نەوزادى موهەندیس: چۆن پڕۆسەى وەبەرهێنان لە کوردستاندا ببوژێنینەوە؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرجەم وڵاتان بەگەورە و بچوکیانەوە، بەدەوڵەمەند و هەژاریانەوە، لەسیستەمى حوکمڕانى تاکڕەویدا بێت یان دیموکراسیدا بێت، گەر بیەوێت وڵات بەرەو پێشەوە بەرێت و دۆخى ئابورى و بازرگانى گەشەپێبدات و ئاستى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیانى بەرزبکاتەوە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابینبکات، گەر بیەوێت دیاردە زیانبەخش و کوشندەکانى ناو کۆمەڵگا کەمبکاتەوە یان بنەبڕیان بکات لە هەژارى و دواکەوتویى و بێکارى وڕێژەى تاوان و تێکدانى ئاشتى کۆمەڵایەتى و هەڵاوسان و… هتد. ئەوا پێویستە هەوڵبدات لە پاڵ داهات و بودجەى گشتى وڵاتدا بگەڕێت بەدواى هێنانە ناوەوەى سەرمایەى بیانى بۆ ناو وڵات بۆ ئەوەى ببێتە پاڵپشت و تەواوکار و هاوکارى حکومەت و دەسەڵاتە نیشتیمانیەکان، چونکە لەدونیاى سەردەمدا هیچ دەسەڵات و حوکمڕانیەک بەتەنها و بێ هاوکارى و یارمەتى سەرمایەى دەرەکى و وەبەرهێنان ناتوانێت ڕابگات بە دابینکردنى هەموو پێداویستیەکانى وڵات و هاوڵاتیانیدا و ناتوانێت تەواوى سێکتەر و بوارەکانى ژیان و پێشکەوتن و گەشەکردنى وڵات فەراهەم بکات، هەربۆیە پێویستى بەیارمەتى و کۆمەکى دەرەکى دەبێت و ئەم کارەش هیچ نەنگى و کەموکورتى نیە و وڵاتانى پێشکەوتوو و زلهێزیش پەنایان بۆ بردوە، نمونەى وڵاتانیش زۆرن لەو بوارەدا هەر لە زلهێزەکانەوە وەک ئەمریکا و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیاو… هتد . تادەگاتە وڵاتە گەشەسەندوەکانى وەکو هندستان و چین و وڵاتانى کیشوەرى ئەمریکاى لاتین و ئاسیا و ئەفریقیا و… هتد.
لەلایەک وەک پڕۆسەى وەبەرهێنان و ڕاکێشان و هێنانەناوەوەى سەرمایەى دەرەکى لە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆژە ستراتیژیەکانەوە کە پێویستیان بەسەرمایەى گەورە هەیە لەگشت بوارەکانى کشتوکاڵو پیشەسازى و نەوت و گەشتوگوزارى و نیشتەجێبوون و… هتد. ئەوە بە کارئاسانیکردن دەبێت بۆ خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان لەڕێگەى:
1- دابینکردنى کەشوهەوایەکى سیاسى و ئابورى جێگیر لەوڵاتدا چونکە بەبێ ئەم دۆخە هیچ سەرمایە و سەرمایەدارێک بوێرى ئەوە نەکات کە مەترسى بخاتە سەر داهات و سەرمایەکەى وەک دەڵێن (سەرمایە ترسنۆکە) بۆیە پێویستە وڵات و دۆخى سیاسى جێگیر بێت و دووربێت لە شەڕ و جەنگ و ململانێکان، ئەوەتا دەبینین هەر وڵاتێک کە شەڕ و جەنگ و ناکۆکى دەرەکى یان ناوخۆیى تیادا بێت سەرمایە ڕووى تێناکات و بگرە بەجێشیدەهێڵێت.
2- هاندان و کارئاسنیکردنە بۆ سەرمایەدار و کۆمپانیاکان بەوەى کە یاسا و ڕێساى گونجاو و مۆدێرنیان بۆ دەربکات و زەوى و خزمەتگوزارى پڕۆژەکانى بۆ دابین بکات ئەگەر بەنرخى ڕەمزیش بێت ولەباجى گومرکى و ڕسومات بیانبەخشێت و لەهێنانە ناوەوەى ئامێر و کەل و پەلەکانیاندا هاوکار و کارئاسانیان بۆ بکات. دەکرێت کوردستان سوود لە ئەزموونى سەرکەوتووى وڵاتانى ناوچەکە و جدونیا وەربگرێت لەو بوارەدا بە گونجاندنیان لەگەڵ هەرلومەرجى کوردستاندا.
3- لەکۆتایى پڕۆژەکانیشدا لەڕێگەى ڕێکەوتن و تێگەیشتنى هەردوولاوە دەتوانرێتکە خاوەندارێتى پڕۆژەکان بگەڕێتەوە بۆ حکومەت دواى تەواوبونى ماوەى کەڵک وەرگرتنى پڕۆژەکە لەلایەن وەبەرهێنەکەوە لەڕێگەى (موساتەحەوە) بێت یان دیاریکردنى چەند ساڵێک لەداهات و قازانجى پڕۆژەکە یان پێدانى ئیمتیازاتى تر.
بەم شێوەیە دەکرێت هانى وەبەرهێنەرەکان بدرێت و کار و پڕۆژەى گەورە و ستراتیژى جێبەجێبکەن و وڵات و ئابورى وڵاتیش گەشە پێبدەن.
لەلایەکى تریشەوە پێویستە حکومەتەکان و دەسەڵاتە نیشتیمانیەکانیش بۆخۆیان لە بودجەى گشتى وڵات بەشێکى زۆرى داهاتەکانیان تەرخان بکەن بۆ پڕۆسەى بونیاتنانەوە و بوژاندنەوەى سەرجەم کەرتەکانى ژیان و هەوڵى دروستکردن و پتەوکردنى ژێرخانى ئابورى وڵات بدەن و بتوانن زۆرترین ئەو پڕۆژانە جێبەجێبکەن کە پێویستیان بەسەرمایەى زۆر گەورە نیە و لەتواناى حکومەتەکان خۆیاندایە. بۆ ئەم کارەش پێویستە حکومەت پلانى زانستى و کردارەکى خۆى هەبێت و بە شێوەیەکى یەکسان و دادپەروەرانە پڕۆژەکان لە تەواوى ناوچە جیاوازەکانى وڵاتدا جێبەجێبکات دوور لە ئینتیماى حیزبایەتى و بەسیاسەتکردنى ئەو بوارە و لەسەر پێداویستى و تایبەتمەندى ناوچەکانیش پڕۆژەکان جێبەجێکات لەڕووى بوونى کەرەسە خاوەکان و هەرزانى دەستى کار و بوونى شارەزاو پسۆڕ لەناوچەکاندا. ئەم جۆرە لە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوە ناودەبرێت بە (بەڵێندەرایەتى) و حکومەت لەڕێگەى کۆمپانیا و بەڵێندەرە ناوخۆیى و دەرەکەیەکانەوە و بە پارە و بودجەى خۆى پڕۆژەکان جێبەجێدەکات بە ڕێژەیەکى دیاریکراو لە قازانج و دواتریش کۆى پڕۆژەکە دەبێتە موڵکى حکومەت و خاوەندارێتیەکەى بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
لەم پێناوەشدا هەردوو کەرتى وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتیش پێویستە هاوکار و کارئاسانى تەواویان بۆبکرێت لەلایەن حکومەتەکانەوە و هەردوو وەبەرهێن و بەڵێندەرانیش بە هاوکار و تەواوکەرى خۆى بزانێت نەک نەیار و ناحەز، هەربۆیە چۆن حکومەتەکان دەبێت لەبونى پڕۆژەکاندا قازانج بکەن بە پێشکەوتن و بوژاندنەوەو وگەشەى ئابورى و ژێرخانى خۆى ئاوهاش دەبێت وەبەرهێن و بەڵێندەرەکانیش قازانج بکەن. هەردووکلایان بریتین لە دوو جەمسەرى تەواوکەرى هاوکێشەى ئابورى و بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەى وڵات.
بۆیە پێویستە و ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە چیدى خۆى نەبەستێتەوە بە سیاسەتى ئابورى داخراو و مەرکەزى، بەڵکو هەوڵى کرانەوەى سەرجەم دەرگاکان بدات بەڕووى وەبەرهێنە ناوخۆیى و بیانیەکاندا و بتوانێت هەلومەرجى سیاسى گونجاو ولەبار دابینبکات بۆ هاندانیان بۆ هاتنەوە ناوەوەى وڵات، گەر وانەکات ئەوا ڕۆژ بەڕۆژ وڵات بەرەو دواکەوتویى و هەژارى و بێکارى و وێرانبوون هەنگاو دەنێت،ئەم پڕۆسەیەش بۆخۆى دوولایەنەیە و دەکرێت بەباش یان خراپ ڕەنگدانەوەى هەبێت بەسەر ئایندەى وڵاتدا، ئەم جۆرە پلان و پڕۆسە گەورانەش دەبێت دووربێت لەدیاردەى گەندەڵى و و شەراکەتکردن لەگەڵ کۆمپانیاکاندا و قۆرخکارى و پاوانکردنى تەواوى سێکتەرەکان لەلایەن دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوەکانەوە و دەبێت لە وڵاتدا یاسا سەروەر بێت و ڕێگە بەهیچ کەس و گروپێک نەدرێت بۆ قازانجى خۆیان دەسەڵاتەکانیان وەگەڕ بخەن.و ببنە مەترسى بۆ سەر وەبەرهێن و بەڵێندەرەکانیش، کەبەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەرێمى کوردستاندا باوەو و زیانى گەورەى گەیاندوە بە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەى وڵات و ترساندنى وەبەرهێنەکان و هەڵاتنیان لە کوردستان.
لێرەدا پرسیارێک خۆى دەسەپێنێت، کە ئایا لەماوەى ساڵانى ڕابووردوودا حکومەتى هەرێمى کوردستان پڕۆسەیەکى وەبەرهێنانى سەرکەوتووى ئەنجامداوە؟ ئایا بە ماناى وشە وەبەرهێنى ڕاستەقینە و بەهێز و خاوەن سەرمایەى گەورەمان لە دەرەوەو ناوەوەى کوردستان هێناوە؟ ئایا ئەو پڕۆژە بەناو وەبەرهێنانەى کە ئەنجامدراون لە ئاست خواست و ویستى هاوڵاتیاندا بوون؟ ئایا گەندەڵى و مەحسوبیەت ڕۆڵیان نەبوە لە پێدانى پڕۆژەکاندا؟ ئایا بەپێى پلانى پێشوەختە پڕۆژەکان دانراون لەناوچە جیاوازەکاندا؟ و دەیان پرسیارى تریش.
وەڵامى هەموانیان بەداخەوە نەخێرە، چونکە ئەنجامى ئەو پڕۆژانە لەگەڵ ئەو بودجە زەبەلاحەى ساڵانى نێوان 2008 -2014دا، نەتوانراوە کار و پڕۆژەى وەبەرهێنى گەورە لە هیچ کەرت و سێکتەرێکدا جێبەجێبکرێت کە ڕۆڵ و کاریگەرى گەورەیان هەبێت بۆ ئایندە.جگە لەهەندێک پڕۆژە کە بەپەنجەى دەستێک دەژمێردرێن.
حکومەت و دەسەڵاتدارەکان دەبێت شانبەشانى ئەم پڕۆسە ستراتیژى و گەورەیە تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکانى تریش گەشە پێبدات و پێشیان بخات لە کەرتى دارایى و بانکى و کارگێڕى و… هتد، چونکە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەى سەرمایە گەورەکان لەنێوان وڵاتاندا پێویستى بە سیستەمێکى بانکى و دارایى گەشەکردو و پێشکەوتوو هەیە نەک وەک ئەو سیستەمەى ئێستا لە کوردستاندا هەیە و پیادە دەکرێت.
لەکۆتایدا ڕێگەى گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنى وڵات زۆر ڕوون و ئاشکرایە، گەر نیەتى ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینە هەبێت بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنى ،بەو هیوایەى ئاشتى و ئارامى لە وڵاتماندا بەرقەرار بێت و حکومەتیش بتوانێت بە ئەرک و کارەکانى خۆى هەڵبستێت و بتوانێت کۆمەڵگاى کوردەوارى لەهەموو ناوچەکاندا بەرەو پێش ببات و ببوژێنێتەوە و پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەش باڵبکێشێت بەسەر تەواوى جومگە و ئۆرگانەکانى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیاندا و وڵاتمان ببێتە نمونەیەکى گەشى ئاوەدانى و پێشکەوتن لەناوچەکەدا هەروەک وڵاتانى ترى دونیا و ناوچەکە کە چەندە بچوکن بەقەوارە و ژمارەى دانیشتوان بەڵام گەورە و کاریگەرن بەهۆى ئیدارە و ئاوەدانى و گەشەو پێشکەوتنە بێوێنەکانیانەوەلەڕووى ئابوریەوە ،وەکو وڵاتانى ئیمارات و سەنگافورا و مالیزیا و تایوان و تەنانەت یابانیش. بەهیواى ئەوەى ئەو ڕۆژانە نزیک بێت هەموان بەچاوى خۆمان کوردستانێکى ئاوەدان و پێشکەوتوو ببینین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت