بەهرۆز جەعفەر : بەرهەم ساڵەح کەرەستەی زامنکردنی مافەکانی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم بارودۆخەی ئێستا لە کوردستان و عێراق هەیە، ئەگۆڕێ و ئاوها نامێنێتەوە، خۆ ئەگەر چوارچێوەی یاریگاکەش نە گۆڕێت بەدڵنیاییەوە یاریزانەکان ئەگۆڕێن، ئەوجا ئەبینن ئەوانەی ئیمڕۆ فاکتەری هێرشکردنە سەر دکتۆر بەرهەم و ڕەوتی دیموکراسی و دادپەروەرین، چۆن بە لێشاو ئەکەونە ڕێ بۆ ئەوەی وێنەیەکی لەگەڵ بچرکێنن. ئینجا ئەزانن ئەم دکتۆر بەرهەمە بەرهەمی ئێوە بووەو، ئێمە داکۆکیمان لێ کردووە. بەرهەمی ڕاستەقینەی پێشمەرگەو دەوای چەوسانەوەی چینی کرێکارو پاڵپشتی ڕاستەقینەی هەموو چین و توێژەکان بووە پێش ئەوەی هەر شتێک و هیچ شتێکی ئێمە بێت.
هێنانە سەر شەقامی چەند سەت پێشمەرگەیەک ناکاتە گوزارشتکردن و نوێنەرایەتی کردنی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە.
تەڵاق پێ خواردنی پێشمەرگەو، تەزویر کردن بە پێشمەرگەو، شەڕ کردن بە پێشمەرگە لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی و گروپ و بنەماڵەکان با بەس بێت، قومارکردن بە داهات و مووچەی پێشمەرگەو بندیواری پێشمەرگە با کۆتایی بێت، ناشیرین ترین دیمەنی “پێشمەرگە” ئەوە بو کە وێنەی سەرکردەیەکی دڵسۆزی وەک بەرهەم ساڵەح بە زۆر بدەنە دەستیەوەو قسەی پێ بکەن لە دژی کەسایەتیەکی وا سیاسی و دیپلۆماتێکی وا دیار. حوکمی بێ موبالاتی و چاوچنۆکانەی فەرماندەکانی پێشمەرگە شکۆی پێشمەرگەی لە حەمرینەوە تا قەرەنجیر شکاند، ئەیانەوێ بە تەزویر و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناو سلێمانی دۆخەکە لە شکستێکەوە بە شکستێکی تر بسپێرن.!.
ئەوە زۆر دەلاقەیەکی نالۆژیکی و بێ مانایە گوایە 30 سی ساڵ پێش ئێستا لە شاخ خەبات و شۆڕشێکیان کردووە، ئەبێت دوای سێ دەیە ئیمڕۆ لەشار بە ملیارەها دۆلار ئاودیو بکەن و تەمەن و چارەنووسی چەندین نەوە گڕ تێ بەربدەن و، لە ناوەوە شێر بن و کورد بکوژن لە دەرەوەش ترسنۆکانە ببنە ئاڵقە لە گوێی ئاخوندەکانی ئێران و جەندرمەکانی تورکیا!.
وەک کەسێتیەک لە دەرەوەی هەموو حیزبەکان زۆر لەوە دڵنیام سوتاندنی دەنگی پێشمەرگەو هێزە تایبەتەکان ” پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بووە نەک بەرهەم ساڵەح”، ئەمە کارێکە پڕ بە پێستی خۆیەتی لە ڕووی ئەخلاقی یاساییەوە، چونکە هەموو کەس ئەزانێ ئەم دوو حیزبەی لە دەستەڵاتدان شەڕ بۆ پێشمەرگە ناکەن و شەڕ بە پێشمەرگە ئەکەن، پێشمەرگە خۆی لە هەموو کەس واقیعەکە باشتر ئەبینێت، لەگەڵ ئەوەش دا سوتاندنی دەنگی پێشمەرگەو هێزە تایبەتەکان لە بەغدا لە ڕووی سیاسیەوە هەڵە بو، چونکە لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەر) ەوە هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی کەلێنێکی گەورە کەوتبوە نێوانیان و ڕێککەوتنی ستراتیجیشیان هەڵوەشاندەوە، سوتاندنی ئەم دەنگانە وا ئەکات ئەم دوو هێزە جارێکی تر باوەش بە یەکدا بکەنەوەو دەست بکەنەوە بە فرۆشتنی سەنگ و دەنگی کورد لە بەغداو هەرێم. پاشان ئەگەر دکتۆر بەرهەم یان بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێشمەرگەو هێزە تایبەتەکانیان سوتاند زەحمەت نەبێ تیمەکانی یەکێتی و پارتی ئیشیان چی بو لە بەغدا !؟.کەواتە ئەمە بەهێزی تەنها دوو ڕۆژی بەرهەم ساڵەح یان بزوتنەوەی گۆڕانە لە بەرانبەر هەموو تەمەنی یەکێتی و پارتی لە بەغدا.
جارێکی تر، ئەبێت سوکایەتی بە پێشمەرگە وە بە دکتۆر بەرهەم ساڵەح شەرمەزار بکرێت، ئەم ڕەفتارانە هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان و کوردستانییەکی ڕاستەقینەی ئازارداوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت