نەوزادى موهەندیس: تورکیا و ئەردۆگان بەرەو دیموکراسیەت یان دیکتاتۆریەت؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وابڕیارە 24 ى حوزەیرانى 2018 هەڵبژاردنى پێشوەختەى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا و پەڕلەمانیش ئەنجام بدرێت و ئیدى لەم ڕۆژە بەدواوە و دواى نزیکەى 95 ساڵ لە پیادەکردنى سیستەمى پەڕلەمانى کە تاڕادەیەکى باش ڕێگر بوە لە سەرهەڵدان و دروستبونى دیکتاتۆریەت لەو وڵاتەدا، ئیدى ئەو سیستەمە کارى پێناکرێت و دەگۆڕێت بۆ سیستەمى سەرۆکایەتى و تیایدا زۆرینەى ڕەهاى دەسەڵاتەکان کۆدەبنەوە لە دەستى سەرۆک کۆماردا. ئەمەش نەک بە نیەتى خزتمەتکردن و بەرەو پێشچوونى دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى وڵات بێت و لە پێناو گەشە و خۆشگوزەرانى هاوڵاتیاندا بێت، بەڵکو تەنها لە پێناو نەزوەى کەسى و خەونى زڕى ئەردۆگان و سیاسەتى ئاک پارتیدا دەبێت بۆ ئەوەى ئەردۆگان ببێتە تاکە پیاوى دەسەڵاتدارى تاک ڕەو لە تورکیادا و خەونى بون بە سوڵتانەکانى عوسمانى ببوژێنێتەوە چونکە زۆر سەرسامە بە کار و کردەوەى سوڵتانەکانى عوسمانى و بەسەردەمى زێڕینى تورکیا و ئیسلامیشى دادەنێت. حەزکردنەکەشى بۆ گەڕانەوەى بۆ ئەو سەردەمە لە حەز و خولیاى فراوانخوازى و پاوانخوازى و داگیرکردنى وڵاتان و پیادەکردنى جەور و ستەمە هەروەک چۆن سوڵتانەکانى باوباپیرانى پیادەیان کردوە لە ڕابووردوودا. بەڵام ئەردۆگان نابێت ئەو ڕاستیەشى لەبیر بچێت کە کۆتایى ئەو 600 ساڵى حوکمڕانانى عوسمانیەکمانیش هەر بە دۆڕاندن و هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنى ئەو سەڵتەنەتە شەڕخوازە کۆتایى هاتوە لەسەر دەستى ئازادیخوازان و دونیاى دیموکراسى و دادپەروەریدا.و بۆ هەتاهەتاشە خەونى خەلافەتى ئیسلامى لە گۆڕنرا.
ئەردۆگانى تەمەن 64 ساڵ خۆى بە کاندیدى بەهێز دادەنێت و پشتى ئەستورە بە پشتگیرکردنى حیزبى توندڕەوى نەتەوەیى تورکیا بەڕابەرایەتى دەوڵەت باخچەلى کە هاوپەیمانیەکیان پێکەوە ناوە بەناوى (هاوپەیمانى کۆمارى)و هەندێک هێزى پارێزگار و کۆنەخواز و هەندێک لە دەنگەکانى کورد و ژمارەیەک حیزبى بچووکیش. بەڵام سەرکەوتنیشى لە خولى یەکەمدا زۆر مسۆگەر نیە و خۆشى باش دەزانێت چونکە دەبێت 50% دەنگەکان بەدەستبێنێت، ئەگەر خولى دووەم هەبێت ئەوا لە 8ى تەموزدا سازدەکرێت ئەوکات دەتوانێت سەربکەوێت بەسەر کاندیدى بەرامبەریدا لە حیزبى گەلى کۆمارى (( محرم ئینجە)) کە جێگرى سەرۆکى حیزب و سەرۆکى فراکسیۆنى جەهەپەیە لە پەڕلەماندا. یان خاتوو میڕاڵ ئکشنەر سەرۆکى حیزبى باش.
چانسى ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا لەبەر چەند هۆیەک زیاترە بۆ بردنەوە لەوانە:
1- ئەردۆگان و حیزبەکەى ماوەى 16 ساڵى ڕێکە لە دەسەڵاتدان و 4 خولى بەدوایەکدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە جگە لە هەڵبژاردنى 7 حوزەیرانى ساڵى 2017 نەبێت کە دۆڕانێکى بەرچاویان پێکەوت.
2- هەروەها لەم ماوەیەشدا توانیویەتى هەندێک کار بکات کە بەڕواڵەت وەک سەرکەوتن و دەسکەوت بۆى هەژمار دەکرێت لە بوژاندنەوەى ئابورى وڵاتدا و گەشەو پێشکەوتنى پیشەسازى و بازرگانى و… هتد.
بەڵام لەبەرامبەریشدا گەلێک خاڵى لاوازیشى هەیە لەوانە:
1- نەیتوانیوە تورکیا بگەیەنێتە ئاستێک لە هیچ ڕوویەکەوە نە سیاسى و نە ئابورى و نە ئەمنى وا کە بتوانێت هاوڵاتى تورکیا هەست بە ئارامى و خۆشگوزەرانى بکات، ئەوەتا پەیوەندیە سیاسیەکانى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەدا ساڵ بەساڵ ڕوو لە خراپیە لەگەڵ هەریەکە لە سوریا و عێراق و ئێران و میسر و سعودیە و ئیمارات و ئیسڕائیل کە ئەم وڵاتانە ڕۆڵ و کاریگەرى گەورەیان هەیە بۆسەر ئاسایشى ناوچەیى و تەنانەت لەگەڵ ئەوروپى و ئەمریکاشدا دۆخى سیاسى زۆر خراپە و لەگەڵ ڕوسیاشدا لەهەڵبەز و دابەزدایە بەهۆى هەڵسوکەوت و تاکتیکە سەرلێشواویەکەى ئەردۆگانەوە و هەڵپەى بەدەستهێنانى دەسکەوت لە جەنگى دژى تیرۆریستان لەسوریا و عێراقدا و گەرەکێتى خۆى بکاتە وڵاتێکى حساب بۆکراو و دەمڕاستى ناوچەکە.
2- لەڕووى ئابورى و دارایى و بازرگانى و گەشتوگوزرایشەوە لەئێستادا لە خراپترین دۆخدایەو لیرەى تورکى بە ڕێژەیەک دابەزیوە لەبەرامبەر دۆلارى ئەمریکیدا کە مەترسى گەورەى داڕمانى ئابورى لێدەکرێت.
3- لەڕووى ئەمنیشەوە نەیتوانیەوە ئارامیەکى تەواو دابین بکات بۆ هاوڵاتیانى بەهۆى دەستوەردانە بەردەوامەکانى لەکاروبارى وڵاتانى ناوچەکە و پشتیوانى بۆ داعش و تیرۆریستانى ترو تێکدانى پەیوەندیە ناوچەیى و جیهانیەکانیشى.
هەموو ئەم خاڵانە خاڵى لاوازن بۆ ئەرۆدگان و هاوڵاتیانى تورکیاش حسابى بۆ دەکەن، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە:
لەناوخۆى وڵاتیشدا بەهۆى سیاسەتە خۆسەپێن و قۆرخکاریەکانیەوە و هەڵمەتى ڕاوەدونان و گرتن و دوورخستنەوە و دادگایکردن و فەێڵکردنى فەرمانبەران و داخستنى ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و گرتنى ڕۆژنامەنوسان هیچ جۆرە ئازادیەکى نەهێشتۆتەوە کە هاوڵاتى هەناسەیەکى ئاسودەیى تیادا بدات بەناوى ڕاوەدوونانى کۆمەڵى خزمەتى فەتحوڵا گولەن و پەکەکە و… هتد. و تەنانەت لەناوخۆى حیزبەکەى خۆشیدا و لەگەڵ هاوڕێ کۆن و نوێکانیشدا پەیوەندیەکانى خراپە و ئەردۆگان گەرەکێتى کۆمەڵگایەکى پڕ لە ترس و دەسەڵاتێکى تۆقێنەریش دابمەزرێنێت و پێکەوە بنێت.
بەڵام ئەوەى چانسى ئەردۆگانى زیاتر کردوە بۆ بردنەوە بریتیە لە بوونى زیاد لە کاندیدێک کە ئەمەش دەبێتە هۆى پەرتبونى دەنگەکان و دواتریش بەقازانجى ئەردۆگان دەشکێتەوە. چونکە لەلایەک هیچ کام لەو کاندیدانە هێندە بەهێزنین کە بتوانن لە خولى یەکەمدا سەرکەوتوبن و لەخولى دووهەمیشدا ئاسایى دەنگە پەرتوبوەکانى حیزب و کاندیدەکانى تر بە ڕێکەوتنى پێشوەختە لە ( ڕاستڕەوى نەتەوەیى یان ڕاستڕەوى پارێزگار و دەنگدەرى کوردیشى هەیە) بەزۆرینە دەگەڕێنەوە بۆ ئەردۆگان وەکو هەموو جارەکانى تر.
کاندیدەکانى ڕکابەرى ئەردۆگان بریتین لە هەریەکە لە:
1- محرم ئینجە، 54 ساڵ و جێگرى سەرۆکى پارتى گەلى کۆمارى و سەرۆکى فراکسیۆنى جەهەپە لە پەڕلەماندا. سەرسەخترین کاندید دژى ئەردۆگان.
2- خاتوو میڕاڵ ئکشنەر/ 60 ساڵ و سەرۆکى حیزبى باش لە 2017و وەزیرى ناوخۆى پێشتر و سەرەکیترین کاندیدى دژ بە ئەردۆگان و ناسراو بە (ژنە گورگەکە یان ژنە ئاسنینەکە)
3- تیمیل کارامۆلا ئۆغڵو/ سەرۆکى حیزبى سەعادەت
4- دۆغۆ بێرینجیک/ سەرۆکى حیزبى نیشتیمان(چەپى نەتەوەیى)
5- وجدات ئوز/ سەرۆکى حیزبى دادپەروەرى (ڕاستڕەوى نەتەوەیى)
6- سەلاح الدین دێمێرتاش/ سەرۆکى پێشترى حیزبى هەدەپە (کورد) و بەندکراو بەتۆمەتى تیرۆر لەساڵى 2016وە
ئەوەى جێگەى سەرنج و تێبینیە و وەک حاڵەتێکى نائاسایى دێتە پێش چاو،بریتیە لە بونى سەلاح الدین دەمیرتاشى کورد و سەرۆکى هەدەپە لەناو کاندیدەکاندا، کە تائێستا لە زینداندایە و نەیتوانیوە و ڕێگەى نەدراوە بەشدارى هەڵمەتى هەڵبژاردن بکات و تەنها لەلایەن ڕۆژنامەیەکى ئەڵمانیەوە بۆ ماوەى 10 خولەک چاوپێکەوتنێکى لەگەڵدا سازکراوە. بۆیە ئەم هەڵمەتى هەڵبژاردن و خودى هەڵبژاردنەکەش نادادپەروەرى زۆرى تیادایە، کورد بۆخۆشى باش دەزانێت کە چانسى سەرکەوتنى زۆر کەمە بەڵام وەک تەحەدایەک و ڕووبەڕووبونەوەیەک و بۆ سەلماندنى بوون و مان و مقاوەمەتى کورد لەبەرانبەر سیاسەتە خۆسەپێن و ملهوڕیەکانى ئەردۆگاندا نوێنەرى خۆى کاندید کردوە، یەکەم خاڵ لەبەردەم دەمیرتاشدا بریتیە لە تێپەڕاندنى ڕێژەى 10% ى دەنگەکان و ئەوکات دەتوانرێت بوترێت کە چانسى سەرکەوتن هەیە یان نا. چونکە زۆرێک لە حیزب و کاندیدە بچوکەکان ناتوانن ئەو ڕێژەیە تێبپەڕێنن هەربۆیە چانسى بردنەوە تەنها بۆ کاندید و حیزبە گەورەکانە.خۆشبەختانە هەدەبە و دەمیرتاش لە دوو هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەڕلەمانیدا بە ئاسانى ئەو ڕێژیەیان تێپەڕاندوە و ئەم جارەش پێبینى دەکرێت ببەزێنرێت و زۆرینەى دەنگى کورد و گەلانى تریش بۆ بەڕێز دەمیرتاش بێت وەک هاوسۆزى بۆ دەمیرتاش و بۆ دژایەتى ئەردۆگان.
بەهەرحاڵ بردنەوە یان دۆڕاندنى ئەردۆگان دەبێتە مایەى پشێوى نانەوەى زیاتر و تێکدانى ئاشتى کۆمەڵایەتى لەتورکیادا و توندبونەوەى ململانێ حیزبیەکان و تەنانەت سەرکردنیش بۆ هەڵایسانى شەڕى ناوخۆیى و… هتد.چونکە لە سەرکەوتندا ئەردۆگان دەبێتە تاکە دەسەڵاتدار و تاکە خاوەن بڕیار و هێندەى تر مەغرور دەبێت و سەرکێشى و کار و هەنگاوى هەڵە و شێتانەى زیاتر دەکات لەناوچەکە و ناوخۆشدا و ئەمەش دەبێتە هۆى دروستبوونى دژایەتى و پەیداکردنى دوژمنى زیاتر بۆ ئەردۆگان و تورکیاش. بە دۆڕاندنیشى تورکیا بەرەو ناجێگرى سیاسى و ئابورى و ئەمنى زیاتر دەبێتەوە و جارێکى تر ململانێ حیزبیەکان توندتر دەبنەوە و گروپ و ڕێکخراوى توندڕەو سەرهەڵدەدەن و ڕەنگە حکومەتێکى لاوازیش دروست ببێت و بەمەش تورکیا و ئەردۆگان لاواز و دەبن و بەزیانى گەورە دەگەڕێتەوە بەسەر تورکیادا.
بەم شێوەیە ئەم هەڵبژاردنە و گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانیە کارێکى چارەنووسازە و ئایندەى تورکیا دەیاریدەکات بە باش یان خراپ. جا بەهەرلایەکدا بشکێتەوە ناوچەکە ڕووبەڕووى پشێوى و ناکۆکى و لێکترازانى زیاتر دەبێتەوەو ئاشتى و ئارامى ناوچەیى و جیهانیش تێکدەچێت، بەتایبەتیش کە ناوچەکە بۆخۆى بۆتە کوانوى جەنگێکى سارد_گەرمى نێوان وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکان و لەهەموو ئان و ساتێکدا ئەگەرى هەڵایسانى جەنگى خوێناوى لێدەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت