عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: هەموو ئاوی هەرێم بەقوربانی قەترەیەک نەوت بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم هەرێمەدا هەموو بابەت و سێکتەرێک کراوەتە قوربانی سەرچاوەیەک کەتائەم ساتەش لەجیاتی بوونی بە نیعمەت و ڕەحمەت بۆ دانیشتوانەکەی کەچی زیاتر نەعلەت و زەحمەت بوە، ئەویش سێکتەری سوتەمەنیە، من ناڵێم نەوت و سوتەمەنی گرنگ نیە، بەڵام خۆناکرێت سێکتەرەکانی تریش وەلابنرێن.
ئێمە لەلیژنەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری و بەنداوەکان لەپەرلەمانی کوردستان بەهۆی پێزانینی زۆرمان بەگرنگی سەرچاوەیەکی وەک ئاو کەدەکرێت وەک سامانێکی نیشتمانی هەژماربکرێت، و پێویستبونی یاسایەک بۆ پاراستن و باش بەڕێوەبردنی ئاو، و ڕزگاربونی لەو پەرش و بڵاوی و دابەشکردنەی بەسەر وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمدا کەئەمە بۆ خۆی زوڵم و ستەمێکی زۆرەکە لە ئاو و سەرچاوەکانی و سێکتەرەکەش دەکرێت.
لە بەرواری 16- 11- 2014 پڕۆژەیاسای پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو کەکەلەبنەڕەتدا پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو نێردرابوە پەرلەمان، بەواژۆی هەر (10)ئەندامەکەی لیژنەکەمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکرد تاکو بخرێتە بەرنامەی کارەوەوبە زوویی لەپڕۆژە یاساوە بکرێتە یاسا چونکە لەهەرێمدا یاسایەکی تایبەتمەندمان نیە بەئاو.
لە 16- 12- 2014 وە واتا دوای تەنها مانگێک خرایە بەرنامەی کارولەنێو هۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراو ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا، ئێمە لەلیژنەی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی گشتگیرو بێ کەم و کورتی دەربچێت لەگەڵ کەسانی شارەزای بوارەکە لەنێو دەمەزراوەکانی حکومەت، زانکۆکانی کوردستان و چەندین ڕێکخراوی بواری ئاو و ژینگە کۆبوینەتەوە بۆ پێداچونەوەو گۆڕانکاریکردن لەبڕگەو ماددەکانی پڕۆژەکە بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ دنیای سەردەم و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەبوارەکە.
دواتر حکومەت قەیرانی دارایی کردە بەهانەو بیانویەکی حازربەدەست وبەفەرمی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانی لەوە ئاگادارکردەوە کەنابێت لەپەرلەماندا هیچ پڕۆژە یاساو بڕیارێک دەربچوێنرێ و دەربکرێت کەپابەندبونی دارایی بۆحکومەت دروست بکات تاکو ڕای حکوومەتی لەسەر یاساوبڕیارەکە بۆ وەرنەگیرێت.
کردنی پڕۆژەیەکی لەو چەشنە بە یاسا یەکێکە لەپێداویستیە گرنگ و هەنوکەییەکانی ئەمڕۆ چونکە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە پلان و پیلانی هەمەچەشنی بەردەوام هەبوەو هەیە، و بەردەوامیش کاری بۆدەکرێت بۆیە گەر نەتوانین و بەزوویی فریانەکەوین ئەوا بە دوور نازانرێت عێراق کەئێمەش تائێستاش بەشێکین تێیدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە نەبێتەوە، چونکە نە وڵاتی ئێران وەڵامی عێراق دەداتەوە لەسەرگرفتەکانی ئاوو نە ئامادەشە دانوستانیش بکات لەو بارەیەوە لەگەڵیدا، تورکیاش گەر ئامادەی دانوستان بێت لەگەڵ عێراق ئەوا هیچ پابەندبونێکی نابێت بەو بڕیارانەی لەنێوانیاندادەدرێت لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، ڕونیشە هۆکارەکەی بۆلاوازی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە لەئێستادا.
نمونەی زیندوش ئەوەیە کە لەکۆبونەوەی 25 و 26- 2017 ی نێوان وەفدی عێراق و تورکیا کە تایبەت بوو بەپڕکردنی بەنداوی ئەلی ـ سۆی تورکیا لەئاوی ڕوباری دیجلە، تورکیا بڕیاریدابوو کە 1- 4- 2018 ئاودەکەنە بەنداوەکە بەڵام عێراقیەکان داوایان کردبوو کە با  1- 10- 2018 بێت، کەچی بێگوێدانە هیچ داواو خواستێکی عێراقیەکان حکومەتی تورکیا لە یەکی حوزەیرانی  2018 دەستیکرد بە ئاوکردنە بەنداوی ئەلی ــ سۆ، و دواترو دوای داواکارییەکی زۆری عێراق کە لەو کاتەدا دەستنەکرێت بەپڕکردنی بەنداوەکە بەئاو لەلایەن تورکیاوە، تورکیاش تەنها مانگێک کارەکەی ڕاگرت و لە یەکی تەمموزی  2018 دەستیانکردەوە بە کۆگاکردنی ئاو لەبەنداوەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە کەعێراق سەرەتاکانی سەرهەڵدان و دروستبونی قەیرانێکی گەورەی ئاو ڕووی تێکردوە، چونکە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەکە ئەوەیە کە لە ئێستادا لەهەموو بەنداوکۆگاکانی کۆکردنەوەی ئاو لەعێراقدا تەنها 18 ملیارد مەترسێجا ئاویان تێدایە کەهێندە بەنداو شوێنی کۆگاکردنی ئاو لەعێراقدا هەیە دەتوانرێت دەتوانرێت  100 ملیار مەتر سێجا ئاویان تێدا هەڵبگیرێت، لەوەش زیاتر بۆ گەیشتنی قەیرانەبە ترۆپک و دروستبونەکەی لەئێستای عێراقدا ئەوەیە کە (مهدی سەمەد قەیسی) بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلەوە چاندنی هەشت جۆربەرو بووم لەعێراقدا قەدەغە دەکرێت لەوانەش (برنج، لۆکە، توتن، کەنمەشامی سپی و زەرد، ماش، گوڵەبەڕۆژە و…. هتد…) بەجێبەجێکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیەش دەتوانین بڵێن گورزێکی کوشندەو گورچکبڕ بەرئاسایشی خۆراک دەکەوێت لەعێراقدا. لەو عێراقەی کەلەساڵی  1956 دا قەبارەی گەنمی هەناردەی بۆ وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیا سێ ملیۆن تۆن بوو.
تەنها دووساڵ پێش ئێستا بۆ چەند ڕۆژێک کون کرابوە ئەو بۆریەی کەنەوتی هەرێمی لێوە هەناردەی تورکیا دەکرا مەگەر هەرخوا و حکومەتی هەرێم خۆیان بزانن چەند بەزوویی هەموو ڕێوشوێنێک و ڕێگایەکیان گرتەبەر تاکو توانیان لەماوەی سێ ڕۆژدا لەپێناوی بەردەوامی هەناردەی نەوتدا چ هەوڵ و تەقەللایەک درا تاچاکی بکەنەوەو دەستبکەنەوە بە هەناردەکردنی نەوتەکەیان بۆ تورکیا، کەچی ساڵی ڕابردوو ئەمساڵیش چەندین جار بەئاشکراو بێ حسابکردن بۆ هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختەو پابەندبونێک بەڕێککەوتنە نێو دەوڵەتیەکانی تایبەت بەڕوبارو ئاوە هاوبەشەکانی نێوان وڵاتان، لەچەند شوێنێکی جوداوە لەلایەن ئێرانەوە ئەو ئاوانەی کەلەنێو ڕۆژهەڵاتەوە کەئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران حکومداری دەکات گیراونەتەوە، و تورکیاش چەندین ساڵە بۆگلدانەوەی ئەوئاوانەی دەڕژێنە عێراقەوە بەنداوی گەورە گەورە بنیاد دەنێت کەچی نەمانبینی ئەم حکومەتی هەرێمەو دەوڵەتمەدارەکانی ناوی بێن و خەمێک لە ئاو و پاراستنی ئاو بخۆن، ئەوان تائێستاش ئاوی خۆماڵی ناخۆنەوەو ئاوەکەش کەدەیخۆنەوە لەدەرەوە هاوردەی دەکەن ئیتر چۆن خەم لەئاسایشی ئاو دەخۆن و چ کارێکیان بە ئاو و سەرچاوەکانی هەیە.
جارێکی ترو دوای دەرکەوتنی مەترسیەکانی سەر ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان دوبارە پڕۆژەکەمان هێنایەوە پێش و وتمان، بەڵکو حکومەت و بڕیار بەدەستانی دوای هەوڵەکانی وڵاتانی تورکیاو ئێران بەخۆدا چونەوەیەکیان بەخۆیاندا کردبێت و کەمێک لەگرنگی ئاو تێگەیشتبێتن، دوای ئەوەی لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆبوینەوە تاکو ڕاپۆرتی هاوبەش بۆ پڕۆژە یاساکە بنوسین و بخرێتە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت وبکرێتە یاسا، بەباشزانرا هەردوو لیژنەی کشتوکاڵ و یاسایی لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نوسراوێک بکرێت بۆ حکومەت بۆ وەرگرتنی ڕایان لەسەر پڕۆژەکە تاکو بەدەردی هەندێ یاساو بڕیار نەچێت کەلەپەرلەمانەوە دەرکراون و حکومەت جێبەجێی نەکردون.
نوسراوەکەی لیژنەی یاسایی و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان لە  05- 11- 2017 ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کرا، و سەرۆکایەتیش لە  07- 11- 2017 وە نوسراوی کردوە بۆ حکومەت بۆ دەربڕینی ڕایان، بەڵام وازیاتر لە هەشت مانگە ئەم حکومەتی هەرێمە کە دوری نێوان حکومەت و پەرلەمان پەنجا مەترێک دەبێت بە وشەیەکیش وەڵامی پەرلەمانی نەداوەتەوە، و مێشێکیش میوانیان نیەو ئاویان لەئەجێندای خۆیاندا سڕیوەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو دوای بێ هیوابونمان لەوەڵامی حکومەت بۆ پڕۆژەکە، نوسراوێکی تر لەهەمان دوو لیژنەو لەڕێگەی پەرلەمانەوە کرا تاکو ڕۆژی چوارشەممە 4- 7- 2018 وەزیرەکانی کشتوکاڵ، شارەوانی، کواستنەوەو گەیاندن و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی سەرچاوە ئاوییەکان لە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی و کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم تاکو لەگەڵ لیژنەکانی یاسایی و کشتوکاڵ کۆببنەوە بۆ دوابڕیاروڕای حکومەت لەسەر پڕۆژە یاسای ئاو.
بەڵام بەداخەوە بەبیانوی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هیچ وەزیرێک لە کۆبونەوەکە ئامادەنەبوو، بەڵکو بریکاری وەزیری پلاندانان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی تر کەئاماژەیان بۆکراوە هاتن و لە کۆبونەوەکە ئامادەبوون.
ئەمان جگە لەوەی خاوەن بڕیاری تەواو نەبوون لەسەر پڕۆژەکە، بەڵام هەبون و دەرچواندنی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیان بۆ ئەمڕۆو ئایندەی کوردستان بەگرنگزانی.
دواتر بڕیاردرا جارێکی تر و لەلایەن هەر دوو لیژنەی پەرلەمانی تایبەتمەندەوە (یاسایی ، کشتوکاڵ) لەڕێگەی پەرلەمانەوە نوسراوێکی تر ئاڕاستەی حکومەت بکات و بەڕوون و ڕاشکاوی تێیدا بوترێت کەپێویستە حکومەت دواین بۆچون و ڕەزامەندی خۆیان بدەن لەسەر پڕۆژە یاسای ئاو.
بابزانین دوو هەفتەی تر کەنابێت بگاتە مانگی ئابی  2018 حکومەت و بڕیار بەدەستەکانی چی دەڵێن بۆ پڕۆژەیەکی گرنگ و پێویست بۆ ئێستای هەرێم، پڕۆژەیەک کە لە بنەڕەتەوە لەلایەن وەزارەتێکی پەیوەندیداری کابینەکەی خۆیەوە ئاڕاستەی پەرلەمان کراوە چەندین ساڵ پێش ئێستا.
بابزانین ئەم حکومەتی هەرێمە نەک هێندەی بۆریەکی نەوت، بەڵکو هێندەی بۆریچکەیەکیش گرنگی بە ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان دەدەن، کە بەزێڕی شین پێناسەکراوە و هەموو ئاماژەکانیش پێماندەڵێن کەشەڕی داهاتوو شەڕی ئاوە لەزۆرێک لەناوچەجیاجیاکانی دونیا.
ماوەتەوە تەنها ئەوە بڵێین کە گەرگرفت و ئاستەنگ بۆ پڕۆژەیەکی گرنگی لەم شێوەیە دروستکرا بە هەر بیانویەک ئەوا بەرپرسی یەکەم و کۆتایی لەنەبون و دەرنەچواندنی یاسای ئاو کەمەبەستی سەرەکی تێیدا پاراستنی ئاسایشی ئاوە تەنهاو تەنها حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانە و دەبێت ئەوان لەدوا ڕۆژدا بەرپرسیارێتی هەموو تەنگەژەو قەیرانێک هەڵبگرن کەڕوودەدات لەهەرێمی کوردستاندا، چونکە نەوت و سوتەمەنی جێگرەوەیان زۆرە، بەڵام ئەوەی جێگرەوەی نیەبە تەنها ئاوەو هیچی تر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت