تێکۆشەر حوسەین: کودەتاکەی 30 حوزەیران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگی “یەكێتی و پارتی” ی پەسەند كراوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر ناوەرۆكەكەی و سیستمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان نەخراوەتە ڕاپرسی. دوای ساڵی 1991 هەریەک لە مکتب سیاسی پارتی و یەکێتی خاوەنی بڕیاری سیاسی و یاسایی ئەم ووڵاتە بونە، ئەگەر نەشڵێین هەمووی بەڵام زۆرینەی یاساکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی دەسەڵات دارێژڕاون.
دوای دەرکردنی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، مەسعود بارزانی لە 12-5-2005 وەکو یەکەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ھەڵبژێردرا و سوێندی یاسایی خوارد. بە بەراورد لەگەڵ ئەم مێژوە دوای 25ـی تموزی 2009 پیاوێک جیاوازتر لە بیرکردنەوەی ئەوان بە عەقڵیەتیکی ئیداری و سیاسی هاتەوە مەیدان، بە بە دەست هێنانی سەدا بیست و پێنجی دەنگی هاوڵاتیان توانی 25 کورسی پەرلەمانی بەدەست بێنێت، بەمەش مۆدێلێکی نوێی لە حزبایەتی گواستەوە بۆ هەرێمی کوردستان لەبری یەکلاکردنەوەی کێشە و ململانێ سیاسیەکان، بڕیاری دا لەڕێی پەرلەمان و یاساوە جارێکی تر سەر لەنوێ بەشداری بکات لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
لە قۆناغی یەکەم دا بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو دەسەڵات بگرێتە دەست و بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی لە نێو پەرلەماندا ڕاگەیاند، بۆ ئەم مەبەستەش “فراكسیۆنی گۆڕان” لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەكی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد بۆ هەمواری چوارەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراقی ژمارە 1ی ساڵی 2005. بەپێی ئەوەی لەناوەڕۆكی ئەم پرۆژە یاسایەدا هاتوە: “دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بەپێی‌ سیستەمێكی‌ پەرلەمانی‌ رێكخراون‌ و سەرۆك دوو جێگری‌ دەبێت‌ و ماوەی‌ سەرۆكایەتییەكەی‌ لەگەڵ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان كۆتایی‌ پێدێت”
دوای تەواوکردنی دوو خولی چوار ساڵی، لە ماددەی دووەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە دەقێک دا هاتووە و دەڵێت: “هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ـ عێراق، بەدەنگدانێکی نهێنی و ڕاستەو خۆ سەرۆکێ بۆ هەرێم هەڵدەبژێرن، کە لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتیان دەکا….” لەگەڵ نزیک بونەوەی تەواو بوونی ماوەی یاسایی ویلایەتەکەی بارزانی، سەرۆکی پەرلەمان “ئەرسلان بایز” لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی سەردانی گردی زەرگەتەی سلێمانی بکات بۆ لای “نەوشێروان مستەفا” تەشریف دێنێت، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پرسی درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی بارزانی لەگەڵ نەوشێروان مستەفا تاوتوێ بکات، نەوشێروان مستەفاش دەڵێت، لەم خولەی پەرلەمان دەمانەوێت هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بکەین، وەک چۆن پڕۆژە یاسایەکیشمان بۆی ئامادەکردوە، ئێمە دەمانەوێت، سیستمی سیاسی هەرێم لە سەرۆکایەتیەوە بگۆڕین بۆ سیستمی پەرلەمانی. دوای ئەوەی ماوەی یاسایی ویلایەتی “مەسعود بارزانی” وەک سەرۆکی هەرێم کۆتایی هات، بەڵام یەکێتی و پارتی پێچەوانەی رێکارە یاساییەکان لە 30 ی حوزەیرانی ساڵی 2013 دا کودەتایان کرد بەسەر پەرلەماندا و دوو ساڵی دیکەیان بۆ ویلایەتەکەی مسعود بارزانی درێژکردەوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش هەمو رێکارە یاسایی و پەرلەمانییەکانی گرتەبەر بۆ ڕێگریی کردن لەو کودەتایە.
ئەوەبوو لە بەرواری 9 ی نیسانی 2015 سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لەشاری سلێمانی، دوای کۆبونەوەکە، نەوشیروان مستەفا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند: “گونجاوترین سیستم بۆ هەرێمی کوردستان سیستمی پەرلەمانیە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی پەرلەمانی بێت هاوشێوەی بەغدا….” بەڵام هەریەک لە یەکێتی و پارتی دووبارە بە بیانووی بوونی شەڕی داعش جارێکی تر لەڕێی (ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان)ـەوە ماوەی سەرۆکایەتیی ویلایەتەکەی بارزانیان بۆ دوو ساڵی دیکە درێژکردەوە. لە کاتێکا خۆشیان یاساکەیان بەم شێوەیە داڕشتبوو، کە لە بڕگەی کۆتایی یاساکەدا دەڵێت: “بەهیچ شێوەیەک جارێکی تر یارای درێژکردنەوەی نیە” کەچی

دووبارە کردیشیان. ئەنجومەنی شورا ڕایگەیاند لە بەرواری 1-11-2017 دا دوو ساڵەکەی ئەنجوومەنی شورا تەواودەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستانیش لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ 1-7-2018 دواخراون. جگە لەوەش هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنەی جددی لە پڕۆژەیاساکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگرت بەوەی کە چۆن دەبێت پەرلەمان بە 111 کەسەوە لەجیاتی چەند ملیۆنێک هاوڵاتی سەرۆکێک بۆ هەرێم دیاری بکەن، لە کاتێکا ئەو ئەنجومەنی شورایەی کە پارتی ئاراستەی دەکردن، تەنها 11 کەس بوون لەجیاتی هەموو کوردستان و تەنانەت ئەندامانی پەرلەمانیش ویلایەتەکەی بارزانیان بۆ دوو ساڵی تر درێژ کردەوە.
دوو ساڵە درێژکراوەکەی ویلایەتی بارزانیی کۆتایی هات و ئەبوایە لە 19 ـ 8 ـ 2015 بارزانی کورسی سەرۆکایەتی بەجێبەهێڵێت، پێش ئەو وادەیەش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دکتۆر “یوسف محمد سادق” دەستی کرد بە ئامادەکاریی و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکانی بۆ ئەوەی جارێکی تر بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست نەبێت، کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان دەستپێکرد، بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان بچێتە سەر رێگەیەکی تەندروست و سیستمێکی پەرلەمانی بێتە کایەوە و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتی تیادا فەراهەم بێت.
ڕۆژی 23ی حوزەیرانیش، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی “د.یوسف محەمەد سادق” بەبەشداریی 58 پەرلەمانتار کۆبونەوە ئەنجامدرا و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا، یەکەم جاربوو لە مێژووی پارتی دا، پارتی بەیەکجاری پەراوێز بخرێت دواتر سەرۆكی پەرلەمان وتی: “هیچ ئیرادەیەك ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەكبخات‌و پەرلەمان شەرعیەتی‌ لەگەلەوە وەرگرتوە، پەرلەمانیش خاوەنی‌ شەرعیەتی‌ راستەقینەی‌ خەڵكی‌ كوردستانەو هەمو دەسەڵاتەكان شەرعیەت لەپەرلەمانەوە وەردەگرن” چەند دانیشتنێک لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە تایبەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و هەمواری یاساکە خرانە بەرنامەی کارەوە، دواتر بڕیاردرا پەرلەمانی کوردستان لە 19ی ئابدا لەکۆبونەوەیەکی نائاساییدا خوێندنەوەی دوەم بۆ راپۆرتی لیژنەی یاسایی بکرێت و پڕۆژە یاساکە بکرێتە یاسا، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی ریژەی یاسایی نەتوانرا دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت بۆ بەیاساکردنی پڕۆژەیاساکان .
ئەوە یەکەم شکستی پارتی و خاوەن خواستی سەرۆکایەتی هەتا هەتایی بو بەرامبەر ئیرادەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار لەمێژوی خۆیدا بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد. تا لەکۆتاییدا کار گەیشتە ئەوەی لە 12 ی ئۆکتۆبەر پەرلەمان بەیەکجاری تەعتیل بکرێت ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بکرێت، وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕەوانەی ماڵ بکرێنەوە، تەبعەن هەموو ئەو ڕووداوانەش دوای دانیشتنی مکتب سیاسی هەردوو لا دێت، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان. کلتوری سیاسی باوەڕ بوو بە لۆژێکی هێز و چەک لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە ڕۆژ بەڕۆژ کاریگەری نێگەتیڤ جێدڵێت لە سەر ئاییندەی بنەماکانی دیموکراسیەت، ئەوەتا جارێکی تریش لە ڕۆژی 12 ی ئایار دوای ئەوەی هەریەک لەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەی هەرێم بە پڕۆگرامکردنێکی پێشوەختە دەسکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان کرد، دواتر هێرشێکی ناڕەوای چەکیشیان کردە سەر گردی زەرگەتەی گۆڕان، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کودەتاکەی 30 حوزەیران بەڵام ئێستاش عەقڵیەتی خێڵ مەنتقی هێز و عەسکەرتاریەت زاڵە بەسەر پارتی و یەکێتیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت