کاوسین بابەکر: سیاسەتی ترەمپ لەنێوان گاڵتەو ڕاستیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی ترەمپ هاتۆتە سەر حوکم، سیاسەتەکانی ئەمریکای تووشی تەم و مژ کردووە، یان ڕاستر بڵێم کەس نازانێ کام بڕیارەیان ڕاستەو کامەیان هەر بۆ خەرجی ڕۆژ و هەر بەهەوەنتە فڕیدراوە، دیتمان ترەمپ لەقسەکانیدا پیداگری لەمانەوە لەسوریا دەکرد، دواتر لەناکاوو زۆر بەپەلە بڕیاری پاشەکشەی دا، دواتر جارێکی تر پەشیمان بۆوەو ووردەووردە بێدەنگەی لێکرد، لەعەفرین چاوی لەداگیرکاری تورکیا و ئەو هەموو زۆرداری و پێشێلکاریە پۆشی بەرانبەر بەکورد و یەپەگەو هەسەدەو ئێستاش دەرگای مەنبەجی بۆ واڵادەکات و بە هەسەدەی دۆستی ووتووە بۆیان چۆڵکە! لەو لاشەوە بەردەوام چەک و جبەخانە دەخاتە بەردەست هەسەدەو یەپەگەو هەڕەشەش لە ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەکات ئەگەر بێت و هێرشیان بکاتە سەر بێدەنگ نابێ!
ئەم سیاسەتە شل و توندەی ئەمریکا لەناوچەکە عێراقیشی گرتۆتەوە لەوەی پشتی کوردی نەگرت لەهێرشی بەغدا بۆ سەر کەرکوک و یاری ئێرانیەکان لەو کاتەداودوای شەڕەکەش بەردەوام باسی پشتیوانی لەهەرێمێکی بەهێزدەکات و لەپێکهێنانی حکومەتی نوێی بەغداش زۆر بەتوندی هاتۆتە سەر خەت بۆ دوور خستنەوەی دۆستانی ئێران، نەرمی نواندن بۆ تورکیاو شل و توندە لەگەل کورد، دەری دەخات ئەمریکا یاریەکی گەورەترو ئامانجێکی گرنگتری لەناچەکە هەیە ئەویش بچوک کردنەوەی ئێرانە.
هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی هەنگاوی یەکەمی ئەو یاریە بوو، هەر بۆیەش تورکیا ی ئەندامی ناتۆ گرنگە بێتە ناو یاریەکەو لەولاشەوە جڵەوی ئیسرائیل کەڕەنگە نەخشی سەرەکی هەبێ لەم یاریەدا شلکردووەو کوردیش کەخاکەکەی مەیدانی یاریەکە دەبێ، لانیکەم هەوڵی پاراستنیان دەدا، بەڵام لەسنورێکی زۆر تەسکدا، ئەگەر کۆتایی یاریەکەش بەدڵی ئەمریکابوو ڕەنگە لەکێکەکە بەشی کوردیش بدرێ، بۆیە ترەمپ گاڵتەکانیشی دیوێکی تری ڕاستیەکەیە، ئەگەر لەگەل کۆریا لەم ڕێکەوتنەدا سەرکەوتوبێ، بەتەواوی مەیدانی یاریەکەی لەگەڵ ئێران بۆ واڵادەبێ و نەک دەستی خۆی دەیان دەستی تریشی بۆ بەتاڵ دەبن و رەنگە کۆتایی یاریەکەش ئاگری جەنگێک بێ کەس نازانێ ماڵی کێ دەسوتێنێ و کەسیش بەئاسانی براوەی پێ دیاری نەکرێ، روسیا ئاماژەکانی ئەم جەنگە دەبینێ بۆیە ئێرانیەکانی ئاگادار کردووە کە خواروی سوریا بەجێبهێڵن. لەکۆتایی هەموو جەنگێکیشدا کورد قوربانی بووە، پێش ناچێ بەبێ جەنگ لەم قوربانی بوونە دەرچێ، ئاواتی جەنگ ناخوازم، بەڵام ئێمە هەر لەجەنگداین و هەر قوربانین، ئەگەر جەنگێک کۆتایی بەم جەنگە بەردەوامەی کورد بێنێ، رەنگە ناوچەکە بخاتە ئارامیەوە، ئەوەش ئاواتی سەرجەم نەتەوەو پێکهاتەکانی ناوچەکەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت