دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: ئایین و نەتەوایەتی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گومانی تێدا نییە، هەردوو گەلی کورد و عەرەب لە (عێراق)، جگە لە ئایینی ئیسلام، ئەویش بەشێکی کەمی ئایینزای سووننە، هیچ جۆرە خاڵێکی هاوبەشیان لە نێواندا نییە. ئایینیش هەرگیز، بە یەکێ لە مەرجەکانی نەتەوە و یەکبوونی دوو گەلی جیاواز دانەنراوە و داشنانرێ! چونکە لە هەموو خاڵەکانی نەژاد، زمان، مێژوو، جوگرافیا، ئاووهەوا، تۆپۆگرافیای خاک، کەلتوور، دابونەریتدا، جیاوازییەکی زۆر گەورەیان لە نێواندا هەیە. جگە لە مێژووی داگیرکردن، ڕاونان، گرتن، ئازاردان کوشتنوبڕین، جینۆسایدیش، هیچ جۆرە مێژوویەکی هاوبەش، هەردوو گەلی کورد و عەرەب، پێکەوە گرێ نادا!
لە ئەو ڕۆژەوە ئایینی ئیسلام پەیدابووە، هەرگیز باوەڕی بە بیری نەتەوەیی و مافی چارەنووسی نەتەوە جیاوازەکان نەبووە. چونکە هەموو موسوڵمانەکان، باوەڕەکانی خۆیان لە دەقەکانی قورعان، فەرموودەکانی پەیامبەر و فەتوای پێشەوایانی ئیسلامەوە هەڵدەهێنجن. بۆ نموونە: پەیامبەر سەبارەت بە پێناسەی عەرەببوون گوتوویەتی: (ئەی خەڵکینە! خوا هەر یەکە و باوک هەر یەکە و عەرەبێتی زمانە. ئەوەی بە عەرەبی دوا، ئەوە عەرەبە.) “1،15″
هەروەها گوتوویەتی: (عەرەبم لەبەر سێ شت خۆشدەوێ، من عەرەبم، قورعان عەرەبییە و زمانی خەڵکی بەهەشتیش عەرەبییە)”2،66″
بۆیە هەر لە سەرەتای لەشکرکێشی و داگیرکردنی وڵاتانەوە، سەرکردە عەرەبە موسوڵمانەکان، هەوڵێکی زۆریان داوە، زمانی عەرەبی بەسەر گەلە جیاوازەکانی بندەسیاندا بسەپێنن. لەبەرئەوە هێندێ کەمێنە و گەل هەبوون، موسوڵمان بوون و ئیدی بەرەبەرە، لە بۆتەی نەتەوەی عەرەبدا تواونەتەوە.
ئیسلامییە کوردەکانی وەک (جوند ئەلئیسلام – ئەنسار ئەلئیسلام)یش، لە یەکەمین بڵاوکراوەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکەیاندا، سەبارەت بە دید و بۆچوونی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی، زۆر بە ڕاشکاوی نووسیویانە: (لای ئێمە، نیشتمان و گەل و هاوڕەنگ و ڕەگەز بێ نرخە.)”3،7”
هەروەها سەبارەت ناوی ڕێکخراوەکەشیان (جوند ئەلئیسلام فی کوردستان) نووسیویانە: (مەبەست لە دەستەواژەی “فی کوردستان” ئەوە نییە، کە ئەو کۆمەڵە، ئامانجی هەرێمایەتیی و نەتەوەیییە.) “3،8″
ئەمانە ئەوەمان بۆ ڕووندەکەنەوە: (ئەو کۆمەڵە ئیسلامییە کوردە، باوەڕیان بە چەمکی گەل و نەتەوە، بیری نەتەوەیی و خاکی کوردستان نەبێ، چونکە هەموویان هەر موسوڵمانن و وڵاتانی ئیسلامیش، موڵکی خوا نەبێ، موڵکی هیچ گەل و نەتەوەیەک نییە!)” 4،147″
بۆیە بیری بیانیپەرستی و عێڕاقچێتی، زۆر بە شێوەیەکی فراوان، لای موسوڵمانەکان بە گشتیی و ئیسلامی ڕامیاریی بە تایبەتی بڵاوبووتەوە، باوەڕیان بە تێکۆشانی نەتەوەیی و مافی چارەنووسی کورد نییە! ئەم بیروباوەڕەش، ڕێک لەگەڵ بیری شۆڤێنیزمی ناسیۆنالیستەکانی عەرەبدا دەگونجێ. بۆ نموونە: لە خاڵی (10)ی بەرنامەی (بەعس)دا، سەبارەت بە عەرەببوون هاتووە: (عەرەب ئەو کەسەیە، کە زمانی عەرەبی بێ و لە خاکی عەرەبدا بژی، یا تێیدا چاوی بە ژیان هەڵهێنابێ و باوەڕی بە عەرەبایەتی خۆی هەبێ)”5،8″
لەبەرئەوە زۆر بە ئاشکرا دەبینین، هەردوو بیری ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی، زۆر بە ئاسانی یەکدەگرنەوە، یەکەمین بەردی بنچینەی بیری بیانیپەرستی و عێراقچێتیشیان داڕشتووە.

سەرچاوەکان
1- جەمال نەبەز، بیری نەتەوەیی کورد، چاپی 1، سوید، 1984.
2- حوسێن موحەممەد عەزیز، سەلیقەی زمانەوانیی، چاپی 1، سولەیمانیی، 1999.
3- نیاز سەعید، پشتیوانانی ئیسلام لە کوردستاندا، چاپی 1، سولەیمانیی، 2002.
4- حوسێن موحەممەد عەزیز، دیدی نەتەوەیی و نانەتەوەیی، چاپی 1، سولەیمانیی، 2002.
5- حزب البع العربی الاشتراکی، دستور حزب البع العربی، دمشق، 1947.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت