نەوزادى موهەندیس: خۆپیشاندانە جەماوەریەکانى عێراق لەبەرچى؟ بەرەو کوێ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ڕێکەوتى 8 تەموزەوە، خۆپیشاندانى ناڕەزایى جەماوەرى پانوپۆڕى عەرەبى عێراقى لە شارەکانى باشور و ناوەڕاستى عێراق دەستیان پێکردوە و ماوەى زیاد لە هەفتەیەکە بەردەوامە و تەنانەت توندوتیژیشى بەخۆوە بینیوە و بریندار و و قوربانیشى لێکەوتۆتەوە،ئەم خۆپیشاندانانە لەشارى بەسرەى دووەم گەورە شارى عێراق لەدواى بەغدادى پایتەختەوە دەستى پێکرد و لەماوەیەکى کەمدا تەواوى پارێزگاکانى میسان و ناێریە و دیوانیە و زیقار و نەجەف و بابل و تەنانەت هەندێک گەڕەکى شارى بەغدادیشى گرتۆتەوە. ئەمە بۆ یەکەم جارە خۆپیشاندانەکان بەم گوڕوتین و خێرایى و فراوانیە لە باشور و ناوەڕاستى عێراقدا ڕووبدات و زۆرینەى شیعە مەزهەبەکانیش تیایدا بەشدار بن و نەک هەرئەوەش بەڵکو تەواوى مەرجەعە باڵاکان و نوێنەرەکانیشیان لەو پارێزگایانە بە بەیاننامە و لێدوان و بەشداریکردنیشیان بونە پاڵپشتى خۆپیشاندەران و هەموان دووپاتیان کردەوە کە داواکاریەکانیان ڕەوایە و دەبێت هەرچى زووە حکومەت بەدەم داواکاریەکانیانەوە بچێت و بۆیان جێبەجێبکات.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،کە ئایا ئەم خۆپیشاندانانە خۆڕسک و لەخۆوە ڕوویانداوە یان دەستى دەرەکى لەپشتە؟ بۆچى لەم کات و وەرز و ساتەدا؟ ئەم خۆپیشاندانانە ڕەوان و مافى هاوڵاتیانە؟ یان سەرکێشى و سەرپێچیە لە یاساکان؟ئایا هاوڵاتیان مافیان پێشێلکراوە؟ یاخود نەخێر لەخۆوە و بەبێ هۆکارێکى ڕوون و ئاشکرا دەستیانداوەتە خۆپیشاندان؟و دەیان پرسیارى تریش.
وەڵامى هەموو ئەم پرسیارانە بەکورتى ئەوەیە کە بەڵێ ئەم خۆپیشاندانانە بەڕێژەیەکى گەورە خۆڕسکە و تەنها لەلایەن جەماوەرى ڕەش و ڕووت و بێ خزمەت و مافخوارو و چەوساوە و زوڵملێکراوەوە ڕوویانداوە و هەموو هۆکارەکانیشى نەبوونى هیچ خزمەتگوزاریەکى سەرەتاییە بۆیان لە دابینکردنى کارەبا و ئاوى شیرینى خواردنەوە و تەواوى خوزمەتگوزاریەکانى تر لە نیشتەجێبوون و خوێندن و پەروەردە و تەندروستى و… هتد. حکومەتى ناوەندى و هەموو حکومەتە لۆکاڵیەکانى ئەو پارێزگایانە و ناوچانە بەجۆرێک سەرمەستى گەندەڵى و لەخۆبایبوون بوون کە هیچ حسابێک بۆ داواکارى و مافە ڕەواکانى جەماوەر ناکەن و گوێ بە پێداویستى و خزمەتگوزاریەکانیان نادەن و ئاوڕێکى بەویژدان و خەمخۆرانە لە ئێستا و ئایندەى جەماوەرى میلەتەکەیان نادەنەوە،ئەوان لەبەر دزى و گەندەڵى و نەبونى یاسا و نەبونى چاودێرى و نەبونى حکومەتێکى بەهێز و خەمخۆر لە بەغداد دەستیان داوەتە ملهوڕى و جەماوەریش بونەتە قوربانى ململانێ سیاسى و حیزبیە تەسک و بچوکەکانى حیزب و سەرکردەکان.
عێراق بەگشتى بۆتە گۆڕەپانى یەکلاکەرەوەى ململانێ ناوخۆیى و ناوچەیى و دونیاییەکان و هەموان بۆ بەرژەوەندى خۆیان دەستوەردەدەنە کاوربارى ناوخۆى و عێراق بە خاک و خەڵکەکەیەوە بۆتە قوربانى و سووتەمەنى و تەنها شەڕ و ماڵوێرانى و جەنگ و هەژارى و جەهل و نەخۆشیەکانى بۆماوەتەوە و خێرو بێرەکەشى تەنها وتەنها بۆ دەستەو تاقم و گروپ و سەرکردە مافیا ئاسکانى سیاسەت و بازرگانانى جەنگە.
بەڵێ بەشێکى ئەم خۆپیشاندانانەش پێدەچێت پیلانى وڵاتانى دراوسێ و تەنانەت زلهێزەکانیش بێت لەلایەک بۆئەوەى درێژە بە ناجێگیرى سیاسى و ئابورى و ئەمنى لەعێراقدا بدەن و عێراق بەدەردى سوریا ببەن و عێراق لەئایندەشدا تواناى هەستانەوە و بەهێزبوونى نەبێت و نەتوانێت ڕۆڵى کاراى خۆى لەناوچەکە و دونیاشدا ببینێت،هەروەها وڵاتانى ناوچەکەش لە ئێران و تورکیا و وڵاتانى کەنداویش هەریەکە بۆ بەرژەوەندى خۆیان عێراقێکى لاوازیان گەرەکە و بەتایبەتیش وڵاتانى سونەى عەرەبى کەنداو و بەپشتیوانى ئەمریکا گەرەکیانە شەڕى خۆیان لەگەڵ ئێراندا لەعێراقەوە دەستپێبکەن و هێواش هێواش ئێران لەپەل و پۆ بخەن و گەمارۆى بدەن و ئەوکات کوتەکى ڕاستەقینەى یەک پیاوى خۆیانى پیادا بکێشن،لەکاتێکدا لەیەمەنیش هێزە هاوپەیمانەکان بەسەرکردایەتى سعودیە و ئیمارات سەرکەوتنیان وەدەستهێناوە بەسەر حوسیەکانى لایەنگرانى ئێراندا.
ئەمریکا و ڕوسیاش کە لە 16 تەمووزدا کۆبونەوەى لوتکەى هەردوو سەرۆک ترامپ و پۆتین لە هێلسنکى کۆبونەتەوە، خاڵى سەرەکیان بریتیە لە دۆخى سوریا و دۆزینەوەى ڕێگاچارە و وەدەرنانى هێزەکانى ئێران لەو وڵاتەدا، چونکە باش دەزانن تاکو ئێران لە سوریادا بێت سەختەچارەسەر و گفتوگۆ سیاسیەکان سەربگرن. بۆیە لەم گەمە قێزەون و لەم ململانێ ناڕەوایانەى وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکان تەنها عێراقیەکان دەبنە سووتەمەنى و قوربانى.
جگە لەهەموو ئەم هۆکارە دەرەکیانە،بۆخۆى حکومەت و دەسەڵاتدارانى عێراق هۆکارى سەرەکین بۆ سەرهەڵدان و تەقینەوەى خۆپیشاندان وتوڕەییەکانى جەماوەرى عێراقى چونکە لانى کەمى ژیان و گوزەرانێکى مرۆڤانەیان بۆ دابیننەکردوون، بگرە هەموو دیاردە دزێوەکانى هەژارى و بێکارى و نەخوێندەوارى و نەخۆشى و تاوان و بێ یاسایى و ناعەدالەتى و گەندەڵى تاسەر ئێسقان لەماوەى 13 ساڵى ڕابووردوودا بەرۆکى تاک بەتاک و خێزان بەخێزانى عێراقى گرتۆتەوە، هەربۆیە پشوودرێژى جەماوەر هەموو سنورەکانى بەزاندوە و ئەم کات و سات و وەرزە پڕگەرما و سوتێنەرەیان هەڵبژاردوە بۆ تەقاندنەوەى جامى ڕق و تۆڵەیان لەهەموو دەسەڵاتداران، بۆیە ئەم خۆپیشاندانانە سەرەتایە گەر دەسەڵاتداران بەهۆش خۆیان نەیەنەوە، ئەگینا لەکاتى دوبارەبونەوەیاندا تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنن و هیچ حیزب و سەرکردە و بارەگایەکیان بەسەلامەتى دەرناچن و پڕۆسەى دووەمى ڕزگارکردنى عێراقیشى لێ سەوز دەبێت،و بە ئاقارێکى مەترسیدار و نەخوازراویشدا هەنگاودەنێت و بەرەو پێش دەچێت.