بەختيار نامیق: بێ ھیوا بون و بۆشایی سیاسی و گۆڕان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ھیچ لەوە ئاسانتر نیە لە دورەوە بڵێت: نە فەرھاد ئەو پاڵەوانە بو نە کێوی بێستونیش ئەو کێوە سەخت و بەرزەیە، بەڵام کاتێک بە واقعی دەبیت بە فەرھاد قوڵینگەکەت چەند کول بێت واقع مامەڵەیە لەگەڵ بەردا نەک ئاو، دوای ئەوە نە تەنھا قوڵنگ و نە تەنھا ھێزی بازوە بێستون کون بکات ئەوە ھێزی عەشق و باوەڕە نەفەست درێژ دەکات تا ببیت بە فەرھاد ، زۆر ئاسانە بیێت و شاعیرانە باسی بێھیوای سیاسی بکەیت و نەتوانی تەنھا یەک قوڵینگ بدەی لەم کێوی بێ ھیواییە، جۆرێک لە بێ ھیوایی سیاسی و پرسەی سیاسی ھەیە، ئاسانە ببیت بە قورئان خوێنی سیاسی و ھێندە دەنگیشت خۆش بێت ئاوی دڵی ھەمومان بدەی، وەلێ قورسە بەدوای بەدیل و چارەسەری سیاسیدا بگەڕێی و بڵێ ی دوای ئەم پرسەیەش ژیان بەردەوامە، قورسە لە ناو خێمەی پرسەدا بۆ ژیان بگەڕێی، ئاسانە گۆرانبێژێکی سیاسی باش بیت وەلێ قورسە کارئەکتەرێکی سیاسی مام ناوەندیش بیت.
ھەمومان دەزانین ھەرێمی کوردستان بەچی قەیرانێکی سیاسی و ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت، کاتێک تۆ باری لۆریەکی چل تەنی دەنێیت لە تۆێتایەکی دوو تەنی ، نە چل تەنەکە و نە دو تەنەکەشت بۆ ناڕوات. گۆڕان پڕە لە ڕەخنەو کەموکوڕی ھەیە، ئەمە نە تازەیە و نە وەرگیراوە و ھەڵسوڕاوەکان لە کۆلکە نوسەرەکان باشتر دەزانن. گۆڕان گەر سەیارەیەک بێت بە بەنزینی ڕەخنە دەڕوات، ترسناکە لەم بێھیوایەداو لەم شەوە زەنگی سیاسیەدا لەبری گەڕان بۆ چرایەک بێیت فو لە مۆمی ماڵەکەشت بکەیت. کارەساتە کارئەکتەری سیاسی بیت و لەم پرسەیەدا تەحویل بیت بۆ گۆرانی بێژی سیاسی، ئێمە ھەر ئەم ڕێگایەمان ھەیە و ھەر ئەم سەیارە.
خوا غەزەبی لێگرتین و شۆفێرەکەی مرد، سەیارەکە ھەر لە ئەزەلەوە خەلەلی تیایە، جاران شۆفێرەکەمان شارەزا بو، وا ئێستا ئەم ڕێگە پڕ تاسەیە و ھەر ئەم سەیارەمان پێیە، چۆن بتوانين شۆفێرێکی کارامە پەیدا بکەین کە لە سیناریۆ و پلانی نەیارەکانمان لە ئەنقەرە و تاران و بەغداد تێبگات، نەک خۆت بە نوسەر بزانیت و لە دورەوە بڵێ ی پرسەکەم بە دڵ نیە و ئەم سەیارەم بەدڵ نیە و خۆت ڤاچت نەبێت و شەل بیت و باسی مسقاڵە زەڕەیەک ژیان نەکەی، ھەمو توانای تۆ وەک چاو ساغێک ئەوە بێت برینەکانمان پێ نیشان بدەی و بۆمان ببژێری بەڵام نەتوانی ڕێگەی دکتۆرمان پێ نیشان بدەیت و بگرە خۆشت نەخۆش بیت. دوا جار گۆڕان و ھەڵسوڕاوەکانی خۆیان دەزانن شۆفێرەکەیان مردوە و قوڵینگەکەیان ھەمان قوڵینگە و دەزانن لە پرسەیەکی سیاسی گەورەدان و لە پلانی نەیارەکانیشیان تێ دەگەن و دەشزانن شەڕی پارتی و یەکێتی ناکەن و، پارتی و یەکێتی زۆر لە شەڕی گەورەی گۆڕان بچوکترن.
گۆڕان بە ھەمو کەم و کوڕیەکانیەوە شەڕی ئیرادە و ئەنقەرە و تاران دەکات، گرنگە تۆ سکە بۆ ئەم شەمەندەفەرە دانێی نەک بڵێ ی سکەی دەوێ، دواجار ئەگەر پلانیش بێت وەک ھەڵمەتی ناڕاستەوخۆ دژی گۆڕان بۆ ھەڵبژاردنەکان ھێشتا گوڕان ھەزمی ھەمو ڕەخنەکان دەکات و تێ ی دەپەڕێنێت، گرنگە پێمان بڵێن: ئەسپ و عارەبانەکە چۆن بخەینە ڕێ نەک پێمان بڵێن عارەبانەکە پێش ئەسپەکە بخەن و خۆشت کەرێکی شەلت پێ نەبێت.