نرخی لیرەی تورکی یەکسەر20% دابەزی و کوڕە ئازاکەی تورکیا باڕەی لێهەستاو پەنا دەباتە بەر هاوڵاتیان (دۆلار و ئۆیرۆ ی ژێر سەرینەکانتان دەربهێنن و لیرەبکڕن.) ئێستا ئەردۆگان بەخۆیدا شکاوەتەوە و (کاریگەریی شەپازڵەکەی ئەمەریکا تاساندویەتی و وەک بزنەکە وێنای دەکەم نانی شوانەکەی خواردبو، یا کەسێک بەهەمو هێزی گونکێک هەویر بدات بەدیوارێکدا، چۆن پان دەبێتەوە و دەکەوێتە خوارەوە. کورد دەڵێت ( هەموشتێک لەباریکیدا دەپچڕێت، تەنها زوڵم وزۆرداری لە ئەستوریدا دەپسێت)، (هەمو زاڵمێک زەواڵێکی بۆ پەیدادەبێت) و قۆناغەکانی دیکەی بەرنامەکەش بەڕێوەیە و دواڕۆژى ئەردۆگان و رژێمە تاوانکارەکەشی نزیکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت