لوقمان غەفوور: دەزگای پاراستن مردووە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ قسەکردن لەسەر سێ گەنجەکەی هەولێر، کە بە چەکەوە چونەتە ناو پارێزگای هەولێر، هیچ شیکردنەوە و ڕاڤەیەکی سیاسی ناوێت، داعش نە ئەوەندە بێئەزموونە، نە ئەوەندە نادیدگایە لە هێرشی تیرۆرستی، بەڵکو ئەمە ئەو گەنجانەی ئەو وڵاتەن کە هیچ ئارامییەکیان نەماوە بەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و بێکارییەی لەو وڵاتە هەیە. ئەمە ئەو گەنجانەن کە ناتوانن وەک هاوڕێکانیان سەری خۆیان هەڵگرن بۆ دەرەوەی وڵات، جا لەبەر هەر هۆیەک بێت.
من ساڵی 2014 بۆ بەشێکی زۆری کونسڵخانەی وڵاتان چووم کە لە هەولێرن، جگە لەکونسڵخانەی ئەمریکی کە لەژێر دۆخێکی ئەمنی توندایە ئەوانی دیکە بە ئاسانی ئەتوانی بیانگەیتێ، کەواتە لەم هەموو کونسڵخانە و شوێنە گرنگە بینای پارێزگا ئەهمیەتی بۆ ئەو سێ گەنجە چییە!؟ جگە لە هیچ، هیچ وەڵامێکت چنگ ناکەوێت، کەواتە دەتوانین بڵێین کردەوەی ئەم سێ گەنجە هێندە نەزانانەیە کە هیچ کەسێکی سەربازی و سیاسی بیری بۆی ناچێت، چونکە جگە لە کوشتنی پۆلیسێکی بێتاوان و کارگوزارێکی قوربانی یان فەرمانبەرێکی بێدەسەڵات کە لە توێژە خەسێنراوەکەی کۆمەڵگەی کوردین، کێی دی زیانمەندبوو!؟ بەپێچەوانەوە ئەمە ئەزموونێکی نوێیە لە ناڕەزایی گەنجان، ئەزموونێکە لەشێوەی پەرەچەکرداری ئەو پەنگخواردنەی چوار ساڵی ڕابردوو کە ناهێڵرێت لەخۆپیشاندانی هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی، گەنجان هەولێر خاڵی بکەنەوە، ئەگینا ئەگەر داعش لە کۆڵانەکانی تەیراوە و مەنتیکاوە خۆی ڕێکخستبێتەوە، کەواتە ئەو لەشکرە گەورەیەی دەزگای پاراستن ئیشیان چییە؟ ئایا کاری ئەو مووچەخۆرانەی دەزگای پاراستن تەنیا و تەنیا ئەرکیان هێلکەبارانکردن و هوهاکێشانە لەدەرکەوتنی کاندیدی گۆڕان لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن یان ئەرکیان چەقۆکێشان و سەرسەرێتی و هێرشکردنە سەر بارەگا و میدیا و خەڵکی چالاکوان خۆپیشاندەرانی ئەو شارەیە.
ئەگەر ئەرکی ئەم دەزگایە ئەمە بێت ئەوە پێویست بەو لەشکرە گەورە مووچەخۆرە ناکات، 10 چەقۆکێش و شەلاتی بەسەر بۆ ئەوەی ببنە ناسنامەی دەزگایەک، بۆیە ئەگەر وانییە، پێم بڵێن، چۆن ئەم سێ کەسە لەناو شاری هەولێر خۆیان ڕێکخستووە و سەر بە چ گروپ و تاقمێک و دەستەیەکن، چۆن دەکرێت تۆ دانیشتووی هەولێر بیت و پەیوەندی تیروریستیت هەبێت بە ڕێکخراوێکی وەک داعش و پاراستن نەزانێت!؟، لەکاتێکدا زۆربەی ئەو هاوڕێیانەم کە لە هەولێرن دەڵێن پارتی و پاراستن وایلێهاتووە، ئەزانێت بۆ نانی نیوەڕۆ و شێوان چی ئەخۆیت و چۆن بەیانی دەچیتە دەرەوە! ئێستا ئاوا سادەو ساکار لەناو گەڕەکێکی هەولێر داعش بە ئاسانی هاتۆچۆ بکات، ئەوە بەدڵنیایی دەزگای پاراستن مردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت