ئارام قادر حەمەسور: یەکڕیزی دیماگۆگیانە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکڕیزی سیاسی و نیشتمانی لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەدەبیاتی سیاسی کوردی پڕکردوە، زۆربەی حزبەکان وشەی یەکڕیزیان کردۆتە کولتوری قسەکانیان. بەڵام یەکڕیزی لەماوەی چارەکە سەدەی ڕابردو جگە لەدرۆیەکی گەورەی سیاسیەکان شتێکی تر نەبوە، لەدوای گوتنی هەمو یەکڕیزیەکی سیاسی تاریکایەکی سیاسی خۆی شاردۆتەوە و بەڵایەکی سیاسی دروستکردوە، گەورەترین درۆ یەکڕیزی سیاسیە و ئەو واقیعەی ئەمڕۆمان کە پڕە لە ناشیرینیەکانی دەسەڵات بەرهەمی ئەو یەکڕیزیەیە کە چارەکە سەدەیەکە سیاسیەکان لە بێکاریدا باسیدەکەن.
دیماگۆگی وشەیەکی یۆنانیەوە بەمانای سەرپەرشتی خەڵک دێت. لەئەدەبیاتی سیاسیدا مانای خەڵەتاندنی خەڵک و قەناعەت پێکردنی خەڵکە بەو فکرەی کە کەسێک یان حزبێک هەوڵی بۆ دەدات. لەئەدەبیاتی سیاسی باشوری کوردستاندا دیماگۆگی زۆر بەهێز کاردەکات و دەستی گرتوە بەسەر زۆرینەدا. لەکۆمەڵگای زیندودا سیاسەتی دیماگۆگی سەرکەوتو نابێت بەهۆی بەرزی هۆشیاری سیاسی تاکەکان، بەڵام کۆمەڵگایەک تاکەکانی ئاستی هۆشیاری سیاسیان لاوازبێت زۆر کاریگەرەو بەردەوام دەبێت. ئەو کۆمەڵگایە خەوتوە کە دوای زیاتر لەجارێک لەڕێگەی سیاسەتی دیماگۆگیەوە ئاڕاستەکراوەو هێشتاش ئامادەی تێدایە کە بڕوا بەسیاسەتی دیماگۆگیەکان بکات!
یەکڕیزی چەکێکی بەهێزی دەسەڵاتە لەهەرێمی کوردستان کە یەکێتی و پارتی بەکاریان هێناوە بۆمانەوەی سیاسەتە بڕاگماتیزمیەکانی خۆیان، تا ئێستاش سەرکەوتوبون و چەندین حزبیان بەناوی یەکڕیزی سیاسی و نیشتمانی بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە، یەکڕیزی ئەو موگناتیزە سیاسیەیە کە جوتحزب شەقام و حزبەکانیان بۆلای خۆیان پێڕاکێشاوە. بەناوی یەکڕیزی سایکۆلۆجیا تاکیان کێشکردوەو دەرچون لەیەکڕیزیان بە خیانەتی نیشتمانی داناوە. ئەمەش بۆ لاوازی حزبەکانی تری دەرەوەی دەسەڵات دەگەڕێتەوە کە تا ئێستاش دوای ئەم یەکڕیزیە دڕۆینەیە کەوتون. تا ئێستاش یەکڕیزی سیاسی و نیشتمانی وەک تلیاک بەشێکی کۆمەڵگاو حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی بێهۆشکردوە. هەرزو تەسلیمی ئەم جۆرە ساسەتەی دەسەڵات دەبن و دواتریش گەر بەهۆش هاتنەوە ڕەخنەی دەسەڵات و درۆی یەکڕیزیەکە دەکەن! ئەمەش کورتبینی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنە کە خۆیان بە دژە دەسەڵات دادەنێن.
دوای هەڵبژاردنە ساختەکاریەکەی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر ئاوازە فۆلکلۆریەکەی یەکڕیزی سیاسی لەساحەی سیاسەتدا کەوتەوە کار. دەسەڵات بەردەوام یەکڕیزی وەک تۆڕێک بەکارهێناوە بۆ گرتنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و قەناعەتی بەخەڵک کردوە کە ئەمە یەکڕیزی نیشتمانیە. کاتی ڕیفراندۆم یەکێتی و پارتی داوای یەکڕیزی سیاسیان کرد بۆ ڕیفراندۆم و تەڵاقدانی عێراق! زۆرینەی حزبەکان سواری شەمەندەفەرەکەی ڕیفراندۆم بون و کەمێکیان دژی بون، دواتر خەونی دەوڵەتی کوردی لەبارچو و ئێستاش جوتحزب گەڕاونەتەوە عێراق و شەڕی وەرگرتنی پۆست دەکەن و بۆ سەرکردەکانی عێراق چەمیونەتەوە! ڕیفراندۆم یەکڕیزیەکی دیماگۆگی بو بۆ فەڕزکردنی سیاسەتی حزبی و بنەماڵەیی. ئێستا کۆمیدیایە دەسەڵات باسی یەکڕیزی بکات، ئابڕوبەرانەیە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دوای ئەم یەکڕیزیە بکەون، ئەم یەکڕیزیە تەنیا بۆ دەسەڵات و جوتحزبە و هیچی تر، تەنیا بۆ شاردنەوەی شکستی ڕیفڕاندۆم و فرۆشتی خاک و خۆ دەوڵەمەندکردنە، بۆ دابەشکردنی فەشەلە سیاسیەکانە بەسەر حزبەکانی تردا. حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دەکەنە پینەچی دۆڕان و سیاسەتە فاشیلەکانیان.
پێویستە بەرەیەکی فراوان دژی ئەم جوتحزبە دروست بکرێت لە کوردستان و متمانەی دەوڵەتێکی گەورە وەربگرێت، ئێستا یەکڕیزی دوای دزینی دەنگەکان شەرمەزاری گەورەی سیاسیە. دەبێت کۆتای بە یەکڕیزی دیماگۆگی بهێنرێت و چیتر ئەم ستایلەی سیاسەت نەکرێتە تلیاک بۆ خەڵک و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان. گەر یەکڕیزی قبوڵ بکەن جگە لە پێنەچیەکی ناشیرینیەکانی جوتحزب هیچی ترنین، تەنیا دەبنە چەند دوکانێکی صاڵۆنی سیاسی بۆ جوانکردنی دەسەڵات. ئەم نەهامەتیەی ئەمڕۆ هەرگیز بە یەکڕیزی چارەسەر ناکرێت، تەنیا دەبێت ڕیزی تری سیاسی دروستبکرێت کە جورئەتی بەدرۆ خستنەوەی یەکڕیزی سیاسی و نیشتمانی هەبێت.